سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو له‌یلا زانا په‌رله‌مانته‌رى سه‌ربه‌خۆى ئامه‌د و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر په‌رله‌مانته‌رى هه‌ده‌په‌ى ئیستانبول‌ كرد.


له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا و ئه‌و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى ئه‌م دواییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له‌ توركیا نرا؛ خرایه‌ به‌ر باس و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ئه‌م هه‌نگاوه‌ یاساییه‌ى به‌ ته‌كانێكى گه‌وره‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى پرسى كورد له‌ توركیا به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ى سیاسى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پرۆسه‌ى ئاشتى و دانانى ئه‌و چوارچێوه‌ یاسایییه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیانه‌وه‌ خاتوو له‌یلا زانا و به‌ڕێز سڕڕى سوره‌ییا ئۆنده‌ر كه‌ دوایین جار سه‌ردانى دوورگه‌ى ئیمرالییان كردبوو، وێڕاى سڵاو و ڕێز، هه‌روه‌ها پێزانینى به‌ڕێز ئۆجالانیان گه‌یانده‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵ و كۆششه‌ى كه‌ بۆ ده‌سپێكردن و به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركیا داویه‌تى و داوایان كرد وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ پشتگیریكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسى كورد له‌ توركیا به‌رده‌وام بێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و دواڕۆژى پرۆسه‌ى ئاشتى و چاره‌سه‌رى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتووى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار له‌ توركیا، تاوتوێ كران.

 

 

 

 

پێشنیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى خه‌ڵاتكردنى قوتابییه‌ ده‌رچووه‌كانى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مى قۆناغه‌كانى ئاماده‌یى له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و یه‌كه‌مى سه‌ر ئاستى عیراق كه‌ كچه‌ خوێندكارێكى شارى خانه‌قین بوو كرد، كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

له‌ سه‌ره‌تاى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز پشتیوان سادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌، له‌ وته‌یه‌كدا تیشكى خسته‌ سه‌ر پلان و به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا 44 قوتابى خه‌ڵات ده‌كرێن.

پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وته‌یه‌كدا وێڕاى پیرۆزبایى له‌و خوێندكارانه‌ و ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ركه‌وتنیان، هیواى خواست ئه‌م سەركەوتنەیان هاندەرێك بێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی ترى ژیاندا، له‌ قۆناغى ترى خوێندندا بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ، لە ئایندە و لە قۆناغەكانی تریشدا سەركەوتوو بن .هه‌روه‌ها سوپاسی هەوڵی بەڕێوەبەر و مامۆستایان و خێزان و كەسوكارى قوتابیانى كرد كە ئەوانیش هاوبەش بوون لەو سەركەوتنەیان و بارودۆخێكی وایان بۆ ڕه‌خساندوون كه‌ بتوانن لەم بارودۆخەدا ئەم سەركەوتنە بە دەست بهێنن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەن ستراتیژیەتی درێژخایەنە لە بواری پەروەردە و خوێندندا بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە، لەو پێناوەشدا چەندین ساڵە هەوڵێكی نەپساوەی دەست پێكردووە بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندن لە هەموو ئاست و قۆناغەكاندا .

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، پێشكەوتنی ئابووری، بەڕێوەبردنی باش و سیاسەتكردن و دەوڵەتداریی سەركەوتووش، هەموویان پەیوەستن بە پێشكەوتووییی بواری پەروەردە و خوێندن لە هەر وڵاتێكدا. بۆیه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییه‌ى بە تەواوی لەبەر چاوە، هەر لەبەر ئەوەش بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ بارودۆخێكدا؛ گرنگیی بواری پەروەردە لەبیر ناكرێت.

هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژیەى لە بواری پەروەردەدا هه‌یه‌تى، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بایەخێكی زۆر بە بنیاتنانی ژێرخانی پەروەردەیی ده‌دات و بەشێكی داهاتی نەوتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ دروستكردنی قوتابخانە و بینایەی نوێ بۆ زانكۆكان و نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن، تەرخان كرد كه‌ ڕەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبووە بەسەر بواری پەروەردە و خوێندن لە كوردستاندا. به‌ڵام ئه‌ویشى نه‌شارده‌وه‌ كە هێشتا كەموكوڕی و پێداویستیی زۆره‌ و دەبێ لەو بوارەدا جێبەجێ بكرێن، بۆ ئه‌مه‌ش كار و هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئایندەدا بەردەوام دەبێ.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دوو ئامانج لە حكوومەتداریدا هەمیشە لە هزری ئه‌ودان و لە هەموو پڕۆژە و هەنگاوێكدا حیسابیان بۆ دەكه‌ن، ئەوانیش خوێندن و تەندروستین. بۆیه‌ هەموو ئامانجیان ئەوەیە كوردستان لە ڕووی پەروەردە و خوێندن و لە ڕووی تەندروستییەوە تەواو پێشكەوتوو بێت، چونكە بەو شێوەیە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو دروست ده‌بێت و هەر بەو شێوەیەش ئایندە و كوردستانێكی پێشكەوتوو بۆ نەوەكانی داهاتوو دابین ده‌كرێت .

هەر لەبه‌ر ئه‌مه‌ داواى لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران كرد وەبەرهێنان لە بواری خوێندندا بكەن بە دانانی كۆلیژ و زانكۆ و قوتابخانەی پێشكەوتوو و ئاست بەرز. هەروەها هاوكاری حكوومەتیش بن بە بنیاتنانی قوتابخانە لە گەڕەكە میللییەكان و گوندەكانی كوردستان و لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا، چونكه‌ بەو شێوەیە لەم قۆناغەدا هاوكاریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە تایبەتی كە ئێستا حكوومەتی عیراق بە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر بارێكی زۆر گران.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هەروەها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ لەبەر ئەو هەموو ئاوارە زۆرانەی لە ناوچە كوردییەكانی سووریا و لە پارێزگاكانی مووسڵ و دیالە و ئەنبار و شارەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان، ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارێكدا زۆر گران بووە، لەوانەش بواری خوێندن و پەروەردە.

له‌باره‌ى ڕه‌وشى عیراقیشه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ عیراق بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئەو ئاڵۆزبوون و تێكچوونەش ئەنجامێكی زۆر سروشتیی سیاسەتەكانی دەسەڵاتدارانی عێراقە كە تەوافوقی نێوان پێكهاتەكانی عێراقیان تێكدا و دەستووری عێراقیان پێشێل كرد، ئەو دەستوورەى بنەمای پرۆسەی سیاسیی عێراق بوون.
زیاتریش گوتى: "بەداخەوە نە سەرۆك وەزیران و نە هاوپەیمانەكانی عێراقیش گوێیان نەدایە ئاگاداركردنەوە و هۆشدارییەكانی لایەنی كوردی لە مەترسیی درێژەدان بەو پێشێلكاریانە، ئەنجامی ئەو گوێنەدانەش ئەو كوشتار و تێكچوونەیە كە ئەمڕۆ بەسەر گەلی عێراقدا هاتووە."

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە و شكست و پاشەكشەی سوپای عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە چوونەتە زۆر لە ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای مووسڵ و كەركووك و دیالە، جێگەی سەربەرزیشە كه‌ ئێستا هەموو خەڵكی ئەو ناوچه‌یە و پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیە بە كورد، عەرەب، توركمان و مەسیحییەوە زۆر لە ڕەفتار و پاراستنی پێشمەرگە ڕازین.

دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ بەڵێنی پێشمەرگە و سەركردایەتیی كوردستان ئەوەیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی كوردستاندا نەكات و هه‌رێمى كوردستان پێى وایە هەموویان وەك یەك هاوبەشن لەم وڵاتەدا، بۆیه‌ بە هەموو شێوەیەك تایبەتمەندیی هەر یەكێك لەو ناوچانە لەبەرچاو دەگیرێت. هەروەها هەموو لایەنە كوردستانییەكانیش ئەمڕۆ یەكدەنگن لەسەر ئەوەی كە خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە ناخەنەوە بەر مەترسیی گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكان و وەك شوێنەكانی دیكەی كوردستان؛ ئەو شوێنانەش دەپارێزن.
هه‌روه‌ها گوتى: "بێگومان چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە بۆ داگیركردن نەبووە، بۆ پاراستن بووە و ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان پێیان بكرێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە تیرۆر و تیرۆریستان، بە هیچ شێوەیەك درێغی ناكەن."

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووباره‌ خەڵكی كوردستانى دڵنیا كرده‌وه‌ كە زەحمەتییەكانیان زۆر درێژە ناكێشن و ئەو دواكەوتنەی مووچەی فەرمانبەرانیش بەردەوام نابێت و چارەسەری دەكەن و خەڵكی كوردستانیش بەرەو ژیان و خۆشگوزەرانییەكی باشتر هەنگاو دەنێت.

سوپاسی خۆڕاگریی هەموو ئەوانه‌یشى كرد خۆڕاگر بوون و چۆكیان دانەدا لەبەر هەموو ئەو گوشارانەی لێیان كراوە لە بڕینی مووچه‌ و بودجەی هەرێمی كوردستاندا. هه‌مووانیشى دڵنیا كرده‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانى هەیە بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات چارەسەرى ئه‌و بابه‌ته‌ بكات. ده‌رباره‌ى مووچه‌ش گوتى: "پێشتریش وەزیری دارایی باسی كردووە و خۆشم باسم كردووە و دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كه‌ مووچەی هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستان نافەوتێ، ئێمە پابەندیمان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان و ئەوانە هەیە كە مووچەیان هەیە و بە دڵنیاییەوە پێیان دەدرێت."

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووباره‌ ڕووى قسه‌ى له‌ خوێندكاران كرد و گوتى: "ئێوە بەشدارن لە قۆناغێکی مێژوویی و هەستیار لە مێژووی گەلی كوردستاندا، بەشدارن لە وەدیهێنانی ئەو خەونەی باوک و باپیرانمان سەریان لەسەر دانا و خەونیان پێوە دەبینی. ئێوە دەبنە زانا و سەرکردە و خەباتکارانی سبەینێ. ئێوە لە ئایندەدا ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن و واش دەکەن گەلی کوردستان سەرفرازیی خۆی بپارێزێت. ئومێدی ئێمە و نەوەی پێش ئێمەش بە ئێوە بووە. هیوای من ئەوەیە ئێوە خۆشەویستان و ئازیزان لە ئاستی ئەو ئومێدە بن كە گەلی كوردستان بە ئێوەی هەیه‌."

هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ زۆر بایەخ بە خوێندن بدەن، لە بواری خوێندنی باڵادا زۆر بایەخ بە بوارە تەكنیكییەكان و ئەو زانستانە بدەن كە بۆ قۆناغی كوردستان زۆر پێویستن، حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانیش بە تەواوی هاوكاریان دەبێت بۆ سەركەوتن لەم پرۆسەیەدا.

هه‌روه‌ها به‌ بیر قوتابیانى هێنایه‌وه‌ كه‌ دەرفەتی باش بۆ خوێندن و سەركەوتن لە بەردەمیاندایه‌ و ئەوەی بۆ ئه‌وان ڕەخساوە بۆ نەوەكانی پێش ئه‌وان نەڕەخساوە، بۆیه‌ ده‌بێ قەدری ئەم دەرفەتە بزانن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە بەشداری لە پێشخستنی وڵات و كۆمەڵگەی كوردستاندا بكەن.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به ‌تایبه‌تی گرنگییه‌كی به‌رچاو به‌ خوێندنی پیشه‌یی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بواری فێربوونی پیشه‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ خوێندكارانی بڕه‌خسێنێت و گه‌نجانی وڵات؛ هه‌موو ئه‌و كار و پیشانه‌ فێر ببن كه‌ خزمه‌ت به‌ كوردستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنی وڵات ده‌كه‌ن. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مە بۆ ئه‌مڕۆ و دواڕۆژی كوردستان زۆر گرنگه‌ و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وپه‌ڕی گرنگی پێ بده‌ن و قوتابیان هان بده‌ن بواره پیشه‌ییه‌كان‌ بخوێنن.

له‌ دوایین به‌شى وته‌كه‌یدا خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى كه لەناو ئەوانەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا پلەی یەكەم و دووەم وسێیەمیان بە دەست هێناوە، هەروەها ئەوەی پلەی یەكەمی عیراق بە دەست هێناوە زیاتریان كچانن. پاشان خه‌ڵاتى به‌سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌ى قوتابیاندا دابه‌ش كرد.

 

 

 

 

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ ئه‌نتۆنیۆ گوته‌رز كۆمیسارى باڵاى كاروبارى په‌نابه‌رانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانUNHCR كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز گوته‌رز سوپاس و پێزانینىUNHCR و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێشكه‌ش به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ ده‌رگاكانى به‌ ڕووى په‌نابه‌رانى سووریا و ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراقدا كردووه‌ته‌وه‌ و ئارامى و ئاسایشى بۆ دابین كردوون و هه‌موو هاوكارى و یارمه‌تییه‌كى پێویستى پێشكه‌ش كردوون، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌یه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جێگه‌ى ستایش و پێزانینى ڕێكخراوه‌كه‌یان و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بێ جیاوازى، هه‌موو هاوكارى و یارمه‌تییه‌كى پێشكه‌ش به‌ ته‌واوى په‌نابه‌رانى سووریا و ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراق كردووه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ توانیادا بووبێت هیچ درێغییه‌كى نه‌كردووه‌ و ناكات، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ژماره‌ى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان له‌ تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌ره‌ و بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك پێویست هاوكارى و یارمه‌تیى هه‌مووان بكرێت، ده‌بێ حكوومه‌تى عیراق به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و دواى ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌م كه‌یسه‌دا به‌رپرسیاریه‌تیى خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و هاوكارى و یارمه‌تیى جددییان بده‌ن.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئێن جى ئۆ ناوخۆیى و جیهانییه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ بتوانن باشترین خزمه‌ت له‌ هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌ به‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان بكه‌ن و كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان بگه‌یه‌ننه‌ خێوه‌تگا و كه‌مپه‌كان له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان

 

 

 

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز "كارمیلۆ فیكارا" كونسولى ئیتالیا له‌ هه‌رێمى كودستان ‌كرد.

له‌ دیدارێكدا كونسولى ئیتالیا خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى كه‌ وه‌ك كونسولى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وم ده‌بێت، به‌ تایبه‌تى كه‌ كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت كابینه‌یه‌كى بنكه‌فراوانه‌. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئیتالیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندنییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه‌ ئه‌وان وه‌ك كونسولخانه‌ى وڵاته‌كه‌یان، ڕۆڵێكى گرنگ ده‌بینین له‌ پته‌وكردنى كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست بده‌ن، به‌ تایبه‌تى بۆ ئه‌و ئیتالیانه‌ى ده‌یانه‌وێ بۆ بازرگانى و چالاكیى ئابوورى بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا بارودۆخى تازه‌ى عیراق و پرسى ئاسایش و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه خرایه‌ به‌ر باس و كونسولى ئیتالیا ‌ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌یا‌ن له‌ پێشهاته‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕوونى كرده‌وه ئیتالیا ئاگاداره‌ له‌وه‌ى‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌قامگیرى به‌رقه‌راره‌ و ئاسایش هه‌یه‌ و ژینه‌گه‌ى بارزگانى و وه‌به‌رهێنان جیاوازه‌ و كۆمپانیا ئیتالییه‌كانیش بایه‌خ به‌مه‌ده‌ ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى چالاكیى هه‌نارده‌كردن و بازرگانییان هه‌یه‌. بۆیه‌ به‌شدارییان له‌ چالاكییه‌ ئابوورى و بارزگانییه‌كان له‌م ساڵانه‌ى دواییدا زیادى كردووه‌ و پێشبینى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌مساڵ زیاتر له‌ سه‌د كۆمپانیاى ئیتالى به‌شدارى له‌ پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێردا بكه‌ن.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پرسى په‌نابه‌رانى سووریا و ناوخۆى عیراق له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا و تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتنى باشتریان له‌سه‌ر ڕه‌وشه‌كه‌ هه‌بێت و ئیتالیا وه‌ك چۆن پێشتیرش هاوكارى كردووه‌، ئێستاش به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ بۆ به‌رده‌وامیى هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و ئێستا حه‌وت ڕێكخراوى ئێن جى ئۆى ئیتالى له‌م بواره‌دا له‌ هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستانیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرنگى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیتالیا ده‌دات و خوازیارى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. ده‌رباره‌ى په‌نابه‌رانیش ڕایگه‌یاند كێشه‌یه‌كى زۆر جددى له‌ پرسى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كاندا هه‌یه‌ و له‌م پرسه‌دا به‌ داخه‌وه‌ حكوومه‌تى عیراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تى ناكات، بۆیه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زیاتر بێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ له‌ تواناى حكوومه‌ت به‌ده‌ره‌ و پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر هاوكاریى په‌نابه‌ران بكه‌ن.

هه‌روه‌ها باسى له‌و گۆڕانگاریانه‌ كرد كه‌ دواى كۆنترۆلكردنى مووسڵ له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عیراقى به‌ر له‌م ڕووداوانه‌ و عیراقى دواى كه‌وتنى مووسڵ و شوێنه‌كانى دیكه‌ ته‌واو جیاوازه‌ و له‌ ڕووداوه‌كاندا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو په‌نابه‌رانى وه‌ك یه‌ك پاراستووه‌ بێ ڕه‌چاوكردنى لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییان، به‌ تایبه‌تیش له‌ سنوورى ده‌شتى نه‌ینه‌وا كه‌ پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و مه‌زهه‌بیى جیاوازى تیادایه‌.

 

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى ته‌ممووزى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز "ئه‌نگه‌س مه‌ككى" كونسوڵى گشتیى تازه‌ى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى‌ كونسوڵى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان لێ كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست. به‌ڕێز كونسوڵى تازه‌ى به‌ریتانیاش خۆشحاڵیى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان و دیدارى به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران نیشان دا و ئاماژه‌ى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌ریتانیا و سه‌ردانى به‌رێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان دا و، خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى به‌وه‌ى به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا له‌ نزیكه‌وه‌ ڕه‌وش و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بینى.

به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا هه‌روه‌ها خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كابینه‌یه‌كى بنكه‌ فروانه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌مه‌ نیشانى ده‌دات هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاراسته‌یه‌كى ڕاستدا ده‌ڕوات. هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا و باسى له‌وه‌ كرد كه‌ دواى سه‌ردانه‌كانى نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن، ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێزترن و خوازیارى ئه‌وه‌ن له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا پته‌وتریان بكه‌ن له‌ نێوان حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌ت و زانكۆ و خه‌ڵك، هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ئاستى خۆیاندا

به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى به‌ریتانیا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ له‌نده‌ن سه‌ردانێكى گرنگ و هێمایه‌كى دروست بوو بۆ جۆرى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌ردوولا و هیواى خواست هه‌ردوولا پابه‌ند بن به‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا به‌ریتانیا پابه‌ندى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ له‌ میانى سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ له‌نده‌ن و به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا بۆ هه‌ولێر ئاماده‌ كراوه‌. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش خۆشحاڵیى خۆى به‌ گۆڕینه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كانى له‌نده‌ن و هه‌ولێر ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بایه‌خێكى تایبه‌ت ده‌ده‌اته‌ په‌یوه‌نده‌ییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و پابه‌ندى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا باس له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى عیراق كرا و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌ و له‌به‌ر ڕۆشناییى ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى تازه‌ى عیراق؛ ده‌بێ به‌ شێوازێكى تازه‌ سه‌یرى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا بكرێت. ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق بچێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ ڕێككه‌وتنێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان بێته‌ ئاراوه‌ و میكانیزمێك بۆ سروشتى په‌یوه‌ندیى داهاتووى هه‌ولێر و به‌غدا بدۆزرێته‌وه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسى له‌‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆرستان كرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ عیراقدا هه‌یه‌ سه‌ره‌تاى قۆناغێكى تازه‌یه‌ و بنه‌ما و سروشتى پرسه‌كان گۆڕاوه‌، بۆیه‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌كردنێك له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئه‌مڕۆدا ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ ڕه‌چاو بكات كه‌ ڕه‌وشه‌كه‌ گۆڕاوه‌.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان خرایه‌ به‌ر باس و كونسوڵى به‌ریتانیا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێشتریش وڵاته‌كه‌ى به‌شدار بووه‌ له‌ هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و ئێستاش به‌ریتانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردن له‌ پرسى په‌نابه‌راندا چ له‌ ڕووى لۆجستییه‌وه‌، چ له‌ ڕووى پێدانى پسپۆڕى و شاره‌زایى له‌ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ى په‌نابه‌راندا.

 

 

 

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6ى ته‌ممووزى 2014، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دووه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ساز دا.


له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پوخته‌ى ڕاپۆرتێكى فراوانى به‌شى زانیارى و لێكۆڵینه‌وه‌ى گۆڤارى ناودارى ئیكۆنۆمیست كه‌ پێگه‌یه‌كى دیارى باوه‌ڕپێكراو و كاریگه‌رى له‌ جیهاندا هه‌یه،‌ به‌ ناوى "دیاریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان"، خرایه‌ ڕوو، كه‌ تیایدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى ژینگه‌ى سیاسى، سه‌قامگیریى سیاسى و ئاسایش، به‌رزیى ئاستى ژیان، په‌ره‌پێدانى مرۆیى، ئابوورى، بازرگانى، وه‌به‌رهێنان و چه‌ندین بوارى دیكه‌ى ژیانه‌وه‌.

به ‌پێى پێوه‌ره‌كانى ئه‌و ڕاپۆرته‌ له‌ زۆربه‌ى بواره‌كاندا هه‌رێمى كوردستان له‌ پێشه‌وه‌ى زۆرێك له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌دایه‌ و له هه‌ندێ بوارى دیكه‌شدا له‌ ئاستى وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندایه‌. ڕاپۆرته‌كه‌ ڕوونى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆته‌ هۆى ڕاكێشانى سه‌رمایه‌ و كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان و هانى داون بۆ ئه‌وه‌ى ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێم و به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانى هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا بكه‌ن.

ئینجا به‌ پێى به‌رنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ڕاپۆرتێكى ده‌رباره‌ى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌ى دارایى و هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى و پلان و سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ پێشكه‌ش كرد، كه‌ خۆى له‌ كۆمه‌ڵێك ڕیكارى جیا و ڕێكخستنه‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان و زیادكردنى داهاته‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌. لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو ڕێكاره‌كان، له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا وه‌زاره‌تى دارایى پێویستى به‌ چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كى ته‌واو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ببات.

 

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2ى ته‌ممووزى 2014 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ژان فرانسوا ژیرۆ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى باكوورى ئافریكا و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.


له‌ دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ئێستاى عیراق و ئه‌و بارودۆخه‌ى دواى كۆنترڵكردنى مووسڵ و شوێنه‌كانى دیكه‌ى عیراق له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعشه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، مه‌ترسیى تیرۆرستان و ده‌ره‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م ڕه‌وشه‌، ئاواره‌بوونى سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى بۆ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنیان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ تاتوێ كرا.

میوانى فه‌ره‌نسى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ى تیرۆر كێشه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تییه و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ تیرۆردا به‌رپرسیاریه‌تیى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كێشه‌ى تیرۆ له‌ عیراق به‌ ته‌نیا بە ڕێكارى سه‌بازى و له‌ ڕێگه‌ى ئۆپه‌راسیۆنى سوپاوه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و ڕێگه‌چاره‌ى سیاسى پێویسته‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ عیراقى به‌ر له‌ پێشهاته‌كانى مووسڵ و دواى ئه‌و پێشهاتانه‌ ته‌واو جیاوازه‌ و بارودۆخه‌كه‌ و عیراق به‌ گشتى خوێندنه‌وه‌یه‌كى تازه‌یان پێویسته‌ و هه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و واقعه‌ تازه‌یه‌ بێت كه‌ له‌ عیراق دروست بووه‌. هه‌روه‌ها سوپاسى فه‌ره‌نساى كرد بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان.
 

 

  • چوار شەممە, 02 تەمموز 2014

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى حوزه‌یرانى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز ویلیام هه‌یگ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ به‌غدا و كونسلى گشتیى ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ولێر پێك هاتبوون.


له‌ دیدارێكدا ڕه‌وش و پێشهاته‌ سه‌ربازى و ئه‌منییه‌‌كانى عیراق و ئه‌و باردۆخه‌ى دواى ده‌ى حوزه‌یران به‌ كۆنترۆلكردنى مووسڵ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعشه‌وه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌؛ تاوتوێ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق و ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌ عیراقییه‌كان تیایدا به‌شدار و هاوبه‌شى ڕاسته‌قینه‌ بن.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دواى ئه‌م پێشهاتانه‌؛ عیراق كه‌وتووه‌ته‌ بارێكى ته‌واو جیاواز و هه‌ر چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان؛ ده‌بێ له‌به‌ر ڕۆشنایى و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و واقیعه‌ بێت كه‌ دواى پێشهاته‌كان له‌ عیراق دروست بووه‌. هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ كێشه‌كانى عیراق كێشه‌ى سیاسین و به‌ پله‌ى یه‌كه‌م چاره‌سه‌رى سیاسییان پێویسته‌، چونكه‌ به‌ شێوازى سه‌ربازى و ئۆپه‌راسیۆنى چه‌كدارى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگیى بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و له‌نده‌ن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌وامى و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ربڕى.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی