بەڕێزان ئەم كاتەتان باش،
وهه‌موو لایەك بەخێر بێن بە سەرچاو..
دەمەوێ بەخێرهاتنێكی تایبەتی برای خۆشەویستم كاك داود ئۆغڵو بكەم كە لە توركیاوە بۆ بەشداریكردن لەم كۆنفرانسە هاتە سلێمانی و تەشریفی هێنا، ئێمە بە ناوی هەرێمی كوردستان و شاری خۆشەویستی سلێمانی، زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی دەكەین و ئەمە یەكەم جارە سەردانی سلێمانی دەكات. بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە.
دكتۆر داون كێڵ، سەرۆكی زانكۆی ئەمەریكی لە عێراق- سلێمانی و، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆكی فەخریی زانكۆ، بە گەرمی سوپاسیان دەكەم بۆ بانگەێشتكردنم.
ناونیشانی ئەم كۆنفرانسە (ڕێدەربازكرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بەلامەوە گرنگە. بە دەرفەتی دەزانم چەند بابەت و پرسیارێك بخەمە ڕوو، بۆ ئەوەی ئەگەر بكرێت، ببێتە بابەتی گفتوگۆی ئەم كۆنفرانسە.


(ڕێدەربازكرن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ؟)


ئەم ناونیشانە دروازەیەكی گەورە و فراوانە بۆ بابەتی جیاجیای گفتوگۆ، لە كاتێكدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو قۆناغێك پتر پێویستی بە گەشەپێدانی ژیانێكی مێژووییی نوێ هەیە.
ئەو گرفتانەی ئێستا ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی دەبنەوە، وردبینیی تایبەتیان دەوێت بۆ لێ تێگەیشتن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندیان. تەنها بەو شێوەیە سەركردەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن دووبارە هەوڵی دروستكردنەوەی پێكهاتەی سیاسی و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی بدەن، لەسەر بنەما و بناغەی سەردەمیانە بۆ هێنانەدی بناغەیەكی سەردەمیانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەریەك لە وڵاتانی ناوچەكەدا.


هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقی فیدراڵ، دوو پرسیاری سەرەكیمان لا دروست دەكات.


یەك : ئایا ئەم وڵاتە وەك دەوڵەتێكی دیموكراتی فیدراڵ دەمێنێتەوە؟


دوو: ئایا تێكچوونی باری ئاسایش، ئابووری و سیاسیی ئەم وڵاتە لە چ ئاستێكدا دەبێتە هەڕەشەی لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەتەی ئێمە یانزدە ساڵە هەوڵی دروستكرنەوەی دەدین و قوربانیمان بۆ داوە؟


ئێمە لە عێراقی پێش 2003 ڕۆژگارێكی ناخۆشمان بینی و بەردەوام لەژێر ترس و هەڕەشەی مان و نەماندا دەژیاین. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغی ڕزگاربوون هاتە كایەوە كە بە هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان، لە سەروویانەوە ئەمەریكا پارێزگاری لێ دەكرا. بەڵام ئەمڕۆ عێراق پتر لە دەوڵەتێك دەچێت كە بەرەو داڕمان دەچێت. ناوچەیەكی فراوان لە عێراق، گرفتی ئاسایش و كەمیی خرمەتگوزاری و دامەزراوەی حكوومەتی، وای كردووە دەوڵەت خەریكە تەواو دەسەڵاتی نەمێنێت بەسەریاندا. ئەمە بۆتە هۆی ململانێیەكی قووڵ و ڕووخێنەر لە نێوان پێكهاتە و لایەنە سەرەكیەكاندا. بەداخەوە نەبوونی ستراتیژییەكی كارا و چالاك لە كاتی گەڕان بە دوای چارەسەری كێشەكاندا، زۆر خەڵكی ئەم وڵاتەی تووشی نائومێدی كردووە دەربارەی ئایندەیەكی هاوبەش بۆ هەموو عیراق.


بێگومان ئێوە باش دەزانن كە بەرژوەندیی گەلی كوردستان ڕاستەوخۆ بەندە بە وەڵامی ئەم پرسیارەوە!. چارەسەری ئەم كێشانە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات لە پڕۆسەی پێكەوەژیانمان لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵدا.


ئێمە لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە بیروبۆچوونی خۆمان ئاشكرا كردووە: بەدڵنیایەوە چەندین جار، بە قسە و بە كردار، گوتوومانە ئێمە پابەندین بە عێراقێكی دیموكرات، فیدراڵ و فرەیی، كە تیایدا ماف و ئازادییە دەستوورییەكانمان پارێزراو بێت. پابەندین بە دەستووری نوێی عێراق، واتە پابەندین بە پڕۆسەی ئاشتیی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە ڕای خەڵكی ئەم وڵاتە. ئێمە نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بكەین كە چوار لە پێنجی دەنگدەران لە عیراق، دەستووری نوێی وڵاتەكیان لە ڕێفراندۆمی ساڵی 2005دا پەسەند كردووه‌. ئەركی سەرشانی گشت هێزە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و پشتگیرانی دیموكراسییە لە دونیا، كە هەوڵ بدەن دەستوور پێشێل نەكرێت، یاری پێ نە‌كرێت، نەبێتە داردەستی هێچ لایەنەكی سیاسی لە خزمەتی مەبەستی حزبی، یان تاكە كەسیدا.


نامەوێت كاتی ئێوە بگرم و بچمە وردەكاریی ئەم پرسەوە، بەڵام ئێمە مەترسیمان هەیە لە ئایندەی عێراق. نیگەرانین لە په‌یوەندیمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، ئێمە هاوبەشین لەم وڵاتەدا، هاوبەشین لە حكوومەتی فیدراڵدا، بەڵام بەداخەوە هەست بە نائومێدی دەكەین دەربارەی چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ مافی دەستووریی هەرێمی كوردستاندا.
لە ماوەی دە ساڵی ئازادیی عێراقدا، ساڵ بە ساڵ كێشەی نێوانمان بەرەو گرژی چووە، چەندین جار هەڕەشەی ڕاستەوخۆمان بیستووە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە نە خرمەتی لێكگەیشتن دەكات، نە دەبێتە بنەمای دروست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی عیراقدا. وەك گشت لایەنێكی دیكە، ئێمەش خاون بەشین لەم وڵاتەدا، ئێمەش قوربانیمان داوە و بەردەوام قوربانی دەدین بۆ دابینكردنی ئاسایش لە عێراقدا و بۆ ئاشتبوونەوەی سیاسی، بۆ گەشەی ئابووری، بۆ دابینكردنی سەقامگیری لەم وڵاتەدا.


ئێستاش لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بگەینە ڕێگەچارەسەرێكی هاوبەش بۆ گرفتەكان. ئێمە بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتیەكانی ئەم هەرێمە، بە مافێكی دەستووریی خۆمان دەزانین، لەم ڕووەشەوە بۆ هەموو لایەكمان ڕوون كردووەتەوە و دەمەوێ لێرەدا دیسان دووپاتی بكەمەوە كە ئێمە بۆ دواوە ناگەڕێنەوە و دەستبەرداری مافەكانمان نابین بەپێی دەستووری عیراق، بەڵكوو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لە عیراقدا لێكگەیشتن و پێكەوەكاركردنە بەپێی دەستوور، نە‌ك بەپێی بۆچوونی كەسی و هەوڵدان بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمێكی تاكڕەوی لە دەسەڵات و مەركەزیەت، كە ئیتر لای ئێمە ئەم بیرۆكەیە كۆتایی پێهاتووە و هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك ئامادە نیە لەم بوارەدا بۆ دواوە بگەڕێتەوە، هەر ئەمە پرەنسیپانەش بنەمای كار و پەیوەندیی ئێمەیە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا و لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی سیاسی لە عێراقدا.


هاوكات ئەوە دووبارە دەكەینەوە كە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە جیاجیاكان لەسەر حیسابی یەكتری نیە و ئێمە نابینە بەشێك لە ململانێ، بەڵكوو ئێمە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و لێكگەیشتنی هاوبەش و لە هەمان كاتیشدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، كار دەكەین.


ئێمە بە جددی نیگەرانین كە ئەمڕۆ لە بەغدا قووتی خەڵكی كوردستان وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكار دێت، ئێمە بە جددی هەست بە نیگەرانی دەكەین لەوەی كە تاكە كەس لە بەغدا بڕیاری ئەوە دەدەن قووتی خەڵكی كوردستان نەدەن و ئەم كارتە وەكوو فشارێك بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكار دێنن، ئەمەش لە لایەن خەڵكی كوردستان و هەموو هەرێمی كوردستانه‌وه‌ بە شێوەیەكی گشتی بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە.


ئەوەی ئێمە لە عیراقدا لێی دەترساین، ڕووی دا، ئەوە بوو بە تەواوی كە ئێمە لێی دەترساین، ئێمە دەترساین ڕۆژێك بە میزاجی تاكە كەسی و میزاجی یەك نەفەر وەكوو كارتێكی فشار لە دژی هەرێمی كوردستان بێن و بڵێن قووتی خەڵكی كوردستان كە بەشێكن لە فەرمانبەرانی عیراق بە پێی دەستوور و بەپێی یاسا دەبێت مووچەی ئەو خەڵكە بدرێت، یەك تاكە كەس بڕیاری ئەوە دەدات ڕایبگرێت و ئەو مافە بە خۆی دەدات كە نەیدات. مەترسیی ئێمە لە عیراقدا ئەوە بوو، ئێمە ئەوەشمان بینی، لەبەر ئەوە هەرێمی كوردستان لەوەدا جددییە كە جارێكی دیكە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە .


لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، زۆر وڵات و لایەنی دەرەكی هەوڵیان دا ئەجێندای خۆیان لە عێراق بسەپێنن، بەڵام ئێمە كاری جددیمان بۆ پاراستنی سەروەریی ئەم وڵاتە كردووە. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكی دۆستانەمان لەگەڵ دراوسێكانمان هەبێت، بەڵام نابینە بەشێك لە ململانێ و پەیوەندییەكانیشمان لەسەر حسابی ئەوانی دیكە نابێت. بەڵكوو ئێمە ئەجێندای تایبەتی خۆمان هەیە، كە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و خزمەتكردنی ئەم گەلەیە لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدراڵی فرەییدا.


هەر لەم ڕووەشەوە دابینكردن و هەوڵدان بۆ سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا بە گرنگ دەزانین، بۆ ئەم مەبەستەش كاری جددیمان كردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دراوسێكانمان لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، هەروەك چۆن كار دەكەین بۆ پەرپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهاندا.


لەم ڕوانگەیەشەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی بە جددی لە ڕێكەوتنی بەراییی گرووپی 5+1 دەكات و پێمان وایە فاكتەرێكی گرنگە بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە. هاوكات حكوومەتی هەرێم كرانەوەی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ‌ڕووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، وەك وڵاتێكی دراوسێ بە گرنگ دەزانێ و پێمان وایە دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ سەقامگیری و پێشكەوتن لە ناوچەكە.


هەروەها بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری توركیا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراقدایە كە ئەمەش لە خزمەتی سەقامگیری و لە یەكتر تێگەیشتنی زیاتر دەبێت بۆ هەردوولا و بۆ عیراق بە شێوەیەكی گشتی و وڵاتی توركیا.


دووەم پرسیارمان ئەوەیە:


ئایا دەرئەنجامەكانی ناسەقامگیری و توندوتیژیی بەردەوام لە سووریا، دیارە؟ بەتایبەتی ململانێكانی ئێستا، هیچ ئاماژەیەكی وا نێشان نادەن كە بەم زووانە بارودۆخ كۆتایی بێت!.
لای هەموان ئاشكرایە كە دەیەكانی سەدەی ڕابردوو پڕ بوون لە بێهیوایی، لە ململانێی سیاسی، لە كودەتای سەربازی، لە شۆڕشی ناوچەیی، لە كێشمەكێشی ئایدیۆلۆژی و پڕوپاگەندە و بەرزكردنەوەی هێمای ناوەڕۆك بەتاڵ و جەنگی سارد. ئێستاش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شێوە شڵەژانێك لە ئارادایە، هەرچەندە لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشە ‌و ململانێی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پڕیشكەكانی بەر هەموومان دەكەوێت، بەڵام كاری جددی دەكەین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپاراستن لەو شڵەژانە و ناچینە نێو ململانێكانەوە و هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان دەدەین.


