ئەمڕۆ شەممە 15ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرەتا ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش باسی ئەنجامەكانی ئەو سەردانەی كرد كە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوڕووپایی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هەیبووە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر گرفتە نێوخۆییەكانی یەكێتی و پاش ئاگاداربوونی سەرۆكی هەرێم لە وردەكاریی ئەم كێشانە سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشان دا هاوكار و یارمەتیدەریان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە ئەم جۆرە كێشانە چارەسەر بكرێن چونكە مانەوەیان كاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتیی كوردستان دادەنێت. لەم كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆمەڵێك بڕیار دەركران.

دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و ئامادەبووان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هێزە سیاسییەكان پڕۆسەی دانوساندن خێرا بكەن و لە ماوەیەكی كەمدا بگەنە ئەنجام و حكوومەتی تازە ڕابگەیێنرێت. هەر پەیوەست بەم باسەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی بیروڕای خۆی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. لەبەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە لە هەوڵەكانیدا بەردەوام بێت و لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەیش كۆ ببێتەوە.

باسكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەی پێك دەهێنا.

 

 

 

 

لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازە، دوایین هەنگاوەكانی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەمەڕ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە دانوساندن و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت و لە ماوەیەكی نزیكیشدا كابینەی تازە ڕابگەیێندرێت. پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەپێناو خێراتركردنی پڕۆسەی دانوساندنی لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەنجامەكانی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا خرایە بەر باس و قسەیش لەسەر ناوەڕۆكی سەردانی شاندی باڵای هەرێم كرا كە بڕیارە سبەی سەردانێ بەغدا بكات.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

  • یەک شەممە, 16 شوبات 2014

 

 

 

 

ڕۆژی پێنجشەممە 13ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گەرمی پێشوازی لە بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندێكی یاوەری كرد و، لەگەڵیاندا كۆبوویەوە. شاندە یاوەرەكەی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و مستەفا سەید قادر و جەلال جەوهەر و محەمەد حاجی و ئارام شێخ محەمەد و ئاكۆ حەمە كەریم.

لە دانیشتنێكی دۆستانە و ئیجابیدا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندی میوان بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرەتا باسی ئەو سەردان و چالاكییانە كرا كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم لە سەردانەكەی بۆ وڵاتانی ئەوڕووپایی ئەنجامی دابوو.

بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆسپ و تەگەرانەیش خرانە بەر باس كە كەوتوونەتە بەردەم پڕۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو كۆسپێك لە پڕۆسەكەدا لابدرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنەكان ئەنجامی لێ بكەوێتەوە. بەڕێز سەرۆكی هەرێم و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پەیوەندی و دانوساندنی بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا هەبێت.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕالیش تاوتوێ كران.

د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
13ـی 2ـی 2014

 

 

 

 

ڕۆژی هەینی 24ـی 1ـی 2014 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی لە داڤوس و له دوایین ڕۆژی بەشداربوونی له کۆڕبه‌ندی ئابوری جیهانی بەڕێز مەسعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌ڕیمی کوردستان لەگه‌ڵ ژماره‌یه‌ک سه‌رکرده و به‌رپرسی باڵای جیهانیدا به‌شداریی له دوو كۆبوونەوەی داخراو کرد.

له یه‌که‌م دانیشتندا، که سەرۆك بارزانی و به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه و ئاسایش له یه‌کێتی ئه‌وروپا خاتو (کاتریەن ئا‌شتۆن) و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا (ئێما بێنیتو) و یاریده‌ده‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (بارونێس ئاموس) و سکرتێری گشتیی پێشووی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (کۆفی عه‌نان) و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران (جه‌واد زه‌ریف) و ژماره‌یه‌کی تر له به‌رپرسانی وڵاتان ئاماده‌بوون، گفتوگۆیەكی داخراو لەبارەی گۆڕانکاریه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقیا ئەنجام درا.

لە دووه‌م دانیشتندا كە به ئاماده‌بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی مسر و تورکیا و ئێران و ئۆردن و ئیتالیا و سوید، و ژماره‌یه‌کی تر له به‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و سه‌رۆکی کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی بەڕێوەچوو، قسەكردن و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان تایبه‌ت بوون به بارودوخی سیاسی و مرۆیی له سوریا و هەروەها ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی سیاسیی قەیرانی سووریا لە ئارادان. شایانی باسە هەر هەمان ڕۆژ بەڕێز مەسعود بارزانی بەشداری پانێلێكی سیاسیی تایبەت بوو لە كۆنفڕانسی ئابووریی جیهانی لەبارەی بارودۆخی سووریا و ڕێكەوتنە سەرەتاییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 كۆ یەك لەمەڕ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

 

 

 

 

ئەمڕۆ هەینی 24ـی 1ـی 2014 لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی پانێڵێك بە بەشداریی به‌رێز مەسعود بارزانى سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد داودئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و ناسر جەودە، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ریچارد هاس یەكێك لە نووسەر و شرۆڤەكارە بەناوبانگەكانی ئەمریكا و غەسان سەلامە، سەرۆكی كۆلێژی پاریس بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە شاری داڤۆسی سویسرا بەڕێوەچوو، لەسەر دیپلۆماسیەتی خێرا و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی نەوەی نوێ.

لە پانێڵەكەدا سه‌رۆك بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی سووریا كردو بە "قەیرانی مرۆیی" وەسفیكرد‌و گوتی "ئەوەی لە سووریا روودەدات قەیرانی مرۆییە، كورد لە سووریادا لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش بووە و ئێستایش بەشێكە لە قوربانییەكانی ئەو قەیرانە‌و دۆخەكە بەتەواوی ئاڵۆز بووە". ئاماژەی بە ئاوارەبوونی كوردانی رۆژئاوا كردو گوتی" 250 هەزار كوردی رۆژئاوا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە مەترسی شەڕی نێوخۆی سووریا بۆ سەر وڵاتە دراوسێكان كرد‌و رایگەیاند كه‌ هەمان ئەو گرووپە تووندڕەوانەی لە سووریا دەجەنگن رۆژئاوای عێراقیشیان كۆنترۆڵكردووە. گوتیشی "سووریا بووەتە ناوچەیەك كە زۆربەی لایەنەكان دەتوانن دەستی تێوەربدەن".

سه‌رۆك بارزانی رای خۆی لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا دەربڕی‌و گوتی "لەگەڵ چارەسەری سیاسی دام و چارەسەری سەربازی رەتدەكەمەوە".

سه‌رۆك بارزانی پشتگیریی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی بۆ لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان راگەیاندو گوتی "ئێمە پشتگیریی هەر بڕیارێك دەكەین ئەگەر كۆدەنگی سەرجەم لایەنەكانی لەسەر بێت".

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لە سەدەی بیستەمدا پێكهاتەكانی ئەو ناوچەیە لەژێر نكۆڵی و بێبەشبووندا بوون و لەوەانەیش گەلی كورد و گوتی: " پێویستە هەموو لایەك بە حیساباتی خۆیاندا بچنەوە و پشت بە كولتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان و قبووڵی بەرانبەر ببەستن" و هیوایشی خواست كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای لێكتێگەییشتن و هاوكاری بە دەستی دانیشتوانی بنیات بنرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 24ـی 1ـی 2014 له‌ پەراوێزی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی له‌ داڤۆس به‌ڕێز مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ "ئێراقلی گرۆپشپیلی" سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە وەزیرانی دەرەوە و ئابوریی وڵاتی جۆرجیا كۆبۆیەوه‌.

لەم‌ كۆبوونه‌وه‌یەدا، كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی ھەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و جۆرجیا و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی سیاسی عێراق باسكران.

لەم دانیشتنەدا سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لە گەڵ ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئابووری بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. هەر پەیوەست بەم باسە هەر دوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵات فراوان بكرێت و سەرۆك وەزیرانی جۆرجیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا كە لەپێناو گفتوگۆكردن لەسەر چۆنییەتی هاوكاری و پەرەپەپێدانی پەیوەندیی هەر دوولا شاندێكی تایبەت ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكەن.

 

 

 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی 12ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە "ڤووك جێریمیك" وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی وڵاتی سریبا و سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

لە دیدارێكدا وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی سربیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان و، هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆیشی نیشاندا بەرانبەر نەهامەتییەكان و خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد بۆ وەرگرتنی ماف و داوا ڕەواكانی. سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كورد بە مافەكانی شاد ببێت و لەسایەی ئاشتی و پێشكەوتندا بژیێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و هەڵوێستی وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی سربیای كرد لە مەڕ داوا ڕەواكانی گەلی كورد. لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی نەهامەتی و خەباتی گەلی كورد و دڵڕەقیی نەیاران كوردستان بۆ سەرۆكی پێشووی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان باس كرد و لە بەشێك لە قسەكانیدا گوتی: "گەلی كورد بە زۆری و بە بێ ویستی خۆی دابەشكراوە و دواتریش بۆ ماوەیەكی زۆر دژایەتیی كراوە و نكۆڵی لە بوونی كراوە. ئەگەر گەلی كورد دەستی بۆ شەڕ بردبێت ئەوە، شەڕی بەسەردا سەپێندراوە و شەڕكردنی لەپێناو پاراستنی ناسنامە نەتەوەییەكەی بووە". هەر پەیوەست بە خەبات و دواڕۆژی گەلی كورد لە ناوچەكەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كورد لە خەبات و هەوڵدان بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی بەردەوام دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە دیالۆگ و پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆی دەبەستێت. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بە مێژووی پێكەوەژیانی گەلی كورد لەگەڵ گەلانی دیكەی ناوچەكە كرد و هەروەها لەبارەی قۆناغی پێكەوەژیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا گوتی: " بارزانیی نەمر ئێمەی فێر كرد كە شەڕ و كێشەمان لە گەڵ نەتەوەكاندا نەبێ بەڵكو شەڕمان لەگەڵ حكوومەت و سیستەمە سیاسییە دیكتاتۆر و داگیركارەكاندا بێت".

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی سربیا بوو. 

 

 

 

 

 

 

 

 

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لە دایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ‌ بێت)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشیان بۆ دەخوازم.

ئێستا کە عێراق لە قۆناخی بونیادنانەوە و ڕاستکردنەوەدایە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان پاراستنی پێکەوەژیان و تەبایی پێکهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەکانە و نابێ ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا ئەو تەبایی و پێکەوەژیانە تێکبدرێت.

بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا خوشک و برایانی مەسیحی لە عێراقدا کەوتنە بەر هەڕەشە و نکۆڵیکاری، بەڵام مایەی شانازیمانە کوردستان هەمیشە پەناگە و ماڵێکی ئارام بووە بۆ هەموو پێکهاتەکان و ئەرکی سەرەکیی هەموومانە ئەو پێکەوەژیانە بپارێزین.

هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ی خێروخۆشیی زیاتر بۆ ئێوە و هەموو ساڵێک لە سایەی ئارامی و ئازادی و دیموکراسیدا جەژنەکانتان پیرۆز بکەن.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
24/12/2013

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی