دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شەنگال، بۆ ڕێزگرتن لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستیی و ڕێگاوبانی پارێزگەی دهۆک لەو ئۆپەراسیۆنە، ڕۆژی ١٦ـی ١١ـی ٢٠١٥، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسنامەی ئاراستەی هەریەک لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و پردەکان لە پارێزگای دهۆک کرد.
سەرۆک بارزانی پڕ بە دڵ سوپاسی کارمەندانی ئەو دوو فەرمانگەیەی کردووە کە هەر لەسەرەتای هێرشی تیرۆریستانەوە تا ئێستا، لە میحوەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە و شنگال و بەرەکانی دیکەی نزیک لە پارێزگای دهۆک، ڕۆڵێکی پێشمەرگانە و نیشتیمانپەروەرانەیان لە ڕزگارکردنی گیانی پێشمەرگە بریندارەکان و یارمەتیدانی خەلکی ئاوارە و پاڵپشتییکردنی هێزی پێشمەرگە و یارمەتیدانیان بە دروستکردنی سەنگەر و پرد و ڕێگەوبان و گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ پێشمەرگە، هەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک کۆبۆوە.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێزان مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆک ئامادی بوون، سەرەتا بەڕێز فەهیم عەبدوڵڵا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا وتەیەکی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد و وێڕای ناساندنی ئەندامانی ئەنجوومەن، کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگا خستەڕوو.
دوای ئەوە، سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەربڕی و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان پێکەوە وەک یەک تیم کار دەکەن، ئێمە هەموومان خەڵکی یەک وڵاتین کە کوردستانە و دەبێ هەموومان بڕیارمان ئەوە بێت کە یان بە سەربەرزی پێکەوە بژین یان پێکەوە بمرین.
سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە گەلی کوردستان بەهایەکی پیرۆزی پێشانی هەموو دنیا دا کە ئەویش بڕوابوونیەتی بە ئازادیی گشتی، ئازادیی سیاسی و ئایینی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، هەر ئەو بەها بەرزانەش بوون کە ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی بۆ کوردستان دەستەبەر کرد لە شەڕی گەلەکەمان بەرانبەر تیرۆریستان.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: تیرۆریستان سووپای پڕچەکی دوو وڵاتیان شکاند و بەو چەکانە پەلاماری کوردستانیان دا و تاوانێکی نامرۆڤانەیان لە شنگال ئەنجام دا، بەڵام ئێستا پێشمەرگە قارەمانەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن و تیرۆریستان ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێرشی پێشمەرگە ڕابگرن، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو تیررۆریستان و هاوکارانیان سزای تاوانەکەیان وەردەگرن و شنگال و ناوچەکانی تریش ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
سەرۆک بارزانی سوپاسی هاووڵاتیان و ئیدارەی پارێزگای دهۆکی کرد کە بە دڵئاواییەوە باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی لێقەوماوان کردۆتەوە و حەواندنەوە و خزمەتکردنی ئاوارە و لێقەوماوانی بە ئەرکێکی پیرۆز لەقەڵەم دا و جەختیشی کردەوە کە چارەسەر ئەوەیە ئەو ئاوارانە بە سەربەرزی بگەڕێنینەوە ناو ماڵی خۆیان.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە ئەگەر دوژمنان خەیاڵیان وا بووبێت کە بە پەلاماردانی کوردستان دەتوانن گەلەکەمان ناچار بکەن دەست لە مافە ڕەواکانی هەڵ بگرێت و لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکشێتەوە ئەوا با باش بزانن هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات و هەرگیز بۆ دواوە ناکشێنەوە و دەستبەرداری مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆمان نابین.
لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ و پرسیار بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن کرایەوە و سەرۆکی لیستی پێکهاتە سیاسی و ئاینییەکان ڕا و سەرنجی خۆیان خستەڕوو و سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئهمڕۆ سێشهممه 12ى ئابى 2014، سهرچاوهیهكى بهرپرس له ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان له لێدوانێكدا بۆ ماڵپهڕى فهرمیى حكوومهتى ههرێمى كوردستان ڕایگهیاند: پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو شاندێكى باڵاى حكوومهتى ههرێمى كوردستان به سهرۆكایهتیى بەڕێز جێگری سەرۆک وهزیران و به ئهندامیهتیى بهڕێزان وەزیرانی ناوخۆ، دارایی، پلاندانان و تەندروستی؛ سەردانی پارێزگای دهوكیان کرد، ئەنجومەنی باڵای نەوت و غازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بڕی 15 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکانی ئاوەرەکانی شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دیكهى ئەو دەڤەرە تهرخان بكات کە لەبەر شهڕ و مەترسیی هێرشەکانی تێرۆریستانی داعش ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە.
ههروهها ڕایگهیاند: بۆ ئەوەی بە باشترین و خێراترین شێواز ئەم بڕە پارەیە ببێته مایەی خێر بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە لێیان قەوماوە، بەڕێز پارێزگاری دهۆک بەرپرسی چۆنیەتیی بهكارهێنانى ئهو هاوكارییه بۆ ئاوارهكان.