قەیرانی سووریا كە عەقلانیەتی پشتگوێ خستووە، كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر وڵاتانی دراوسێی هەبووە، بەتایبەتی لە ‌ڕووی بەردەوامیی لێشاوی ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.


نەبوونی بڕیاری سیاسیی جددیی یەكلاكەرەوە سەبارەت بەم قەیرانە، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بەرفراوانبوونی ململانێ، هۆكارێكیشە بۆ زیادبوونی هێزە توندڕەوەكان كە كاریگەریی خراپی لەسەر ناوچەكە هەیە و هەروەها كاریگەریی خراپی بەسەر تەواوی جیهاندا دەبێت، ئەمەش وێڕای لاوازی و بەشبەشبوونی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هاوكات ململانێی هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان لەم وڵاتەدا كە بەداخەوە دۆخەكەیان ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر كردووە.


بە هۆی ئەم قەیرانەشەوە ئێستا ئاوارەكانی سووریا نزیكەی یەك لەسەر چواری خەڵكی لوبنان پێك دێنن. لە ئوردن هەمان گرفت هەیە و دەیان هەزار ئاوارەی سووریا ئێستا لەو وڵاتە دەژین. هاوكات هەرێمی كوردستان زیاتر لە  "دوو سەد و پەنجا هەزار" ئاوارەی سووریای لەخۆ گرتووە، بۆیە بۆ كەمكردنەوەی كێشە ‌و گرفتەكانیان و بۆ بەدەستهێنانی بارودۆخێكی گونجاو بۆ ئەو ئاوارانە لە ڕووی مرۆییەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات.


لە هەمان كاتدا ئەم قەیرانەی سووریا بووەتە هۆی گەڕانەوەی سەدان چەكداری شەڕكەری ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە و چەكدارانی دیكەی توندڕەو بۆ ئەم ناوچەیە، ئێستاش ژمارەیەكی بەرچاو لەو چەكدارانە هاتوونەتەوە ناو سنووری عێراق و ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ كردووە كە حەوت ساڵ پێش ئێستا بەهۆی هەڵمەتەكانی هێزەكانی ئەمەریكاوە، بەجێیان هێشتبوو.


پرۆسەی ئاشتی كە لە جنێف دەستی پێكردووە پێمان وا نیە ئەمە به‌س بێت. ئەو هێز و وڵاتانەی كاریگەرییان بەسەر دۆخی سووریادا هەیە، پێویستە دەسەڵاتی خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بەو تراژیدیا مرۆییە بەكار بهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە ئاسایش لە سووریا بەرقەرار بێ، چونكە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی تەواوی ناوچەكە بۆ ناو تەنگژە و ئاژاوە، كە ئێستا لەو وڵاتەدا هەیە.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دامەزراندنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین، لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان خەریكی ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونەكانمانین و لە گفتوگۆی بەردەوامداین. ئێمە كار بۆ دامەزراندنی كابینەیەكی بنكەفراوان دەكەین كە تەواوی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تیایدا بەشدار بن، ئەم پرۆسەیە‌ش كاتی پێویست بووە،‌ بەڵام هەنگاوەكان باش بەرەو پێشەوە چوونە.


ئێمە دەمانەوێت چوار ساڵی داهاتوو، ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت، دەمانەوێت تەواوی لایەنەكان لە پرۆسەی حوكمڕانی و بەرەوپێشبردنی ئەم هەرێمە بەشداریی تەواویان هەبێت و پێكەوە كار بكەین بۆ پەرەپێدانی سیستەمی دیموكراسی لە هەرێمەكەماندا، هەر ئەمەش وای كردووە لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە گفتوگۆی بەردەوام بین، بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك كە لە ئاستی بەرژەوەندی و خواستی گەلی كوردستاندا بێت.


كۆمەڵگای كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان تەواو هەست بە گۆڕانكارییەكان دەكەن و زۆر بە جددی وەریاندەگرن و خوێندنەوەیان بۆ دەكەن بەمەبەستی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە هەنووكەییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرفتەكانی ئایندە،‌ بە جۆرێك كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان تیایدا پارێزارو بێت.
سێیەمین خاڵ كە جێگەی سەرنج و بایەخە، هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانن كە درواسێی ئێمەن. هەردوو دەوڵەت وەك دەسەڵاتێكی هەرێمی ڕۆڵ دەبینین كە لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەنگی خۆیان هەیە. هەندێك كەس لەو باوەڕەدان كەوا جۆرێك لە هاوكاری لە نێوانیاندا هەیە، هەندێكی دیكەش بۆچوونیان وایە كە پێشبڕكێ‌ لە نێوانیاندا هەیە، ئەمە وێڕای ڕۆڵ و كاریگەریی سعوودیە و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە.
پرسیار ئەوەیە:


ئایا ئامانج و بەرژەوەندییەكانی توركیا و ئێران چین و دەتوانن چ ڕۆڵێكی ئەرێنی ببینن لە كەمكردنەوەی ململانێكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟!


لە ‌كاتێكدا زۆرێك لە ئێمە ئەمە وەك ئاماژەیەكی هاندەر دەبینین، بەڵام خەڵكی دیكەش هەن كە نیگەرانن لەوەی كاریگەریی زیاتری ئەوان لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی پێشبڕكێ‌ و ناسەقامگیریی پرۆسەكە و هەر لایەنێك هەوڵ بدەن بۆ فراوانكردنی سنووری ئابووری و سیاسیی خۆیان لەسەر حسابی ئەوەی دیكە. هاوكات ناكرێت ڕۆڵ و كاریگەریی فاكتەری دەرەكی نادیدە بگیرێت لەو كێشە و ململانێیانەدا كە هەندێكیان ئایدیۆلۆژی، یاخود ئایینی و مەزهەبین.


دوا پرسیار وەك یەكێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە: ‌ ئایا ئاستی بەرژەوەندی و كاریگەریی ئەمەریكا لەم هەرێمەی ئێمە چیە و چەندە، هەروەها ئێمە پێشبینی چ جۆرە سەركردایەتی و پشتگیرییەك لە ئەمەریكا دەكەین؟


ئیدارەی پێشووی ئەمەریكا تێڕوانینی تایبەتی هەبوو لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بە خوێندنەوەی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا دەركەوت كە ڕوانگەیەكی جیاواز هەیە. لەوانەیە بوونی تەكنەلۆژیای نوێی نەوت و گاز، وا لە ئەمەریكا بكات كەمتر پشت بە سەرچاوەكانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستێت كە لەوانەیە دەرئەنجام ببێـتە هۆی كشانەوەی گشتگیری ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!.


بۆیە دەبێت بپرسین:
ئایا لە چەند ساڵی داهاتوودا، سیاسەتی ئەمەریكا و ئەورووپا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات؟!


بەڕێزان،
ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێدان، چەند پرس و پرسیارێكن كە پێویستە سەركردەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەچاوی بكەن و خۆیانی بۆ ئامادە بكەن. گومان لەوەدا نیە كە چەندین بابەتی دیكەش هەن كە ئێوە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەن، دڵنیاشم لەوەی ئەم كۆنفرانسە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، چونكە ژمارەیەكی بەرچاو لە زانستخواز و توێژەر و شرۆڤەكارانی سیاسی و بەرپرسانی حكوومەت و ڕۆژنامەنووسان، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تیایدا بەشدار دەبن.


لە كۆتاییدا دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمەریكا لە عێراق ـ سلێمانی  و سەنتەری  IRIS دەكەم بۆ سازكردنی ئەم كۆنفرانسە ‌لە شاری سلێمانی و كۆكردنەوەی ئەم میوانە تایبەتانە لەسەر مێزی گفتوگۆكردن. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە كار و شرۆڤەكانتاندا و هیوادارم ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.
زۆر سوپاس .

 

 سێ شەممە, 04 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا لقی هەولێری بانكی ستاندارد چارتەرد ـ ی نێوده‌وڵه‌تیى بەریتانی وەكوو یەكەمین لقی ئەو بانكە لە هەرێمی كوردستان كرده‌وه‌.

 

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى بانكه‌كه‌ و خاوەنكاران ئامادەی بوون، فی شانكار بەڕێوەبەری بانكه‌كه‌ له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریكا و ئەمەریكا، لە وتەیەكدا وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆك وه‌زیران و میوانان، دووپاتی كردەوە كه‌ ئه‌گه‌ر پاڵپشتیی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان نەبووایە، ئەم بانكە نەیدەتوانی لقی خۆی تیایدا بكاتەوە و ڕوونى كرده‌وه‌ ئەم بانكە زیاتر لە 150 ساڵە كار دەكات و بوونی لە عیراقیش تازە نیە و هاتنیان بۆ هەولێر لەو سۆنگەیەوەیە كە دەرفەتێكی گەورە بۆ سەركەوتنی ئەوان تیایدا دەبیندرێت. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ بانكەكەیان دەبێتە پاڵپشتێكی گەورەی بواری ئابووری و وەبەرهێنان بۆ هەرێم و هەموو عیراق لە بواری جیاجیادا.

 

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سوپاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و كونسوڵگەریی گشتیی بەریتانیاى لە هەرێمی كوردستان و، دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ستاندەرد چارتەرد كرد، بۆ هەوڵەكانیان لەپێناو كردنەوەی لقی ئەم بانكە لە هەرێمی كوردستان، بۆ هێنانەدی ئەو تێڕوانینەی كە بۆ كردنەوەی ئەم بانكە هەیانبووە.

 

هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەت كرد، بۆ پشتگیریكردنیان لە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، هیواشی خواست ئەم دەستكەوتەی ئەمڕۆ ببێتە سەرەتایەك بۆ هاندان و هاتنی زیاتری بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشكەوتنی خێرا و فراوان و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و پێشبینیی بەردەوامیی گەشە و خۆشگوزەرانیی زیاتری لە هەرێمی كوردستان لێ دەكرێت.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كه‌ خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆریان داوە بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەكان، كە پێشتر مایەی نەهامەتی بووە بۆیان.

 

دووپاتیشی كردەوە بۆیە حكوومەتی هەرێم كاری كردووە و هەوڵی جددی دەدات بۆ سوودوەرگرتن و دەستبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان.

 

سەرۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: هیچ كەرتێكی ئابووری لە سیستەمی نوێی جیهانگیریدا، ناتوانێ بە تەنها سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەگەر بە بازنەكانی بەرهەمهێنانی جیهانییەوە گرێ نەدرێ و دڵنیایی خۆی لەوە نیشان دا كە بوونی ئەم بانكە، هاوكار دەبێت لە چۆنیەتیی چوونە ناو بازاڕی بەرهەمهێنان و بازاڕەكانی جیهانەوە، بەتایبەتی كە بانكەكانی كەرتی گشتی لە ڕابردوودا ڕۆڵی خۆیان بە باشی نەبینیوە.

 

نێچیرڤان بارزانى نەیشاردەوە كه‌ ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی تازە لە بەردەم خەڵكی هەرێمدایە كە بریتیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەدامەزراوەییكردنی زیاتری لایەنی دارایی و بانكی و مۆدێرنكردنیان و لەبارەی گرنگیی بوونی ئەم بانكە لە هەرێم ڕایگه‌یاند: ئەم بانكە  زیاتر یارمەتیی گەشەسەندنی چالاكی دارایی دەدات لە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان و بازرگانانی ناوخۆ هان دەدات بەشدار بن لە كاری داراییی جیهانی لە زۆر بوار كە هەرێمی كوردستان لێی بێبەش بووە و تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ دەبێتە هێمایەكی گرنگ بۆ كۆمەڵگای بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەشە و پێگەیشتنی لایەنی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی كوردستان.

 

سەرۆك وه‌زیران داوای لە هاووڵاتی و بازرگانان كرد، زیاتر بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن سەرمایەكانیان بە باشترین و مۆدێرنترین ڕێگا بە كار بهێنن و متمانەی خۆی بەوە نیشان دا كە بوونی بانكی ستاندەرد چارتەر یارمەتیده‌ر ده‌بێت لە هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەی تێگەیشتن لە سیستەمی نوێی بانكی.

 

نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ بانكی ستاندەرد چارتەرد لە هەولێر خواست و دڵنیاشی كردنەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لەو بانكە و هەموو بانكێكی دیكەی نێودەوڵەتی دەكات كە لە داهاتوودا دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستان پێگەیان هەبێ و كار بكەن.

 

پاشان هیوو ئیڤانز كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم خۆشحاڵیی خۆی بە ئامادەبوون لەو ڕێوڕەسمەدا ده‌ربڕى و ئاماژەی بەوە دا ئەم بانكە كە ماوەی زیاتر لە 150 ساڵە كار دەكات، گرنگیی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت كە زیاتر قورسایى ده‌خاته‌ سەر بابه‌تى پشتگیریى دارایى و خزمەتگوزاریی بانكی و لە ئەنجامدا پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەرێم و بەریتانیا بەهێزتر دەكات، بەتایبەتی كە ئێستا زیاتر لە 120 كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.

 

هاوكات ئاماژەی بە وتەكانی باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق دا كاتێك مانگی ڕابردوو كردنەوەی لقی ئەم بانكەی لە هەولێر ڕاگەیاند، ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئابووریی هەرێم ساڵانە بە ڕێژەی 10% گەشە دەكات و لە ڕەوشێكی ئارامدا دەژیت بەتایبەتی كە لە شوێنێكی مەترسیداردایە لە عیراقێك كە تا ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ تیرۆر.

 

كونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ خاكی هەرێمی كوردستان بە سامانی سروشتی و سامانی ژێرزەوی و زەویی كشتوكاڵی دەوڵەمەندە و لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە یەكێكە لە شوێنە هەرە دیارەكانی ناوچەكە، بە بەڵگەی وەرگرتنی نازناوی پایتەختی گەشتیاری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

 

دواتر لە لایەن نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانی بانكەكەوه‌، كردنەوەی لقی هەولێری ئەم بانكە ڕاگه‌یه‌نرا.

 

لقی بانكی ستاندەرد چارتەر 74 چوارەمین بانكی ئەهلییە لە كوردستان كە سەرمایەی هەموویان 18 تریلۆن و 500 ملیار دیناری عیراقییە و بەشێك لەو بانكانە نێودەوڵەتین. بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی داراییی عیراقیش دەبێت هەر بانكێك 250 ملیار دینار سەرمایەی بێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە لە حكوومەتی عیراقییەوە مۆڵەتی كاركردنیان پێ دەدرێت و لەلایەن بانكی ناوەندیی هەولێر و سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەكرێن

 

دوو شەممە, 03 ئازار 2014

 

 

بەڕێزان، ئێوارەتان باش

هەموو لایەكتان بە خێر بێن سەرچاو،
خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لەم بۆنەیە بەشدار دەبم، ئەویش پرۆژەی كردنەوەی ئەم هۆتێلە جوانه‌یە لە شاری خۆشەویستی سلێمانی، دەستخۆشی لە برای خۆشەویستم كاك فارووق و هەروەها پیرۆزبایی لە شاری خۆشەویستی سلێمانی دەكەم كە بە ڕاستی هەر وەكوو كاك فاروقیش باسی كرد ئەم پرۆژەیە بۆ ئەم شارە زۆر پێویست بوو.

ئەوانەی كە ڕوویان دەكردە شاری سلێمانی زۆر جاران ئەو گلەییان هەبوو كە هۆتێلێك بە شێوەی پێنج ئەستێرە لەم شارەدا نیە. خۆشحاڵین بەوەی ئەمڕۆ لە شاری خۆشەویستی سلێمانی لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی ئەم هۆتێلە. كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، چیرۆكێكی دیكەی سەركەوتنی پرۆسەی پەرەسەندن و بنیانتانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە،‌ كە هەر لە سەرەتاوە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی دیار و كاریگەری تیادا بینیوە.

وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەتی خۆماڵی و بیانی لە سایەی سیاسەتی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە زەمینەیەكی لەبار و زۆر گونجاویان بۆ ڕەخساوە،‌ كە بە شێوەیەكی زۆر كارا، ببنە بەشێكی سەرەكی لە پێشخستن و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستاندا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە بڕوای وا بووە كە هەرێمی كوردستان بەبێ بەشداری كەرتی تایبەت ناتوانێت پەرە بستێنێت و گەشە بكات. كەرتی تایبەت داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە، هەر لەم ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە یاسای وەبەرهێنانی دەركرد، یاسایەك كە بتوانێت وەبەرهێنەرانی بیانی و خۆماڵی هان بدات بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆیان لە هەرێمی كوردستاندا وەگەڕ بخەن. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ئێمە شاهیدی ئەوەین كە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستاندا لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە.

ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە كە خەڵكی كوردستانیش دەبینن و گەواهیی ئەوە د‌ەدە‌ن، كە وەبەرهێنەر و كارساز و خاوەن سەرمایەكانی كوردستان، دڵسۆزانە كاریان لەگەڵ حكوومەت كردووە و بەردەوام كار دەكەن و سەرمایە و قازانجەكانیان دووبارە و چەند بارە لە ناو هەرێمی كوردستان وەگەڕ دەخەنەوە. دەمەوێ لێرەوە دیسان سوپاسی خۆمان، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاراستەی یەكە یەكەی ئەم بەڕێزانە بكەم، ئەوانەی بە خەمخۆریی زۆرەوە هەوڵی ئەوە دەدەن سەرمایەی خۆیان لە ناو كوردستان وەگەڕ بخەن.

بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێت و خەمخۆریی ئەوان بۆ بونیادنانەوە و گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەردەخات كە پێموایە ئەمە ئەركێكی نیشتیمانییە لەسەر شانی ئەوانە كە هەوڵی جددی دەدەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئەم وڵاتە لە هەموو ڕوویه‌كه‌وه‌.

من ڕۆڵی ئەم بەڕێزانە زۆر بەرز دەنرخێنم، لەم بۆنەیەشدا دەمەوێ جارێكی دیكە ئەو قسەیە دووبارە بكەمەوە و ڕووی قسەی خۆم ئاراستەی ئەو بەڕێزانە بكەم و داوایان لێ بكەم زیاتر هەوڵ و كۆششی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان وەگەڕ بخەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیدگایەكی ڕوونی بۆ بواری گەشتوگوزاری لە هەرێمدا هەیە و لەو بڕوایەداین كە گەشتیاری دەتوانێ ببێتە یەكێك لە سەرچاوە هەرە سەرەكییەكانی داهات لە هەرێمی كوردستاندا، ئێمە زۆر بە جددی پشتگیری لە پڕۆژەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان دەكەین. بێگومان كەموكوڕی لەم كەرتەدا زۆرن و لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە ئەم كەرتە پێویستی بە ژێرخانێكی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن كاری لەسەر بكەن.

ئەو پرۆژانەی كاك فارووق ئاماژەی بۆ دا، لە دوكان، هیڵی شەمەندەفەر هەردووكیان و جگە لەو پرۆژانەی دیكەی كە دەستی پێكردووە، من لەوە دڵنیای دەكەمەوە كە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی پشتیوانیی هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دەكەین كە سەرمایەدارانی خۆماڵیی كورد دەیانەوێ لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجامی بدەن.
دەمەوێ دیسان لە قسەكانمدا دەستخۆشی لە كاك فارووق بكەم بۆ پڕۆژەكانی، نەك تەنها ئەم پڕۆژەیەی، بەڵكوو بۆ پڕۆژەكانی دیكەش كە لە شاری خۆشەویستی سلێمانی كردوونیەتی و پڕۆژەی دیكەش وەكوو بەڕێزیان باسی كرد بەڕێوەیە كە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ شاری سلێمانی و كوردستان و هەموو عیراق، ئەویش دروستكردن و بەگەڕخستنی ئەو نەخۆشخانەیەی كە نزیكەی مانگێك یان دوو مانگى داهاتوو لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە.

هیوادارم كەرتی تایبەتی ئێمە تەركیز لەسەر ئەوە بكات خەڵكی خۆمان ڕابهێنێت لە پرۆژەكاندا. ئێمە دەزانین كێشەمان لەوە هەیە، داوا دەكەم لە زانكۆكانیش كە پێشتیریش ئەو قسەیەم كردووە و دووپاتی دەكەمەوە ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە قوتایبانی ئێمە جگە لە خوێندن، فێری پیشەیەك ببن، قوتابخانەی پیشەیی بۆ فێركردنی ئەو پیشانەی كە دەبێ لە وڵاتی خۆماندا هەبێت؛ بنەمای پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە.

زۆر بە داخەوە ئێمە ئێستا بۆ هەر پڕۆژەیەك، كارەبا ، ئێركۆندێشن و بۆ زۆر پڕۆژەی دیكە، ناچارین لە دەرەوە خەڵكیان بۆ بهێنین، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە و ئێمە دەبێ ڕۆژێك بگەینە ئەو بڕوایه‌ و هەوڵی جددی بدەین بتوانین لە نێو هەرێمی كوردستاندا گرنگیی زیاتر بە قوتابخانەی پیشەیی بدەین و گەنجانی ئێمە فێری كاركردن ببن و وەبەرهێنەرانی ئێمە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی ئەم گەنجانەی لە كوردستاندا هەن، لە پرۆژەكانیان وەریان بگرن، ئەمە دەبێتە چیرۆكێكی سەركەوتن بۆ هەر وڵاتێك.

هەر وڵاتێك ئەگەر نەتوانێت ئەو سەرمایە مرۆییەی لە نێو وڵاتی خۆیدا هەیە بە كاری بهێنێت، دڵنیاتان دەكەمەوە بەرەو هەڵدێرێكی زۆر خراپ دەڕوات. ئێمەش یەكێكین لەو وڵاتانەی كە دەبێت لەوە تێبگەین، ئەم كێشەیەمان هەیە، هەر كەسێك لە زانكۆ دەردەچێ دەیەوێ لە حكوومەت دابمەزرێ، كە ئەمەش لە هیچ وڵات و سیستەمێكی دونیادا ناكرێت و هیچ وڵات و حكوومەتێك ناتوانن ئەم شتە بكەن، بەڵام ئەگەر گەنجانی ئێمە بچن فێری پیشە ببن، فێری ئەوە ببن چۆن ئیشی كارەبا دەكرێت، چۆن ئیشی كاشی كاری دەكرێت، فێری ئەوە بن چۆن ئیشی ئێركۆندەیشن و مۆكێت دەكرێت، هەرچی ئەم پیشە و ئیشانە فێر ببن، ئەوا دەتوانن دەرفەتی كاری زیاتر بۆ خۆیان پەیدا بكەن.

ئەوانەی چاویان لەوەدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ دایانبمەزرێنێت، پێموایە ئەمە سیاسەتێكی هەڵەیە و ڕاست نیە و هیچ وڵاتێكیش لە دونیا بەم شێوەیە ناتوانێت پێش بكەوێت. ئێستا ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشی ئەم كێشەیە بووین.

لە ئەنجامی سیاسەتی ڕژێم لە دوای ساڵی 1975 بە وێرانكردنی گوندەكانی كوردستان و دوای ئەوە هەموو خەڵكی ئەو گوندانەیان كرد بە فەرمانبەر و لە دێهات خەڵكیان هێنایە نێو شار و كردیانن بە فەرمانبەر، هەموو ئەو مووچەخۆرانە ئەمڕۆ لە ئەنجامی سیاسەتی ڕژێم كە لە دوای ساڵی 1975 دەستی پێكرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش تا ڕادەیەك لەبەر بژێوی خەڵك ئەو دەرفەتەی نەبووە و ناچار بووە خەڵكێكی زیاتر دابمەزرێنێت، ئەمڕ‌و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین كێشە بۆتەوە و دەبێ چارەسەر بكرێت. چارەسەریەكەش لەوە دەست پێدەكات كە كەرتی تایبەت كه‌ داینەمۆی سەركەوتنی هەر وڵاتێكە، ڕۆڵی خۆیان بە جددی ببینن.

وڵاتێك كە كەرتی تایبەت ڕۆڵی خۆی تیادا بینی بێگومان بەرەو پێش دەچێت، سەرمایەی خۆیان لە وڵاتدا بەگەڕ خست، بێگومان ئەم وڵاتە بۆ گەشەسەندنی زیاتر دەڕوات. ئەگەر سەیری كوردستان بكەن، هەرچی ئێمە هەمانە لە دەرەوە بۆمان دێت، هەر چی هەیە لە شتی زۆر سادە و بچووكەوە تا شتی گەورە، ئەم سیاسەتە دەبێ بگۆڕدرێت. هیوادارم بە هیمەت و شەونخونی و كاری زیاتری كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئێمە بتوانین ئەم سیاسەتە لە هەرێمی كوردستان بگۆڕین.

لە كۆتاییی قسەكانمدا دیسان دەستخۆشیەكی زۆر گەرم لە برای خۆشەویستم كاك فارووق دەكەم، بە ڕاستی شتێكی زۆر جوانی پێشكەش كردووە كە ئەگەر تەنها بۆ قازانج بێت، لەوانەیە ساڵانێكی زۆر بخایەنێت بۆ ئەوەی بگاتە ڕادەی قازانجی تەواو. بە دڵنیاییەوە لە خەمخۆریی خۆی بۆ شاری سلێمانی ئەم كارەی كردووە، لە خەمخۆریی خۆی بۆ كوردستان ئەم ئیشەی كردووە.

من هیوادارم نموونەی ئەو بەڕێزە و ئەو بەڕێزانەی پێشی ئەویش لە شوێنەكانی دیكەی هەموو كوردستان لە زاخۆ تا خانەقین كاریان كردووە، نموونەیان زیاتر بێت و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هیوادارم لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بن و دیسانەوە پیرۆزبایی كردنەوەی ئەم هۆتێلە لە هەموو كوردستان و هەموو عیراق و شاری خۆشەویستی سلێمانی دەكەم بەتایبەتی.
زۆر بەخێر بێن بە سەر چاو.

 

 

 یەک شەممە, 02 ئازار 2014

 

 

 

 

 ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ى ئازارى 2014، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و ژمارەیەك لە پیاوانی خاوەنكار و سەرمایەدارانی كەرتی تایبەت، پڕۆژەی شاری جوان لە سلێمانی كرایەوە كه‌ هۆتێلى پێنچ ئه‌ستێره‌یى "میلینیۆم هۆتێل ـ سلێمانى" له‌خۆ ده‌گرێت.

لە ڕێوڕەسمەكەدا فارووقی مەلا مستەفا خاوەنی كۆمپانیای فارووقی جێبەجێكاری پرۆژەكە لە وتەیەكدا ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئەم پرۆژەیە گرنگیەكی زۆری بۆ سلێمانی هەیە و بە تەواوبوونی ئیتر سلێمانی دەتوانێت میوانداری كۆنگرە و كۆنفرانسی گەورە لەسەر ئاستی بەرز بكات و ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی بەشەكانی پرۆژەكەی پێشكەش كرد و هاوكات سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانى كرد بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆژەكانی كەرتی تایبەت، بەتایبەتی پڕۆژەكانی كۆمپانیاكەی كە دووپاتی كردەوە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندان.

پاشان له‌ وته‌یه‌كدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بەوە نیشان دا كه‌ لە بۆنە و ڕووداوێكی گرنگ لە شاری سلێمانی بەشدار دەبێت، كە بۆ ئەم شارە پێویست بوو، هاوكات سوپاسی فارووقی مەلا مستەفای كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئەمە لە دڵسۆزیی خۆیەتی بۆ سلێمانی و بۆ پێشخستنی بواری گەشتوگوزاری لە هەرێم بەگشتی.

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، چیرۆكێكی دیكەی سەركەوتنی پرۆسەی پەرەسەندن و بنیانتانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە،‌ كە هەر لە سەرەتاوە كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی دیار و كاریگەری تیادا بینیوە.


هەروەها ئاماژەی بەوە دا وەبەرهێنەران لە سایەی سیاسەتی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە زەمینەیەكی زۆر گونجاویان بۆ ڕەخساوە بە شێوەیەكی زۆر كارا، ببنە بەشێكی سەرەكی لە پێشخستن و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان و حكوومەت هەر لە سەرەتاوە بڕوای وا بووە كوردستان بەبێ بەشداریی كەرتی تایبەت ناتوانێت پەرە بستێنێت و گەشە بكات و كەرتی تایبەتی بە داینەمۆی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكی وەسف كرد، هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر گرنگیی ئەم كەرتە و وای كرد حكوومەتی هەرێم هەر زوو یاسایەك بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی خۆماڵی و دەرەكی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەربكات.

نێچیرڤان بارزانی ستایشی خاوەنكار و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت كرد لە هەرێمی كوردستان كە بە شێوەیەكی دڵسۆزانە كاریان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لە كوردستاندا كردوە و داواشی لێ كردن هەوڵ و كۆششی بەردەوامی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان وەگەڕ بخەن و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان برەخسێنن.

هەروەها ئەوشی ڕوون كردەوە حكوومەت دیدگایەكی ڕوونی بۆ بواری گەشتوگوزاری هەیە و ونیشانی دا گەشتیاری دەتوانێ ببێتە یەكێك لە سەرچاوە هەرە سەرەكییەكانی ونەیشاردەوە كه‌ ئەم بوارە كەموكوڕی تیادایە و پێویستی بە ژێرخانێكی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران بتوانن كاری لەسەر بكەن.

نێچیرڤان بارزانی تیشكی خستە سەر گرفت و كەموكوڕیەكانی بواری ئابووری لە هەرێم بەو پێیەی زۆربەی خەڵك پشتیان بە دامەزراندن لە حكوومەت بەستووە و نیشانی دا ئەم مەسەلەیە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە كە لە دوای وێرانكردنی لادێەكانی كوردستان لە ساڵی 1975 دەستپێ دەكات، كاتێك خەڵكی لادێكانیان لە حكوومەت دادەمەزراند و ئەم مەسەلەیەش لە ناچاری هەر بەردەوام بوو.

هیواشی خواست قوتابیان جگە لە خوێندن بۆ فێربوونی پیشە هان بدرێن و گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی پیشەیی بدرێت بۆ ئەوەی شارەزایی باش لە لایەن قوتابیانی كوردستانەوە هەبێت بۆ ئەو پیشانەی وڵات پێویستی پێیەتی، نەوەكو بۆ بچووكترین شتیش شارەزا و كەلوپەل لە دەرەوە بهێندرێن، ئەگینا وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێت و ئەوەشی خستە ڕوو كە هیچ حكوومەت و سیستەمێكی دنیا هەموو دەرچوانی زانكۆ دانامەزرێنێت و تەنها پشت بەستنی هاووڵاتیانی بە كەرتی حكوومی بە كارێكی هەڵە لە قەڵەم دا.

لە كۆتایی وته‌كه‌یدا سەرۆكی حكوومەت دەستخۆشی لە فارووقی مەلا مستەفا و هەموو بازرگان و وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت كرد بۆ خەمخۆریان بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان و هیوای خواست پڕۆژەكانیان هەمیشە زۆر بێت و هەموو كوردستان لە زاخۆ تا خانەقین سوودی لێ ببینێت.

شیاوی باسە شاری جوان لە سلێمانی لەسەر پانتایی  248 هەزار مەتر زەوبی چوارگۆشە دروست كراوە و 260 ملیۆن دۆلاری تێچووە، پێكهاتووە لە 39 نهۆم و 253 ژووری نووستنی بچووك و مامناوەند و گەورە و شاهانە، 4 بازاڕی گەورە و هۆڵی كۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان و سینەما و 2 چێشتخانە و شوێنی زیاتر لە 1000 كەسی تیادا دەبێتەوە، كە یەكێكیان دەكەوێتە كۆتایی هۆتێلەكە و لەماوەی یەك كاژێردا جارێك بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە.

 

 یەک شەممە, 02 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 26ى شوباتى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كازویا ناشیدا باڵیۆزى نوێى ژاپۆن‌ له‌ عیراق كرد.
له‌ دیدارێكدا باڵیۆزى ژاپۆن تیشكى خسته‌ سه‌ر به‌شداریكردنى له‌ كۆنفرانسى هاوبه‌شى كارسازانى هه‌رێمى كوردستان و ژاپۆن كه‌ به‌مه‌به‌ستى یه‌كترناسینى كارسازانى هه‌ردوولا و بنیانانى په‌یوه‌ندى له‌ نێوانیاندا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ ڕێخۆشكه‌رێك بۆ هاتنى كارسازانى ژاپۆنى و هاندانیان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

 

باڵیۆزى ژاپۆنى وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، ستایشى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌دا هاتووه‌ته‌ دى، هه‌روه‌ها خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى دووقۆڵى به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابووریدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

 

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ـ ش وێڕاى به‌خێرهێنانى میوانى ژاپۆنى، سوپاس و پیزانینى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ژاپۆن ده‌ربڕى كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى چه‌ندین ئاژانس و NGO و ڕێكخراوى ژاپۆنه‌وه‌، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و ئێستاش له‌ كه‌یسى په‌نابه‌رانى سووریادا هاوكارى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داواى كرد كه‌ ڕێكخراوه‌كانیان هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاریى زیاترى په‌نابه‌ران بكه‌ن.

 

له‌ كۆتایى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌موو پشگیرییه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كارسازان و خاوه‌نكار و كۆمپانیا ژاپۆنیه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنانى ژاپۆنى ده‌كات و هه‌موو ده‌رفه‌تێك ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌ى په‌ره‌سه‌ندنى هه‌رێمى كوردستاندا به‌شدار بن.

 

 پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ى شوباتى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆز ژۆن فرانسوا ژیرۆ به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى باكوورى ئافریكا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا به‌ یاوه‌ریى ئالان گێپارت كونسولى گشتیى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشهاته‌كانى سووریا به‌تایبه‌تى تاوتوێ كران و تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخى سووریا و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى ڕووبه‌ڕووى هاووڵاتیانى ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ملیۆنه‌هایان ناچارى ئاواره‌یى بوون و له‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر گیرساونه‌ته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ باس له‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا و میوانى فه‌ره‌نسى ستایشى ڕۆڵى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ داڵده‌دان و هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران كرد.

ڕه‌وشى عیراق و كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆ‌گه‌وه‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوون كه‌ تیایدا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى  خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ پرسى بڕینى بودجه‌ و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناخه‌نه‌ ئه‌جێنداى گفتوگۆكانه‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵیى خۆیان به‌ ئاستى په‌یوندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا ده‌ربڕى و دووپاتیان له‌ گرنگى و چۆنیه‌تیى بره‌ودانى زیاتر به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ و كاریگه‌ریى باشى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى زیاترى هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا كرا.

 

 سێ شەممە, 25 شوبات 2014

 

 

 

 

 

 

سه‌ر‌له‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ى شوباتى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ نیكۆلاى میلادینۆف نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا ڕه‌وشى سیاسى و ئه‌منیى ئێستاى عیراق به‌گشتى تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنیان له‌ ڕێگه‌ى لێكگه‌یشتنه‌وه‌ خرانه‌ به‌ر باس و جه‌خت له‌سه‌ر‌ چاره‌سه‌ركردنیان دوور له‌ توندوتیژى و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌، به‌پێى میكانیزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان كرایه‌وه‌.

ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ هه‌نگاوه‌كانى دامه‌زراندنى حكوومه‌ت كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. لاى خۆیه‌وه‌ نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق هیواى خواست هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵ بده‌ن بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتێك و له‌ نزیكترین كاتدا حكوومه‌تى تازه‌ پێك بهێنن.

 

  • شەممە, 22 شوبات 2014

 

 

 

 

 

 

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى شوباتى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ عیراق كرد.

 
له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران و بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى بازرگانى و ئابووریدا و ڕه‌خسانى ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا و خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

 
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى ئێستاى سیاسیى عیراق و ڕووداو و پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى عیراق و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.


باڵیۆزى ئیران له‌ عیراق پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ دانوستانه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نیوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست هه‌ردوولا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوولا و له‌ به‌رژوه‌ندیى ته‌واوى عیراقدا بێت.

 

 سێ شەممە, 18 شوبات 2014

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی