ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی دیسەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزای لە بەڕێز "پاولۆ جێنتیلۆنی" وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان؛ تیشكی خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دووپات كردەوە كە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە، بە تایبەت تیشكى خسته‌ سه‌ر كاریگەریی هێرشە ئاسمانییەكان له‌ گۆڕێنی باڵانسی شەڕ و ئاماژەی بە قوربانییەكانی پێشمەرگە و بەرگریی قارەمانانەیان له‌ بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا، كرد.

هەروەها باسی لە ڕەوش و پێویستییه‌كانی ئاوارە و پەنابەران كرد و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتنی هاوكاریی بەپەلە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانه‌وه‌ كردەوە، بە تایبەت كە وەرزی سەرما و سۆڵە و زستان گەیشت و ئاواره‌كان لە بارودۆخ و ڕەوشێكی نالەباردان و ئەوپەڕی پێویستییان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە. سوپاسی سەرۆك وەزیران و سەرۆك ئەركانی سوپای ئیتالیایشی كرد كە لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانه‌ بوون دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمى كوردستان؛ سەردانی هه‌ولێریان كرد، هه‌روه‌ها  سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا نارد.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستییان بە هاوكاریی ئیتالیا هه‌یه‌ بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەورووپا هان بدەن تا لە پرسی ناساندنی كارەساتی ئێزدییەكان بە جینۆساید لە ئاستی جیهاندا؛ هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن. دەربارەی ڕەوشی ئێستای عێراقیش باسی لە دوایین ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و هیوای خواست ڕێككەوتنه‌كە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمایەكی واقعبینانە و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ به‌ڕێز سەرۆك وەزیران و حكوومەتی نوێی عێراق دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیەوە بەڕێز پاولۆ جێنتیلۆنی وەزیری دەرەوی ئیتالیا وێڕای پێشكەشكردنی پیرۆزبایی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری؛ باسی لە ڕۆڵی دیاری كورد له‌ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كرد و بە ڕۆڵێكی زۆر گرنگی لە قەڵەم دا، هه‌روه‌ها دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینى بۆ ڕۆڵی پێشەرگە و خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی بە هەموو شێوەیەك ئامادەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستانە و پێشتریش هاوكاریی سەربازی و مرۆییان پێشكەش كردووە و چەند تیمێكیان مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە پێشمەرگە ده‌كه‌ن و ئەو تیمانە لە ڕۆژانی داهاتوودا فراوانتر دەكرێن. دووپاتیشی كردەوە كە ئیتالیا هەم لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی و هەم بە شێوەیەكى ڕاستەوخۆش، هاوكاریی هەرێم دەكات.

به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا باسی لەوەش كرد كە دوای ڕزگاركردنی شوێنەكان، ئیتالیا دەتوانێت لە بواری ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەدا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات و لەم بوارەشدا خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەندن. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی به‌ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتالیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو نووسینگە دیپلۆماسیەی له‌ هه‌ولێر هه‌یانه،‌ لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا ببێتە كونسوڵخانە و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی ئیتالیا بڕیاری له‌سه‌ر داوە. سەرسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئارامی و پێشكەوتوویی شاری هەولێر نیشان دا و بە شارێكی مۆدێرن و ئارام و سەقامگیری لەقەڵەم دا.

دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆ هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ڕێكخرا و سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتى:

ئێوارەتان باش، بەخێر بێن..
خۆشحاڵین پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەكەین كە ئەمڕۆ سه‌ردانى كردووین، هەروەك دەزانن به‌ڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا خۆی لە كەسانی یەكەم بووە كە دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەرەو كوردستان هاتن، هات سەردانی هەولێری كرد و دواتر سوپاسالاری ئیتالیاش سەردانی ئێمەی كرد و ئیتالیا وەك بەشێك لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەی دژی تیرۆریستان دروست بوو، لە ڕووی تەقەمه‌نی و چەك و یارمەتیی مرۆیی و هاوكاریی سەربازییه‌وه‌، یارمەتیی هەرێمی كوردستانی داوە. ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی ئەو تەوەرانە و پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و ئیتالیامان كرد، هەروەها باسی ئەو هاوكاریانەمان كرد كە ئیتالیا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووه‌ و دەینێرێت. هەرێمی كوردستان سوپاسگوزاری ئەو یارمەتییەیە و هیوادارین ئەو پەیوەندیانەی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق بەگشتی لەگەڵ ئیتالیا لە ئایندەدا زیاتریش ببێت.

دواتر وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە وتەیەكدا، پیرۆزباییی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى شه‌نگال لە ڕووی مۆراڵه‌وه‌ كاریگەریی زۆری لەسەر ڕای گشتی دروست كرد و گرنگیی خۆی هەبوو و گوتی:
زۆر سوپاس، كۆبوونەوەیەكی زۆر گرنگ و بەسوودمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی نێچیرڤان بارزانی هەبوو، من حەز دەكەم لە سەرەتادا پیرۆزبایی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بكەم بۆ ئەو دەستكەوتە سەربازیانەی لە شه‌نگال بە دەست هاتن و ئەمەش زۆر گرنگ بوو لە ڕووی مۆراڵه‌وه‌، چونكە نیگەرانییەكی زۆر لاى ڕای گشتی لەوبارەوە هەبوو و جەخت لەسەر ئەم بارودۆخە دەكرایه‌وە، بۆیە توانای پێشمەرگە بۆ ڕزگاركردنی شه‌نگال لە ڕووی سیمبۆلى و مۆڕاڵه‌وه‌، زۆر گرنگ بوو.
هەروەها وەك سەرۆك وەزیران گوتی، ئێمە باسی هاوكاریی هاوبەشی نێوانمان كرد لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە دژی داعش پێكهاتووە، بە تایبەتی هاوكاریی سەربازی و خۆشحاڵم كە لە ڕۆژی یەكەمەوە یەكەم تیمی ئێمە لە مامۆستا و ڕاهێنەر و مەشقكارانی سەربازیی ئیتاڵی، گەیشتۆوونەتە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەدا ژمارەیان دەگاتە 280 كەس، بەڵام ئێستا 35یان گەیشتوونەتە هەولێر بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لەسەر ئەو سیستەمەی چەكی ئیتاڵی كە بۆ ئه‌وانمان دابین كردووە.
ئێمە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هاوكاریی مرۆییمان كرد كە ئەمەش ئەركێكی قورس و سه‌خته‌ لەسەر هەرێمی كوردستان و لە ڕووی هەبوونی په‌نابه‌ر و ئاوارەى ناوخۆوه، ‌حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستۆتە ژێر بارێكی قورسه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: ئیتالیا لەمبارەیەوە بەرنامەی خۆی هەیە و دەستپێشخەریی ئەوەی هەبوو كە 12 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریی مرۆیی دابین بكات، بەڵام ئێمە بیرمان لە دەستپێشخەریی دیكە كردۆتەوە بۆ هاوكاریی مرۆیی، بە تایبەتی كە ئێستا لە وەرزی زستانداین، بۆیە دەمانەوێ لەم ڕووەوە هاوكار بین. ئێمە هەروەها جەخت لەسەر باشتركردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولامان دەكەینەوە، جگە لە خەبات لە دژی تیرۆریستانی داعش، دەمانەوێ پەیوەندییەكانمان لە زۆر بواردا بچێتە پێشه‌وه‌، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و كولتووریەوە، چونكە دەكرێ كاری زۆر لەسەر هەردوو بوار بكرێت، كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولای تیادایە، ڕاستە ئێستا ئەو هاوكارییە هەیە و لە زۆر بواریشدا بەدی دەكرێت، هەروەها تیمی تایبەتمان لە بواری شوێنەواردا هەیە و بە ڕەچاوكردنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی لە ڕووی سەربازییەوە بە دەست هاتوون، ئەگەری هاوكاری لە زۆر بواردا زیاتر دەكات.

وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئاشكرای كرد، هه‌موو ئه‌و فڕۆكە ئیتالیانه‌ى یارمه‌تى و هاوكارى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌هێنن، پێشتر له‌ به‌غدا ده‌نیشنه‌وه‌ ئینجا دێنه‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عیراقه‌ و گوتى: ئێمه‌ له‌م داوایه‌ تێده‌گه‌ین. ڕوونیشى كرده‌وه‌ لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا، تێبینیی ئەوەی كرد ئەوان بەرنامەی خۆیان هەیە و بە بەیاخەوە دەڕواننە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هەولێر ئیمزایان كردووە و هیوای خواست جێبەجێی بكەن.

لای خۆیەوە به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بارودۆخی دەشتی نەینەوا و ڕزگاركردنییه‌وه‌، ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئۆپه‌راسیۆنى سەربازیش بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی مه‌سیحییه‌كان بۆ شوێنەكانی خۆیان، ڕاگرتن و پاراستنی ناوچەكە كارێكی گرنگترە و گوتی: بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مووسڵ، ئەم كارە زەحمەت دەبێت، نیگەرانیی ئێمە لە بارەی پاراستنیانە دوای گەڕانەوەیان. ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ مووسڵ كارێكی سەختە، بەڵام هاوكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە بۆ زێدی خۆیان لە پێشینەی كارەكانی ئێمەیە و ناشتوانین كاتەكەی دیاری بكەین.

