ئه‌مڕۆ سێشەممە 19ـی8ـی له سه‌لاحه‌ددین به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید به‌ڕێز(كارل بیڵت) و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له ژمارەیەك په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا پێكهاتبوون.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید ئاماژه‌ی به‌وه كرد له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆمیسیۆنی هاوكاری مرۆیی یه‌كێتی ئه‌ورووپا بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان هاتوون و جەختی لە پاڵپشتیی سیاسی و مرۆیی وڵاته‌كه‌ی و یه‌كێتی ئه‌ورووپا بۆ كوردستان له ڕووبه‌ربوونه‌وه دژ به تیرۆریستان كردەوە.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید سوپاس و دەستخۆشی لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كوردستان كرد بۆ هاوكاری و په‌نادانی سه‌دان هه‌زار ئاواره و پاراستنی ژیانیان له هەڕەشەی تیرۆریستان. لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەورووپا ئامادەیە بە بەردەوامی هەتا كۆتاییهاتنی قەیرانی پەنابەران و هەڕەشەی تیرۆریستان هاوكار و پشتیوانی حكوومەتی هەرێم بێت و ئەوەیشیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە گرنگترین خاڵ بە لای ئەوانەوە پاراستنی ژیانی ئاواره‌كان و دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ژیانیانه.
لە بەرانبەردا سه‌رۆك بارزانی بەخێرهاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد و شاندی یاوه‌ری كرد و سەردانەكەیانی بۆ كوردستان به ئومێد به‌خش وه‌سف كرد و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كوردستان لە دۆخی ئێستای دا پێویستیی بە هاوكاری و یارمەتیدانی دۆستانی هەیە و ئەوەیشی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك بووەتەوە كە پابەندی هیچ جۆرە بەها و پڕەنسیپێك نییە.
لە درێژەی قسەكانیدا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی حه‌وانه‌وه و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان گوتی: " ئێمە یارمەتیدانی ئاوارەكان به ئەركێكی نیشتمانی و مرۆیی خۆمان ده‌زانین و جێگەی شانازییه توانیومانه ئه‌و ژماره زۆره بپارێزین و په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌شه‌وه، سه‌رۆك بارزانی داوای له شاندی میوان كرد هانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بده‌ن كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان زیاتر بكەن چونكه ئه‌م ژماره زۆرەی ئاوارە و پەنابەر له ده‌ره‌وه‌ی توانای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و جه‌ختشی له‌وە كرده‌وه، پێویسته كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گشت لایەك هه‌ست به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ین به‌رامبه‌ر به‌و ئاوارانه و یارمه‌تیان بده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنی خۆیان.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌وردی باس له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان و تاوان و دهڕندهییهكانیان دژ به ئێزیدی و مه‌سیحیه‌كان و خەڵكی كوردستان كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون كه تیرۆر دیاریده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه و هه‌موو جیهانه و ده‌بێ بە جدی بیر لەوە بكرێتەوە رێگرییان لێبكرێ.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه په‌یوه‌ست بوو به باسكردنی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد ئاماژه‌ی به‌وه كرد، وڵاته‌كه‌ی و یه‌كێتی ئه‌ورووپا هانی لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراق ده‌دات كە حكومه‌تێكی گشتگیر به به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكبهێنرێ بۆ ئەوەی بتوانن رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كان و هەڕەشەی تیرۆر ببنه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد ته‌ئكیدی له‌وه كرده‌وه كورد له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌نگێكی به‌رز و به‌هاداری هه‌بووه و داوای كرد لە قۆناغی ئێستایشدا بەشداریی چالاكی هەبێت.
سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێی به فرسه‌تێكی باش و دوا فرسه‌ت زانی بۆ ئه‌وه‌ی كێشه قووڵه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر ببێ، و ئەوەیش دووپات كردەوە كە نابێ ئامانج ته‌نیا دروستكردنی حكوومه‌ت بێ، به‌ڵكو پێویستە نه‌هجێكی نوێی هه‌بێ و هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دووباره نه‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌مان ره‌فتار و هه‌ڵه‌كانی پێشوو دووباره بكرێنه‌وه و قەیران و گرفتەكان قووڵتر و فراوانتر دەبن.
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی سوێد به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد ئاماژه‌ی به رۆڵی چالاكی جالیه‌ی كوردی له وڵاته‌كه‌یدا له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به پردی نێوان هه‌رێمی كوردستان و سوید وەسفی كرد. سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له پته‌وكردنی پهیوهندییهكانیهەرێمی كوردستان و سویدی كرد و سوپاسی دەوڵەت و گەلی سویدیشی كرد كه له كاتی تەنگانەدا خه‌ڵكی ئێمه‌ی له خۆ گرت.