ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی دیسه‌مبه‌ری 2014 له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری له‌ لایه‌ن به‌ڕێز عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌ عیراقه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لحه‌كیم، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم كوردستان بۆ به‌غدا ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌م سه‌ردانه‌ و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان‌ ببێته‌ هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عیراق به‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێم و كوردستانیش به‌ عیراقه‌وه‌ به‌هێزه‌ و هه‌ردوولا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، بۆیه‌ ده‌بێ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری تیرۆر ببنه‌وه‌. هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی كرد كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ له‌ داڵده‌دانی خه‌ڵكی ئاواره‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا ده‌گێڕن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ نیازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ به‌غدایه‌ و ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌رێكی عیراقییانه‌ بۆ كێشه‌كان هه‌بێت. هه‌روه‌ها سوپاس و ستایشی ڕۆڵی به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عیراقی كرد كه‌ به‌و سه‌ردانه‌ی پێشتر بۆ هه‌ولێر كردی، ده‌ستپێشخه‌ری كرد و زه‌مینه‌ی ده‌ستپێكردنی دیالۆگ و دانوساتانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌خساند.  باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ به‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنییه‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌ خۆشحاڵه‌ و هیوا ده‌خوازێ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی واقعیانه‌ بۆ ته‌واوی كێشه‌كان.

 

 

 

 

 

 

 

لەبەردەوامی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە بەغدا؛ ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی لێكرا.

لە دیدارێكدا بەڕێز نوجەیفی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئاوارەكانی ناوچەكانی شەڕی داڵدە داوە و گوتی: "ئەوان میوانی ئێوەن و هیوادارین زۆر لەلاتان نەمێننەوە".

هەروەها تیشكی خستەر سەر بارودۆخی ئەمرۆی عیراق بەتایبەت دوای پێكهێنانی حكومەتی تازەی عیراق بەسەرۆكایەتی بەڕێز د.حەیدەر عەبادی و ئاماژەی بەوە كرد كە دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌؛ كەشێكی ئەرێنی هاتۆتە ئاراوە بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لەو كەشە ئەرێنییەدا نەرمی بنوێنن چونكە ئەگەر هەموان هاوكار نەبن؛ بارودۆخەكە سەختتر دەبێت.

نوجەیفی ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان بەرەیەكی فراوانی رووبەروو بوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە و هیوای خواست گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بگاتە ئەنجامێكی وا كە لە بەرژوەندی هەموولایەكدا بێت. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە رێككەوتنی هەردوولا لەبارەی پرسی نەوت؛ سەركەوتنێكی گرنگە بۆ هەموو عیراق هەروەك چۆن رێككەوتن لەسەر دۆسێیەكانی ئاسایش و یاساكانیش گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. دووپاتیشیكردەوە كە عیراق سەقامگیر نابێت ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن.

لە بەرامبەردا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ریگەیاند كە ئامانجی سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەچارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دووپاتیكردەوە كە حكومەت و سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ لەبەغدا هەن؛ بۆیە زەمینەیەكی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە. بەمەبەستی چارەسەریش؛ هەرێمی كوردستان نەرمی دەنوێنێت.

 

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە تیرۆر مەترسییەكی راستەقینەیە بۆ سەر هەموان و هەموو پێكهاتەكانی عیراق لەژێر هەڕەشەی تیرۆردان؛ بۆیە دەبێ هەموومان بەیەكەوە بین و بەیەكەوە بەسەر تیرۆردا سەردەكەوین.

 

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەردەوامی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لەزیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە كردووە كە لەناوچەكانی ژێر دەستی داعش و لە ترسی تیرۆر هەڵاتوون و ئاوارەبوون، ئەو ئاوارانە پێویستیان بەخزمەتگوزاری تەندروستی و كارەبا و ئاسایش و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و گشت خزمەتگوزارییەكانی دیكە هەیە و ئەمەش بارێكی قورسی خستۆتە سەر هەرێمی كوردستان؛ بۆیە دەبێ حكومەتی عیراق لەمبارەیەوە هاوكارییەكی باشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.
هەروەها ئاشكرایكرد ئەگەر بەغدا بەشێوەیەكی واقیعی سەیری چارەسەركردنی كێشەكان بكات؛ ئەوا هەردوولا دەگەنە چارەسەر و گوتی: "حكومەتی پێشوو لەچارەسەركردنی كێشەكان واقیعی نەبوو و ئێستا ئێمە دەمانەوێ لەمبارەیەوە واقیعیانە سەیری بابەتەكان بكەین. ئەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر لەفەلووجە روویدا لەئەنجامی تیرۆری داعش نەبووە؛ بەڵكو بەهۆی سیاسەتی هەڵەی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بوو".

 

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا گوتی: "ئێمە پێویستیمان بەڕێككەوتنێك هەیە؛ كە ئیتر هیچ كەسێك لەم وڵاتەدا بە بڕیارێكی تاكەكەسی نەتوانێت بەشە بودجەی بەشێك لەهاوڵاتیانی عیراق ببڕێت. ئێمە داكۆكی لەسەر دووبارەنەبوونەوەی ئەم كێشانە دەكەین". ئەوەشی بیرهێنایەوە كاتێك سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هێشتا هەرێم نەوتی نەفرۆشتبوو؛ بەڵكو ئەو رۆژە لەبەغدا لەگفتوگۆدابووین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە پێویستیمان بە میكانیزمێك هەیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو كردارانە.

 

بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان یەكپارچەیی عیراق دەخوازێت؛ عیراقێك كە ئەم رەفتارانەی تیادا دووبارە نەبێتەوە، ئەگینا هەرێمی كوردستان ئەلتەرناتیڤی دیكەی هەیە، بەڵام هەمیشە هەرێمی كوردستان ئەوەی پێ‌ باشترە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە چارەسەر و رێككەوتن.

 

 

 

 

 

 

 

لەبەردەوامی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پێشوازی كرا.

لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەخێرهاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری كرد و هیوای خواست سەردانەكەیان بۆ بەغدا ببێتە مایەی چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێر بەهەڵواسراوی ماونەتەوە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پێشوازی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد و دووپاتیكردەوە كە ئەوان بەنیازی چارەسەركردنی كێشەكان هاتوونەتە بەغدا و ئامادەن لەسەر بنەمای واقعبینی بۆ كێشەكان؛ هەموو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربكەن. خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؛ كەشێكی تازەی ئەرێنی لەبەغدا بەدی دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا عیراق لەبارێكی خراپدایە و تیرۆریش سەلماندی كە جیاوازی لەنێوان هیچ پێكهاتەیەك ناكات و هەمووان دەكاتە ئامانج؛ بۆیە پێویستە هەمووان بەیەكەوە رووبەڕووی ببینەوە. دووپاتیشیكردەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق دوای بەخێرهێنانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، باسیان لە ڕەوش و كێشەكانی ئەمڕۆی عێراق كرد و جەختیان لە چارەسەركردنی كێشەكان كردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی عیراق و هەرێمی كوردستاندا بێت. هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بەهانای ئاوارە و پەنابەرانەوە چوون و هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەشكردوون و لەوبارەوە هەرچی پێویست بووبێت ئەنجامیانداوە.

 


بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش دووپاتیكردەوە كە خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران كردوویانە و دەیكەن و بەردەوامیش دەبن. هەروەها داوای لێبوردنی كرد ئەگەر هەر كەم و كوڕییەك لە بەهاناوەچوون و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا بۆ ئاوارە و پەنابەران هەبووبێت و هەمووانی دڵنیاكردەوە كە ئەوەی لەتوانادا بێت بۆ یارمەتیدان و هاوكاری ئاوارەكان؛ كەمتەرخەمی ناكرێت.

 

 

داوی ئەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی كرا.
لە دیدارێكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری، تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ئەمڕۆی عێراق و بەتایبەت ئەو هەڕەشانەی كە تیرۆر بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە بێ‌ جیاوازی دروستیكردووە. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كرا و هەردوولا چارەسەركردنی كێشەكانیان دووپاتكردەوە بەشێوەیەك لە بەرژوەندی هەرێم و بەغدا دا بێت.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بگاتە چارەسەر.

