سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیان تاوتوێ كرد.

 ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12ـی 7ـی 2014 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد.

 لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق تاوتوێ كرا و دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراقی خرایە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە حكوومەتی تازەی عێراقی هەموو ئەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر بكات كە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت. لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە لە هەر چارەسەرێك كە بۆ قەیرانەكانی ئێستای عێراق دەدۆزرێتەوە پێویستە ڕەچاوی ئەو گۆڕانكاری و واقیعە تازەیە بكات كە لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە.

 

لە بەشێكی ئەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سڵاو و دروودی خۆی بۆ ڕۆحی پاكی ئەو پێشمەرگانە نارد كە لە بەرگریكردنی لەدژی تیرۆریستان گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بۆ چارەسەركردن و بەدواداچوون بۆ گرفتەكان هەر دوولا لە پەیوەندیی بەردەوامدابن.

 

 

 

 

 

 

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان


لەم ماوەیەدا لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بووین لەگەڵ زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەربارەی ئەم ڕووداوانەی لەم دواییەدا بەسەر عێراقدا هات. زۆر كەس و لایەن شاهیدن كە لەمێژە هۆشداریم دەدا كە بارودۆخی عێراق بەرەو هەڵدێڕ دەچێت بەهۆی سیاسەتی چەوت و تاكڕۆیی ئەوانەی دەسەڵاتیان لە بەغدا قۆرخ كردووە. ئێستاكەیش هەر ئەوانە بەرپرسی ڕاستەوخۆن لە پێشهاتنی ئەم دۆخە نالەبارە.

زۆر هەوڵماندا چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزینەوە و زۆر پێشنیارمان پێشكەش كردن، بەڵام وەڵام و ڕەفتاری كاربەدەستان لەدژ یانیش پشتگوێخستن بوو. هەر لەدوای ساڵی 2003 ئێمە وەك كوردستانی دژی شەڕی تاییفی و مەزهەبی وەستاین، نەبووینە هۆكاری سلبی لەم ململانێیەدا، بەڵكو ڕۆڵی خێرمان بینی تا ئەو ڕاددەیەی پێمان كرا. ئێمە لەگەڵ شیعە وەستاین كاتێك لێیان قەوما و زوڵمیان لێكرا و لەدوای 2003 دژی پەراوێزخستنی سووننەیش وەستاین. ڕەوشتی كورد بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە كە پشتی مەزڵوومی گرتووە.

هەوڵەكانی ئێستا لە لایەن ئەوانەی باجی هەڵەكانی خۆیان دەدەن و شكستیان خواردووە و دەیانەوێ بیكەنە خەتای كورد، بوختانێكی گەورەیە. خەریكن كەلێنێكی وا لەنێوان كورد و شیعە دروست بكەن كە بێگومان بە زیانی گەورەی هەردوولا تەواو دەبێت و دادی ئەو فاشیلانەیش نادات. ئێمە هاوپەیمانێتیی كورد لەگەڵ شیعە بەرزتر دەزانین لە ڕەفتاری چەند كەسانێك كە كاربەدەستن و بەر لەوەی زیان لە كورد بدەن زیان بە شیعە دەگەیێنن.

قەت هەڵوێستی ئیمام موحسین ئەلحەكیم و شەهید سەدر لەبیر ناكەین و ئێمە برایانی شیعە دڵنیا دەكەینەوە كە ئەوانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم ڕەوشە دەیانەوێت شكستی خۆیان بە بوختان دابپۆشن و چەند ساڵە حەقیقەت لە میللەت دەشارنەوە.

ئێستایش ڕەوشێكی تازە هاتووەتە ئاراوە كە پێویست دەكات چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە ئەویش لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانكاریانەی ڕوویان داوە و دەبێ شێوەی حوكمڕانی و ڕەوشی سیاسیی پێش ئێستا بگۆڕدرێت.

دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، كوردستان زیاتر لە هەر كات ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی و ژیانی خەڵكەكەی لە هەر دەستدرێژییەك. ئێمە بەتەواوی كاری تیرۆریستی لە داخوازییە ڕەواكانی برایانی سووننە جیا دەكەینەوە. ئێمە پێكەوە لەگەڵ برایانی شیعە و سووننە ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، بەڵام قەت ناكەوینە شەڕێك كە لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆر شەڕی تاییفەیەك بكرێت و، تەنیا بەشەڕ ئەم گرفتە چارەسەر ناكرێت، دەبێ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن و پڕۆسەی سیاسی ڕێگەی ڕاستی خۆی بگرێت، ئەوسا تێكشكاندنی تیرۆریستان زۆر ئاسانتر دەبێت.

جارێكی تر دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە عاملی خێر دەبین و پشتگیریی هەر هەنگاوێكی خێر دەكەین، بەڵام دەبێ هەموو لایەك بزانن كە ئەمڕۆ وەزعێكی تازە هاتووەتە ئارا و دەبێ بە واقعبینی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18ـی 6ـی 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی