دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13ى ئازارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پیشوازى له پیته‌ر ماوره‌ر سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ICRC كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌ربڕى كه له سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یانه و خواستى ڕێكخراوه‌كه‌یانى بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه. هه‌روه‌ها ستایشى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه هه‌میشه حكوومه‌ت و به‌رپرسان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان به جددى پێشوازییان له پێشنیاره‌كانى ئه‌م ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه كردووه بۆ پێداچوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنى كێشه و كه‌موكورتییه‌كان.
سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده‌ییى ڕێكخراوه‌كه‌یانى بۆ هاوكاریكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان له گرتووخانه‌كانى هه‌رێم و زیادكرنى مه‌شق و ڕاهێنان ده‌ربڕى، هیوایشى خواست كه ئه‌و شێوه هه‌ماهه‌نگى و هاریكارییه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یانه، ببێته نموونه‌یه‌كى باش له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراقیش. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به پێشكه‌وتنه جیاكانى هه‌رێمى كوردستان له ڕووى كارگێڕى و پێشوازیكردن له بیروبۆچوون و ڕه‌خنه و گله‌ییه‌كان و ئاماده‌باشیى حكوومه‌ت بۆ گوێگرتن له ڕا و پێشنیاره‌كانى كۆمیته‌ى خاچى سوور و چاككردنه‌وه‌ى هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كان، نیشان دا.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى سوپاسى كردن بۆ پێشكه‌شكردنى ئه‌و تێبینى و پێشنیارانه‌ى كه بووه‌ته مایه‌ى پێداچوونه‌وه به كاره‌كاندا و خۆشحاڵیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به پته‌وبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى نیشان دا و ڕوونى كرده‌وه حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى ناوه بۆ باشتركردنى بارودۆخ له هه‌موو بواره‌كاندا. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویستیان به ڕاوێژى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه هه‌یه بۆ باشتركردنى هه‌موو بواره‌كان و له‌پێناو زیاتر چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ له هه‌رێمى كوردسان.
پێنج شەممە, 13 ئازار 2014
پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 13ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشوازى له نوێنه‌رانى شارى هه‌ڵه‌بجه كرد كه له قایمقام و نوێنه‌رانى ده‌زگا كارگێڕییه‌كان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه و زانایانى ئایینى ئیسلام و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و لایه‌نه سیاسییه‌كان پێكهاتبوو.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى خسته سه‌ر بڕیارى پێشووترى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه و ڕوونى كرده‌وه كه هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته سیمبۆلى مه‌زلوومیه‌تى گه‌لى كوردستان، بۆیه به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه نه لوتف و نه منه‌ته و به‌لاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه گرنگه ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ویستوویه‌تى ئه‌م پرسه به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌موو پارێزگاكانى دیكه‌ى عیراق له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له ئیمتیازاته‌كان سوودمه‌ند بێت.
لاى خۆیانه‌وه نوێنه‌رانى هه‌ڵه‌بجه ستایشى پێشوازى و هه‌ڵوێستى نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و ڕوونیان كرده‌وه كه خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕێى مژده‌یه‌ك له‌م كۆبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیراندا ده‌كه‌ن و زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن له یادى بیست و شه‌ش ساڵه‌ى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا مزگێنیى به‌پارێزگابوونیان بدرێتێ و له جیاتى شین، له‌م یاده‌دا شایى بگێڕن.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى په‌سه‌ند كردووه و له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به ئاماده‌بوونی به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه و له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئیمزا كرد.
سبه‌ی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی بۆ ده‌رده‌چێت
له سه‌ره‌تاى كۆنگره ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى وێڕای پیرۆزبایی بۆ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، خۆشحاڵیی خۆی به‌وه نیشان دا كه لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان هه‌موویان به یه‌ك ده‌نگ پاڵپشتیی ئه‌م بڕیاره‌یان كرد و گوتی: ئه‌مڕۆ ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم پێشوازیمان له شاندێك كرد كه له شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌وه هاتووه و له ئیداره‌ی ئه‌و شاره و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئایینی ته‌شریفیان هێنابوو، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به سه‌رچاو.
ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی باسمان كرد پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بوو، بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌م ڕوون كرده‌وه ئێمه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان‌مان هه‌یه بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه.
ئێمه وامان به باش زانی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن و ببێته پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی، چونكه مه‌سه‌له‌كه ده‌ستكاریكردنی نه‌خشه‌ی عیراقه به شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌مانویست پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بخرێته نێو نه‌خشه‌ی عیراقه‌وه، ئامانجیشمان له‌و مه‌سه‌له‌یه پرسی ڕێوشوێنه‌كانی ناسنامه‌ی باری شارستانی و پسووله‌ی خۆراك و ڕه‌گه‌زنامه و دادگای فیدراڵییه كه نوێنه‌ریان له وێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنه‌كانی دیكه، پێمان خۆش‌بوو به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م كاره بكه‌ین.
خۆشبه‌ختانه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا به كۆی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ر درا و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرا، له وێ مه‌سه‌له‌كه زیاتر كێشه‌ی تێكه‌وت و بۆچوونێكی یاسایی له نێو خودی په‌رله‌مانی عیراقدا دروست بوو كه له‌وانه‌یه پێویست به‌وه نه‌كات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری له‌سه‌ر بدات، چونكه مه‌سه‌له‌كه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حكوومه‌تی فیدراڵ‌دا نیه و هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌توانێت ئه‌م بڕیاره بدات.
ئێمه داوامان كردووه ئه‌م بۆچوونه وه‌كوو بۆچوونێكی یاسایی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بكرێته وه‌ڵامێك و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، به‌ڵام تاكوو ئێستا ئه‌م وه‌ڵامه به ئێمه نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه له‌سه‌ر فه‌رمانێك كه جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ڕه‌وانه كردووه و داوا ده‌كات په‌له له مه‌سه‌له‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بكرێت، ئه‌مڕۆ ئێمه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ڕێزانه هه‌مانبووه، ده‌مه‌وێ به شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕابگه‌یه‌نم بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بوونی هه‌ڵه‌بجه به پارێزگای چواره‌می سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو.
دوای ئه‌م ڕێوشوێنه‌ش پێویست ده‌كات فه‌رمانی هه‌رێمی پێ ده‌ربچێت و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌م بڕیاره ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ین و بێگومان سبه‌ی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ده‌رده‌كات.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ به ناوی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی له گه‌لی كوردستان و به تایبه‌تی له شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه بكه‌م، هه‌ڵه‌بجه بۆ ئێمه له ڕۆژانێكدا بووه سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و كاته‌ی كه هه‌زاره‌ها خه‌ڵك له وێ به بێده‌نگی كیمیاباران كران و كه‌س قسه‌ی له‌باره‌یانه‌وه نه‌كرد و بووه سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی گه‌لی كوردستان.
هیوادارم به‌و كاره‌ی ئه‌مڕۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردی كه داواكاریی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره بوو، توانیبێتمان له ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌دا خۆشییه‌ك ڕابگه‌یه‌نین بۆ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه.
ده‌قی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
هه‌ر له‌م كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا نێچیرڤان بارزانی بڕیاری فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له باره‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌كوو چواره‌مین پارێزگای هه‌رێمی كوردستان خوێنده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
" پاڵپشت به ماده‌ی ئه‌حكامی هه‌ردوو ماده‌ی 115 و 141 له ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عیراقی فیدراڵی ساڵی 2005 و له‌به‌ر ڕۆشناییی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 11 له 1999/9/22 و ئاماژه به بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره 39 له به‌رواری 2013/6/4 و ئاماژه به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ژماره 568 له 2013/12/31 بڕیار درا به:
1 – ده‌ستنیشانكردنی سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی (ئیستیحداسكراو) به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌ی 1 ی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره11 له 1999/9/22 وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به هه‌مان سنووری ئیداریی ئێستای قه‌زای هه‌ڵه‌بجه به‌پێی نه‌خشه‌ی هاوپێچی ئه‌م بڕیاره و دانانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به پارێزگای چواره‌م له سنووری هه‌رێمی كوردستانی عیراق و شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێته ناوه‌ندی پارێزگاكه.
2 – ناردنی ئه‌م بڕیاره بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی هه‌رێمی.
3 – ئه‌م بڕیاره له ڕۆژی 13ی ئاداری 2014 ده‌رچوو و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
بودجه بۆ هه‌ڵه‌بجه داده‌ندرێت
پاشان ڕۆژنامه‌نووسان چه‌ندین پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كرد، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه له كاتی چه‌سپاندنی هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو پارێزگا، وه‌كوو هه‌موو پارێزگاكان بودجه‌ی بۆ داده‌ندرێت، ئاشكراشی كرد به هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت و له‌به‌ر هۆكاری ته‌كنیكی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو جاران ده‌بێت و له‌سه‌ر سیسته‌می كۆن ده‌ڕوات، چونكه ئێمه لیژنه‌ی بۆ داده‌نێین له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌ست ده‌كرێت به وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی ئیداریی پێویست بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئێمه له بڕیاری خۆمان بۆ به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه پاشگه‌ز نه‌بووینه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆمیسیۆن ناتوانێ له‌م ماوه كه‌مه‌دا ڕێوشوێنی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات و هیوادارین له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌ڵه‌بجه وه‌كوو پارێزگا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕه‌ت كرده‌وه هه‌وڵه‌كان بۆ به‌پارێزگاكردنی ئه‌و قه‌زایانه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق ده‌یانگرێته‌وه كێشه له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه دروست بكات.
هه‌ڵه‌بجه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه
هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه هه‌ڵه‌بجه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، بۆیه بڕیار درا داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌م شاره بۆ بوون به پارێزگا وه‌كوو هه‌نگاوی یه‌كه‌م جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌گه‌ر شوێنی دیكه ئه‌م داوایه‌یان هه‌یه، ئه‌وه دیراسه ده‌كرێت. ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه كه تاكوو ئێستا شتی وا ڕووی نه‌داوه و ئه‌گه‌ر شتی وا بوو، هه‌رێم هه‌ڵوێستی دیكه‌ی ده‌بێت.
پێكهێنانی حكوومه‌ت.
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست چۆن لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له پرسى بوونی هه‌ڵه‌بجه به پارێزگا یه‌ك ده‌نگ بوون، ئاواش له مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بن و گوتی: به میوانانی به‌ڕێزم گوت هیوادارم هه‌ر چۆن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بوون و ته‌شریفتان هێناوه بۆ ئێره، ئێمه‌ش له پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت هه‌وڵ بده‌ین له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بگه‌ینه ئه‌نجام.
ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا
سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه تاكوو ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێكی نوێ له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نیه و ڕوونى كرده‌وه پرسی به‌شی هه‌رێم له بودجه‌ی فیدراڵی وه‌كوو كارتی فشار له دژی هه‌رێم سوودی لێ وه‌رگیراوه و گوتی: ئه‌و میلله‌ته‌ی داوای مافی ده‌ستووریی خۆی بكات بێگومان ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی واش ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌رهه‌ق به هه‌رێمی كوردستان كرا هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری و یاسایی نیه و هیچ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه نیه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگیرێت و ئه‌مه‌ش بڕیارێكی تاكه كه‌سییه كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و بڕیاره‌ی له دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه له هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك بۆ پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بووین، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی نه‌كردووه و هیچ پێشیلكاریی ده‌ستووری نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غداوه مووچه‌ی خه‌ڵك ببڕن و بیكه‌نه كارتێكی فشار له دژی هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه هه‌ڵوێستمان ڕوون وئاشكرایه، بابه‌تی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكه‌ینه بابه‌تی گفتوگۆ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه مافی ئێمه‌یه و ده‌بێ مافی خه‌ڵكی كوردستان بدرێت، چونكه ئه‌و مافانه به‌پێی ده‌ستوور مافی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی عیراقه و ده‌بێ پاره‌یان پێ بدرێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ كێشه‌كان به شێوه‌ی ئاشتیانه و دیاڵۆگ و دوور له توندوتیژی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه كۆنترۆڵه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان مومكین نیه بۆ دواوه بگه‌ڕێینه‌وه و مه‌حاڵه ئێمه ئه‌و كاره‌ی چه‌ندین ساڵه خه‌ریكین ده‌یكه‌ین، كۆنترۆڵه‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتى: ده‌مانه‌وێ هه‌موو لایه‌ك له‌مه تێبگات، به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه كه په‌یوه‌ندی به حزبێك و ده‌سه‌ڵاتێك و بڕیاری سیاسیی یه‌ك حزبه‌وه نیه، به‌ڵكوو مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تییه و ده‌بێ هه‌موومان له‌سه‌ری كۆده‌نگ بین و ئه‌مه زۆر له بڕیاری تاكه كه‌سێك گه‌وره‌تره، له بڕیاری حزب و لایه‌نێكی سیاسی گه‌وره‌تره. ئه‌مڕۆ كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی ئێمه ته‌نها مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه و هیوادارین بگه‌ینه ئه‌نجامێك كه توندوتیژی لێ نه‌كه‌وێته‌وه و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بێت. دووپاتیشى كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پلانی خۆی هه‌یه كه ناكرێ باسی لێوه بكرێت.
به‌غدا به‌شی ته‌واوی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتی نانێرێت
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌تی كرده‌وه به‌غدا 17%ی به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوی بنێرێت، به‌ڵكوو 11% و له‌وانه‌شه كه‌متر بنێرێت و دووپاتیشی كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پێشبینیی هیچ زیاده‌یه‌ك له به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ناكات، ئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌غدا كه‌متری نه‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ڕوونیشی كرده‌وه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نها ڕایه‌كی یاسایی له‌باره‌ی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌ڕبڕیوه و هه‌رێم چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی فه‌رمییه له‌مباره‌یه‌وه و هیوای خواست هه‌فته‌ی ئاینده وه‌ڵامی فه‌رمی بگاته حكوومه‌تی هه‌رێم.
نه‌وت وه‌كوو مافێكی ده‌ستووری
سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی كرده‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێم مافی ده‌ستووریی خۆی له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه موماره‌سه ده‌كات و گوتی: ئێمه به به‌غدامان گوتووه ده‌بێ پرۆسه‌ی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌سه‌ر سێ بنه‌ما بێت: یه‌كه‌میان ده‌بێ پرۆسه‌كه شه‌فاف بێت له ده‌ستپێكردن تا كۆتایی. دووه‌م: ئێمه گوتوومانه به هیچ شێوه‌یه‌ك لاریمان له‌سه‌ر ئه‌وه نیه به‌غدا له چاودێریكردنی بژمێره‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بێت. سێیه‌م: ده‌مانه‌وێ له هه‌موو پرۆسه‌كه به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه بێت. به‌غدا جاران ده‌یگوت ئه‌وانه نه‌وتیان نیه و زیاده‌ڕۆیى ده‌كه‌ن، كه زانیان نه‌وتمان هه‌یه، گوتیان ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كۆمپانیای بچووك بێنن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و ئێمه گه‌وره‌ترین كۆمپانیامان هێنا وه‌كوو ئیكسۆن مۆبێل و تۆتاڵ و شیفڕۆن و گازپرۆم و هاتن له هه‌رێمی كوردستان كاریان كرد. دواتر گوتیان باشه، به‌ڵام هه‌رێم ناتوانێ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات.
هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووری نیه ئه‌وه بڵێت كه ته‌نها سۆمۆ بۆی هه‌یه نه‌وت هه‌نارده بكات، هیچ بڕیارێك له‌مباره‌یه‌وه نیه. مادام ئێمه ڕازی بووین به‌وه‌ی نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو عیراقه و ئاماده‌ش بین له به‌شی خۆمان هه‌ڵبگرین و بیده‌ینه به‌غدا، پێیه‌وه‌ى پابه‌ند بووین و هیچ لاریه‌كمان له‌مباره‌یه‌وه نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێ به كورتی: ده‌ڵێ من له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه قسه ناكه‌م، ناڵێم شه‌فاف نین، ناڵێم گه‌نده‌ڵ نین و ناڵێم كۆمپانیای بچووك و گه‌وره هه‌ن، ئێستا ئێوه كاره‌كه‌تان كردووه، زۆر چاكه، به‌ڵام ده‌بێ ڕاده‌ستی سۆمۆی بكه‌ن كه ته‌نها به‌رپرسه بۆ فرۆشتنی نه‌وت و له‌وێش ده‌چێته نێو حیسابێكی تایبه‌ت له نیوویۆرك و ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا وه‌كوو بودجه بۆتانی ده‌نێرین. كه‌واته مه‌سه‌له‌كه لێره ته‌نها كۆنترۆڵه.
ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا تووشی بچووكترین كێشه بووین، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی دا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عیراق ببڕێت. ده باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به تێكڕا ڕاده‌ستى به‌غدا كرا، دوای یه‌ك، یان دوو، یان سێ ساڵی دیكه ئه‌گه‌ر گرفتێك هاته ئاراوه چ گه‌ره‌نتییه‌كه هه‌یه كه ئه‌و شته جارێكی دیكه دووباره نه‌بێته‌وه؟!
ئێمه ده‌مانه‌وێ سیاسه‌تێكی وا له عیراق دابڕێژرێت له‌مباره‌یه‌وه به‌پێی مافی ده‌ستووریی خۆمان له‌وه دڵنیا بین ئه‌وه‌ی له عیراق وه‌ریده‌گرین به‌بێ هه‌ڕه‌شه بێت و كه‌س نه‌یه‌ت له‌ناكاو بڵێت من لێتانی ده‌بڕم، چونكه كه ئه‌مڕۆ به كاریان هێنا، سبه‌یش به‌كاری دێنن.
كاریگه‌ریی غیابی مام جه‌لال
سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه غیابی سه‌رۆك كۆمار مام جه‌لال كاریگه‌ریی زۆری به‌سه‌ر بارودۆخی عیراق به گشتى هه‌بووه و گوتی: له‌و حاڵه‌تانه‌ی هه‌بووه هه‌میشه مام جه‌لال كه‌سێك بووه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كێشه‌كان به شێوه‌یه‌كى هێمنانه چاره‌سه‌ر بكات و غیابی مام جه‌لال له‌م بارودۆخه‌دا ئێمه و هه‌موو لایه‌نه‌كانی عیراق هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئێمه هیواخوازین به ته‌ندروستیه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه.
ده‌توانین مووچه بده‌ین
نێچیرڤان بارزانی ڕه‌تی كرده‌وه پاره و داهاتی نه‌وت به (شیرینی و بودجه‌ی زه‌به‌لاح باسی لێوه بكرێت) و ئه‌م ناوهێنانه‌ى به فه‌رهه‌نگ و وشه‌یه‌كی ناشیرین له قه‌ڵه‌م دا و گوتی: ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌تان له كوێ هێناوه؟! ئێمه هه‌ر گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئیمزا بكه‌ین، ئه‌وان بۆ هه‌ندێك پڕۆژه پاره به حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان به‌شدارن، بۆ نموونه پارساڵ ئێمه ڕه‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پڕۆژه نیشان دا به بڕی 400 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ڵه‌بجه كه له‌و پاره‌یه ده‌رچووه. ئێمه پڕۆژه‌ی دیكه‌شمان كردووه و ئێستاش بێگومان وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ پاره‌یه‌كمان له به‌غدا بۆ مووچه وه‌رنه‌گرتووه. به توانای خۆمان ده‌ستمان به دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو كردووه و بێگومان مووچه‌ی مانگی سێش ده‌ده‌ین، ئێمه ناوه‌ستین و له هه‌ر شوێنێك وه‌ستان و كه‌موكوڕی هه‌بێت ئێمه موچه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌ین.
ێنج شەممە, 13 ئازار 2014
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه له خاتوو كریستالینا جۆرجیێڤا كۆمیسارى باڵاى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى و هاوكاریى مرۆیى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى قه‌یرانه‌كان و خاتوو یانا هاباشكۆڤا باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له عیراق و شاندێكى یاوه‌ریان پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا شاندى میوان تیشكى خسته سه‌ر مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كه بۆ به‌دواداچوون و له نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و عیراق. هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشییان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌هاناوه‌چوون و ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه پێشكه‌ش به په‌نابه‌رانى كردووه و ده‌كات و ئاماژه‌یان به‌وه دا كه ئه‌و خزمه‌تگوزارى و هاوكارییانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به په‌نابه‌ران كراون به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ى ناوچه‌كه له ئاستێكى به‌رز و ڕێكوپێكدایه، بۆیه جێگه‌ى ڕێز و پێزانینه.
شانده‌كه دووپاتى كرده‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێكى خۆیان له یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان له‌و هاوكارییانه سوودمه‌ند بن كه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كۆ ده‌كرێنه و دابه‌شى سه‌ر په‌نابه‌ران ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت باشتر هاوكاریى په‌نابه‌ران بكات، به تایبه‌تیش له‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌ى كه ناوچه‌كه‌ى پیادا ده‌گوزه‌رێت كه كێشه‌ى بودجه و قه‌یرانى ئابوورى هه‌یه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى خۆى بۆ سه‌ردانى شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌ربڕى و داواى لێ كردن كه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزگار و وه‌زیره‌كان كفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى په‌نابه‌ران بكه‌ن. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى تواناكانى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت له هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و داواى له یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه زیاتر بێنه ناو پرسه‌كه‌وه و چ ڕاسته‌وخۆ و چ له ڕێگه‌ى ئێن جى ئۆكانه‌وه، یانیش له ڕێگه‌ى UNHCRه‌وه هاوكاریى زیاترى په‌نابه‌ران بكه‌ن.
باسكردن له ڕه‌وشى عیراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى وڵات به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى میوان بوو.
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن و به‌یانیتان باش..
خۆشحاڵم به‌وه‌ی داوه‌تی منتان كرد بۆ به‌شداریكردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان ئاوامیدیكا و سانۆفیی فه‌ڕه‌نسی.
ئه‌وه‌ی دكتۆر به‌هرام باسی كرد من ده‌مه‌وێ هه‌ندێك شتی دیكه‌ی بخه‌مه سه‌ر، كاكه دكتۆر به‌هرام یه‌كێكه له‌و كادیرانه‌ی كه به ڕاستی جێی شانازییه بۆ میلله‌ته‌كه‌مان و بۆ گه‌لی كوردستان. ئه‌و ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له سوید بووه و ئه‌گه‌رچی خۆی باسی نه‌كرد، به‌ڵام بۆ زانیاریتان ئه‌و یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی ڕه‌شی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دۆزیوه‌ته‌وه، دۆزه‌ره‌وه‌ی ئه‌و چاره‌سه‌رییه دكتۆر به‌هرامه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ناوێكی دیاره نه‌ك ته‌نها له كوردستان و له عیراق، به‌ڵكوو له هه‌موو جیهان ناوێكه و بۆ ئێمه وه‌كوو كورد به ڕاستی جێی شانازییه خه‌ڵكی وامان هه‌بێت و پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌م.
وه‌كوو خۆی له سه‌رتاوه باسی كرد ته‌شریفی هێنا بۆ كوردستان و باسی ئه‌وه‌مان كرد كه پێویسته ده‌رمان له كوردستان بگه‌یه‌نینه ئاستێك هه‌موومان لێی دڵنیا بین، منداڵی كابرایه‌كی هه‌ژار و منداڵی ده‌وڵه‌مه‌ندێك هه‌موومان دڵنیا بین له‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن، ده‌توانن پشتی پێ ببه‌ستن.
به داخه‌وه چیرۆكی ده‌رمان و كواڵیتیی خراپی ده‌رمان چه‌ندین ساڵ و چه‌ند سه‌رده‌مێكه به‌رده‌وامه و هه‌یه، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی له ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی د. ڕێكه‌وت بكه‌م كه به ڕاستی له كابینه‌ی حه‌وته‌وه وه‌كوو خۆی ئاماژه‌ی پێ دا كاری زۆر باشی كردووه، به‌ڵام ئێمه ڕێگایه‌كی زۆرمان له به‌رده‌مدایه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی هه‌موومان چاوه‌ڕیی ده‌كه‌ین و میلله‌ته‌كه‌مان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاتره له‌م بواره‌دا.
پرسى ته‌ندروستی و پرسى ده‌رمان وه‌كوو جه‌نابی باڵیۆزی سوید ئێستا باسی لێوه كرد یه‌كێكه له پرسه گرنگه‌كانی هه‌موو وڵاتێك و ناكرێ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سوید، یان وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاوایی به‌راورد بكرێت، به‌ڵام سیسته‌می ته‌ندروستی له وڵاتی ئێمه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م وڵاته‌یه.
ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شتێك دان به‌وه‌دا بنێێن كه ئێمه كێشه‌یه‌كمان هه‌یه، سیسته‌می ته‌ندروستی نه‌ك له كوردستان، به‌ڵكوو به بۆچوونی من له هه‌موو عیراق سیسته‌مێكی شكستخواردووه و شكستی ئه‌و سیسته‌مه له‌وه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه حكوومه‌ت خۆی له دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌ك به‌رپرسیار كردووه و ناتوانێت وه‌كوو پێویست به ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه پێشكه‌شی هاوڵاتیانی عیراق بكات به شێوه‌یه‌كی گشتی.
پێموایه كێشه‌كه لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات، دواتر دێینه سه‌ر دروستكردنی بینا و نه‌خۆشخانه كه كارێكی تا بڵێی باش و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه و تا بڵێی جێی شانازییه كه ده‌بینین ئێمه ساڵ به ساڵ نه‌خۆشخانه‌ى تازه دروست ده‌كه‌ین و دیسانه‌وه ده‌ڵێم كار و ماندوبوونی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و خودی وه‌زیر له‌م مه‌سه‌له‌یدا زۆر به‌رز ده‌نرخێنم و ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشتر مابوون، به هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زیری پلاندانان د.عه‌لی سندى بخه‌نه سه‌ر ڕێ و جێبه‌جێیان بكه‌ن، به‌ڵام من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه دروستكردنی ته‌لاری جوان و نه‌خۆشخانه‌ی باش و جوان ئه‌وه كێشه‌ی كوردستان نیه، كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه سیسته‌می ته‌ندروستی له وڵاتی ئێمه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر كرا، شتی دیكه‌یشی به دوادا دێت، ئه‌گه‌ر سیسته‌م وه‌ك خۆی مایه‌وه و چاره‌سه‌ر نه‌كرا، بێگومان سه‌د نه‌خۆشخانه‌ش دروست بكه‌ین، هیچ سوودێكی نیه.
هیوادارم وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان به هاوكاری له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌غدا پێكه‌وه كار بكه‌ن و ئه‌مه‌ش به یه‌ك لا ناكرێت، به‌ڵكوو ده‌بێ به‌رده‌وام هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌بێت له‌سه‌ر پرسى ده‌رمان، له‌سه‌ر پرسى كواڵیتیی ده‌رمان، له‌سه‌ر پرسى سیسته‌می ته‌ندروستی له‌م وڵاته‌دا، كه ده‌بێ هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم و به‌غدادا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێك كه له كۆتاییدا خزمه‌ت به هه‌موو هاوڵاتیانی عیراق بكات به شێوه‌یه‌كی گشتی.
ئه‌م كاره‌ی ئه‌مڕۆ لێره ده‌كرێت به بڕواى من سه‌ره‌تایه‌كی زۆر گرنگه، ده‌ستخۆشی له ئاوامیدیكا ده‌كه‌م و سوپاسی كۆمپانیای سانۆفیى فه‌ڕه‌نسی ده‌كه‌م كه متمانه‌یان به ئاوامیدیكا داوه، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئاوامیدیكا ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات له ستانداردێكی به‌رزدایه، ئه‌گینا نه‌ده‌كرا كۆمپانیای سانۆفیى فه‌ڕه‌نسی بێت و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئیمزا بكات.
هیوادارم ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی درێژخایه‌ن له نێوان ئاوامیدیكا و سانۆفیی فه‌ڕه‌نسیدا، ئه‌مه ده‌ستپێكردنه‌كه‌ی بێت و له ئه‌نجامدا بگه‌نه ئاستێك بتوانن به‌رهه‌می وا له كوردستان بۆ هه‌موو عیراق دابین بكه‌ن، هه‌موو هاووڵاتیانی ئه‌م وڵاته به شێوه‌یه‌كی گشتی له كواڵیتیی ئه‌و ده‌رمانه ئاگادار بن كه به‌كاری دێنن.
جێی خۆیه‌تی و نابێ له بیریشی بكه‌م ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی د. عه‌لی سندى لێره دانیشتووه، به‌ڵام به ڕاستی ئه‌رك و ماندوبوونی ئه‌م به‌ڕێزه له دانانی ئاوامیدیكا زۆر به‌رز ده‌نرخێنم، ڕاسته من له سه‌ره‌تاوه ئیشه‌كه‌م پێ گوت، به‌ڵام ئه‌و شه‌و و ڕۆژ به كاری خۆی له‌گه‌ڵ د.به‌هرام ئه‌و ئامانجه‌ی ئێمه هه‌مانبوو جێبه‌جێیان كرد، زۆر سوپاس و ڕێز و پێزانینى تایبه‌تیشم بۆ ئه‌رك و ماندووبوونی ئه‌و هه‌یه.
وه‌كوو باسم كرد، هیوادارم ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ په‌یوه‌ندیی درێژخایه‌ن له نێوان ئه‌م دوو كۆمپانیایه، به هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێمه له‌م وڵاته‌دا ببینین سیسته‌مێكی ڕێكوپێكی ته‌ندروستیمان هه‌یه و پێویستی به‌وه نه‌كات بۆ هه‌ر شتێكی كه‌م، ڕوو له وڵاتانی دراوسێ بكه‌ین، به‌ڵكوو بگه‌ینه ئاستێك كه وڵاتانی دراوسێ بۆ چاره‌سه‌ری بێنه هه‌رێمی كوردستان. هیوادارم بگه‌ینه ئه‌و ئاسته له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها له یه‌ك پرسدا دڵنیام له‌وه‌ی ئێمه كادیر و خه‌ڵكی باشمان له ده‌ره‌وه هه‌یه كه ساڵه‌های ساڵه ئه‌زموونی باشیان هه‌یه و له ده‌ره‌وه ژیاون، ئه‌وانه‌ی له نێو هه‌رێمدا ده‌ژین كادیری زۆر باش و گه‌نجی زۆر باش و ڕێكوپێكن و خه‌مخۆرن و ده‌یانه‌وێ كار بكه‌ن و ده‌بێ بواریان پێ بدرێت كار بكه‌ن.
د. ڕێكه‌وت له قسه‌كانیدا باسی ئه‌رك و ماندوبوونی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایشی كرد، ده‌مه‌وێ لێره هه‌ر خۆیشم سوپاسیان بكه‌ن و دا‌واشیان لێ بكه‌م كه جددیتر بن له هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه به‌وه نه‌درێت وڵاته‌كه‌مان ببێته شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك ده‌رمانی ماوه به‌سه‌رچوو به‌سه‌ر میلله‌تی ئێمه‌دا ساغ بكه‌نه‌وه. ئه‌مه گوناهێكی زۆر گه‌وره‌یه و ده‌بێ ئه‌و بازرگانانه‌ی ئه‌و ئیشه ده‌كه‌ن به ویژدانه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكه‌ن. به داخه‌وه هه‌ندێك جار ده‌بینین زۆر بێ ویژدانانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه ده‌كرێت كه پرسێكی مرۆیى یه، پرسێكی نه‌ته‌وه‌یى یه و پێویست به‌وه ده‌كات ئه‌وانه‌ی كاری ده‌رمان ده‌كه‌ن و بازرگانیی ده‌رمان ده‌كه‌ن، زۆر به ویژدانه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ن.
به هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ئاسته له هه‌رێمی كوردستان.
هه‌مووتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م داوه‌ته.
سێ شەممە, 11 ئازار 2014
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10ى ئازارى 2014، به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان، له هۆتێلی ڕۆتانا له هه‌ولێر گرێبه‌ستی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شى ده‌رمان له نێوان كۆمپانیای نیشتمانیی ئاوامیدیكا و كۆمپانیای سانۆفیی فه‌ڕه‌نسیدا ئیمزا كرا، كه سێه‌مین گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى جیهان و گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى دروستكردنى ده‌رمانه له ئه‌ورووپا.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌ر و كونسوڵی وڵاتانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی سوید له عیراق و ژماره‌یه‌ك له خاوه‌نكاران له بواری كه‌رتی ده‌رماندا ئاماده‌ی بوون، پرۆفیسۆر د. بارام خدر به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای نیشتیمانیی ئاوامیدیكا بۆ ده‌رمان له وته‌یه‌كدا ئیمزاكردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌ی به ڕووداوێكی زۆر گرنگ له قه‌ڵه‌م دا و دووپاتی كرده‌وه به‌م گرێبه‌سته كۆمپانیاكه‌یان ده‌توانێت به‌رهه‌مه گرنگه‌كانی سانۆفی له هه‌رێم و له عیراق به‌گشتی به‌رهه‌م بهێنێت.
هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی كۆمپانیای ئاوامیدیكا و دامه‌زراندنی پێشكه‌ش كرد كه به پاڵپشتیی ڕاسته‌وخۆی نێچیرڤان بارزانی له‌پێناو به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان به كواڵیتیه‌كی به‌رز دامه‌زرا و له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی ئه‌ورووپایی دیزاینی كۆمپانیاكه له 2005 ئاماده كرا و كارێكی زۆر جددی له‌سه‌ر كرا تا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه كرایه‌وه، ئینجا ساڵی 2010 ده‌ست به به‌رهه‌مهێنان كرا و ساڵ به ساڵیش به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ى له زیادبووندایه .
هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا ئه‌م گرێبه‌سته سوودێكی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ڕوونى كرده‌وه كه كابینه‌ی حه‌وته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه، گرنگی به بواری ته‌ندروستی داوه و كه‌رتی ده‌رمانیشی له‌و بواره‌دا له ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م داناوه. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند له ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیدا چه‌ندین نه‌خۆشخانه دروست كراون كه كۆی گشتییان 2700 ته‌ختی نه‌خۆش پێك ده‌هێنن و گوژمه‌ی زیاتر له 800 ملیۆن دۆلاری تێچووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان 75 نه‌خۆشخانه و 993 بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌ن و له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا 2700 پزیشك دامه‌زراون. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه ته‌نیا له ساڵی 2013دا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ستى به‌سه‌ر 900 ته‌ن ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتووه، كه به گوته‌ی وه‌زیر زیاتر له 80%یان پێش ئه‌وه‌ی بێنه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له بازگه‌كان گیراون.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى له په‌یڤه‌كێدا وێڕای پیرۆزبایی به بۆنه‌ی ئیمزاكردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه خاوه‌نی كۆمپانیای ئاوامیدیكا د. به‌هرام یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه‌ی ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی ئاوی ڕه‌شی له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا دۆزیوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ناوێكی دیاره نه‌ك ته‌نها له كوردستان و له عیراق، به‌ڵكوو له هه‌موو جیهان ناوێكه و بۆ كورد جێی شانازییه خه‌ڵكی واى هه‌بێت.
سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی حكوومه‌ت له پاڵپشتیكردنی ئه‌م جۆره پڕۆژانه، هێنانه‌دی ویستی گه‌لی كوردستانه به‌وه‌ی كه‌سانی هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌كوو یه‌ك ده‌رمانیان ده‌ستبكه‌وێت و نیگه‌رانیی خۆیشی له‌وه نیشان دا كه تا ئێستا گرفتی كواڵیتیی ده‌رمان له هه‌رێمی كوردستان گرفتێكی دیاره و نه‌یشارده‌وه سیسته‌می ته‌ندروستی له هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عیراقیش سیسته‌مێكی شكستخواردووه .
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا شكستی ئه‌و سیسته‌مه له وه‌دا ده‌ست پێده‌كات كه حكوومه‌ت خۆی له دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌ك به‌رپرسیار كردووه و ناتوانێت وه‌ك پێویست به ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزاریبه پێشكه‌شی هاووڵاتیانی عیراق بكات به شێوه‌یه‌كی گشتی.
دووپاتیشی كرده‌وه به نه‌بوونی سیسته‌مێكی سه‌ركه‌وتووی ته‌ندروستی، دروستكردنی بینا و نه‌خۆشخانه‌ی به‌رز و باش هیچ سوودێكی نابێت. هاوكات زۆر سوپاسی وه‌زیری ته‌ندروستی و وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كرد بۆ ئه‌و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی ئه‌نجامیان دا بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه و هیوای خواست وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ئاسایش كه درێغیان له ئه‌ركی خۆیاندا نه‌كردووه، زیاتر كار بۆ ڕێگه‌گرتن له هێنانی ده‌رمانی ماوه به‌سه‌رچوو بۆ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و گوتى گه‌لی كوردستان شایسته‌ی باشترین خزمه‌تگوزارین له‌م بواره‌دا.
هه‌ر له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا باڵیۆزی سوید له عیراق و نوێنه‌ری كۆمپانیای سانۆفیی فه‌ڕه‌نسی و نوێنه‌رى وه‌زیرى ته‌ندروستیى عیراق وتاری خۆیان پێشكه‌ش كرد. له كۆتاییشدا ڕێككه‌وتنه‌كه له نێوان هه‌ردوو كۆمپانیاى سانۆفى و ئاوامیدیكادا ئیمزا كرا.
سێ شەممە, 11 ئازار 2014
بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى كاره‌كانى وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ى له عیراق، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له باڵیۆز كیم هیۆنگ میۆنگ باڵیۆزى كۆریاى باشوور له عیراق كرد.
له دیدارێكدا باڵیۆزى كۆریا له عیراق تیشكى خسته سه‌ر ئه‌م سه‌ردانه‌ى كه له میانه‌یدا به‌شدارى له دیدارى سلێمانى و له مه‌ڕاسیمى هێنانه‌وه‌ى ڕووفاتى ئه‌نفالكراوانى بارزانیدا كرد، هه‌روا خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پێشخستنى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و كه‌لتووریدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و هیواى خواست په‌یوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كان ببنه مایه‌ى سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا.
باڵیۆزى كۆرى ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كوردستانى كرد بۆ ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێم و سه‌رسامیى خۆى نیشان دا بۆ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنه به‌رده‌وامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. بڕواى وڵاته‌كه‌یشى نیشان دا به‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌گاته ئاستێكى زۆر پێشكه‌وتوو له هه‌موو بواره‌كاندا. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه له ماوه‌ى دووساڵى ڕابردوودا كه وه‌ك باڵیۆزى كۆریا له عیراق كارى كردووه، ئاشنایه‌تیى زۆرى له‌گه‌ڵ مێژووى گه‌لى كوردستان و ئه‌و ئازار و نه‌هامه‌تیانه په‌یدا كردووه كه به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هاتووه و باسى له‌وه كرد كه زۆر خاڵى هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوو گه‌لى كورد و كۆریادا هه‌یه.
لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی وێڕای به‌خێرهێنان، سوپاس و پێزانینی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى كۆریاى باشوور ده‌ربڕی كه هه‌ر له دواى ساڵى 2003ه‌وه له ڕێگه‌ى تیپى زه‌یتوون و ئاژانسى كۆیكاوه توانیان بناغه‌یه‌كى پته‌و بۆ په‌یوه‌ندیى نێوانیان دابنێن و ڕۆژ له‌دواى ڕۆژیش ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و پێش چووه. هه‌ره‌وها ستایشی كاره‌كانى باڵیۆزی كۆریاى كرد كه له ماوه‌ی كاركردنیدا له عیراق ڕۆڵی به‌رچاوی له پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆریاى باشووردا هه‌بووه و هیواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركى داهاتوویدا بۆ خواست.
سه‌رۆك وه‌زیران خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى نیشان دا بۆ فراوانكردنى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆریا و له‌م ڕووه‌وه گوتى: خوازیارین سوود له ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى كۆریا وه‌ربگرین، به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانى زانستى و په‌ره‌پێدانى توانا مرۆییه‌كان و خوێندن و پیشه‌سازى و كشتوكاڵدا.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى هه‌رێمى سه‌باره‌ت به ڕه‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق خسته ڕوو و ڕایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێ كێشه‌كان به دیالۆگ و به گوێره‌ى مادده ده‌ستوورییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هیواى خواست هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراق له واده‌ى دیاریكراوى خۆیدا ئه‌نجام بدرێن و ببنه بنه‌مایه‌كى تازه بۆ حكوومه‌تێك كه گوزارشت له هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراقى فیدراڵ بكات و رێز له فیدرالیزم و مافه ده‌ستوورییه‌كان بگرێت.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى كۆریا ده‌كات و پشتگیریى هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه ببێته مایه‌ى پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان.
له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌دواداچوونى ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سەید سادق و کەیسی شلێر و حەلیمە کە 27ى مانگی ڕابردوو لە گۆمێک لە چەمی چەقان تەرمەکانیان دۆزرایەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی حکوومی سەردانی سەید سادق و عەربەت و هەڵەبجەی تازەی کردووە و لەگەڵ دادوەر و داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کۆبۆتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی تەواو و بەدواداچوون لە دۆسیەی ئەم دوو خوشکە.
شانده‌كه هەروەها سەردانی ماڵی دایکی شلێر و حەلیمەیان کردووە و لەگەڵ خەڵکی سەید سادقیش لەم بارەیەوە پرسیار و سۆراغیان کردووە بۆ وەرگرتنی زۆرترین زانیاری و گەیشتن بە ڕاستیى ئەم کەیسە و کارکردن لەسەر ئەوەی کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ڕووداوی لەمجۆرە لە داهاتوودا دووباره نه‌بنه‌وه؟.
شانده‌كه كه نەزەند بەگیخانی وەک ئەندامی بۆردی چاودێریی مافەکانی ژن سەرۆکایەتی کردووە، لەم بارەیەوە ڕوونى كرده‌وه: "بەپێی توێژینەوەکان ئەم دوو خوشکە لە مانگی تەممووزی ساڵی ڕابردووەوە فایلیان لای پۆلیس و دادگای سەید سادق و شەڵتەری داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی هەبووە و گوتى: لە تەواوی مامەڵەکردن له‌گه‌ڵ ئەم کەیسەدا دەردەکەوێت كه لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک پێویست چالاک و جددی نەبوون لەکارکردن لەسەر ئەم کەیسە، بۆیە کەمتەرخەمی هەبووە لە پاراستنی شلێر و حەلیمە".
لەسەر بنچینەی ئەو توێژینەوەیە و بەپێی ڕاسپاردەکان، لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت کاری جددی ده‌كه‌ن بۆ ئاراستەکردنی دۆخەکە و لێپرسینەوە له‌و کەمتەرخه‌میانه‌ى له‌م کەیسەدا هه‌بووه.
هەینی, 07 ئازار 2014
بە ئامادەبوونی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشه‌ممه 4ى ئازارى 2014 یەكەمین ڕۆژی دیداری سلێمانی كە زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق ـ سلێمانی ڕێكی خستووە، دەستی بە كارەكانی كرد.
لەم كۆڕبەندەدا كە هەر یەك لە ئەحمەد داوود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عیراقی فیدراڵ و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و د. عەلی ئەدیب وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى حكوومه‌تى عیراقى فیدرال و ژمارەیەكی دیارى سیاسەتمەدار و ئەكادیمى و توێژەری بواری سیاسەت ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر كێشەكانی نێوان هەولێر و ئاماژەی بەوە دا كە دەبێ هەوڵ بۆ سنوورداركردنی كێشەكان بدرێت و دووپاتیشی كردەوە كێشەكان بە یەك جار چارەسەر ناكرێن. ئەوەشی خستە ڕوو كە ناكرێت هەر لایەنێك مكوڕ بێت لەسەر داواكانی، چونكه بەم شێوەیە هیچ لایەنێك ناگاتە ئه‌نجام.
ئەدیب لەبارەی پرسی بودجەی عیراقه‌وه ڕوونى كرده‌وه كه بودجەی عێراق بودجەیەكی گەورەیە و پێویستە هەموو لایەنێك لێی سوودمەند بن، بەڵام لە عیراق بۆتە مایەی گرفت.
پاشان بەرهەم ساڵح سەرۆكی فەخریی زانكۆ لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوە دا كە هیوای ئەوەی دەخواست بەڕێز مام جەلال سەرۆكی كۆماری عیراق لەو كۆنفرانسەدا ئامادە بووایە و خۆی بەخێرهاتنی میوانانی بكردایە و هیوای سەلامەتی و چاكبوونەوەی زووى بۆ خواست.
بەرهەم ساڵح لە وتارەكەیدا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو لایەنانەى كرد كە هاوكاریی زانكۆكەیان كردووە تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە. هەروەها ئاماژەی بە كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد و سەبارەت بە هەرێمی كوردستان نەیشاردەوە كه هەرێم كێشەكانی زۆرن و چارەسەریش هەن. هاوكات تیشكی خستە سەر مێژووی نەهامەتییەكانی كورد لە سەدەی ڕابردوو كە سەدەیەكی زۆر ناخۆش بوو بۆ كورد.
پاشان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، بەخێرهاتنی داوود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیاى كرد بۆ هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ شارى سڵێمانی كە ئەمە یەكەمجارە سەردانی دەكات.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە ناونیشانی ئەم كۆنفرانسە (ڕێدەربازكرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) زۆر گرنگە و ده‌روازەیەكی گەورە و فراوانە بۆ بابەتی جیاجیای گفتوگۆ، لە كاتێكدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو قۆناغێك پتر پێویستی بە گەشەپێدانی ژیانێكی مێژوویی نوێ هەیە.
هەروەها دووپاتی كردەوە ئەو گرفتانەی ئێستا ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وردبینیی تایبەتیان دەوێت بۆ لێ تێگەیشتن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندیان و تەنها بەو شێوەیە سەركردەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن دووبارە هەوڵی دروستكردنەوەی پێكهاتەی سیاسی و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی بدەن لەسەر بنەما و بناغەی سەردەمیانە بۆ هێنانەدی بناغەیەكی سەردەمیانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەریەك لە وڵاتی ناوچەكەدا.
سەرۆكی حكوومەت ئەوەی نیشان دا كه هەرێمی كوردستان وەكوو بەشێك لە عیراق لە بارودۆخی ئەمڕۆی عیراقدا چەندین پرسیاری لەلا دروست بووە لەبارەی مانەوەی عیراق وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی فیدراڵ و كاریگەریی باری ئاسایش بەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم دەوڵەتەی كە 11 ساڵە قوربانی بۆ دراوە و كاری بۆ دەكه‌ن و بە بیری ئامادەبوانی هێنایەوە كە كورد لە عێراقی پێش 2003 سه‌رده‌مێكی ناخۆشی بینی و بەردەوام لەژێر ترس و هەڕەشەی مان و نەماندا دەژیا و سەرەڕای دەرچوون لە دیكتاتۆری، ئەمڕۆ عێراق پتر لە دەوڵەتێك دەچێت كە بەرەو داڕمان دەچێت و ململانێیەكی قووڵ و ڕووخێنەر لە نێوان پێكهاتە و لایەنە سەرەكانیدا هاتۆتە ئاراوە، ئەمە جگە لە نەبوونی ستراتیژییەكی كارا و چالاك لە كاتی گەڕان بە دوای چارەسەری كێشەكاندا كە بۆتە هۆی نائومێدیی بەشێكی زۆری خه‌ڵكى عیراق، به‌تایبه‌تیش هه‌رێمى كوردستان لەبارەی ئایندەی هاوبەشه‌وه.
هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بە ڕاشكاوی و چەندین جار بە قسە و بە كردار، پابەندیی خۆی بە عێراقێكی دیموكرات، فیدراڵ و فرەیییه‌وه دووپات كردۆتەوە كە تیایدا ماف و ئازادییە دەستوورییەكانی ئەم گەلە پارێزراو بێت، بە لەیادنەكردنی ئەو ڕاستییە كە چوار لە پێنجی دەنگدەران لە عیراق، دەستووری نوێی وڵاتەكیان لە ڕێفراندۆمی ساڵی 2005دا پەسەند كردووە.
هه‌روه‌ها به بیرى هێنایه‌وه كه ئەركی سەرشانی گشت هێزە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و پشتگیرانی دیموكراسییە لە دنیا، هەوڵ بدەن دەستوور پێشێل نە‌كرێت، یاری پێ نە‌كرێت، نەبێتە داردەستی هێچ لایەنەكی سیاسی لە خزمەتی مەبەستی حزبی، یان تاكە كەسیدا.
نێچیرڤان بارزانی بە ڕاشكاوی ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان ده‌رباره‌ى ئایندەی عیراق و پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ نیگەرانە و سەرەڕای دووپاتكردنەوەی پرسی هاوبەشی لە وڵات، بەڵام هەست بە نائومێدی دەكرێت دەربارەی چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ مافی دەستووریی هەرێمی كوردستاندا.
ئەوەشی نەشاردەوە كه لە ماوەی دە ساڵی حوكمی دوای ڕووخانی ڕ‌ژێمى به‌عسدا گرفت و ناكۆكیەكان بەرەو گرژی چوونە و چەندین جار هەرێمی كوردستان هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بیستووە و دووپاتی كردەوە ئەم جۆرە ڕەفتارانە خرمەتی لێكگەیشتن ناكات و نابێتە بنەمایه‌كی دروست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی عیراقدا.
سەرۆكی حكوومەت بەكارهێنان و سوودوەرگرتنی گەلی كوردستانی لە سەرچاوە سروشتییەكانی بە مافێكی دەستووری زانی و دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و دەستبەرداری مافەكانی نابێت و ڕێگە بەوەش نادات دەستوور بەپێی بۆچوونی كەسی لێك بدرێته‌وه و هەوڵ بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمێكی تاكڕەوی لە دەسەڵات و مەركەزیەت بدرێت كە ئیتر ئەم بیرۆكەیە كۆتایی پێ هاتووە.
جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە جیاجیاكان لەسەر حیسابی یەكتری نیە و هەرێم نابێتە بەشێك لە ململانێ و بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و لێكگەیشتنی هاوبەش و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كار دەكات.
سەرۆكی حكوومەت ڕوونی كردەوە ئەوەی هەرێم لێی دەترسا ڕووی دا بەوەی كە بەغدا قووتی خەڵكی كوردستان وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هاووڵاتیان بەكار بهێنێت، كە ئەمەش لەلایەن هه‌موو خەڵكی كوردستانه‌وه بە شێوەیەكی گشتی بەهیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە، چونكە میزاجی تاكە كەسی و میزاجی یەك نەفەر وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان بڕیار دەدات كە قووتی خەڵكی كوردستان ببڕێت و ئەو مافە بەخۆی دەدات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كه مافێكى یاسایى و ده‌ستوورییه ببڕێت.
هەر لە درێژەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر كاریگەرییەكانی وڵاتانی دراوسێ بەسەر عیراق و هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەجێندای دەرەكی لە عیراق و بارودۆخی سووریا و كاریگەرییەكانی بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچەكەدا و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دراوسێكانی و كاریگەرییەكانی توركیا و ئێران و سعوودیه‌ی لە ناوچەكەدا خستە ڕوو.
دواتر هەر یەك لە هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عیراق و ئەحمەد داوود ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، لە پانێڵێكی هاوبەشدا كە لە لایەن د. بەرهەم ساڵحەوە بەڕێوە برا، دید و بۆچوونی خۆیان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكەوه خستە ڕوو.
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات