بەیانی ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی سەنتەری دانی ڤیزای نەمسا و سلۆڤینیا لە هەرێمی كوردستان لە باڵەخانەی ستێر گروپ لە پایتەخت راگەیەندرا.
لە ڕێوڕەسمێكدا كە د.مستەفا رەمەزان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نەمسا و ژمارەیەك لە كونسوڵ و نوێنەرانی دیپلۆماتی و كەرتی تایبەت ئامادەی بوون ، كارل لوكس بەرپرسی بەشی ڤیزا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان خۆشحاڵی خۆی بەم هەنگاوە نیشاندا كە دواجار بە فەرمی راگەیەندرا و بە هەنگاوێكی دیكەی هاوكاریكردنی نێوان گەلی كورد و نەمسا لەقەڵەمدا و ئاماژەی بەوەشدا ئەمە دەرفەتێكی گەورەیە بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانمان كە زیاتر لە 10 ساڵە بەڕێوەیان دەبەین.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا ئەگەرچی نەمسا وڵاتێكی بچووكە لەڕووی قەبارەوە بەڵام توانی كارێكی گەورە بكات بەوەی كە بە هاوكاری نێوان كەرتی حكومی و كەرتی تایبەت ئەم كارە بكات و ئەم هاوكاریە بۆ هەموو لایەك نیشانبدات .
ئاماژەی بەوەشدا كردنەوەی ئەم سەنتەرە دەبێتە دەرفەتێك بۆ گەلی كورد بەوەی كە ژمارەیەكی زۆریان لە وڵاتی نەمسا ببیندرێن بۆ گەشتكردن یان ڕاپەڕاندنی كارەكانیان و دواجار پێشخستنی پەیوەندی نێوان گەلان .
راشیگەیاند ڤیزا لەڕێگەی ئەم سەنتەرەوە بە هەموو هاوڵاتیانی خەڵكی كوردستان دەدرێت بەجیاوازی چین و توێژەكانیانەوە بۆ نەمسا و نەك تەنها نەمسا بەڵكو بۆ وڵاتانی دیكەی ئەورووپا بەتایبەتی سلۆڤینیا و ئاماژەی بەوەشدا هەر هاوڵاتیەك بیەوێ گەشت بۆ نەمسا یان سلۆڤینیا بكات لەو سەنتەرەوە ڤیزا وەردەگرێت .
لەلایەكی دیكەشەوە د.مستەفا رەمەزان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نەمسا بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند دوای ماوەیەكی دوور و درێژی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی نەمسا و سلۆڤینیا ئەمڕۆ نووسینگەیەكی تایبەت بە ڤیزا بۆ ئەم دوو وڵاتە كرایەوە كە جاران دەبوایە هاووڵاتیان بچنە ئەنقەرە یانیش بۆ عەمان چونكە باڵیۆزخانەی نەمسا لە عەممان خۆی سەرپەرشتی ئەو كارانەی دەكرد و هاووڵاتیانی ئاگاداركردەوە بەوەی دەتوانن بێن لەو سەنتەرە فۆرمی ڤیزا وەربگرن.
نیشانیشیدا ئەم كارە بەهاوكاری كەرتی حكومی و كەرتی تایبەت كراوە كە هەرێمی كوردستان 48ـەمین جێگەیە لە جیهان ئەم سەنتەرەی تیادا بكرێتەوە .
هەر لەم ڕێوڕەسمەدا لیوا نزار رەحمەتوڵلا بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان كردنەوەی ئەم سەنتەرە بەكارێكی شارستانی لە قەڵەمدا و ئاماژەی بەوەشدا ئەم سەنتەرە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئاسانكاری هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بێن ڤیزای تیادا وەربگرن و ئاشكراشیكرد هەوڵێك هەیە بۆ بەستنەوەی ئەم سەنتەرە بە دەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ وەكو نشینگە و فڕۆكەخانە و بازگە سنووریەكان وهیوایشی خواست كونسوڵگەری دیكەی غەیری ئیسپانیا و نەمسا و سلۆڤینیاش بێنە نێو ئەم سەنتەرە و ببێتە سەنتەرێكی گەورە بۆ سوودی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان .