ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جونگ وۆن چۆ باڵیۆزی كوریای باشوور لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كوریای باشوور وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە سەركردایەتیكردنی قۆناغە سەختەكان بەرز نرخاند و هەروەها ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە شەڕی دژی تیرۆریستان بە پاڵەوانانە وەسف كرد و پێزانینی بۆ قوربانیدان و ئازایەتیی پێشمەرگە هەبوو. باڵیۆزی كوریای باشوور ستاییشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی كێشەی قووڵی ئابووری دەرگەی بۆ سەدانهەزار ئاوار و پەنابەر كردووەتەوە و هەروەها هیوای پێشكەوتن و گەشەسەندنی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان خواست و ئامادەیی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند كە پەیوەندییەكانی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە پێبدات. لەبارەی هەڕەشەكانی سەر گەلی كوردستانیش باڵیۆزی كوریای باشوور ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە پێویستە گەلی كوردستان لەناوخۆدا یەكگر بێ چونكە نەیاری زۆرن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆزی كوریای باشووری كرد و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ماوەی مانەوەیان و ڕۆڵی ئیجابیی هێزەكانی سوپای كوریا لە كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە كار و چالاكییەكانی سوپای كوریای باشوور لە كوردستان بووە سەرەتایەك بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان و پێشوازیشی لە پەرەسەندنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و كوریای باشوور كرد و ڕایگەیاند كوردستان داهاتوویەكی گەشی هەیە و كوریای باشووریش پێگەی تایبەتی بۆ كوردستان دەبێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و هەروەها باسی لەو نەهامەتیانە كرد كە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو بەرۆكی گەلانی عێراقی گرتبوو. سەرۆك بارزانی باسی ڕۆڵی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە زۆر بە باشی توانیویانە كوردستان لە هەڕەشەكان بپارێزن و ئەو گەرەنتییەش هەیە كە تیرۆریستان هیچ كات ناتوانن كوردستان وەك بنكەیەك بۆ گەشەی تیرۆر و توندڕۆیی بەكار بهێنن.
لەبارەی ئاوارە و پەنابەرانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە بوونی ژمارەی زۆری ئاوارە و پەنابەر بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە مرۆییەكانیش وەك پێویست هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە.
پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت بابەتێكی سرووشتییە و بەشێكە لە مومارەسە و گەشەی دیموكراسی لە كوردستان و قەیرانی سیاسیی هەرێمیش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر بەرەكانی شەڕ و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكاندا نەناوە.