به‌ڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەوەی خستە ڕوو كه‌ وڵاتەكەی چەكی بە هەرێمی كوردستان داوە و پێكهاتبوو لەمووشەكی RBG و دژه‌تانك، ئەمە جگە لە هەبوونی مەشقكار بۆ ڕاهێنان و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەسەر بەكارهێنانی و ئاماژەی بەوەش دا فڕۆكەكانی ئیتالیا لە بنكەی سەرەكیی خۆیانەوە لە كوێت كاری خۆیان ئەنجام دەده‌ن و جۆری فڕۆكەكانیش TORNADO و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانن كه‌ ڕەزامەندیی پەرلەمانی ئیتالیاى له‌سه‌ره‌.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تیشكى خسته‌ سه‌ر بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو و ڕوونى كرده‌وه‌ كوردستان بە كاتێكی سەختدا تێپەڕی، لە هەمان كاتیشدا گەشبینیی خۆی بە حكوومەتی تازەی به‌ڕێز عه‌بادی نیشان دا و دووپاتی كردەوە ئێستا قۆناغێكی دیكەی پەیوەندییەكان دەست پێدەكات، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ عه‌بادی سەردانی كوردستان دەكات، بەڵام تا ئێستا كاتی سەردانەكە دیار نیە و گوتی : لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی كاركردنمان لەگەڵ حكوومەتی تازەی عیراقدا هەیه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هه‌روه‌ها گوتى ئێمە مانگی ڕابردوو سەردانی بەغدامان كرد و گەیشتینە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی پرسی نەوت و داهاته‌وه‌ بۆ هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی نەوتى ڕۆژانه‌ لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ هاوكاریكردنی بەغدا بۆ هەناردەكردنی 300 هەزار بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ لە نەوتی كەركووك. هیوادارین بگەینە جێبەجێكردنی ئه‌م ڕێككەوتنە لە سەرەتای مانگی یەكی ساڵی تازە، بە هەبوونی كەشوهەوایەكی تازە و هیوادارین سوودی لێ وەربگرین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا، هەروەها پێویستە بەغداش 17%ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق بنێرێت كە تا ئێستا ئێمە 11%مان وەرگرتووە، ئەم ڕێككەوتنەش بۆ ماوەی یەك ساڵە و هیوادارم لەم كاتەدا بگەینە ڕێككەوتنی تەواو و ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوكاریەك.

دوایین شت له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا گوتى: پێزانینمان بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ كه ‌له‌ جیاتى هه‌موو جیهان له‌سه‌ر زه‌وى به‌ هاوكاریى هێزى ئاسمانیى هاوپه‌یمانان شه‌ڕى داعش ده‌كات، ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ستى من نییه‌، هه‌ستى ڕاى گشتیى ئیتالیاش هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. به‌شداریى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانى كۆبانێشدا به‌رز ده‌نرخێنین و هاوكارییه‌كى باشه‌ بۆ ئه‌و شه‌رڤانانه‌ى له ‌وێ ده‌جه‌نگن.

 

 

 

 

ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مورتەزا عەبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و، لەگەڵیان كۆبۆوە.

به‌هۆی سه‌رقاڵی و پابه‌ندی به‌ چه‌ند كار و چالاكییه‌كی دیكه‌وه‌، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ كۆنفرانسی نه‌وت و گازی كوردستاندا له‌ له‌نده‌ن نه‌كرد، كه‌ ڕۆژی 17ی دیسه‌مبه‌ری 2014 ساز كرا، به‌ڵام وته‌ی به‌ڕێزیان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی كۆنفراسه‌كه‌ كرا. ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

بەشداربوانی بەڕێز،

ئەگەرچی بەداخەوە نەمتوانی ئەمڕۆ لەگەڵتان بم، بەڵام هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسی ساڵانەی نەوت و گازی كوردستانی عیراق بۆ ساڵی 2014 دەخوازم. سوپاسی گرووپی CWC دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسە و هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا هەمووتان جارێكی دیكە لە هەولێر ببینین.

هەروەك هەمووتان دەزانن، ئێمە لە كۆتاییی ساڵێكی سەخت و زەحمەتداین بۆ هەرێمی كوردستانی عیراق و بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەرەتادا، دەمەوێ سڵاوێكی گەرم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەكانمان بكەم كە بەوپەڕی ئازایی و بە ورە و توانایەكی زۆر مەزنەوە، ئەمڕۆ بەرگری لە گەلی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش دەكەن.

هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو پێشمەرگانە دادەنوێنین كە لەپێناو بەرگریكردن له‌ وڵات له‌ چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و تیرۆر، شەهید بوون، ئەوان هەمیشە لە یادی ئێمەدان. هیوای چاكبوونەوەی بەپەلەش بۆ بریندارانی ئەم شەڕە دەخوازین و هیوادارین لە زووترین كاتدا عیراق بەسەر گرفتەكانی خۆیدا زاڵ بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز،

وەك دەزانن و ئاگادارن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان لەم ساڵەدا، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی دژی تیرۆریستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، دوو تەحەددای دیكەی گەورەش هاتە بەردەمی.

یەكەمیان: هاتنی زیاتر لە 1.5 ملیۆن پەنابەری سووری و ئاوارەی ناوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان.

دووەمیان: پەیوەندیی ئاڵۆزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی پێشووی بەغدا كە بەداخەوە بەشی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی گشتیی عیراقی ساڵی 2014 دا بڕی.

هەر یەكێك لەم گرفتانە بە تەنها، ڕەنگە ببێته‌ هۆكارێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەر وڵاتێك بە قەبارەی كوردستان لە هەر بەشێكی جیهان، بەڵام هێشتا گەلی ئێمە سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لەم وڵاتەدا.

ئێمە ئێستا، لە ڕێگایەكی تازەداین لەگەڵ بەغدا و خۆشحاڵم بەوەی حكوومەتی تازەی عیراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران د. حەیدەر عه‌بادی، خواستی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشان داوە، هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا پێشكەوتنی زیاتر لەمبارەیەوە ببینین. هیوامان ئەوەیە لە عیراقدا سیستەمێكی تازەی حوكم ببینین، كە تیایدا هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە لە دەسەڵات و داهاتدا، بەشدار و هاوبەش بن.

دوایین ڕێككەوتنی نێوان ئێمە و بەغدا پەیامێكی ئه‌رێنی بۆ ئێمە هەبوو و ئەوەی نیشان دا كە بەڕێز عه‌بادی بە دۆزینەوەی چارەسەری كارا بۆ ئەو گرفتانەی تا ئێستا لەعیراقدا چارەسەر نەكراون، پابەندە. پێموایە بەڕێز عه‌بادی لەگەڵ من هاوڕایە كە گەلی كوردستان شایستەی ئایندەیەكی گەشترە، شایستەی ئازادی و سەقامگیریی ئابووری و شایستەی دیموكراسیەتی زیاتر و بەهێزترە.

دەتوانین بە پاڵپشتی و یارمەتیی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی خۆمان و دۆست و هاوپەیمانانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پیاوانی كار لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان، ئەنجامی باش بە دەست بهێنین و دەتوانین وا بكەین مەزنترین خەون بكەینە ڕاستی. ئەوپەڕی ڕێز و سوپاسمان بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت كە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم بوارەدا لە هەرێمی كوردستان، متمانەیان پێكردین و بەم كارەشیان ڕێگەیان خۆش كرد بۆ هێنانەدیی لانی كەم بەشێكی خەونەكانمان بۆ ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەلەكەمان.

لە كۆتاییدا، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە هاوبەشیی پتەو و ستراتیژیمان لەگەڵ توركیا، ڕۆڵێكی گەورەی بۆ سەقامگیری و كەمكردنەوەی بەشێك له‌ سه‌ختییەكانمانی گێڕا، دووپاتیشی دەكەینەوە كه‌ ئەو پەیوەندییە لەگەڵ توركیا و دراوسێی ڕۆژهەڵاتمان ئێران بەهێزتر دەكەینەوە.

جارێكی دیكە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازم و هیوادارم ئەنجامی باشی لێ بێتە دی.

زۆر سوپاس.

 

 

 

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 19ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆشكی كۆماریی نوێی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا ’’ئاك سارای’’، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیاوه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخ و ڕه‌وشی ئێستای عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر و پێشڕه‌وییه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردووی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شه‌نگال و ناوچه‌ی زوممار تاوتوێ كرا و به‌ڕێز ئه‌ردۆغان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هه‌روه‌ها هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌ویی به‌رده‌وامی بۆ پێشمه‌رگه‌ خواست.

دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز ئه‌دۆغان پیشتگیریی خۆی بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ردوولا كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا.

به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌شیان خسته‌ به‌ر باس و داكۆكییان له‌ فراوانكردن و بره‌ودانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه، ‌به‌ تایبه‌تیش له‌و بوارانه‌دا كه‌ بۆ هه‌ردوولا جێگه‌ی بایه‌خن.

 

 

 

 

 

 

 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 19ی دیسه‌مبه‌ری2014 ، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیستانبول له‌ لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلو سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بارودۆخی ئێستای عیراق و ناوچه‌كه‌ و پێشهاته‌ سه‌ربازییه‌كان و شه‌ڕی دژی تیرۆر و ئه‌و سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه،‌ له‌ ناوچه‌كانی زوممار و ده‌وروبه‌ری شه‌نگال به‌ ده‌ست هاتوون، تاوتوێ كران و باس له‌ پێشڕه‌وه‌ییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كۆنترۆڵكردنه‌وه و ده‌رهێنانی ئه‌و شوێنانه‌ له‌ ده‌ستی داعش، كرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وكه‌دا، دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خرایه‌ به‌ر باس و به‌ڕێز داوود ئۆغلو وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌و ڕێككه‌وتنه‌، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ردوولا كرد و هیوای خواست ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ كه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كات، ببێته‌ هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان  و حكوومه‌تی عیراق، چاره‌سه‌ر بكرێن.

تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، كه‌ تیایدا هه‌ردوولا داكۆكییان له‌سه‌ر بره‌ودانی زیاتر و فراوانكردنی بواره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌ و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وامیی سه‌ردان و دیداره‌كان له‌ نێوان هه‌دوولادا، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تێڕوانینی هه‌دوولا له‌سه‌ر پرسه‌كان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، هاوكار ده‌بێت.

ئه‌مه‌و بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش له‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا، هه‌ردوو به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا، كۆببنه‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان، پێی گه‌یشتن.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی خسته ‌سه‌ر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ "به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌رێنی بوون و له‌ به‌غدا كه‌شێكی نوێ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌یش كه‌ جاران كێشه‌یان دروست ده‌كرد، ئه‌مجاره‌ كه‌ زانییان كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن، خۆیان ئه‌رێنی بوون و هه‌وڵیان دا هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردن. گفتوگۆكان زۆر كراوه‌ بوون و زۆر به‌ جددی قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد. هه‌ستمان كرد ئه‌وان به‌ دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن و ده‌زانن بارودۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش به‌ڕێز عه‌بادى هاوكار بوو بۆ لێكگه‌یشتن. هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر، ئه‌وانیش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر و لێكگه‌یشتن.

هه‌روه‌ها گوتی: عیراق له‌ ڕه‌وشێكی داراییی زۆر خراپدایه‌ و ڕاوه‌ستانی ناردنی نه‌وت كێشه‌ی گه‌وره‌ی دروست كردووه‌، له‌ كابینه‌ى پێشوودا پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج كراوه‌ كه‌ به‌ ڕوونی دیار نییه‌ بۆچی خه‌رج كراوه‌؟. ڕێككه‌وتنه‌كه‌یشى‌ بۆ هه‌موو عیراق و بۆ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ڕێككه‌وتنێكى باش له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو خواستی ئێمه‌ نییه"‌‌. باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ حكوومه‌تی فیدرال ده‌یه‌وێ بودجه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای بڕی (70) دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت دابنێت، بۆیه‌ پرسیاری ئه‌وه‌یان كرد كه‌ ئاخۆ نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌ستی سۆمۆ ده‌كه‌ین یان نا؟، ئێمه‌ش به‌ كراوه‌یی پێمانگوتن: به‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ڕاده‌ست ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین.

هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌خرێته چوارچێوه‌ى یاساى بودجه‌وه‌ بۆ ساڵێك‌‌، به‌ڵام بنه‌مایه‌كی باشمان داناوه‌. به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ (250) هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ ڕاده‌ستى حكوومه‌تی فیدرال ده‌كه‌ین و (300) هه‌زار به‌رمیلی دیكه‌ش بۆ ئه‌وان ده‌گوازینه‌وه‌. (11) ساڵه‌ داوا ده‌كه‌ین خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بده‌ن،‌‌ قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵام ئێستا خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خرایه‌ ناو بودجه‌ی فیدراله‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو. له‌سه‌ر پرسی قه‌رزه‌كانی هه‌رێمیش، ڕوونی كرده‌وه‌ حكوومه‌تی فیدرال (16) تریلیۆن دینار قه‌رزاری هه‌رێمه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌ ڕاپۆرتى وه‌زاره‌تى داراییى حكوومه‌تى فیدرالدا جێگیر كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ى پاره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وتیشیان نه‌داوه‌.

ده‌رباره‌ی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ش دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ڕێز عه‌بادی پێزانینی خۆى بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو، هه‌روه‌ك چۆن بۆ پرسی پشكنینی ئه‌و فڕۆكانه‌ی كه‌ كۆمه‌ك و هاوكاریی مرۆیی و سه‌ربازیش ده‌گه‌یه‌ننه‌ هه‌ولێر، داوایان له‌ حكوومه‌تى فیدرال كردووه‌ پشكنینی فڕۆكه‌كان به‌ هه‌مان میكانیزمی به‌غدا له‌ هه‌ولێر بكرێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی كرده‌ییه‌وه‌ عیراق پێویستی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ژێرخانه‌ نه‌وتییه‌ی دروست نه‌كردبا، ئێستا نه‌ عیراق ده‌یتوانی هیچ شتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات، نه‌ هه‌رێم خۆى ده‌یتوانى هیچ بۆ خۆى بكات. ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا كار ده‌كرێت بۆ به‌ستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك به‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كاری ته‌كنیكی پێویسته.

ڕوونشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی داهاتووی گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، هه‌ر وه‌زاره‌تێك كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه‌ هه‌یه‌، كار له‌سه‌ر دۆسیاكان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و تیمی گفتوگۆكانی كرد كه‌ هه‌موویان زۆر پشتیوان و هاوكار بوون.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی ساڵی تازه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و گوتی: ده‌مانه‌وێ هیچ له‌وه‌ زیاتر خه‌رج نه‌كه‌ین كه‌ وه‌ك داهات ده‌مانبێت، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ست به‌ كۆمه‌ڵێك چاكسازى ده‌كات و ده‌بێ خه‌رجییه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

دوایین شت به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌ سه‌ردانی خۆی و شاندی یاوه‌ری بۆ لای به‌ڕێزان سه‌ركۆمار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كانی كرد، كه‌ هه‌مووان پشتگیرییان له‌ ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرال كردووه‌.

له‌ كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان باسییان له‌ گرنگیی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كرد و تیشكییان خسته‌ سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خێرای ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان كه‌ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان كرد و پشكی ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كار ده‌كه‌ن، له‌ نێوان 7% تا 15% زیادی كردووه‌. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و سیاسه‌تی نه‌وتیی حكوومه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م دا.

دواى ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى عیراق، ئێوراه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى دیسه‌مبه‌رى 2014 شاندى باڵاى حكوومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر. له‌ به‌غداش دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پاش بەكۆتاهاتنی كۆبوونەوەكان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا؛ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و ئەو ئەنجامانەی تا ئێستا لە دانوستانەكاندا پێی گەیشتوون؛ خستەڕوو.

سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو و گوتی: "ئێمە لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو كە لە بەغدا بووین، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق و  وەزیری نەوت و ئەو تیمەی بۆ گفتوگۆ دایاننابوو؛ ئەنجام دا و ئەمڕۆ كۆتایی بەو سەردانەمان دێنین".

دەربارەی ئەوەی كە ئایا كۆبوونەوەكان بە چ شێوەیەك بەڕێوەچوون؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمەوێ ئەوە بڵێم كە بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكان زۆر باش بەڕێوە چوون. ئێمە بینیمان كە خواستێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لای سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت و هەموو ئەو وەزیرانەی حكوومەتی بەڕێز عەبادی؛ هەیە. ئەوان دەخوازن كێشەكان بە شێوەیەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن. ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە دووپاتمان كردۆتەوە و دەمانەوێ جارێكی دیكەش دووپاتی بكەینەوە كە ئەولەویەت بۆ ئێمە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە هەیە لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئێمە ئەوەمان لە هەموو بژاردەكانی دیكە پێ باشتر بوو".

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو ڕێككەوتنانەی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ شاندی حكوومەتی عێراق پێی گەیشتوون گوتی: "دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بە تاكلایەنە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی؛ ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەم كێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەین، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز عەبادی و ئەو تیمەی لە گەڵیەتی گەیشتووینەتە هەندێك ڕێككەوتن كە پێمانوایە ئەو ڕێككەوتنانە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەغدادایە و بە شێوەیەك كراوە كە دەتوانین بڵێن هەردوولامان بە سەركەوتوویی لەو پرۆسەیە دەرچووین".

دەربارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەش بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: "ڕێككەوتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: ڕۆژانە لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین دەكەین، یارمەتییان دەدەین بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك. لەپاڵ ئەمەشدا ئەوان بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی كە 17%یە و هەمیشە دووپاتمان كردۆتەوە كە ئەو ڕێژەیەی دەینێرن 17% نییە و كەمترە لەو ڕێژەیە؛ ئەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەبێت".

دەربارەی پرسی پێشمەرگە و شایستەكانی كە یەكێك لەو كێشانەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ پێشمەرگە نیشان دا، بە تایبەت بۆ ئەو خەبات و قوربانیانەی كە داویەتی و ئێستاش لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە ڕازیب وون كە بڕە پارەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت كە نزیكەی 1 ترلیۆن و 200 ملیار دینارە ".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوا و گوتی: "ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا؛ ڕێككەوتنی كۆتایی نییە؛ بەڵام پێمان وایە سەرەتایەكی باشە. كۆمەڵێك كێشەی دیكە ماوە كە دەبێ لەو ماوەیەدا گفتوگۆی لەسەر بكەین و بگەین بە رێككەوتن. ئەمە دەستپێكردنێكی باشە لە لایەن هەردوولاوه‌ بۆئەوەی بتوانین لە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر؛ هەموو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەین. دەتوانم بە شێوەیەكی گشتی بڵێم ئێمە بەم ڕێككەوتنە خۆشحاڵین و بە دەستكەوتێكی باشی دەزانین بۆ هەموو لایەك. لەچاو ئەو كێشانەی پێشتر لە هەرێمی كوردستان هەمانبووە، ئێمە قۆناغێكی باشمان بڕیوە. دەمەوێ ئەوەش بڵێم؛ ئەوەی ئێمە بینیمان لە بەغدا؛ ئارەزووی به‌ڕێز سەرۆك وەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر بێینە پێش؛ چونكە وەكوو باسم كرد ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین ."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی گوایە فشاری دەرەكی، بە تایبەت ئەمه‌ریكا و لایەنەكانی دیكە لەسەر شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێككەوتن؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ئەوەی كە كردوومانە بە خواستی بەغدا و هەولێر بووە و ویستوومانە بگەینە ئەنجام و هیچ فشارێك لەسەر ئێمە نەبووە. ڕۆڵی ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان هاندانی هەردوو لایەنی دانوستانكار بووە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و هیچ دەستوەردانێكیان لە وردەكاریی پرۆسەكە نەكردووە و هیچ فشارێكیان نەبووە و ته‌نانه‌ت لە ڕێكخستنی ئەو دانیشتنەش هیچ ڕۆڵێكان نەبووە. وەك دەزانن بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی ماوەیەك لەمەوبەر هاتە هەولێر و لەگەڵ كاك قوباد و بەندە دانیشت و لەوێ لەسەر ئەوە ڕێككەوتین ئێمە بێینە بەغدا و دەست بە گفتوگۆ بكەین".


بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هێزی پێشمەرگە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە تەرخان كراوە كە ئایا لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەدرێت یان نا؛ گوتی: "ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هێزی پێشمەرگە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە و دابین دەكرێت؛ لە دەرەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عیراق دەبێت. واتە لە دەرەوەی 17%ی بەشە بودجەی هەرێم دەبێت. ئەوان ئەوەیان قبووڵ كردووە كە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عیراق. ئەمە ڕێككەوتنێكی زۆر گرنگە كە دوای 11 ساڵ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەو پێشنیارە قبووڵ كرا. ئەوان لە بودجەی بەرگریی عیراق بەشێك لە پارە بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن."

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم ڕێككەوتنە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە و هەردوو حكوومەتیش نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەن و پەسەندكردنی ئەم ڕێككەوتنەش لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا دەبێت و پێموایە هەموو لایەنەكان پشتگیری لە ڕێككەوتنەكە دەكەن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فەرمانبەران و خاوەنكار و بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و سولفەكانیان و گوتی: "وەك دەزانن ئێمە پێشتر سولفەیەكی پارەمان وەرگرتووە و سولفەیەكی دیكەش وەردەگرین. هیوادارین تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی پرسی مووچە بە شێوەیەكی گشتی چارەسەر بكرێت".

دەربارەی ناردنی نەوتی كەركووك بە ڕێگەی بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "لە ڕووی عەمەلییەوە نەوتی كەركووك دەبێ لە هەرێمی كوردستانەوە دەربچێت، ئێمەش لەسەر ئەوە ڕازی بووین كە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە بۆڕیی نەوتبەری هەرێمی كوردستان دەربچێت. لەوانەیە هەر لەم هەفتەیەدا دەست بە كاری تەكنیكی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرسە، وەك دانانی بۆڕیی نەوتبەر و هیوادارین بە زووترین كات بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ناردنی نەوتی كەركووكیشی بە قازانج بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق لە قەڵەم دا و ڕەتیشی كردەوە هەرێمی كوردستان هیچ بەرامبەرێك بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك وەربگرێت، چونكە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا كار دەكات و ئەمەش دەرفەتێك دەداتە هەرێمی كوردستان هەموو كێشەكانی لەگەڵ عێراق چارەسەر بكات و بۆچوونەكان بۆ هەناردەكردنی نەوت یەكبخرێن و بەبێ سترێس كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ دەینێرێتە دەرەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەو نەوتەی كە هەمانە دینێرینە دەرەوە؛ بەڵام پرسەكە هەر هەناردەكردنی نەوت نییە؛ بەڵكوو دەبێت هەندێكی لە ناوخۆی وڵات سوودی لێوەرگرین بۆ پاڵاوگەكان و پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە ئەمە بۆ حكوومەتی هەرێم ئەولەویەتە و ئەگەر شتێكی لێ مایەوە بینێرین بۆ دەرەوە؛ ئەوا دەینێرین."

 

لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ماوەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "یاسای بودجه‌ بۆ یەك ساڵە. ئێمە كە لە هەولێرەوە هاتووین ستراتیژیەتمان ئەوە نەبووە هەرچی كێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەمووی بە كۆبوونەوەیەك، یان دوو كۆبوونەوە چارەسەر دەكرێت؛ ئێمە پێمانوابوو لە هاتنی ئێمە بۆ بەغدا؛ دەبێت ستراتیژیەك دابنێین چۆن بتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین، ئێستا ئێمە ئەو ستراتیژیەمان داناوە. ئەو ڕێككەوتنەی كە ئێستا لەگەڵ بەغدا كردوومانە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئێمە كە بتوانین لەو ماوەیەدا، جا شەش مانگە، یان ساڵێكە، هەموو ئەو كێشانەی لە نێوان ئێمە و بەغدا چارەسەر نەكراون؛ چارەسەر بكرێن. بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە توانیمان دوو شت بچەسپێنین. یەكەمیان: هەڵگرتنی هەموو ئەو سزایانەیە كە لە یاسای بودجەی گشتیی عیراقدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دانرابوو. دووەمیش: ئێمە لەسەر هەناردەكردنی نەوت و بودجەی كوردستان و بودجەی پێشمەرگە ڕێككەوتین.

 

ئەو شتانەی دیكەی كە ماون پرسی ماددەی 140 و وردەكارییەكانی دیكەی شایستەكانی هێزی پێشمەرگە و پرسەكانی دیكەیە و ماوە بۆ چارەسەركردنی ئەوانیش دیاری دەكرێت. تەنانەت باسی مافی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بودجەی ساڵی 2014 و پێشتریش كە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە دەكرێت كە 16 ترلیۆن دینارە و لە وەزارەتی داراییی عێراق ئەو بڕە پارەیە جێگیر كراوە و قسەی لەسەر دەكرێت. ئەمانە هەموو ئەو كێشانەن كە ناتوانرێن بە كۆبوونەوەیەك هەموویان چارەسەر بكرێن و پێویستیان بە كۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر هەیە و بە هیوای ئەوەی بگەینە چارەسەرێك ".

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ئەوەی دووپات كردەوە كە هەموو ناكۆكییەكان بە سەردانێك و چەند دانیشتنێك كۆتایی نایەن و هاتنی شاندی حكوومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا بەمەبەستی دانانی ستراتیژێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بووە. ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەو ڕێككەوتنەی ئێستا لەگەڵ بەغدا كراوە؛ دەرگایەك دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی شەش مانگ یان ساڵێكدا، هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەربارەی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتیانیش؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی حكوومەتی بە پێدانی سولفەی پرۆژە و سولفەی هاوڵاتییان دووپات كردەوە و گوتی: "هیچ سولفە و مووچەیەك نافەوتێت".

لە وەڵامی ئه‌و پرسیاردا كە ئایا هیچ گارانتییەك هەیە جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕێت؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی: "هیچ گارەنتیەك نییە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەبڕدرێت؛ بەڵام با لەیادیش نەكەین ئەگەر بودجەی ئێمەیان بڕی، خۆ كلیلی هەناردەكردنی نەوت بەدەستی ئێمەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت بەو زمانە قسە بكەین و هیوادارین قسەكردن بە زمانی هەڕەشە لە هەموو عێراق كۆتایی بێت. ئێمە دەمانەوێ لاپەڕەیەكی نوێ بكەینەوە و هیوادارین زمانی هەڕەشە نەمێنێت".

دەربارەی بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی داعشدان؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئێستا پێشمەرگە بە درێژاییی 1100 كیلۆمەتر لە بەرگریدایە و سەرۆك وەزیرانی عیراقیش پێزانینی بۆ ئەم بەرخودانە هەبوو. ئەوەی پێشمەرگە دەیكات؛ گەورەترین هاوكارییە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان بە شێوەیەكی گشتی؛ چونكە ئێمە شەڕێكی گەورەی بەرگری لە دژی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانی دەكەین".

سەبارەت بە پابەندبوون یان پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەو ڕێككەوتنە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كراوە و بۆتە بڕیار و حكوومەت پشتیوانیی ئەو ڕێككەوتنەی كردووە. ئێمە لە لای خۆمانەوە جێبەجێی دەكەین و لە لایەن بەغداشەوە ئەم خواستە دەبینین. ئێمە سوود لە هەموو دەرفەتێك وەردەگرین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی وەها كە خزمەتی هەرێمی كوردستان و هەموو عیراق بكات. چەندی جێبەجێ دەكرێت یان ناكرێت؛ ئەوا دواتر دەیبینین".

 

 

 

 

 

 

 

لەدوایین وێستگەی دیدارەكانیدا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی نۆڤەمبەری 2014 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێز د.ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عیراقەوە پێشوازی كرا.

لە دیدارەكەدا رەوشی ئێستای عیراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گرنگی هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەنەكان لەشەڕی دژی تیرۆردا؛ خرایە بەر باس و بۆ سەركەوتن بەسەر تیرۆر هەردوولا یەكێتی و یەكڕێزی لایەنە عیراقیەكانیان دووپاتكردەوە و هەروەها تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان و پێویستی هاوكاریكردنیان لەلایەن عیراق وكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە.

لەلایەكی دیكەی دیدارەكە هەردوولا كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێریان خستەڕوو و هیوایان خواست سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دروستبوونی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق؛ ببێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان.

بەڕێز وەزیری دەرەوەی عیراق جەختی لەوە كردەوە كە بنەمای هەموو فیدراڵیەتێكی سەركەوتوو؛ یەكگرتنێكی ئارەزوومەندانەیە كە لەسەر خۆشەویستی و تەبایی دابمەزرێت و بە تەبایی ویەكێتی و یەكڕیزی و لێكتێگەیشتن و رێككەوتن بێتەدی؛ نەك بەزۆر و ستەمكاری.

دەربارەی هاوكاریكردنی ئاوارەكانیش لە هەرێمی كوردستان؛ بەڕێز جەعفەری ئاماژەی بەوەدا كە هەمیشە لە سەردانەكانی بۆ دەرەوەی وڵات داوایكردووە كۆمەك و هاوكاریەكان راستەوخۆ بنێردرێنە هەرێمی كوردستان.

لە بەرامبەردا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكاریەك پێشكەش بكات بۆ ئەوەی هەمان ئەو تیمانەی بەغدا بێنە هەرێمی كوردستان و هەمان ئەو رێكارانەی كە لەفڕۆكەخانەی بەغدا هەیە؛ لەفڕۆكەخانەكانی هەرێمیش بۆ ئەو فڕۆكانەی كە یارمەتی مرۆیی و سەربازی دەگەیەننە عیراق و هەرێمی كوردستان؛ جێبەجێ بكەن".

هیواشی خواست هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێككەوتن و هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن و ئاماژەی بەوەش دا كە شاندی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان سەردانی بەغدای كردووە و ئامادەیە هەموو كێشەكان لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكات بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هەموو عیراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.

 

 

 

 

 

 

 

شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase