ئەرشيڤ
شەممە, 14 حوزەیران 2014
ديدارى نێچيرڤان بارزانى وكۆميسارى باڵاى نوێى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان UNHCR
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له كۆمیسارى باڵاى نوێى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان UNHCR له عیراق خاتوو شۆكۆ شیمۆزاوا كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا تیشكیان خسته سه‌ر ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و ژیان و گوزه‌ران و پێداویستیییه‌كانیان له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.
كۆمیسارى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، ستایش و سوپاسى ڕێكخراوه‌كه‌یانى پێشكه‌ش به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى كرد كه داڵده‌ى په‌نابه‌رانیان داوه و په‌ناگه و خزمه‌تگوزارییه پێویسته‌كانیانى بۆ دابین كردوون، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له داڵده‌دان و هاوكاریكردنى په‌نابه‌راندا گێڕاوه و ده‌گێڕێت، به‌ڵام په‌نابه‌ران پێویستییان به یارمه‌تیدان و ئاوڕدانه‌ى زیاترى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌لگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، چونكه پێشبینى ده‌كرێت به هۆى كێشه‌كانى سووریاوه؛ تا ماوه‌یه‌كى درێژ له په‌نابه‌ریدا بمێننه‌وه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته ئه‌وه‌ى كه حكوومه‌تى عیراق وه‌ك پێویست هاوكاریى په‌نابه‌ران ناكات و به شێوه‌یه‌ك ڕه‌فتار ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌م په‌نابه‌رانه له عیراق نه‌بن، بۆیه داواى كرد نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، حكوومه‌تى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هان بده‌ن، تا زیاتر به هاناى په‌نابه‌رانه‌وه بێن و كۆمه‌ك و یارمه‌تییان پێشكه‌ش بكه‌ن.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراق ئه‌وانه‌ى له ئه‌نجامى ڕووداوه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و ده‌وروبه‌رى و ئه‌وانه‌یشى له ماوه‌ى دوو ڕۆژى ڕابردوودا له پارێزگاى مووسڵه‌وه په‌نایان هێناوه‌ته به‌ر هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى یارمه‌تیدانیان، خرایه به‌ر باس و كۆمیسارى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، سوپاسى به‌هاناوه‌هاتن و مامه‌ڵه‌ى ده‌ستبه‌جێى حكوومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندایه‌ركانى هه‌رێمى كوردستانى له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌دا كرد.
نێچيرڤان بارزاني
دوای ئەو بارودۆخەی بەسەر شاری مووسڵدا هات، بەهۆی بێتواناییی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی لە پاراستنی شاری مووسڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پەیامێكی ڕاگەیاند، ئه‌مه دەقەكەیەتی:
بەداخەوە بەهۆی شكستی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە پاراستنی خەڵك و شاری مووسڵ، هێزەكانی گرووپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستیان بەسەر شاری مووسڵدا گرتووە كە ئەمەش مەترسییەكی گەورەی دروست كردووە. خەڵكی مووسڵ بەهۆی ترسیان لە گیانیان و بۆردومان و نەمانی خۆراك و خزمەتگوزارییەكان، شارەكەیان بەجێ دەهێڵن.
ئێمە بە درێژاییى دوو ڕۆژی ڕابردوو هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ دروستكردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی شاری مووسڵ، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی بەغدا بە شێوەیەك نەبوو بتوانین ئەو هەماهەنگییە دروست بكەین.
لەپێناو بەهانەوەچوون و یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارەی شاری مووسڵ بە هەموو نەتەوەكانییەوە لە كورد، عەرەب، توركمان و كلدان و ئاشووری، داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم ئەوەندی پێیان دەكرێت لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە یاسایی و ئەمنییەكاندا، یارمەتیی خەڵكی ئاوارەی مووسڵ بدەن، هەروەها داوا لە كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یه‌كگرتووەكان UNHCR دەكەین كە بە هانای ئاوارەكانی مووسڵەوە بێن.
هەر لە هەمان كاتدا دڵنیایی دەدەینە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان؛ هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە لە ئامادەییی تەواودان كە وەك هەمیشە بارودۆخی ئەو ناوچانە بپارێزن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان
10ى حوزه‌یرانى 2014
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 8ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ پێشوازى له شاندێكى ئوستانى ئازه‌ربایجانى ڕۆژئاواى كۆمارى ئیسلامیى ئێران به سه‌رۆكایه‌تیى "قوربان عه‌لى سه‌عاده‌تى" پارێزگارى ئورمییه و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانى ناوچه‌كه پێكهاتبوو و بۆ كردنه‌وه‌ى نۆیه‌مین پێشانگاى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له هه‌ولێر، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه.
له دیدارێكدا پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئوستانى ئازه‌ربایجانى ڕۆژئاوا و پارێزگاى ئورمییه له‌گه‌ڵ پارێزگاى هه‌ولێر و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به ئالوگۆڕى بازرگانى و دابینكردنى ئاسانكاریى زیاتر بۆ هاتوچۆى سنوورى نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها فراونكردنى ڕێژه‌ى گه‌شتیارى له نێوان پارێزگاى هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاى ئورمییه و ناوچه‌كانى دیكه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا خرایه به‌ر باس و هه‌ردوولا ویستى خۆیان بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ڵنانى هه‌نگاوى كرده‌یى له‌م پێناوه‌دا دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان، سوپاس و ستایسى ڕۆڵى پارێزگارى ئورمییه‌ى كرد كه بۆ جارى سێیه‌مه ده‌بێته‌وه به پارێزگار و ساڵى 1991یش كاتێك دواى ڕاپه‌ڕین؛ خه‌ڵكى كوردستان ئاواره‌ى ئه‌ودیوى سنوور بوو، وه‌ك پارێزگارى ئورمییه ڕۆڵێكى دیارى له هاوكاریكردنى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و پێشكه‌شكردنى ئاسانكارى بۆ په‌ڕینه‌وه له سنوور و نیشته‌جێبوون و حه‌واندنه‌وه‌یان له كه‌مپه‌كان گێڕا و، كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كى به‌رچاوى پێشكه‌ش به ئاواره‌كان كرد.
یەک شەممە, 08 حوزەیران 2014
شه‌وى چوارشه‌ممه 4ى حوزه‌یرانى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به گه‌رمى پێشوازى له دۆستى دێرینى كورد، نووسه‌ر و ڕووناكبیرى ناسراوى تورك مامۆستا ئیسماعیل به‌شیكچى كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وپه‌ڕى خۆشحاڵیى خۆى به دیدار و سه‌ردانى مامۆستا به‌شیكچى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێدانى بڕوانامه‌ى فه‌خریى دكتۆرا له لایه‌ن زانكۆى سه‌لاحه‌دین و به‌ناوكردنى هۆڵێكى زانكۆى سلێمانى به ناوى مامۆستا به‌شیكچى ـ یه‌وه نیشان دا و هیواى ته‌ندروستى و ته‌مه‌ندرێژى بۆ خواست.
له دیداره‌كه‌دا مامۆستا به‌شیكچى باسى له سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى ئامێدى، بارزان، ئاكرێ، چۆمان و حاجى ئۆمه‌ران كرد و خۆشحاڵیى خۆى به سه‌ردان و بینینى شوێنى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕشى ئه‌یلوول له ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ستایشى پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ستروشتپارێزیى كوردستانیان و گرنگیدانى ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى به پاراستنى سروشت و ئاژه‌ڵى كێوى له ناوچه شاخاوییه‌كانى كوردستان كرد.
مامۆستا به‌شیكچى تیشكى خسته سه‌ر سه‌ره‌تاى ئاشنابوونى خۆى به گه‌لى كورد و خاكى كوردستان كه بۆ زیاتر له په‌نجا ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه و باسى له گرنگیى به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى توركیا كرد و پێكه‌وه‌ژیانى نه‌ته‌وه و ئایین و ئاینزا جیاكانى له هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى ئه‌و كولتووره‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ى له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، به گرنگ و پیرۆز له قه‌ڵه‌م دا.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له كار و چالاكى و به‌رهه‌مه‌كانى مامۆستا به‌شیكچى و فۆندى به‌شیكچى له ئه‌نقه‌ره كرا و سه‌رۆك وه‌زیران بڕیارى دا كه هه‌موو په‌رتووكه‌كانى وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر زمانى كوردى و چاپ و بڵاو بكرێنه‌وه، هه‌روه‌ها له هه‌ولێر لقێكى فۆندى به‌شیكچى بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ببێته ناوه‌ندێكى ڕووناكبیریى دیارى هه‌رێمى كوردستان و ناوى ئه‌و وه‌ك دۆستێكى نزیكى كورد بۆ نه‌وه‌كانى داهاتووى كوردستان هه‌ر به زیندوویى بمێنێته‌وه.
پێنج شەممە, 05 حوزەیران 2014
به ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم زۆر خۆشحاڵ بووین به‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌بوو بۆ قسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گرنگه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی پێ دا كه ئه‌ویش بابه‌تی وزه‌یه.
له ڕاستیدا نامه‌وێ قسه‌كانی جه‌نابیان دووباره بكه‌مه‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر زۆر له‌و قسانه‌ی كه جه‌نابیان كردی هاوڕاین. مه‌سه‌له‌ی وزه بۆ ئێمه زۆر گرنگه و په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی حزبێكه‌وه نیه، په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی كه‌سێكه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی و به ڕاستی مه‌سه‌له‌كه زۆر هه‌ستیاره و زۆریش گرنگه په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته به ته‌واوی ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌م پرسه بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان داندراون. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان پێویسته ئاگاداری هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م بابه‌ته بێت.
بێگومان من قسه‌ی خۆمم له دانیشتنی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و هه‌وڵم دا زیاتر باس له‌و قۆناغانه بكرێت كه ئێمه ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان پێی ده‌ست پێكردووه، به‌ڵام به دڵنیاییشه‌وه میلله‌تێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی ده‌كات؛ وا به ئاسانی به ده‌ستی ناكه‌وێت و كێشه‌شی بۆ دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ئه‌و مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكرێت. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه هه‌وڵمان داوه مافه ده‌ستوورییه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین، ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان به ئێمه دراوه.
گرفتی گه‌وره له‌وه‌دایه كۆنترۆڵ به‌ده‌ستی كێیه؟ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌وه قسه ناكات كه ئێمه باشمان كردووه یان نا، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێ كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه هه‌مووى له ده‌ستی خۆی بێت و ئه‌وان كۆنترۆڵی مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن و ئێمه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك وا سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ناكه‌ین به‌وه‌ی كه ئه‌مه ڕێگایه‌كه بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ئه‌مه مافێكی ده‌ستووریی ئێمه‌یه و ده‌بێ ئه‌و مافه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه به‌پێى ئه‌و بۆ عیراق گه‌ڕاینه‌وه له ساڵی 2003 و 2004 له چوارچێوه‌ی عیراقدا جێبه‌جێ بكرێت.
ده‌مانه‌وێ له‌وه دڵنیا بین كه ئه‌وه‌ی مافی هه‌رێمی كوردستانه و به‌شی هه‌رێمه له بودجه‌ی گشتیی عیراق كه 17% به ته‌واوی وه‌ربگرینه‌وه. وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی پێ دا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕه‌هه‌ندێكی ده‌ستووری هه‌یه و ئه‌م ڕه‌هه‌نده ده‌ستوورییه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت جێبه‌جێی بكات به پێی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌و په‌رله‌مانه‌دا هه‌ن و ئێمه‌ش سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م بابه‌ته.
ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت ڕێك بكه‌وێت كه گه‌وره‌ترین و گرنگترین یاسایه بۆ عیراق، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دێته پێش چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ساده‌یی باسی لێوه بكه‌ین، هه‌موو ساڵێك حكوومه‌تی عیراق به‌بێ ئاگاداربوونی كورد، بودجه‌ی سیادی زیاد ده‌كات و له بودجه‌ی كوردستان كه‌می ده‌كات.
ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌غدا وه‌ریده‌گرین 10%یه نه‌ك 17% بۆ زانیاریتان، بارێكی زۆر قورسیش له‌سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه. ئێمه دوای تێكچوونی گونده‌كان له هه‌رێمی كوردستان و دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم له ساڵی 1991ـه‌وه سیاسه‌تی پێدانی مووچه به هه‌موو كه‌سێك له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و كرا و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه‌یه و حزبه‌كانیش زۆر جار بۆ مه‌رامی سیاسیی خۆیان ئه‌م كارته‌یان به كار هێناوه و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان باجی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان ده‌دایه‌وه، چونكه دوو شت داوا له حكوومه‌ت ده‌كرێت، یه‌كه‌میان داوای خزمه‌تگوزاری لێ ده‌كرێت و دووه‌میش دامه‌زراندن، به‌رده‌وام ئه‌م دوو داوایه له حكوومه‌ت ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئاساییه هاووڵاتیانی كوردستان ئه‌و داوایه له حكوومه‌تی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام باری حكوومه‌ت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆر قورسه.
له كاتێكدا له به‌غدا خه‌رجی سیادی به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو زیاد ده‌كات و باری حكوومه‌تی هه‌رێمیش زۆر قورسه و پێشبینیه‌كانی خه‌ڵك له حكوومه‌ت له‌باره‌ی خزمه‌تگوزاریه‌وه زۆره و مافی خۆیانه و شایسته‌ی هه‌موو خزمه‌تكردنێكن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مووچه‌خۆرێكی یه‌كجار زۆر ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و بۆ زانیاریتان مانگانه 850 ملیار دینار ته‌نها بۆ مووچه له‌م وڵاته‌دا خه‌رج ده‌كه‌ین، ئه‌مه ژماره‌یه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ر زۆره له هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێ چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزینه‌وه و نابێ وا بێت.
له هه‌مان كاتدا بۆ گه‌یشتن به ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی "ناڵێم وه‌ك وڵاتانی ئه‌ورووپا"، ئیمه پێویستیمان به زیاتر له 31 ملیار دۆلار هه‌یه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه وه‌ك ڕێگه‌وبان و پرد و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و ئه‌و شتانه‌ی وه‌ك پێویستیی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێن.
ئێمه سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه ده‌ستوورییه‌مان جێبه‌جێ بكه‌ین و له‌وه دڵنیا بین ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌غدا وه‌ریده‌گرین 17%ی بودجه‌ی عیراقه به ته‌واوی و ئێمه سه‌یری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ناكه‌ین به‌وه‌ی كه سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌م ڕێگه‌یه‌وه بهێنینه دی، ئه‌مه مافێكی ده‌ستووریی ئێمه‌یه و ده‌بێ ئه‌م مافه ده‌ستوورییه جێبه‌جێ بكه‌ین.
له دانیشتنی پێشوو ڕوونكردنه‌وه‌ی باشمان له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرد و ئه‌مڕۆ كه ئێمه هاتووینه‌ته ئێره، بێگومان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ئه‌ندامانی ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م كوردستانه، پرسیاریان لا دروست بووه و ده‌یانه‌وێ له‌مباره‌یه‌وه وه‌ڵامیان ده‌ستبكه‌وێت و له‌وه دڵنیا بن ئه‌م سیاسه‌ته‌ی نه‌وتی ئێمه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا و پلانی ئێمه بۆ ئاینده چیه و ئه‌و داهاته‌ی ئێمه وه‌رمانگرتووه چۆن خه‌رج كراوه؟
ئه‌م پرسانه هه‌موو ده‌مانه‌وێ زۆر شه‌فافانه له په‌رله‌مانی كوردستان باسی لێوه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له مه‌سه‌له‌ی وزه له‌م وڵاته و به ڕاستی وه‌ك د. یووسف سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی كرد؛ ده‌مانه‌وێ ببێته پرسێكی نیشتیمانی و كۆتایی به‌م پرسیاره بهێنین كه ئایا ئه‌م پرسه شه‌فافه یان نا؟ ئاماده‌ین و به شانازیشه‌وه له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ده‌زگایه‌كی شه‌رعیی ئه‌م وڵاته؛ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه و هه‌موو ڕۆژێك بێین پرسیارمان لێ بكه‌ن، لێپێچینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و ده‌مانه‌وێ كۆتایی به‌م مه‌سه‌له‌یه بهێنین و به ڕاستی هه‌موومان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا یه‌كگرتوو بین و بڕوای ته‌واومان به خۆمان هه‌یه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئه‌وه‌ی كردوومانه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق كردوومانه و ئێمه له‌وه‌دا دڵنیاین، به‌ڵام كاره‌كه‌ش زۆر ئاسان نیه؛ به‌ڵكوو زۆر سه‌ختیشه.
ده‌زانین ئاسان نیه به‌غدا ئه‌مه قبووڵ بكات و ئێمه له‌وه تێ ده‌گه‌ین، مه‌رجی سه‌ره‌كیش بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه؛ یه‌كگرتوویی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانه. هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ندین پرسیاریان له‌مباره‌یه‌وه هه‌یه كه ئێمه زۆر به ئاسایی ده‌بینین و پێشمان وایه مافی خۆیانه، به‌ڵام دوای ئه‌وه ئێمه ده‌بێ و هیوادارم بگه‌ینه تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و ئه‌م پرسه كه پرسێكی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان بیكه‌ین به وانه‌یه‌كی نیشتیمانی.
له خزمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێزداین، له خزمه‌تی په‌رله‌مانداین، له خزمه‌ت نوێنه‌رانی كوردستانداین له ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایه شه‌رعییه؛ ئێمه ئه‌گه‌ر پێویست ده‌كات كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بكه‌ین دێینه په‌رله‌مان تا ده‌گه‌ین به‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان و به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی كوردستان ده‌یه‌وێ پێی بگات. ئێمه له‌م ڕووه‌وه، د. ئامانج له ڕووی ڕه‌هه‌ندی یاساییه‌وه باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كات و د. ئاشتی باسی ئه‌وه ده‌كات له قۆناغی ئاینده‌دا پلان و به‌رنامه‌مان چیه و ئێمه چی ده‌كه‌ین، دواتریش ئاماده‌ین بۆ هه‌ر پرسیارێك كه له لایه‌ن ئاماده‌بووانی به‌ڕێزه‌وه بكرێن.
زۆر سوپاس.
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 31ی مایسی 2014، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له نیكۆڵای میلادینۆف نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق كرد.
له دیدارێكدا باس له بارودۆخی ئه‌مڕۆی عیراق له دوای هه‌ڵبژاردن و دوایین هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان كرا و نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی UN پیرۆزبایی له گه‌لی كوردستان كرد به بۆنه‌ی گه‌یشتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان به ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
له دیداره‌كه‌دا پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كرا و تیشك خرایه سه‌ر پرسی داهاتى نه‌وت و گاز و له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و بڕیاره نێوده‌وڵه‌تیانه‌یه كه ده‌رباره‌ى عیراق بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى زیانى وڵاتان له داهاتى نه‌وته‌وه، ده‌رچوون.
لای خۆیه‌وه نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق جه‌ختى له‌سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وتی عیراق به‌پێى ده‌ستوور به‌سه‌ر هه‌موو عیراقییاندا كرده‌وه كه ببێته مایه‌ی سوود بۆ هه‌موو وڵاته‌كه، هیوایشی خواست پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده‌ی عیراق به زووترین كات ته‌واو ببێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌نه ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكوومه‌تی عیراق.
شەممە, 31 ئایار 2014
بەڕێز جەنابی سەرۆكی پەرلەمان،
بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان و هەموو ئەو بەڕێزانەی لێرەن،
بەیانیتان باش..
دەمەوێ لە دەستێكردندا پیرۆزبایی لە یەكە یەكەی ئێوە بكەم بە بۆنەی هەڵبژاردنتان بۆ پەرلەمانی كوردستان، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە كارەكانتان. هەروەكوو جەنابی سەرۆكی پەرلەمان باسی كرد، بە سوپاسەوە ڕێگەتان دا ئەمڕۆ لە بەردەم پەرلەمانی كوردستاندا هەندێك ڕوونكردنەوە لەبارەی هەندێك كێشەی دارایی بدەین كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا تووشی هاتووین.
بۆ باسكردنی ئەم بابەتە بە پێویستی دەزانم مۆڵه‌تى ئەوە بدەن كە لە هەندێك حاڵەتدا د. ئاشتی و د. عەلی سندی ڕوونكردنەوە لەمبارەیەوە بدەن. ئێمە دوو بابەتمان هەیە كە یەكەمیان مەسەلەی نەوتە. ئێمە دەبێ باسی نەوت بكەین بۆ ئەوەی تێبگەین ئەم كێشە داراییەی ئەمڕۆ لەگەڵ ناوەند ـ بەغدا بۆمان هاتۆتە پێش هۆی چیە؟.
ئەگەر لە نەوتەوە دەست پێبكەین، دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 كاتێك سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری ئەوەی دا بچێتە بەغدا و گفتوگۆ بكات بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ لە عیراقدا، بە هەموو واتایەك لەو كاتە كە چوون بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو سەرەتایەكی نوێ لە عیراقێكی نوێ‌دا قۆناغێكی نوێ دەست پێبكات.
هەرێمی كوردستان بە ویستی خۆی گەڕایەوە بەغدا بۆ داڕشتنەوەی بنەمایەكی نوێ لە شێوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا، یەكێك لەو بابەتانەی كە زۆر قسە و باسی لەسەر كرا لەو كاتەدا پرسی نەوت و غاز بوو لە هەرێمی كوردستان. لە بەڕێزتان شاراوە نیە نەوتی كوردستان هەمیشە بۆ پڕچەككردنی بەغدا و وێرانكردن و كاوڵكردنی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بە كار هاتووە، جا بۆ هەموو ئەو پێكهاتانەی لە كوردستاندا ژیاون، توركمان، مەسیحی، ئێزدی، موسڵمان و هەموو ئەو پێكهاتانەی كە لە كوردستان بوون. گوندەكان وێران كرابوون و هیچ پرۆژەیەكی ژێرخانی ئابووریش لەم وڵاتەدا بە هیچ شێوەیەك بوونی نەبووە.
سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەو كاتەدا و هێزە سیاسییەكان، جەنابی مام جەلال، جەنابی كاك مه‌سعوود، كاك نەوشیروان و برادەرانی دیكەی هەموو حزبەكانی دیكە كە ئەو كات لە بەغدا بوون، هەندێ پێكەوە دەست لەناو دەست هەوڵیان دا هەموو داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لەم دەستوورەدا جێگیر بكەن. هەر بۆ زانیاریی ئێوەش لەسەر مەسەلەی نەوت كێشە لەسەر یەك وشە بوو كە سێ ڕۆژ گفتوگۆی لەبارەوە كرا بەوەی كە ئایا بنووسرێت: (بالتنسیق و التشاور) یاخود بنووسرێت (معا).
واتا ئەو مەسەلەیە بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەڕێوە ببردرێت، یانیش بەیەكەوە بكرێت. شاندی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە مكوڕ بوو كە كارەكە بەیەكەوە بكرێت و بنووسرێت (معا)، چونكە ئەگەر (تنسیق و تشاور) بووایە ئەوا بە ئارەزووی خۆیان حەزیان بكردبا دەیانكرد و حەزیان نەكردابا، نەیاندەكرد. ئەم وشەیە ماوەیەكی زۆری ویست تا لە دەستووری عیراق جێگیر كرا، دوای ئەوە مافێكی دەستووری بە هەرێمی كوردستان درا لەبارەی پرسی نەوت و گاز.
لە دوای ساڵی 2005ـەوە حكوومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر ئەوە جددی بوون كە ئەو مافە دەستووریەمان جێبەجێ بكەین و بڕگە و ماددەكانی دەستووری لەمبارەیەوە ڕوون و ئاشكرایە كە چی گوتووە. ماددە 112 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق، هەروەها 115 و 121 و 141 هەموویان ڕوونن كە ماف بە هەرێمی كوردستان دەدات بۆ ئەوەی ئەم كارە بكات.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان یەكەم كار كە كردمان هەوڵمان دا ئەو مافە دەستووریەی خۆمان جێبەجێ بكەین بەپێی یاسایەك كە لەم پەرلەمانە بەڕێزە دەرچووە كە یاسای ژمارە 22ی و ساڵی 2207ی پەرلەمانی كوردستانە. دوای ئەو قۆناغە كاتێك چوارچێوەی یاساییمان بوو، دەستمان بە قسەكردن كرد لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرەوە بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی كوردستان و كاری وەبەرهێنان بكەن و ئەو كاتە لە كۆمپانیای بچووك دەستمان پێكرد تا گەیشتینە قۆناغی ئێستا كە گەورەترین كۆمپانیای بیانی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن وەكوو ئیكسۆن مۆبێل و شیڤرۆن و تۆتاڵ ـ ی فەڕەنسی و گازپرۆم و زۆر كۆمپانیای دیكە كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن.
ئامانجی سەرەكیی ئێمە ئەوە بووە كە ئێمە دەبێ پیادەی مافی دەستووریی خۆمان بكەین كە بەپێی دەستووری نوێی عیراق بە ئێمە دراوە و دەبێ پیادەی بكەین و نە ئێستا و نە ئەو كاتە و نە لە ئایندەشدا هەرێمی كوردستان ئامادە نیە سازش لەسەر هیچ بڕگەیەكی دەستووری بكات كە مافی بە هەرێمی كوردستان داوە. كەواتە ئەو گرێبەستەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق هەبووە لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە بنیاد نراوە و لەبەر ئەوە ئێمە جددین لەوەی مافی دەستووریی خۆمان جێبەجێ بكەین.
كارەكانی بەغدا لەگەڵ ئێمە لەم بوارەدا بە سێ قۆناغ تێپەڕیوە، سەرەتا بەغدا ئێمەی بەوە تاوانبار كرد كە لەگەڵ كۆمپانیای بچووك كار دەكەین، یانیش مافی دەستووریمان نیە و بۆ دڵنیابوون لەو مەسەلەیە ئێمە پەنامان بردە بەر كۆمپانیا گەورەكانی بواری یاسا و لێمان پرسین: ئایا هەرێمی كوردستان مافی دەستووری هەیە یان نیە؟
لەوە تێگەیشتووین ئەو كارانەی لە هەرێمی كوردستان دەیكەین بێگومان مافی دەستووریی هەرێمی كوردستانە و هیچ كێشەمان لەگەڵیاندا نەبووە و ئەو كۆمپانیایانەی ئەو كات هاتنە هەرێمی كوردستان و ئێستاش كاری تیادا دەكەن ئەگەر لەوە دڵنیا نەبن كە ئێمە پاڵپشتییەكی بەهێزی یاساییمان هەیە؛ مومكین نیە كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا بكەن، مومكین نیە.
لەوێ دەستمان پێكرد، بەغدا ئێمەی خستە لیستی ڕەشەوە و ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستاندا كاریان دەكرد خرانە لیستی ڕەشەوە، ئەمە قۆناغێك بوو، واتا داننەنان بەو شتانەی ئێمە كردوومانە. دووەم ستراتیژیان ئەوە بوو كە تاوانباریان كردین بەوەی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیای بچووك كارمان كردووە و كاتێك كۆمپانیای گەورەمان هێنا سیاسەتی بەغدا لەسەر ئەوە بنیاد نرا كە ئێمە ناتوانین دەرگای هەناردەكردن بكەینەوە، هەمانە، بەڵام دەبێ بە مەجبووریەوە بۆ بەغدا بگەڕێینەوە.
ئێمە دەرگای هەناردەكردنی نەوتیشمان كردەوە، ئەوەشی كردوومانە لە چوارچێوەی مافی دەستووریی خۆمان كردوومانە و هیچ بڕگەیەك نیە بڵێت تەنها و تەنها (سۆمۆ) مافی فرۆشتنی نەوتی هەیە و ئێمە لەگەڵ بەغداش دووپات‌مان لەسەر یەك خاڵ كردۆتەوە: مافی هەرێمی كوردستان 17یه لە بودجە و ئێمە دەمانەوێ ئەو ڕێژەیەی كە مافی خۆمانە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كردوومانە دەمانەوێ جێبەجێ بكرێت و لەوە زیاتر ئێمە گوتوومانە ئامادەین بۆ بەغدای بنێرین.
سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەمین ڕۆژەوە تاكوو ئەمڕۆ لەسەر ئەوە بنیاد نراوە كە بتوانین چارەسەرێك لەگەڵ بەغدا بدۆزینەوە، ئێمە دەمانەوێ چارەسەرێك بدۆزینەوە و بگەینە چارەسەری لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەڕێزان سیاسەتی بەغدا چارەسەر نیە، ئێمە لەم ماوەیەدا چەندین جار هاتوچۆی بەغدامان كردووە، لە دوای ساڵی 2005 هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێك بۆ یاسای دابەشكردنی داهات و تا ئەو ساتەش نەگەیشتووینەتە چارەسەر.
بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان چی گرنگە؟ گرنگ ئەوەیە لەوە دڵنیا ببین كە ئەوەی لە بەغدا وەریدەگرین مافی خۆمانە، نەك هەمیشە ئێمە چاوەڕێی ئەوە بین هەڕەشەی بڕینی بودجەمان لێ بكرێت. ئێمە چەندین جار تووشی ئەو هەڕەشەیە بووین لە بەغدا لە ساڵانی ڕابردوو بە بڕینی بودجەی ئێمە و بە ئێمەیان گوتوە بودجەتان لێ دەبڕین. بەغدا هەمیشە هەوڵی داوە كارتی بودجە دژی هەرێمی كوردستان لە هەر كاتێك پێویستی پێی هەبێت بە كار بهێنێت، ئێمەش لە هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2005ـەوە سیاسەتی ئێمە لەسەر ئەوە بوو چۆن بتوانین میكانیزمێكی وا دابڕ‌ێژین بەغدا نەتوانێت هەمیشە هەڕەشەمان لێ بكات.
هەڵسوكەوتی بەغدا لەگەڵ ئێمە هەمان هەڵسوكەوتە لەگەڵ هەر پارێزگایەكی عیراقی، چۆن لەگەڵ هەر پارێزگایەك مامەڵە دەكات پێى وایه هەرێمی كوردستانیش دەبێ بەم شێوەیە ڕەفتار بكات. بۆ ئێمە دوای ئەو هەموو ساڵ حوكمڕانی و گەڕانەوە بۆ بەغدا و هەبوونی دەستووری تازەى هەرێمی كوردستان، گەلی كورد و كوردستانیان بڕیاری خۆیان داوە جارێكی دیكە نەگەڕێنەوە دواوە و جارێكی دیكە ئەو شتە نابێتەوە و ئەو زەمانە بەسەر چوو هەموو شت لە بەغداوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
لە مەسەلەی نەوتدا ئێمە دەرگای هەناردەمان كردۆتەوە و ئێمە دوو ساڵ دانوستاندنی جددیمان لەگەڵ توركیا كردووە و دوای دوو ساڵ پرۆتۆكۆلێكمان لەگەڵ توركیا ئیمزا كردووە كە مافی ئەوە بە هەرێمی كوردستان دەدات نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و ئێمە سوپاسی توركیاش دەكەین كە لە ڕاستیدا لەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كردوویانە لەگەڵ هەمووی پابەند بوون و دوای دوو ساڵ هەرێمی كوردستان ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ توركیا ئیمزا كردوە بۆ هەناردەكردنی نەوت.
پرسیار لێرە ئەوەیە: ئایا ئێمە لەبەر ئەوەی بەغدا مووچەی لە ئێمە بڕیوە بۆیە نەوتمان هەناردە كردووە، یان هۆكار چیە؟ ئەو قەیران و كێشە داراییە لەگەڵ بەغدا بەمشێوەیەیە: تا ئەم ساتەش زیاتر لە 96 %ی بودجەی ئێمە لە بەغداوە بۆمان دەهات و بەپێی ئەم ڕێككەوتنەی ساڵی 2004 لەگەڵ وەزیری ئەوكاتی داراییی عیراق د.عادل عەبدولمەهدی كرا، ئێمە كە چووین بۆ بەغدا بە چاودێریی جەنابی سەرۆك مام جەلال، ئەو كاتە ئەو ڕێككەوتنەمان ئەنجام دا و پێمان گوتن كورد 23%یە و ئەوان گوتیان نەخیر 13%یە و لەسەر ژمارەیەك ڕێككەوتین كە 17%بوو تا ئەو كاتەی سەرژمێری دەكرێت جا ئەگەر 23 % بوو زیاد دەكرێت و ئەگەر نا كەمتر بكرێتەوە.
بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەوەی لە بەغداوە لەو كاتەوە تا ئێستا وەریدەگرین بە ڕاستی 17%ی بودجەیە؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێم: نەخێر، ئەوەی ئێمە لە بەغدا بە فیعلی وەریدەگرین 10%یە، چونكە ئەوان لە ساڵی 2004ـەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام خەرجیی سیادی زیاد دەكەن و كە خەرجی سیادییان زیاد كرد، بودجەی هەرێمی كوردستان كەم دەبێتەوە و تا ئێستاش دەزگاكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیادەی عیراق حیساب ناكەن؛ وەكوو سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەنانەت دەرفەت بەوەش نادرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر مەسەلەی بودجە بەشدار بێت، ئەوان بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان دیاری دەكەن و دەڵێن ئێوە مافی دامەزراندنی ئەوەندە فەرمانبەرەتان هەیە و مافی ئەوەتان هەیە وا بكەن و وا بكەن و لە سەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكرێت.
ئەوەی دێتە هەرێمی كوردستان ساڵانە بە 36 بەش دێت و ئەوەشی كە دێت بە تایبەتی كە باسی مووچە دەكەم بەم شێوەیە دێت، مووچەی هەرێمی كوردستان 850 ملیار دینارە و ئەوەی ئێمە لە بەغدا وەرماندەگرت 560 ملیارە و ئەوەی دیكە هەمیشە كەموكوڕیمان تیادا هەبوو، چونكە بە شێوەیەكی دیكە پارەی پێشمەرگەمان دابین كردووە.
لەبارەی پرسی پێشمەرگه‌وه، ئێمە یەك ساڵ و نیو دانوستانمان لەگەڵ بەغدا كرد بۆ ئەوەی بگەینە ڕێككەوتن كە ئەمەریكییەكان و بەریتانییەكان تیایدا ئامادە بوون، بەڵام بەغدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوو، دوای ساڵێك و نیو لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان؛ بە شێوەیەكی بەردەوام بە حیسابكردنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگریی عیراق؛ نەیانكرد.
ئەوەی ئێمە وەری دەگرین 10%یە و 17% نیە، ئێمە بەردەوام دەستپێشخەریمان كردووە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و هەوڵی زۆر جددیشمان داوە و چەندین جاریش هاتوچۆی بەغدامان كردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین ئەم كێشە داراییە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.
لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ئێمە شاندی هەرێمی كوردستان سێ جار هاتوچۆی بەغدامان كردووە، من با باسی یەك لەو كۆبوونەوانەتان بۆ بكەم، ئێمە چووین سەرۆك وەزیران مالیكیمان بینی و دواتر چووینە كۆبوونەوە لەگەڵ شەهرستانی و ئەو تیمەی لەگەلیدا بوو كە پێكهاتبوو لە وەزیری دارایی و یەك دوو وەزیری دیكە لە نێویاندا وەزیری نەوت. كە ئێمە چووینە بەغدا وامان زانی ئەو كێشەیەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و نەناردنی مووچەی ئێمە؛ كێشەیەكی داراییە لە هەموو عیراقدا هەیە و پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە و كە ئێمەش چووین بە برادەرانم گوت پێویستە نەرم بین، چونكە كێشەكە هەموو عیراقی گرتۆتەوە.
بەڵام ئەوەی تووشی موفاجەئەی كردین ئەوە بوو، كە ئێمە لەگەڵ لایەنی بەغدا لە كۆبوونەوە دانیشتبووین و باسی كێشەی دارایی كرا؛ ئێمەش پێمان گوتن دیارە بە شێوەیەكی گشتی كێشەی داراییتان هەیە. وەزیری دارایی گوتی: ئێمە هیچ كێشەیەكی داراییمان نیە!. گوتمان باشە ئەگەر كێشەی داراییتان نیە ئەی بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نانێرن؟
گوتی: ئێمە بەشە بودجەی ئێوە نانێرین بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نووری مالیكی. من ویستم دووبارەی بكاتەوە و گوتم: حەز دەكەم بزانم ئێوە بە چ مافێك بودجەی ئێمە نانێرن و حەز دەكەم بزانم هەرێمی كوردستان چی كردووە كە ئێوە بودجەی بۆ نانێرن؟!
گوتی: ئەمە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە دیسان دووبارەم كردەوە گوتی: ئەمە بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزی چەكدارە (القائد العام للقوات المسلحة). منیش گوتم: ئەگەر وایە چ پێویست دەكات ئەمڕۆ لێرە دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكەین كە ئێوە بڕیاری خۆتان داوە؟ ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەكەین ئەمڕۆ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هیچ پێویستیەكی نیە و ئێوە بڕیاری خۆتان داوە. ئەوەی بۆ ئێمە موفاجەئە بوو ئەو كاتەی ئێمە خەریكی دانوستاندن بووین و خەریكی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بووین، ئەوان لەو كاتەدا بودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕی.
كە ئەوان بودجەی ئێمەیان بڕی ئێمە نەوتمان بۆ دەرەوەی وڵات نەفرۆشتبوو لە ڕێگەی توركیاوە، بەڵكو لە بەغدا بووین چارەسەری ئەو كێشەیە بكەین. هەر بۆ زانیاریشتان دوای ئەوەش ئێمە پێشنیاری ئەوەمان كرد ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی سۆمۆوه بنێرینە دەرەوە تا لەو ماوەیە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و بگەینە ئەنجام. بەڵام ئەو پێشنیار و دەستپێشخەری و نیازپاكییه‌ی ئێمە و كوردستانیانیان بە هەند وەرنەگرت و یەك فلس بودجەی هەرێمیان نەنارد و هیچ شتێكیان نەكردووە.
من دەڵێم: ئەگەر ئەوان بودجە نەنێرن و مووچە نەیەت بۆ ئێرە، ئەی ئێمە چی بكەین؟ دەكرێ دەستاودەست دابنیشین و وەكو هەرێمی كوردستان هیچ نەكەین؟! مافی خۆمانە و دەبێ لە چوارچێوەی مافی دەستووریی خۆمان هەوڵ بدەین ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو مەسەلەیە بدۆزینەوە.
ناكۆكی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دوو سێ خاڵە و من حەزم لێیە لێرەدا ڕوونی بكەمەوە:
ئەوان دەڵێن ئێمە ئێستا قسە لەسەر ئەوە ناكەین ئەوەی لە كوردستاندا كردووتانە یاساییە، یان نادەستووریە، یان دەستووری نیە. ئێوە كارێكی باشتان كردووە، بەڵام ڕاده‌ستى ئێمەی بكەن و بیدەنە سۆمۆ، چونكە سۆمۆ تەنها لایەنە دەتوانێت نه‌وت هەناردەی دەرەوە بكات.
ئێمە پرسیمان باشە ئەوە بە چ هەقێك؟ ئایا دەستوور وای گوتووە؟ نەخێر، لە وڵاتانی دەرەوە كۆمپانیای نەوت؛ نەوت دەفرۆشن و دەینێرنە دەرەوە و ئەو كارە دەكەن و حكوومەت تەنها باج وەردەرگرێت. ئەم مەسەلەیە دەستووری نیە و یاساییش نیە و هەرێمی كوردستانیش ئەو كارە بكات شتێكی نایاسایی ناكات.
ئەوان دەڵێن پێویستە هەموو شتێك پەیوەندی بە سیادە و یەكێتیی خاكی عیراقەوە هەبێت و پێویستە بە ئێمەی بدەن و ئێمە دەیفرۆشین و دەیكەین بە بودجە و بۆتانی دەنێرینەوە. ئەگەر ئەو مەسەلەیە بەر لە شەش مانگ؛ بۆ نموونە پێشنیار كرا بێت؛ تازە ئەوە شوێنی گفتوگۆ نیە، لەبەرچی؟ چونكە ئەوان زەنگێكی زۆر گەورەی ترسناكیان بۆ هەرێمی كوردستان لێدا، ئەو زەنگە ترسناكە وا دەكات هەر كاتێك یەك تاكە كەس بڕیاری ئەوە بدات لە بەغدا دەتوانێت بودجەی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت. كەواتە هیچ گەرەنتیەكمان لەوەدا نیە كە ئەو ڕەفتارە جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە.
قسە و پێشنیاری ئێمە چی بوو؟ ئێمە گوتمان: یەكەم شت ئێمە پابەندین بەو ماددە ده‌ستووریەی كە دەڵێت نەوت و غاز موڵكی هەموو عیراقە. ئێمە پابەندی ئەو خاڵە دەستووریەین و هیچ قسەیەكمان لەمبارەیەوە نیە و ئامادەین سۆمۆ و بەغدا لەگەڵ ئێمە لە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت و دانانی بژمێر بۆ ئەوەی بزانن چەند نەوت ڕۆیشتووە و هەروەها لە تەندەركردن و فرۆشتن و شەفافیەت داوامان كردوە بە هاوبەشی لەگەڵ سۆمۆ بیكەین، بەڵام بەیەكەوە واتا (معا) و ناكرێ كۆنترۆڵ بدەینە دەستی سۆمۆ.
ئێمە ئەوە ناكەین بەڵام لە هەموو پرۆسەكە بەسەر سەر و سەرچاو لەگەڵماندا بن و شەفافیەتتان دەوێ و هەرچیتان دەوێ ئێمە ئامادەین و 17%ی ڕاستەقینە بۆ هەرێمی كوردستان بێت، چونكە ئەوەی وەریدەگرین تەنها 10%یە و ئەو كارانەی لە هەرێمی كوردستاندا دەكرێن زۆر جیاوازە لەگەڵ كارەكانی دیكە و ئەمڕۆ خەڵك پێشبینی و چاوەڕوانیی زیاتر لە حكومەتەكەی دەكات و مافی خۆشیەتی.
ئەو بۆشاییەی ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا هەمانە، لە پێداویستتی زۆر سانا، لە ڕێگەوبان و پڕۆژەی ئاو و كارەبا هەمانە، خۆی لە 30 ملیار دۆلار دەدات بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیان كردووە و چەندین ساڵ لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە.
بەو بودجە كەمەی لە بەغداوە بۆمان دێت و بەم شێوەیەی كە ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕەفتار دەكات، وڵاتێكی وێران كە هیچ ژێرخانێكی ئابووری تیایدا نەبووە و هیچ ژێرخانێكی پیشەسازیی نەوتی تیادا نەبووە و لە دوای ساڵی 2004 دەستمان پێكرد. لە دوای ساڵانی 2005 و 2006 كە لە بەغدا بووین لەوە تێگەیشتین نەك تەنها مەسەلەی بودجە، بەڵكوو دەیانویست لەبارەی سووتەمەنی و كارەباش بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەن. ئێمە بڕیاری خۆمان دا كە دەبێ سەربەخۆیی خۆمان لە بواری سووتەمەنی و كارەبا وەربگرین، چونكە ژێرخانی وامان لە هەرێمی كوردستاندا نەبووە. ئەوەی ڕژێم پێشی ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستاندا دروستی كردووە، تەنها بۆ مەبەستی كاری سەربازی بووە.
بێینەوە سەر مەسەلەی نەوت، لەمەدا ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین كە بگەینە چاره‌سه‌رێك لەگەڵ به‌غدا، ئەمه‌ریكاش ئاگاداری وردەكاریی ئەم مەسەلەیەی بەینی ئێمە و بەغدا بوو. بۆ حەقیەتیش بڵێم، پێم وایە سیاسەتی ئەمه‌ریكا ڕەنگدانەوەى ئه‌وه بوو كە دەیەویست هەردوولا هەوڵ بدەن، هەردوولا هان بدن بۆ ئەوەی بگەن بە چاره‌سه‌رێك كە هەم جێی ڕەزامەندیی بەغدا بێت هەم جێی ڕەزامەندیی هەولێر. ئێمەش هەر ئەوەندە چاوه‌ڕوانیمان لە ئەمه‌ریكا كردووە، واتا دەبێ ئەمه‌ریكا پشتی هیچ لایەك نەگرێ و هەوڵی ئەوە بدات بێلایەن، یان سیاسەتی وابێت كە هەردوولامان لێك نزیك بكاتەوە، هەرواشی كردووە و بەو شێوەیەش ڕەفتاری كردووە.
باس لەوە دەكڕێت ئێمە بۆ ئەو نەوتەمان فرۆشتووە؟ من حەز دەكەم ئەم بەڕێزانە دڵنیا بكەمەوە، ئینجا قسە لەسەر ئەوە هەیە كە ئێمە مافی ئەوەمان نیە، قسە لەسەر ئەوەیە كە ئێمە بڕیارێكی هه‌ڵه‌مان داوە، بەڵام حەز دەكەم پێتان بڵێم ئێمە بڕیاری فرۆشتنی نەوتمان بەپێی ئەو یاسایە داوە كە لەم پەرلەمانە بەڕێزە دەرچووە، لێرەوە دەرچووە. ئێمە بەپێی ئەمە بڕیارمان دا كە ئەو نەوتە بفرۆشین. حەز دەكەن ئەو بڕگە یاساییەش دەخوێنمەوە كە لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەر دراوە.
یاسای ژمارە پێنج، ساڵی 2013 ماددەی شەش. دەڵێ پێویستە، ئەو مادەیە كە یاسای ئەم پەرلەمانە بەڕێزەیە، دەڵێ پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێم ڕێكاری گونجاو بگرێتە بەر بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانی خۆی لە نێو ئەو ڕێگانەشدا بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غاز. ئەمە یاسای پەرلەمانی كوردستانە، من بەپێی ئەم یاسایە بڕیارم داوە. به‌پێی ئەم یاسایە بڕیارم داوە كە لەم پەرلەمانە بەڕێزە دەرچووە.
ئێمە لەبەردەم دوو بژاردە بووین. ده‌بوایه یەكێكیان هەڵبژێرین، ئایا دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا و ڕاده‌ستى مالیكی دەبین، یان ڕێگەی خۆمان دەدۆزینەوە، كامەیان؟ ئێمە بە پشتیوانیی ئەم یاسایەی كە نوێنەرانی خەڵكی كوردستان دەریان كردووە. بە پاڵپشتیی گەلی كوردستان بڕیاری دووهەممان داوە، بڕیاری یەكەممان نەداوە. ئێمە ئێستاش دەرگای دانوستاندنمان كراوەیە لەگەڵ بەغدا. ئێستاش هەموو هەوڵێك دەدەین لەگەڵ بەغدا بگەیەنە لێكگه‌یشتن. دڵنیاتان دەكەمەوە به‌رژه‌وه‌ندیى هەرێمی كوردستان لەوەدایە بگەینە چاره‌سه‌رێك، بەڵام ئەگەر هەموو دەرگاكانمان لێ داخران و ئەگەر بەغدا نەهاتە پێش چىبكەین؟ ناتوانین دانیشین، ناتوانین دەستاودەست دابنیشین و بڵێین نابێ هیچ بكەین.
ئێمە لەم ماوەیەدا لە دەستپێكی ئەم ساڵ هەتا ئێستا، بەپێی یاسای بودجە كە دەبووایە عیراق یەك لەسەر دووازدە بۆ ئێمە بنێرێ، بۆ هەموو پارێزگاكان و شوێنەكانی دیكه لە عیراق یەك لەسەر دووازدەى ناردووه. لە مانگی یەكەوە هەتا ئێستا ئەوەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە، یەك تریلیۆن بووە. ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە سوپاسەوە قەرزمان كردووە لە هەندێك كۆمپانیای ناوخۆیی كە یارمەتیی ئێمەیان داوە و سوپاسیشیان دەكەین. لە هەندێك بانكەكانی دەرەوە كە دیسانەوە سوپاسیان دەكەین، ئەمانە هەموو وای كردووە ئەوەی كە ئەمڕۆ بەغدا لە مانگی یەكەوە تا ئێستا كە ده‌بوایه بەشی هەرێمی كوردستانە بدات؛ شەش تریلیۆن دینارە، دەبێ بیداتە هەرێمی كوردستان، تا ئێستا نەیداوە و نایدات.
حەز دەكەم دڵنیاتان بكەمەوە پرۆسەكە شەفافە، حەز دەكەم پەرلەمانی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە ئەو پرۆسەیەی ئێمە دەستمان پێی كردووە شەفافە و ئێمە بۆ هەموو چاودێریەك لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ئامادەین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێویەكی شەفاف؛ هەر لە دەستپێكردن تا فرۆشتن بە شێوەیەكی شەفاف دەڕوات.
ئێمە بە توانای خۆمان، بەبێ ئەوەی نەوت بفرۆشین و لە ڕێی بەندەری جیهانەوە نەوت بۆ جیهان بنێرین، ئەو چەند مانگەمان تێپەڕاندووە و توانیومانە مووچەی خەڵك دابین بكەین، بەڵێ سه‌خته، قورسە و دەزانم ده‌رده‌سه‌رى زۆرە و كێشەمان زۆرە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێمە تا مانگی چوار توانیومانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: بۆ ئەم حاڵەتە بۆ ئێمە هاتە پێش؟ ئێمە كە چووینە بەغدا نەمانزانی بودجەی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە، تۆ تا بڕیار دەدەیت چەند ماوەیەكی دەوێت. لە بەغدا بەس بۆ ئەوەی وا سەیری كورد بكرێت كە هاووڵاتیی پلە دوون، بە ئێمەیان دەگوت كاكە فرۆشتنی نەوت وەكوو فرۆشتنی تەماتە و خەیار نیە. ئەمە قسەی بەغدایە بە شێوەیەك وەكوو ئەوە بێت نەزانین نەوت بفرۆشین و ئێمە هاووڵاتیی پلە دوو بین لەم وڵاتە و ئێمە هیچ نازانین و دەبێ ئەوان فێرمان بكەن چۆنی بكەین و نەكەین. لەوە تێناگەن ئیرادەی ئەم میللەتە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو قۆناغەی بەجێ هێشتووە و ئێمە دەتوانین زۆر شت بكەین.
ئەمڕۆش لەم مینبەرە دەمەوێ ئەوە بڵێم: سیاسەتی حكوومەتی هەرێم ئەوە نیە بۆ دواوە بگەڕێتەوە، ئێمە دەمانەوێ بە دیاڵۆگ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام، بەڵام ئەگەر نەگەیشتینە لێكگه‌یشتن؛ بژاردەی دیكەمان هەیە و دەشیكەین و تاهەتایە ئاوا ناوەستین. ئێمە ئێستا دەستمان بە فرۆشتنی نەوت كرد، بۆ؟! بۆ ئەوەی بەغدا تێبگات دەتوانین بیكەین، ئەوان پێیان وابوو حكوومەتی هەرێم زیاده‌ڕۆیى دەكات و ناتوانێت بیكات و ئێمە سەلماندمان كە دەتوانین بیكەین.
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ڕۆژانه 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكات. ئەم سەربەخۆیییە ئابوورییە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و دەستكەوتی زۆر گەورەمان لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، بەڵام ئەگەر پاڵپشتیی ئێوەی بەڕێز و پاڵپشتیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەبێ، بێگومان شكست دێنێت. تەنها هۆكاری شكستهێنانی ئەم سیاسەتە ئەوەیە ئێمە كۆدەنگ نەبین. بەغدا ناتوانێت چۆك بە هەرێمی كوردستان دابنێنت، بەڵام ئەگەر خۆمان یەكگرتوو نەبین لەم سیاسەتە، ئەوە ئێمە تووشی قەیران دەكات.
داوا دەكەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان واقیعبینانە سەیری ئەم مەسەلەیە بكەن بەوەی كە ئەمە دەستكەوتی تاكە كەس و حزبێكی سیاسی نیە بەتەنها، بەڵكوو دەستكەوتی هەموومانە. هی هەمووتانە و هەموومان پێكەوە دەتوانین ئەم دەستكەوتە بپارێزین و لە ڕاستیشدا ئەو كاردانەوەیەی لە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە نیشان درا، هەر هەموویان جێگەی ڕێز و پێزانینن بە گشتی، ئەوان لەو مەسەلەیە پاڵپشتیی حكوومەتی خۆیان كرد.
ئێمە دەست بە فرۆشتنی نەوت دەكەین لە ڕێگەی بەندەری جیهان لە توركیا بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵیش دەدەین لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام و دەرگای گفتوگۆمان كراوەیە. ئێمە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتمان بە هەمان شێواز و میكانیزمی سۆمۆ كردووە بەبێ هیچ كەموكوڕیەك. زۆر وریاین لەوەی هیچ هەڵەیەك لە پرۆسەكە دروست نەبێت و زۆر بە دیققەت سەیری شەفافیەت دەكەین، چونكە شەڕێكی گەورەیە و شمشێرێكی دوو سەرەیە و ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بەوپەڕی شەفافیەتەوە بڕوات بۆ ئەوەی سبەی هەرێمی كوردستان هیچ تاوانێكی نەدرێتە پاڵ، چونكە ئێمە دەزانین ئەم پرۆسەیە ئەگەر پشتیوانی هەبێت، دوژمنیشی هەیە و نامانەوێ ئێمە لەو مەسەلەیەدا تووشی كێشە ببین.
بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم ئێمە كە دەستمان بە فرۆشتنی نەوت كرد هەتا كۆتایی ساڵ زیاتر لە 500 هەزار له ڕۆژێكدا بەرمیل ڕەوانەی دەرەوەی دەكەین، كێشەی داراییمان هەیە، بەڵێ ئێستا و مومكینە بۆ یەك دوو مانگی دیكەش بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی مووچە وەردەگرن لەوە دڵنیا بن بە هیچ شێوەیەك مووچەكانیان نافەوتێت. ڕێزم بۆیان هەیە و سوپاسیان دەكەم بۆ خۆڕاگریان و تەحەمولی ئێمە، بەڵام لەوە دڵنیا بن كە یەك دیناری مووچەی ئەوان بە هیچ شێوەیەك نافەوتێ.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ ئەم كێشەیەی هەیە داوای پشتیوانی و پاڵپشتیی ئێوە دەكات، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە كە ئێمە چارەسەری ئەم كێشەیە دەكەین و چارەسەرێكی باشیشی دەكەین كە لە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت. چارەسەرێك كە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی پێی سەربەرز بێت. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە و ئێمە ئەم سیاسەتە پیادە دەكەین.
من ڕوونكردنەوەی لەوە زیاترم نیە، بەڵام ئەوەی كە دەمەوێ لیژنەكانی پەرلەمان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە ئەو پرسیارانەی بۆ حكوومەتی كار بەڕێكار ناردوویانە، ئێمە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانمان ناردووە و بەپێی یاسا وەكوو جەنابی سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی پێ كرد، ئێمە 15 ڕۆژمان بۆ وەڵامدانەوەیان هەیە و لەو ماوەیەدا وەڵامیان دەدەینەوە و دوای ئەوەش پەنا بەخوا ئەگەر لە ماوەیەكی نزیكدا كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان‌مان پێك هێنا، حەز دەكەم هەموو ئەو بەڕێزانە دڵنیا بكەمەوە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەوەین بێینە بەردەم پەرلەمان، جا بە میوانداریكردن بێت، بە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بێت، خۆ م وهەڤاڵانم لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەین لە بەردەم پەرلەمانی كوردستاندا ئامادە بین كە دەزگایەكی شەرعیی هەڵبژێردراوی ئەم میللەته‌یه. ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارێك، بۆ ڕوونكردنەوەی هەموو بابەتێك و لێپرسینەوەی هەموو بابەتێكیش.
بە دڵنیاییەوە زۆر سوپاستان دەكەم كە ئەمڕۆ ئەمەتان قبووڵ كرد و من پێمخۆشە بە جەنابی سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێری پەرلەمان بڵێم، ئێمە حەز دەكەین ئەمە ببێتە نەریتێك و داوا بكەین بۆ هەندێك بابەتی پێویست ڕێگەمان پێ بدەن بێینە پەرلەمانی كوردستان، چونكە پێمان وایە ئەمە مینبەری ڕەسەن و دروستە بۆ ئەوەی بتوانین پەیامی خۆمان لە ڕێگەی ئێوەی بەڕێزەوە بە هەموو دونیا و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بگەیەنین.
دیسانەوە زۆر سوپاستان دەكەم بۆ گوێگرتنتان و هیوادارم لە ئایندەشدا بتوانین وردەكاریی زیاتر بخەینە سەر ئەم بابەتە و زۆر سوپاس.
چوار شەممە, 28 ئایار 2014
دوایین هەواڵەکان
- سه‌ركۆمارى توركيا به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه
- پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا
- نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكهرهوهى هه‌موومان بێت
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له باڵيۆزى به‌ريتانيا كرد
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
- عەباس غەزالی: نووسین و چاپکردنی "فەرھەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانە
- پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامهيهكى پيرۆزبايى له وه‌زيرى دهرهوەى توركياوه پێده‌گات