سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری پارتە شیوعی و چەپەكانی وڵاتانی عەرەبی دەكات

  • سێ شەممە, 12 ت دووەم 2013

 ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی 10ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك نوێنەری پارتە شیوعی و چەپەكانی عێراق و لوبنان و فەڵەستین و ئۆردۆن و سودان و مسر و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا حەمید مەجید مووسا سەرۆكی حزبی شیوعیی عێراقی بە نوێنەرایەتیی شاندی هاوبەشی پارتە شیوعی و چەپەكانی وڵاتانی عەرەبی پەیڤێكی پێشكەش كرد و سوپاسی ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی كرد و لە درێژەی قسەكانیدا ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە گەشەسەندن و ئاساییش و دیموكراسی بە ئەزموونێكی سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد و سەبارەت بە بارودۆخی خەراپی وڵاتانی ناوچەكە ئاماژەی بەوەدا كە ڕژێمەكان بەرپرسی یەكەمن لە نەبوونی خەدەمات و بێبەشبوونی هاووڵاتیان و هەژاری و گەندەڵی هەرچەندە كە ئێمە خاوەنی سەرەوت و سامانێكی مرۆیی و سرووشتیی زۆرین. حەمید مەجید مووسا باسی ئەوەشی كرد كە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هەموومانە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین هەتا گەلان بتوانن كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی دوور لە توندڕۆیی و دەمارگیری بنیات بنێین.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی شاندەكە وتەیان پێشكەش كرد و تێیدا دەستخۆشییان لە پێشڤەچوون و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان كرد و هێمایان بەوەدا كە ئەو ئازادی و ئاساییش و دیموكراسییەی لێرەدا هەیە هیچ كات ناهێتەدی مەگەر لە سایەی سەركردایەتێكی سیاسیی دڵسۆز و شارەزا نەبێت. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوان لە دوورەوە بە وردی چاودێریی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن و بەڕوونی سەركەوتنی دیموكراسی و هەڵبژاردن و فرەلایەنی و سەركەوتنی ئاساییش و گەشەسەندن لە هەرێمی كوردستاندا دەبینین.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی ئامادەبووانی كرد و ئەم دیدارەی بە دەرفەتێك زانی بۆ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی هەرێم بن و سوودیش لە گۆڕینەوەی بۆچوونەكان وەربگیرێت. دواتر سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچەكە وتەیەكی پێشكەش كرد و سەبارەت بە سەركەوتوویی ئەزموونی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: "ئەزموونی ئێمە سەلماندی كە ئەگەر پشت بە ئیرادە و تواناكانی گەلەكەمان ببەستین سەركەوتوو دەبین و لە هەر شوێنێك ئەگەر لە پڕۆسەی سیاسیدا چاو لە یارمەتیی خەڵكی دیكە بێت ئەوە ئەنجامەكەی شكست دەبێت". سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوردستان بەهایەكی قورسی داوە بەڵام ئەنجامی هەبووە و ئازادیی وەدەستهێناوە. پەیوەست بە ئەدای سیستەمە سیاسییەكانیش سەرۆك بارزانی سەركەوتوویی حكوومەتەكانی بە بوونی متمانەی گەل بەستەوە و گوتی: " هەرچەندە نیزامێك بەهێز و باڵادەست بێت بەڵام ئەگەر متمانەی گەلەكەی لەپشت نەبێت دەڕووخێت". سەرۆك بارزانی لە پەیڤەكەیدا هیمای بە بوونی گیانی تەبایی و لێبووردەیی لەنێو گەلی كوردستانی كرد كە مێژووییەكی دوورودرێژی هەیە و بووەتە كولتوورێكی دەوڵەمەند و گەلی كوردستان قەت پەنای بۆ توندوتیژی و تۆڵە نەبردووە تەنانەت لە دژی دوژمنەكانیشی و ئەوەی بۆ میوانەكان باس كرد كە " شانازیی بەوە دەكەم تاكێكم لەو گەلەی كولتووری لێبووردەیی هەیە و هەرگیز پەنای بۆ تۆڵەسەندنەوە و توندڕۆیی نەبردووە".

 

Read کد خبر: 230

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی