ئەمڕۆ هەینی 10ـی 1ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەعدون ئەلدلێمی وەزیری بەرگریی عێراق بەوەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا كە بابەكر زێباری سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سوپای عێراقی ئامادەی بوون، وەزیری بەرگریی عێراق بەوەكالەت بە دوورودرێژی باسی كێشەكان و قەیرانی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای ئەنباری كرد و سەرۆك بارزانی لە دواپەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەكانی پارێزگای ئەنبار و هەوڵەكانی سوپا و وەزارەتی بەرگری بۆ گەڕاندنەوەی ئاساییش و سەقامگیری لەم دەڤەرەدا ئاگادار كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان هەماهەنگ بن و هاوكاری یەكتر بن.
سەرۆك بارزانی لەم دیدارەدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لەپێناو دەربازبوونی عێراق لە قەیران و مەترسییەكان و هەروەها گەڕاندنەوەی سەقامگیری ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ هۆز و لایەنەكانی پارێزگای ئەنبار بگیرێتە بەر.