ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی ئەیلوولی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە فازل میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێز و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوێ كرا و قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.
هەر لەم دیدارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.
بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و وێڕای ئاماژەدان بە هەولەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی پەنابەران، جەخت لەوە كرایەوە كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانیان و هەروەها پاراستن و قەرەبوكردنەوەیانە و پێویستە لەم ڕووەوە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.
وەزیری دەرەوەی عیراق ستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی كوردی سوریا
ئەمڕۆ لە میانەی دەستپێكردنی كۆنگرەی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بە سوریا بۆ پاڵپشتیكردنی بارودۆخی مرۆیی ئەم وڵاتە كە بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای گرێدانی كرد ، هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوە كە بە یاوەری شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی عیراق كە بریكارانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و باڵیۆزی كوێت لە عیراق و سەرۆكی فەرمانگەی عەرەبی لە وەزارەتی دەرەوە بەشداری تیادا دەكات ، لە وتەكەیدا ستایشی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو پەنابەرانەی لەكامپەكانیدا نیشتەجێن و رێژەی 97%ی پەنابەرانی سوریا لە عیراق پێكدێنن
ئاماژەی بەوەشدا تاوەكو ئێستا كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران 210 هەزار پەنابەری سوری لە عیراق تۆمار كردووە ئەمە جگە لە زیاتر لە 40 هەزاری دیكە كە لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێم تۆمار نەكراون و لە دەرەوەی كامپەكانن .
لەو كۆنگرەیەدا كە 68 دەوڵەت و رێكخراوی نێودەوڵەتی بەشداریان تیادا كرد ، زێباری ئەوەی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 70 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئەم پەنابەرانە بەخشیوە ئەمە جگە لە دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و ئاوی پاك و خۆراك ودروستكردنی خیوەتگە بۆیان ئەمە جگە لە دروستكردنی یەكەمین دەروازەیەكی ئاسمانی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی بەهاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران لەرێگەی 10 فڕۆكەوە لە هەولێرەوە بۆ قامیشلۆ.
دواتر هەر لە پەراوێزی ئەم كۆنگرەیەدا شاندی عیراقی و شاندی هەرێمی كوردستان چەندین دیداریان لەگەڵ شاندە بەشداربوەكان ئەنجامدا.
ئێوارەی 2013/1/14 شاندی وەزارەتی دەرەوەی عیراقی بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوە بە یاوەری فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گەیشتە دەوڵەتی كوێت و لەلایەن بەڕێزان عەبدولحەمید فەیلەكاوی بەرپرسی ئیدارەی جیهانی عەرەبی و محەمەد بەحرولعلوم و غەسان زەواوی باڵیۆزی كوێت لە عیراق پێشوازیان لێكرا.
شیاوی باسە ئەم شاندە بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕانسی وڵاتە كۆمەكبەخشەكان لە كوێت كە ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت سەردانی ئەم وڵاتەیان كردووە .