ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی و بە یاوەری بەرێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی كۆبووەوە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بەرێز سەرۆك وەزیران سوپاسی خۆی و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دووپات كردەوە كە وێڕای قەیرانی دارایی و نەمانی پارە و كێشە داراییەكان، كار و پڕۆژەكانیان ڕانەگرت و گرفتیان بۆ حكوومەت و وەزارەتی دارایی دروست نەكرد و لەسەر كار و پرۆژەكانیان بەردەوام بوون.
بەڕێز سەرۆك وەزیران لە بەردەوامی قسەكانیدا ئاماژەی بە كێشەی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدرالەوە كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەم كێشەیە زیاتر سیاسییە لەوەی كە كێشەیەكی دارایی بێت بۆ ئەمەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیوا خوازە بە ڕێگەی دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكات و گەرنا حكوومەتی هەرێم بڕیاری خۆی دەدات بە جۆرێك كە لە بەرژوەندی خەڵك و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتیدا بێت.
دواتر بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی باسی كاریگەری خراپی قەیرانی دارایی لەسەر كار و پرۆژەكانیان كرد و ئاماژەیان بەوە دا ژمارەیەكی زۆری ئەو كار و پڕۆژانەی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە خزمەتگوزاری و بەرژوەندی ڕاستەوخۆی هاوڵاتانەوە هەیە، بەهۆی نەبوونی پارە لە ژێر مەترسی وەستاندان و داوایان كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لە توانادابێت بیكات بۆئەوەی ئەو پڕۆژانە بەردەوام بن و تەواو بكرێن و بكەونە خزمەتی هاوڵاتیان.
لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك دادەمەزرێنێت لەگەڵ بەڵیندەران و وەبەرهێنەران قسە دەكات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتەی كە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە ئامادە دەكرێت ، حكوومەت بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدات.
لای خۆیەوە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری دووپاتیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری كێشە و گرفتەكانی بەڵێندەرانن و لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەوە كە بەڕێز سەرۆك وەزیران باسی كرد لە ماوەیەكی نزیكدا بەشێكی زۆری كێشەكانیان چارەسەر دەكرێت تا لەسەر كار و پڕۆژەكانیان بەردەوام بن بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە كەرت و بوارە جیاجیاكانی خزمەتگوزارییەوە هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم پێكهاتبوو، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی پارێزگاكە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد.
لە سەرتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەڕیز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی كرد بۆ ڕێكخستنی پلاتفۆرمی پارێزگاكانی عێراق كە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بەشداریان تێدا كرد و بە دەستپێشخەرییەكی باشی بۆ زیاتر هاوكاری و پەرەسەندنی هاوكاری ئابووری لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە قەڵەم دا و هیوای خواست ئەنجامی باشی هەبێت.
دواتر هاتە سەر ناوەرۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ هەریەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی پارێزگاكە و باسی لەو كێشانە كرد كە ئەنجوومەنی پارێزگا لە كۆبوونەوەكەدا خستوویانەتە ڕوو و هیوای خواست بتوانرێت لە ماوەیەكی نزیكدا كێشەكان چارەسەر بكرێن و دڵخۆشی خۆیشی بۆ گیانی بەیەكەوە كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربڕی.
لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڵێندەر و وەبەرهێنەرانی سڵێمانیش، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڵێندەر و وەبەرهێنەران كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەڵام هاوكار و خۆڕاگر و پشوو درێژ بوون و ئاماژەی بەوەش دا كە بەڵێندەر و وەبەرهێنەران باسی كێشە و گرفتەكانی خۆیان كردووە و حكوومەتیش بڕیاری داوە لێژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دابنێت و كۆبوونەوەكەشی زۆر بە پێویست و زەروور وەسف كرد.
دواتر بەرێز سەرۆك وەزیران وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تیشكی خستە سەر ئەوەی كە حكوومەتی بەغدا پابەندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم نییە و ڕەوشی ئابووری ئێستای كوردستانیش قابیلی ئەوە نییە بەردەوام بێت و سیاسەتی هەرێمیش تا ئێستا چارەسەركردنی كێشەكانە لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ، بەڵام ئەگەر گەیشتنە ئەو باوەڕەی ناتوانن لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا بێگومان حكوومەت بڕیاری دیكە دەدات كە لە بەرژوەندی خەڵك و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمی كوردستان بژاردەی لەبەر دەستە.
لەبارەی ئەوەی كە بە چ سەرچاوەیەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكانی سلێمانی دران جێبەجێیان بكات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرایكرد كە هەندێك بڕیار ئیدارین كە پێویستە بدرێن و هەندێك بڕیاری دیكەش پەیوەندی بە شێوەی ڕێكخستنی كاری بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانەوە هەیە و هەندێكیشیان پەیوەندی بە كێشەی داراییەوە هەیە كە هیوادارن بە زووترین كات چارەسەریان بكەن.
لەبارەی هاتنی ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان لە ترسی شەڕی دژی تیرۆر و ئەو ئاڵۆزیانەی لە دەڤەرە جیاجیاكانی عێراق هەیە، بەڕێز سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان داڵدەی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری سووری و ناوخۆی عێراقی داوە و دەرگاكانیشی تا ئێستا كراوەبووە، بەڵام لە ڕووی توانا و كاركردن و داراییەوە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر ئاوڕ لە هەرێمی كوردستان بداتەو و هاوكاری بكات. هەروەها ڕایگەیاند كە دكتۆر عەلی سندی وەیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم بەشداری كۆبونەوەی برۆكسلی كردووە و تیایدا داوای پشتگیری و هاوكاری بۆ هەرێم كردووە.
لەبارەی دابەشكردنی ئەو پۆستانەی كە لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا دابەش نەكراون، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە كرد كە پۆسەكان زۆری دابەشكراون و لە هەمان كاتدا بە شتێكی ئاسایی زانی كە لە چوارچێوەی حكوومەتێكی بنكە فراوان هەندێك كێشە هەبن و گلەیی هەبن و هەروەها ڕۆڵی هاوبەشانی كابینەی حكوومەتی بۆ چاكسازی و ڕێكخستنی كارەكان بەرز نرخاند و سوپاسیانی كرد.
سەبارەت بە یەكگرتنەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كارەبا، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند كە ئەو بابەتە پەیوەندی بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە نییە یان پەیوەندی بەوەوە نییە كە خوانەخواستە وەزیرەكەیان سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو كێشەكە كێشەیەكی زۆر گەورەیە چونكە هەر لە بنەڕەتدا دەبێت هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كارەبا یەك وەزارەت بێت و ناكرێت بكرێن بە دوو وەزارەت چونكە هەردووكیان تەواوكەری یەكترین و گەر لە یەك شوێن كۆنەكرێنەوە كێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەبێت هەروەك لە ساڵی رابردوو كێشە لە نێوان هەردوو وەزارەت لەسەر پرسی سوتەمەنی دروستبوو و هەموو پێكهاتەكانی حكوومەتیش لەو باوەڕەدان كە دەبێت ئەم دوو وەزارەتە لە یەك شوێن كۆبكرێنەوە. ئەوەشی بیرهێنایەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە دوودڵ بوو لە وەرگرتنی ئەو وەزارەتە، بەڵام ئەوان زۆر داوایان كرد كە وەزارەتەكە وەرگرن.
لەبارەی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتیش بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەریەكە لە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانی كرد كە توانیان كارێكی زۆر باش و گران ئەنجام بدەن چونكە ماوەی دوو ساڵە خەریكی ئەو بابەتەن و دواجار لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا كە دوای ئیمزاكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبێت بە یاسا و ئەو كات حكوومەتی هەرێمی كوردستان قسە لەگەڵ بانقە نێودەوڵەتییەكان دەكات بۆ وەرگرتنی قەرز و قەرزەكانیش بۆ كار و پرۆژەكانە. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە قەرزی نێودەوڵەتی تەنیا ڕەهەندی ئابووری نییە، بەڵكو ڕەهەندی سیاسیشی هەیە و هیوای خواست وڵاتان و بانكە نێودەوڵەتییەكان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن بێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەنێك بە مەبەستی دانەوەی قەرزەكە.
لەبارەی كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر هاوڵاتایانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ، سەرۆك وەزیران سوپاسی خۆڕاگری و پشوو درێژی هاوڵاتیانی كرد و هیوای خواست ئەو بڕیارانەی كە حكوومەت دەیدات یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستای دارایی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە 10/5/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری پڕۆژی چوارڕیانیی كۆبانێی لە شاری سلێمانی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كاروباری پرۆژەكە بوو. لە وتەیەكدا بۆ سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای دەستخۆشی كردن لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، هەروەها گوتی: "ئەوەی ئێمە بیستوومانە ئێوە لەو باروودۆخە سەختە داراییەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، پرۆژەکەتان رانەگرتووە و بەردەوام بوونە لە کارکردن ، بۆیە ئێمە هاتوین تا سوپاس و پێزانینی خۆمتان پێشکەش بکەم هەروەها سوپاسی ئەو بەڵێندەرانە دەکەم کە لە پڕۆژەكەدا بەشدار بوونە و خۆراگر بوونە لەبەرامبەر نەبوونی بوودجە و ئەوەیان لەبەر چاو گرتووە کە حکومەتی هەرێم لە چ دۆخێکی ئابووریدا بووە و بەڕاستی باروودۆخێکی سەختی دارایی بوو." لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد ئەو باروودۆخە سەختەی دارایی تیدەپەڕێ و لە بارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆژە وەساوەكانیش جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەیان پەیوەندی بە بارودۆخی دارایی حکومەتەوە هەیە و ڕەوشی دارایی حکومەتیش پەیوەندی بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە. ئەوەشی دووپات كردەوە ئەو سیاسەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی هەموو پرۆژەكان و خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران، سیاسەتێكی ڕاست و لەسەر رێچكەیەكی ڕاست دەڕۆیشت، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت كێشەی بۆ ئەو سیاسەتەی حكوومەت دروستكرد. بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەش كردەوە كە هەوڵەكانیان بە ئاراستەی باشتركردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هەركاتێكیش بارودۆخەكە باشتر بوو، پڕۆژە ڕاگیراوەكان دەست پێدەكەنەوە، بەڵام دیاركردنی كاتێك بۆ بنبڕكردنی ئەو كێشەیە كارێكی ئەستەمە.