 

 

 

 

 

 

 

هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز د.فوئاد مەعسوم سەرۆكی كۆماری عیراقی فیدراڵ لە كۆشكی ئاشتی پێشوازی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد كە لەبەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لەوەزیر و راوێژكاران پێكهاتبوو.

 

لەدیدارەكەدا بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق بەخێرهاتنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی و كوردستان و شاندی یاوەری كرد و هەروەها كار و ئەركی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بەچارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دووپاتكردەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموولایەكدا بێت و ببێتە هۆكارێك سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو عێراقدا یەك بخات.

 

لە بەرامبەردا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە كە گەیشتن بە چارەسەری واقیعی لەبارەی پرسە هەڵواسراوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ؛ لەپێشەنگی كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموو عیراقدا بێت. رونیشیكردەوە كە شاندی حكومەتی هەرێم لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا و بەتایبەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق؛ كەشێكی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا بەدیكرد.

 

 

 

 

 

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30ی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەلایەن بەڕێز بەها ئەلئەعرەجی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا.

دواتر لە كۆشكی سەرۆكایەتی حكومەت لەلایەن بەڕێز د.حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە پێشوازی لێكرا و كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز عەبادی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری نیشاندا و هیوای خواست ئەم سەردانە ببێتە هۆكار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان. بەڕێز عەبادی لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "بەبڕوای من هیچ كێشەیەكی وا لەنێوان بەغدا و هەولێردا نییە كە چارەسەر نەكرێت و هەموو كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن. عیراق هەموومان كۆدەكاتەوە؛ ئەگەر رێك نەكەوین زیان بە هەردوولامان دەگات؛ بۆیە تاكە رێگە كە لەبەردەمماندایە؛ رێككەوتنە".

بەڕێز عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا باری دارایی عیراق خراپە و نرخی نەوت دابەزیوە و هاوڵاتیانیش داواكاری زۆریان لەحكومەت هەیە و بارودۆخی سەربازیش دیارە لەچ حاڵێكدایە، بەڵام رێككەوتن رێگەمان بۆ خۆش دەكات و توانای زیاترمان پێدەبەخشێت كە بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا سەركەوین، هەروەها گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن دەربڕی.

لەلای خۆشیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە ئێستا لە بەغدایە و گوتی: "خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە لێرە دەتانبینمەوە، نامانەوێ سەردانی ئێمە بۆ بەغدا ببێتە بابەتێكی میدیایی؛ بەڵكو سەردان و هاتوچۆمان بۆ بەغدا ببێتە شتێكی ئاسایی".

بەڕێز سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبادی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراق و گوتی: "بە دەستبەكاربوونتان؛ هەنگاوەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان دەچن. ئێمە بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەین كە كێ‌ بەرپرسی دروستبوونی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەڵام نیشانەكان ئەوە دردەخوەن كە دەستبەكاربوونتان وەكو سەرۆكوەزیرانی عیراق؛ لاپەڕەیەكی نوێ بۆ هەموو عیراق دەكاتەوە".

راشیگەیاند كە كێشەكان بە شەو و رۆژێك و سەردانێك چارەسەر ناكرێن. ئامادەیی خۆیشی نیشاندا كە چەند پێویست بێت سەردانی بەغدا بكات تا دەگەنە چارەسەرێكی كۆتایی و دووپاتی كردەوە كە پێویستە ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دابندرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئێستا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش كرا و لەمبارەوەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەمەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش كرد و ئاشكرایكرد كە ئەم تیرۆریستانە مەترسین بۆ سەر عیراق و هەموو ناوچەكە. هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابووری و دارایی كرد كە گرفتێكی گەورەی دروستكردووە و رایگەیاند كە شەڕی تیرۆر و ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش قەیرانەكەی هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر قورستر كردووە، ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیەكەیشی دەربڕی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر. لەمبارەوەش داكۆكی لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەمەلایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرایەوە و هەروەها رەوشی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دانانی پلان و بەرنامە بۆ ئازادكردنیان باسی لێوەكرا.

باسكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی؛ لەلایەنێكی دیكەی باس و خواسی كۆبوونەوەكە بوون.

 

 

 

 

 

 

 

بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1 ى دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ به‌غدا، پێشوازی له‌ به‌ڕێز د. حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

ئه‌م دانیشتنه‌ به‌رده‌وامیی دوو دانیشتنی سه‌رله‌به‌یانی و پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆی كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ردوولا بوو، كه‌ له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنی و گه‌شبیندا به‌ڕێوه‌ چوون و تیایدا به‌كراوه‌یی و به‌ڕوونی كێشه‌كان و دیدی هه‌ردوولا بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنیان خرانه‌ ڕوو. به‌ هه‌مان گیانی ئه‌رێنی و به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ كۆتایی به‌ سێیه‌م دانیشتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سبه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی كۆتایی و هه‌ردوولا گه‌شبینیی خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دووپات كرده‌وه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، د. ڕۆژ نووری شاوه‌یس جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سروشتییه‌كان و پلاندان، له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێزان وه‌زیری نه‌وت و پلاندانان و خوێندنی باڵا، له‌ شاندی حكوومه‌تی فیدرال ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

 

 

 

 

 

 

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 20ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ كه‌سایه‌تیی ناوداری جیهان قه‌داسه‌تی ’’شری شری ڕاڤی شه‌نكار’’ سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی جیهانی بۆ به‌ها مرۆییه‌كان كرد. 

له‌ دیدارێكدا وێڕای تاوتوێكردنی بارودۆخی ئێستا و نه‌هامه‌تییه‌كانی شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، باسی له‌ سه‌ردانی خۆی بۆ چه‌ند كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕۆڵی خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و به‌ مایه‌ی ڕێز و پێزانینی له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌بایی و لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ستایشی ئه‌و كه‌لتووره‌ دێرینه‌ی كوردستانی كرد كه‌ له‌ سایه‌یدا هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان به‌ ئاشتی و ئارامی پێكه‌وه‌ ژیاون و ده‌ژین. دووپاتیشی كرده‌وه‌ لقی ڕێكخراوه‌كه‌یان كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كۆمه‌ك و هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكات.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی به‌ڕێزیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و باسی له‌ ڕه‌وشی ئاواره‌كان و پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتریان له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمیش به‌گشتی بێ جیاوازی هاوكاریی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان كردووه‌ و ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێویستییان به‌ كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتر هه‌یه‌ و داوای كرد ڕێكخراوه‌كه‌یان له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی خۆ بگێڕێت.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شانازی به‌ كه‌لتووری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و ته‌بایی و لێبورده‌یی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی ده‌كه‌ن، كه‌ به‌شێكی گرنگ و دیاری بنیات و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌ و كوردستانیان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ی ئه‌م كه‌لتووره‌ن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌میشه‌ كاری له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ها مرۆییانه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ ئه‌م كه‌لتووره‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات و هه‌رواش به‌رده‌وام ده‌بێت.

قه‌داسه‌تی ’’شری شری ڕاڤی شه‌نكار’’ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ ڕۆحانی و مرۆییه‌كان ده‌ناسرێت، به‌هۆی بیروڕاكانییه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ كاركردن له‌پێناو جیهانێكی ناتوندوتیژ و كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ سترێس و، گرنگی به‌ ئاشتی و پاراستنی به‌ها مرۆییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیا ئایینییه‌كان ده‌دات، به‌ ملیۆنه‌ها هه‌واداری له‌ جیهاندا هه‌یه‌.

 

 

 

 

 

 

 

 

دره‌نگانی  پێنجشه‌ممه 20ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد كه‌ به‌ یاوه‌ر‌یی ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و ڕاوێژكار و به‌رپرسان، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

بڕیار وایه‌ سه‌رله‌به‌یانیی  هه‌ینی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران كۆببنه‌وه‌ و دوای ئه‌وه‌ش به‌رله‌ نیوه‌ڕۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا و شاندی یاوه‌ری سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشتبووه‌‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركۆمار و به‌رپرسانی عیراقی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام دا.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی