ئەمڕۆ دووشەممە، 2015/4/27 کۆبوونەوەی ئاسایی هەردوو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان سازکرا كە هەریەكە لە بەڕێزان جەعفەر ئیبراهیم ئێمنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و مەولود باوەموراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئامادەبوون.

لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، بەڕێز د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، بەخێرهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کرد و هیوای خواست دانیشتنەکە هەنگاوێک بێت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەو پرسە گرنگانەی پەیوەندییان بەژیان و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە."

 لە بەشێکی دیكەی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان باسی لە گرنگی هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لە کاروباری پرۆژە یاسا و بڕیارەکاندا. هەردوولاش تەبا بوون لەسەر ئەوەی ئەم دانیشتنانە بەردەوامییان هەبێت.

دواتریش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وەزیرەکان و لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەو پەیوەندییانەی بە هەنگاوێکی درووست زانی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدواداچوونی گرفتی هاوڵاتیان.

لە دوا تەوەری دانیشتنەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی شەڕی دژی تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی شەڕدا کرا و پێشمەرگە وەک سیمبولی ئازادیی و سەرفرازیی گەلی کورد ناسێنرا.

دوای كۆبوونەوەكەش، هەردوو بەڕێبەڕێزان د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە لێدوانیان دایە دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە قسەكانیدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پێشوازی گەرمی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە شاندەكەیان، هەروەها گوتی : ئەمڕۆ ئێمە بۆ زیاتر تەفعیلكردنی چۆنیەتی پەیوەندی نێوان حكومەت و پەرلەمان،  كۆبووینەوە و ئەم كۆبوونەوەیەش لەچوارچێوەی زنجیرە كۆبوونەوەیەكە كە پێویستە بەشێوەیە كی دەوری بەردەوام بێت بۆ هەبوونی هەماهەنگی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان باسیان لێوە دەكرێت، هەروەها بۆ چارەسەركردنی هەر ئەگەر و گرفتێك كەبێنە پێش. بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان كۆبوونەوەیەكی باش بوو وهیوادارین بەردەوام بێت.

لای خۆیەوە بەڕێز د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە كرد كە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژە یاساكان وهەماهەنگیی نێوان هەردوولا و بەردەوامی پەیوەندی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بوو. ئەوەشی خستە ڕوو كە بڕیاردراوە ئەم كۆبوونەوە دەوریانە بەردەوام ئەنجام بدرێن

 

 

 

 

ئۆربان ئالین سەرۆکی پەرلەمانی سوید، لە کاتی پێشوازیکردن لە د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "بەخێربێن بۆ سوید، ئێمە خۆمان بە دۆستێکی نزیکی ئێوە دەزانین، هەمو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی سوید، کۆ دەنگن کە حکومەتی سوید هاوکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات، خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە. "

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەناوی خۆی پەرلەمانی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی سویدی کرد و وتی "هاتنمان بۆ پەرلەمانی سوید بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمانە، داواکارین لە سێ بواری گرنگدا هاوکارمانبن، ئەوانیش چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش، بەداخەوە ئێستا پیشمەرگە لە بری دونیا شەڕی تیرۆرستان دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق پابەند نییە بە ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ هەرێم کە هاوکاری پێشمەرگە بکات، کردنەوەی کەمپ بۆ ئاوارەکان، وەبەرهێنانی کۆمپانیا سویدییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرزبکەنەوە، لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئێستا هەرێمی کوردستان لەشەڕێکی بەرفراواندایە لەگەڵ تیرۆرستان، هیوادارین سوید و وڵاتانی تری ئەوروپا لەو مەترسییە گەورەیەی تیرۆر بگەن، چونکە تیرۆر سنووری نییە و تیرۆرستان لە کوێ دەرفەتییان هەبێت ئاسایش دەخەنە مەترسییەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی سوید، سوپاسی زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی پەرلەمانی سوید سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات و  پەیوەندییەکانمان و هاوکاری سوید بۆ کوردستان هەنگاوی گەورە بە خۆوە دەبینێت، بەتایبەتیش لە ڕووی مرۆیی و فریاگوزارییەوە.
 
 

 

 

 

 

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتی" لەئێستادا لەپەرلەمان سەرقاڵی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانین و دەمانەوێت پەیڕەوێکی نوێ دابنێین لەگەڵ کاری پەرلەمانی ئەم قۆناغە نوێیەماندا بگونجێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی لەو بوارەدا کار دەکەن" وتیتشی "بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویستمان بە ئەزموونی دەوڵەمەندی پەرلەمانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە".
ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە (لسلی کمبڵ) بەڕێوبەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفەریقای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (NDI) ئەمەریکی، کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤-٢ سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازیکرا.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسێکی گشتی ڕەوشی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاری پەرلەمانی لەروداوه‌كانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەڕێوبەری بەرنامەکانی ڕێکخراوی (NDI) ئەمەریکی خستەڕوو، داوای لێکردن ڕیکخراوەکەیان بە هەماهەنگی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان لە پرسە جیاوازەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی هاوکاری پەرلەمان بکەن.
لسلی کمبڵ، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ زانیارییەکانی لەسەر ئەو پرسانە. دواتریش باسی هاوکارییەکانی ڕێکخراوەکەیانی کرد لەقۆناغە جیاوازەکانی کارکردنیاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەتایبەتیش لەبوارەکانی پەرەپێدانی دیموکراتی و گەشەکردنی لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئاماژەی بەوەشدا ئەوان بەردەوامن لەکارکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام شەڕی تیرۆرستان کارەکانی سنووردارکردوون.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و مورتەزا عەبادی كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و، لەگەڵیان كۆبۆوە.

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵیت: "ئەم قەیرانە ئابوورییەی ڕووی کردووەتە هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەت و هەمو لایەنە جیاوازەکانە بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێن بۆ دەربازبوون لەم قەیارانە و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان.

ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و شاندێکی یاوەریی. کە ئێوارەی ئەمرۆ ٢ی ئەیلول سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
لە دانیشتنێکدا هەریەک لە فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمان و مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسێۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمان ئامادەیبوون، کارو چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەماهەنگی نێوان حیزبە سیاسییەکان و پەرلەمان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، تیشکێکی خێرای خستە سەر کارو چالاکییەکانی پەرلەمان و وتی "هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتاران لە لیژنە جیاوازەکاندا بە گیانی یەک تیمییەوە کار دەکەن، راستە جیاوازی لە تێڕوانین و بۆچوونەکاندا هەیە، بەڵام ئەمەش سرووشتی کاری پەرلەمانییە لە هەمو دونیادا، خۆشبەختانە  جیاوازی و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شەقام ئێستا لە پەرلەماندا ڕەنگیداوەتەوە، ئەمەش نیشانەی زیندوویەتی پەرلەمانە.
 دواتر عەلی باپیر، بەناوی خۆی و شاندی میوانەوە، سوپاس و دەستخۆشی لە دەستەی سەرۆکایەتی و هەمو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە بە شیوەیەکی مەدەنیانەو شارستانییانە شەڕ لەسەر مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەن. لەبەشیکی تری وتەکانیدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەستخۆشی لە ڕٶڵی چالاکی پەرلەمان کرد، لە چاودێرییکردنی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە وتی "ڕاستە ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم هەمو لایەکمان تێیدا بەشدارین، بەڵام دەبێت پەرلەمان چاودێریی بکات، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە هاوڵاتیان بکات.

 

 

 

 

پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی ئاوارەکان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی بە جینۆسایدناساندنی شەنگال هاو هەڵوێستبوون، بڕیاریشدرا کۆبوونەوەی دەوری لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڕوداو و کێشە کتوپرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، هەردوولاش سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد لەهاوکاری مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان.

 

ئەم هەماهەنگییەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26 ی ئابدا هات، کە لە نێوان د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەتەلاری پەرلەمانی کوردستان سازکرا.

 

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکی حکومەت و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و مەولود باوە موراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان به‌رێوه‌چوو.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی کارو چالاکی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ بەدواداچوونی کێشەی ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و سەردانە مەیدانییەکانی پەرلەمان بۆ بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆرستاندا.

 

دواتر نێچیرڤان بارزانی، باسی لەهەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارە مەسیحی و یەزیدییەکانی ناوچەی شنگال و موسڵ بە تایبەتی، رەخنەشی لە بێ هەڵویستی حکومەتی عێراق گرت لەبارەی پرسی ئاوارەکان، هەدولایان کۆکبوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان و حکومەت هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ  پەرلەمانی وڵاتانی دونیا و  ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و بۆ ئاگادارکردنەوەی زیاتریان لە کێشە و گرفتی ئاوارە مەسیحییەکان و پرسی جینۆسایدی شه‌نگال .

 

لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیشەوە، پەرلەمان و حکومەت هاوهەڵویست بوون کە پێویستە کورد لە پیکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا هاوکاری لایەنەکانی تری عێراق بێت بەو مەرجەی مافە ڕەواکانی گەلی کورد پارێزراوبێت، وەک نیازپاکییەک بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە زووترین کات موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

 

لەبارەی هەمان پرس، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا، پەرلەمانی کوردستان، وەک مەرجەعی خەڵکی کوردستان بانگێشتی لیژنەی دانووسانی هێزە کوردییەکان دەکات بۆ  پەرلەمان، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی گفوگۆکانی نێوان کاندیدی ڕاسپێراوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لیژنەی دانووساندکاری هەرێمی کوردستان.

 

 

 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ی ئاب، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان، پێشوازییان کرد لە ئارام شێخ محەمەد جێگیری  سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا سەردانی پەرلەمانی کوردستانییان کردبوو.

لە دانیشتنێکدا کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان  ئامادەبوون، جێگیری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی پەرلەمانتارانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تیشکێکی هەمەلایەنەیان خستە سەر شێوازی کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکان کە لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران وەک یەک تیم کار دەکەن.
 لەدانیشتنەکەدا هەردوولا پشتگیریی  هەوڵەکانی بەڕیز سەرۆک کۆماری عێراقیان کرد بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ، ئەم هانگاوەش بە گرنگ وەسفکرا بە ئاڕاستەی دەربازبوونی وڵات لەم تەنگەژە سیاسییەی کە تێیکەوتووە. لەو پێناوەشدا هەردولا هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانییان بە گرنگ زانی.
 
 
دواتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا پێویستە لەسەر ئاستی کاری پەرلەمانی هەردولا بەتایبەتیش ئەو لیژنانەی کە پسپۆڕییەتییان لەیەکەوە نزیکە هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، داوای لەشاندەکە کرد  هەوڵ بدەن بۆ کۆتایی هێنان بەو بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کە ماوەی چەند مانگێکە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕیووە.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان دوپاتکرایەوە بۆ هاوکاری ئاوارەکانی عێراق کە ڕوویان لەهەرێمی کوردستان کردووە.
لەکۆتایی دانیشتنەکەدا، هەردولا بڕیاریاندا لیژنەیەکی هەشت کەسی هاوبەش لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەئەنجومەنی نوێنەراینی عێراق درووست بکرێت، بۆ ئامادەکردنی پڕۆتۆکۆل و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پەیوەندی دامەزراوەیی لە نێوان هەردولادا.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمرۆ ٨ی ئاب لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە (سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکێکی خێرای خستە سەر رووداوەکان و شەڕی نێوان پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆرستان و ئاوارەبوونی سەدان خێزانی کورد لە ناوچە دابراوەکان و ڕەوشی ژیانی کوردە یەزیدی و مەسیحییەکانی ناوچەکانی موسڵ و شنگار و شێخان.

لەبارەی دەرکردن و ئاوارەبوونی خێزانە مەسیحی و یەزیدییەکان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "داواکارم نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری مرۆیی بە زووترین کات بگەیەنێتە ئەو ئاوارانە و ژیانیان لە مەترسی بپارێزێت.
لە بارەی تەوژمی تیرۆر و تیرۆرستان و مەترسییان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی" تیرۆر بە تەنها مەترسیی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو تیرۆر رەهەندێکی جیهانی هەیە و هەرەشەیەکی جدیشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری پێشمەرگە بکات بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستاندا.!
لەبەرامبەر وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان(سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە و زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی ئەو پرسانەوە دەربڕی و وتی "ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەرگیز چاو لەو نەهامەتییانە داناخەین و هەرچی پێمان بکرێت بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان و ئاوارەکان درێخی ناکەین و لەڕابردووشدا هاوکاری هەرێمی کوردستانمان کردووە."

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی