بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیە دوو لایەنەكانی نێوانیان، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی نەمساو سلۆڤینیا كرد كە پێكهاتبوو ئەلفرێد براتانێك جێگری سەرۆكی نێردە لە باڵیۆزخانەی نەمسا لە عەممان و لودویچ موك بەرپرسی بەشی ڤیزە لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئەنتۆن پیرینج لە بەشی ڤیزەی وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا.
لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و د. مستەفا رەمەزان نوێنەری حكومەتی هەرێم لە نەمسا ئامادەبوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پوختەیەكی سەبارەت بە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتی نەمسا و رۆلیان لە بەرەو پێشچوونی هاوكێشەی سیاسی كورد لە ناوچەكە كرد.
بەڕێز براتانێك خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و پاشان مەبەستی سەردانەكەی روونكردەوە ئەویش كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بوو بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی عەممان نەكەن.
ئەگەرچی (13) وڵاتی بیانی لە هەرێمی كوردستان ڤیزە دەدەن، بەڵام جیاوازی سەنتەرەكەی ئەوان ئەوەیە كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش وەكو بەشێك لە سیاسەتی كاركردنی هاوبەشە بۆ ناوچە هەرێمایەتیەكان و ووڵاتە نزیكەكان كە بەشێكی زۆر لە كاروباری پێدانی ڤیزە بە كەرتی تایبەت و سەنتەرە بازرگانیەكان دەدرێت.
لەم بارەیەوە، بەرێز ئەنتۆن پیرینج ڕایگەیاند كە بەرپرسانی سلۆڤینیا هاوكاری دەكەن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بۆ ئاسانكاری و دابینكردنی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی سەنتەری ناوبراوەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە ئاسانی سەردانی ووڵاتەكەیان بكەن.
لەم رووەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت خوشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی و ستایشی رۆڵی هەردوو حكومەتی نەمسا و سلۆڤینیا كرد بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بە جێگەیاندنی سیاسەتی كرانەوەی حكومەت بەرووی دونیای دەرەوەدا.
پاشان، هەریەك لە بابەتەكانی پەرەپێدانی هاوكاری لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و ئابووری و پەروەردە و ئاڵوگۆری كەلتوری و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان لە هەرێمی كوردستان تەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
لەكۆتاییدا، باسیان لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی كارا كرد بۆ پێشخستنی پەیوەندیە دوولایەنەكانی نێوان هەردوولا و چالاككردن و زیاتر ئاڵوگۆر كردنی پەیوەندیەكان كرا.