ڕۆژی سێشەممە 16ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد حەسەن دەروێش باڵیۆزی مەسر لە عێراق و عومەر فەهمی كونسوڵی مەسر لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی مەسر لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی خەباتگێڕانەی سەرۆك بارزانیی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاری و كاركردن بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان و هەروەها شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوای ئاییندەیەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست. لە درێژەی قسەكانیشیدا ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان و هەروەها كاری هاوبەش لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و كارەبا. باڵیۆزی مەسر سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە بووەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مەسر ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا.