ڕۆژی چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە حەسەن دانایی فەر باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هزری توندڕۆیی لە ناوچەكە خرایە بەر باس و جەخت لە پێویستیی كاری هاوبەش و هەماهەنگیی وڵاتانی ناوچەكە كرا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیش دووپاتكرایەوە كە پێویستە لە تەك شەڕی سەربازیی دژی تیرۆر لەڕووی فكریشەوە شەڕی تیرۆر و هزری توندڕۆیی بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئابووریی عێراق و مەترسییەكانی تێكچوونی باری ئابووری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەی عێراقی كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و تێیدا باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە كردەوە كە پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم بۆ وڵاتەكە جێگەی بایەخە.