پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 29/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی بەڕێز ڕۆب ویتمەن كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز ویتمەن دەستخۆشی لە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان توانیویانە بوێرانە ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش ببنەوە و پاشەكشێیان پێ بكەن و ناوچەكانی خۆیان لە ترسی تیرۆر بپارێزن و ئەمەشی بە جێگەی ڕێز و شانازی لە قەڵەم دا، هەروەها دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو دۆستایەتییەی دووپات كردەوە.
شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا باسیان لەوە كرد كە لە كاتی بەسەركردنەوەی بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان تێبینیی ئەوەیان كردووە هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی لەو بنكانە پەروەردە دەكرێن و سەرسامیی خۆیان بە پابەندی و لێهاتووییی پێشمەرگە لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان دەربڕی و هیوایان خواست لە كاتێكی نزیكدا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بگەڕێتەوە دۆخی جاران.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەی بودجە و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانەوە بۆ هەرێم و ئەو بارگرانییەی بەوهۆیەوە كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرۆك باراك ئۆباما و ئیدارە و كۆنگرێس و خەڵك و سوپای ئەمەریكا دەربڕی كە لە كاتی تەنگانەدا بە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، ڕۆڵێكی بەرچاویان بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان لە هێرش و ترسی تیرۆر بینیوە و هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكارییانەی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانەوە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها داوای لە شاندی میوان كرد هەوڵ بدەن لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە ڕۆڵی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی مەدەنیانە بگێڕن بۆئەوەی شایستەكانی هەرێم بە پێی یاسا و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دابین بكرێت و مافی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت.