پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی ئاوارەکان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی بە جینۆسایدناساندنی شەنگال هاو هەڵوێستبوون، بڕیاریشدرا کۆبوونەوەی دەوری لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڕوداو و کێشە کتوپرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، هەردوولاش سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد لەهاوکاری مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان.

 

ئەم هەماهەنگییەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26 ی ئابدا هات، کە لە نێوان د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەتەلاری پەرلەمانی کوردستان سازکرا.

 

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکی حکومەت و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و مەولود باوە موراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان به‌رێوه‌چوو.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی کارو چالاکی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ بەدواداچوونی کێشەی ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و سەردانە مەیدانییەکانی پەرلەمان بۆ بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆرستاندا.

 

دواتر نێچیرڤان بارزانی، باسی لەهەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارە مەسیحی و یەزیدییەکانی ناوچەی شنگال و موسڵ بە تایبەتی، رەخنەشی لە بێ هەڵویستی حکومەتی عێراق گرت لەبارەی پرسی ئاوارەکان، هەدولایان کۆکبوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان و حکومەت هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ  پەرلەمانی وڵاتانی دونیا و  ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و بۆ ئاگادارکردنەوەی زیاتریان لە کێشە و گرفتی ئاوارە مەسیحییەکان و پرسی جینۆسایدی شه‌نگال .

 

لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیشەوە، پەرلەمان و حکومەت هاوهەڵویست بوون کە پێویستە کورد لە پیکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا هاوکاری لایەنەکانی تری عێراق بێت بەو مەرجەی مافە ڕەواکانی گەلی کورد پارێزراوبێت، وەک نیازپاکییەک بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە زووترین کات موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

 

لەبارەی هەمان پرس، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا، پەرلەمانی کوردستان، وەک مەرجەعی خەڵکی کوردستان بانگێشتی لیژنەی دانووسانی هێزە کوردییەکان دەکات بۆ  پەرلەمان، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی گفوگۆکانی نێوان کاندیدی ڕاسپێراوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لیژنەی دانووساندکاری هەرێمی کوردستان.

 

 

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێكی یاوەری سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی كرا و پاشان لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی پێشوازی و ڕەخساندنی ئەم دیدارەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەو پێشكەوتنەی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.

لەم دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی ئێران پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە وڵاتەكەی هەمیشە و لە كاتی بوونی هەڕەشەكاندا لەتەك عێراقییەكان و حكوومەت و گەلی كودستان دەمێنێتەوە. وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان و شیعە و كورد و سووننە بەڵكو هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەك و بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە كە دژایەتیی تیرۆر بكات و ئاماژەیشی بەوەدا كە لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەی دایە كە هەرێمی كوردستان ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت و عێراقییەكان لەگەڵ یەكتردا بگەنە ئەنجامێكی دروست.

 سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە كە حكوومەتی تازە بە بەشداریی هەموو لایەك پێكبهێندرێت و داوایشی كرد كە لایەنی كوردستانی هەموو هەوڵێكی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراقی پێكبهێندرێت و هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەیشی دووپاتكردەوە بۆ هەر جۆرە ڕێككەوتنێك كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا بێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییەی لەشەڕی دژی تیرۆریستان پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوایشی خواست كە ئەو پەیوەندییانە بەرەوە پێشەوە بچن. سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكییەوە دژی تیرۆریستان دەوەستێ و ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك تیرۆریستان بتوانن لە كوردستان پێگەیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستی بە یارمەتیی دۆستانی هەیە و شەڕكردن لەدژی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی پێویستە چونكە تیرۆر مەترسییەكە تەنیا كوردستان ناكاتە ئامانج بەڵكو مەترسییە بۆ سەر هەموو وڵاتێك.

پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پشتیوانی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتێكن كە هەموو پێكهاتەكان بگرێتە خۆ و پێویستیشە بۆ جێبەجێكردنی هەموو جۆرە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان گەرەنتی هەبێت.سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا نەهێشتنی قەیرانەكانی عێراق و تێكشكاندنی تیرۆریشی بە سەركەوتنی ڕێگەچارەی سیاسیی بەستەوە.

شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێكخرا و تێیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

 

 

 

 

 

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییە‌كانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا و هەڵبژێردرانی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان وەك سەرۆك كۆماری تازەی توركیا، شەوی ڕابردوو 10ی ئابی 2014، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە بەڕێز ئەردۆغان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خۆی و گەل و كۆماری توركیا خواست.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها هیوای خواست كە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆك كۆمار لە لایەن گەلەوە ببێتە هۆی هەڵنانی هەنگاوی خێراتر لە لایەن توركیاوە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر و كرانەوە و گۆڕانكاریی باشتر لە هەموو بوارەكاندا و پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرەش لە قۆناغی تازەی توركیادا، لە هەموو ڕوویه‌كه‌وه‌ بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن، پرۆسەی ئاشتی و چارەسەركردنی پرسی كوردیش لە توركیا لە ژێر سەرۆكایەتیی بەڕێز ئەردۆغاندا بگاتە سەركەوتن.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەڕێز سەرۆك كۆماری توركیاش سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كورستانی كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەوان خوازیاری برەدوان و بەرەوپێشبردنی زیاترى پەیوەندییەكانی توركیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

 

 

 

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ گەلی كوردستان رایدەگەیێنێ كە هێزی پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە و ، بە تەواوی تیرۆریستان تێكدەشكێنن ، لەبەرئەوەش پێویست ناكات خەڵك تووشی دڵەڕاوكێ ببێت .

ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانییە:

پەیامێك بۆ گەلی كوردستان

گەلی خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپێشڕەویدایە لە بەرەی شنگالدا، هەروەها لەبەرەی جەلەولا و مەخمووردا چەكدارە تیرۆریستییەكانی داعشی تێكشكاندوون .
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە باوەڕبوون بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڵێندەداتە هەموو گەلی كوردستان كە ڕێگە نادات تیرۆریستان خاكی پیرۆزی كوردستان پیس بكەن و ، پێشكەوتنی ژیان لە كوردستان ڕابگرن .
داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین كە بەهیچ شێوەیەك دڵەڕاوكێ نەیانگرێت و ، بە ئارامی لە شوێنەكانی خۆیان بمێننەوە و درێژە بە كار و ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن .
بەڵێندەدەینە گەلی كوردستان ، كە بە دەستێكی پۆڵاین لە تیرۆریستان دەدەین و ، ئەو مەترسییەی لەسەر گەلی كوردستان و ناوچەكەش هەیە لادەدەین . هەموومان دەبێ باوەڕمان بە پێشمەرگە هەبێت و پشتیوانی پێشمەرگە بكەین .
داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و گەنجانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە ورەبەرزبن ، دەبێ هەموومان باوەڕمان بە دۆزی رەوای خۆمان هەبێت ، ئێمە ئێستا بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكەین لە بەرامبەر هێزێكی تیرۆریستی داگیركەردا ، ئەوەش ئەوپەڕی ورە بەرزی پێویستە ، بەتایبەتیش كە تیرۆریستان لەبەر زەبری پێشمەرگە كەوتوونەتە پەلەڤاژەی لەنێوچوونەوە.
بۆیەش داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەین كە ورەبەرز و ئارام بن .

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
6/8/2014

 

 

 

 

 

 

 

 

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی لە یاسای ژمارە 6551ی توركیا كرد لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا و پشتیوانیی خۆی نیشان دا بۆ هەنگاوە بوێرەكانی به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی توركیا لەپێناو كۆتاییهێنان بە شەڕ و هێنانەكایەی ئاشتی و تەباییی كۆمەڵایەتی.

ئەمەش دەقی لێدوانەكەی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌:

هەوڵەكانی ئێستا و ئەو جموجۆڵەی هەیە بۆ هێنانەكایەی ئاشتی و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا مایەی دڵخۆشیی ئێمەیە و، هیوادارین ببێتە مایەی پێشڤەچوونی زیاتر بۆ هەموو گەلی توركیا.

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا، دەركردنی یاسای ژمارە 6551 لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە، بە پێشنیاز و پشتیوانیی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، هەنگاوێكی دیكەی زۆر گرنگە لەپێناو هێنانەكایەی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، چونكە گفتوگۆكان و هەنگاوەكانی چارەسەری ئاشتیانەی خستە چوارچێوەیەكی سیاسیی یاساییەوە.

ئێمە وەك چۆن پێشتر پشتیوانیمان لە هەنگاوە بوێرەكانی بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و حكوومەتی توركیا كردووه‌ لەپێناو چارەسەری ئاشتیانە، پشتیوانی لەو هەنگاوە گرنگەش دەكەین و هیوادارین گەلی توركیا بەهۆی ئەو یاسایە بگاتە تەباییەكی تەواوی كۆمەڵایەتی و، ئاشتی دەرفەتی پێشكەوتنی زۆر زیاتر بۆ گەلی توركیا بڕەخسێنێت.

 

 

 

 

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە د. فوئاد مەعسووم دەكات بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری عیراق و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێت، ئومێدی ئەوەش ده‌كات كە وەك سەرۆك كۆمار تەواوی هەوڵی خۆی بدات بۆ پاراستنی دەستوور و ڕێگرتن لە پێشێلكردنی دەستوور و یاساكانی عیراق.

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەكەی به‌ڕێز سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستانە:

بۆ بەڕێز د. فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عیراق،

بە بۆنەی هەڵبژاردنتان لە لایەن پەرلەمانی عیراقەوە وەك سەرۆك كۆمار، لە دڵەوە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

ئێوەی بەڕێز لە كاری سیاسی و هەروەهاش لە كاری بەڕێوەبردن و حكوومەتداریدا لە كوردستان ئەزموونێكی باشتان تۆمار كردووە، لەو چەند ساڵەی دواییشدا لە پرۆسەی سیاسیی عیراق و داڕشتنی دەستووری تازەی عیراق و ژیانی پەرلەمانیدا؛ وەك سەرۆكی پەرلەمانی ئینتیقالیی عیراق و سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستانی؛ ڕۆڵێكی بەرچاوتان هەبووە.

هیوادارین بتوانن بە شێوەیەكی تەواو دەستووری عیراق بپارێزن و هەموو ئەو پێشێلكارییانە ڕاست بكەنەوە كە بەرامبەر دەستوور ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا پرۆسەی سیاسى و تەوافوقی نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراقییان تێك دا و ئەوەش شێوان و ئاڵۆزییەكی تەواوی لە عیراقدا دروست كردووە و ژیانی سەدان هەزار خێزان لە عیراق تێك چووە، هه‌روه‌ها ڕێگەی بۆ گرووپە توندڕەوەكان خۆش كرد كە شوێنی خۆیان لە عیراقدا بكەنەوە.

هیوادرین ئێوە بتوانن پارێزەری مافی هەموو گەلانی عیراق بن كە ئەوەش لە پاراستنی دەستووری عیراقدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها بە زووییش هەموو ئەو پێشێلكارییانە نەهێڵن كە بەرامبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون؛ بە تایبەتی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ى ئەمساڵ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كراون.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان.

24ى ته‌ممووزى 2014

 

 

 

 

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیامێكی سەبارەت بە ئاوارەبوونی بەكۆمەڵی خێزانە مەسیحییەكان لە شاری مووسڵ ڕاگەیاند. تیایدا داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات ئەوپەڕی هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن، هەروەها داوای هاوكاری و بەتەنگەوەهاتنیش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەو ئاوارانە كە بەهۆی هۆشداری و هەڕەشه‌ى گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، ناچار بوون شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن. بە پێی هەڕەشەنامەكە دەبووایە تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن.

ئه‌مه‌ ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:

پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دوای كۆنترۆڵكردنى مووسڵ لە لایەن گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، مەسیحییەكانی شاری مووسڵ كەوتنە بەر هەڕەشەیەكی زیاتر. بە داخەوە ئەم ڕۆژانەش لەژێر هەڕەشەی كوشتنی بە كۆمەڵدا، ناچار بوون بە كۆمەڵ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن و ڕوو بكەنە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بە بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت هیچ كەلوپەلێك لەگەڵ خۆیان بهێنن.

لە بەرامبەر ئەم كارەساتە مرۆیییەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە. لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی مرۆڤپەروەری هەردوو پارێزگای هاوسنوورى هەولێر و دهۆكیش دەكەین، بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی ئەو خێزانە ئاوارە مەسیحییانە بكەن.

گەلی كورد هەمیشە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو نەتەوەكانی دیكەدا هەبووە و شانازی بە پاراستنی مۆزاییكی نەتەوەیی لە كوردستاندا كردووە و چەند ساڵی ڕابردووش بەكردەوە ئەمەی دووپات كردووەتەوە. ئێستاش لەسەر گەلی كوردستان پێویستە زۆر بە گەرمییەوە هاوكاریی ئەو خێزانە مەسیحییانە بكات كە ناچار بوون بە كۆمەڵ؛ ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگییەكی تەواودایە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR بۆ یارمەتیدانی ئەو سەدان هەزار ئاوارەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و حكوومەتی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی شوباتەوە بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، لە هەمان كاتدا هیچ لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كانیشى بەرامبەر ئەو ئاوارانە بەجێ نەگەیاندووە كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان.

لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەی كە بەهۆی حكوومەتی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوا لە دەوڵەتان و ڕێكخراوە خێرخوازكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی دەكەین، بگەنە فریای ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكاریی پێویست پێشكەش بەو خێزانە لێقەوماوانە بكات.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

19ى ته‌ممووزى 2014

 

 

 

 

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی گەڕانەوەی سه‌رۆك مام جەلال لە گەلی كوردستان ده‌كات و ڕایگەیاند ڕۆڵى جه‌نابیان لە ژیانی سیاسیی كوردستان و عیراقدا ڕۆڵێكی مێژوویی بووە و ڕۆژی گەڕانەوەیشی بۆ وڵات ڕۆژێكی مێژوویی یە بۆ گەلی كوردستان.

ئەمەش دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی یە:

 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە

زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەین كە جه‌نابى مام جەلال و كوردستان و خەڵكی كوردستانی بە یەكتر شاد كردنەوە، هەروەها سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای دۆست و هەموو ئەو تیمە پزیشكییانە دەكەین كە ماوەی ڕابردوو لە چارەسەركردنیدا ئەركیان لەگەڵ كێشاین. هەر به‌م بۆنەوە لە دڵەوە خۆشحاڵیی خۆمان دەردەبڕین و بەخێرهاتنەوەیەكی گەرمى لێ دەكەین و پیرۆزباییش لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین.

سەرۆك مام جەلال ڕۆڵێكی سەركردانەی گرنگی هەبووە لە ژیانی سیاسی و شۆڕشی كوردستان و عیراقدا، لە سەختترین ڕۆژگاردا خۆڕاگری نوواندووە و بەرگری لە مافەكانی گەلەكەی كردووە، هەروەها لە خەباتی شاخ و سیاسی لە مێژووی سیاسیی نوێی كوردستاندا خاوەن پێگەیەكی زۆر گەورە بووە.

لە دوای ڕاپەڕینیشەوە لەگەڵ سەرۆك مسعوود بارزانی ڕۆڵێكی هەرە گرنگیان گێڕاوە لە چەسپاندنی ئەزموونی دیموكراتیی گەلی كوردستان و دابینكردنی فرەییی سیاسی و دروستكردنی ژیانی پەرلەمانی لە كوردستاندا. نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەیشی لە كوردستان و عیراق، زۆر بە ڕوونی بە ژیانی سیاسی و حوكمڕانیی عیراقەوە دیار بووە، چونكه‌ ڕۆڵێكی مێژوویی هه‌بووە و ڕۆژی گەڕانەوەشی بۆ وڵات ڕۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان.

دووباره‌ بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ناوی خۆشمەوە، به‌ گه‌رمى بەخێرهاتنەوەی دەكەین و پیرۆزبایی لە هەموو گەلی كوردستان دەكەین، هیواى سه‌لامه‌تى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ ده‌خوازین و دڵنیاین هاتنەوەیان مایەی خێر و خۆشی دەبێت بۆ هەموو گەلی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان

19ى ته‌ممووزى 2014

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی