لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئاسایشی جیهان 2014 كە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دەربارەی ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەو ئابووری و ئاسایشی جیهان لە سلۆڤاكیا بەڕێوەدەچێت بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەو سیاسەتمەدارو دیپلۆماتكارو دامەزراوە هزری و ئەكادیمیەكان لە 60 ووڵاتی جیهان، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و نەبیل فەهمی وەزیری دەرەوەی میسر كۆبوونەوە.

لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و وەزیری دەرەوەی كۆماری میسری عەرەبی جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێم و میسر كردەوەو هەروەها باسایان لە كارو چالاكیەكانی كونسوڵگەری گشتی ئەو ووڵاتە لە هەرێم كرد.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسەیەكان لە هەرێم و عێراق و لە تەواوی ناوچەكە. هاوكات باس لە دواین هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقی فیدڕاڵ كراو هەروەها جەخت لەسەر پابەندبوون بە بنەما دیموكراسیەكان كرایەوە.

 

  • هەینی, 16 ئایار 2014

 

 

 

 

 

 

بەمەبەستی خستەنەڕووی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەمەڕ پرس هەنووكەییەكان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی بەرنامەكانی یەكێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و باڵیۆزانی یەكێتی ئەوروپا لە عیراقی فیدڕاڵ كە بە نوێنەرایەتی 28 وڵاتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو كرد و باس لە رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان عیراق و ناوچەكەو پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغداو پرۆسەی هەڵبژاردن و حكومەتی داهاتووی عیراق و گوزەرانی پەنابەرانی سوریا كرا.

خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق ئامانجی سەردانەكەیانی روونكردەوە كە بەبۆنەی رۆژی ئەوروپا هاوڕێ‌ لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق هاتوونە هەرێمی كوردستان. بەڕێزیان پوختەیەكی لەسەر بەرنامەو پلانی نێردەی یەكێتی ئەورپا پێشكەش كردو هیوای خواست لە ماوەی سەردانەكەیان لە هەرێمی كوردستان زیاتر ئاشنای بارودۆخی هەرێم و هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بن لەمەڕ پرسەكان.

دواتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پیرۆزبایی رۆژی ئەوروپای لە نێردەی یەكێتی ئەوروپا و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەو سەردانەو هیوای خواست لە ماوەی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان بتوانن لە نزیكەوە باس لە پرس و بەرنامە هەنووكەییەكان بكەن.

بەڕێزیان لە نزیكەوە هەڵوێست و سیاسەتی حكومەتی هەرێمی لەمەڕ پێشهات و پرسە هەنووكەییەكان خستەڕوو و گووتی هەرێمی كوردستان لە پێشكەوتن و گەسەندنی بەردەوام دایەو هەڵوێستمان دەربارەی پرسە هەڵواسراوەكان و پرۆسەی سیاسی عیراق روون ئاشكرایە.

 

فەلاح مستەفا گووتی ئێمە بە بایەخەوە دەڕانینە رۆلی یەكێتی ئەوروپا بۆ هاوكاری كردنی هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی. هاوكات یەكێتی ئەوروپا دەتوانێ‌ رۆلی زیاتر ببینێ‌ لە یارمەتیدانی گەلانی عیراق لە بوارەكانی یاساو مافی مرۆڤ و سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی باش.

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە پێویستی زانی كە نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان نووسینگەیەك بكاتەوە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپاو فراوانكردنی پەیوەندیەكان.

 

دواتر تیشكی خستە سەر پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لەم بارەیەوە گووتی خۆشحاڵین كە ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی یەكێتی ئەوڕوپا كونسوڵگەریان لە هەرێم هەیەو پەیوەندیەكانمان لە ئاستێكی باشدایە.

 

سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكانی سوریا و ئاوارەكانی ناوخۆ لە هەرێم بەڕێزیان باسی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و ئەو یارمەتیانە كرد كە تا ئێستا لە لایەن حكومەتی هەرێم یاخود رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆیان دابین كراوە. هاوكات داوای كرد یەكێتی ئەوروپا یارمەتی زیاتر پێشكەش بكات.

پاشان تیشكی خستە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عیراق و هیوای خواست ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە ببێتە نەخشە رێگایەك بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق بكات مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت و پابەند بێت بە دەستووری وڵات لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوبەشی كردنی راستەقینە لە دەسەڵات و دابەشكردنی داهات و فیدڕالیزم. 

 


خاتوو یانا هایباسكۆڤا سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق بە ناوی باڵیۆزی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئامادەبووان سوپاسی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد و گووتی ئێمە ئەو هەڵوێست و تێڕوانین و بۆچوونانە بەهەند هەڵدەگرین و وەك نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەسەر جێبەجێ‌ كردنی بەرنامەكانمان بەردەوام دەبین، هەوڵ دەدەین لە بواری سەروەری یاسا و كردنەوەی خولی مەشق و راهێنان بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و یارمەتی ئاوارەكان و پێشخستنی هەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردە بەرنامەكانمان فراوانتر بكەین.

 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسیارو سەرنج و تێبینی ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت كران و ئەویش وڵامی ئامادەبووانی دایەوە.

 

 

  • هەینی, 09 ئایار 2014

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ خاتوو سەفا نەسرەدین وەزیری گەیاندنی فەلەستین بە یاوەری شاندێكی بازرگان و پیاوانی كاری فەلەستین سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتیان كرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازیان لێكرا.

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەو نەزمی حەزوری كونسوڵی گشتی فەلەستین لە هەرێم ئامادەبوون، باس لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری فەلەستین –كوردستان كرا.
خاتوو سەفا نەسرەدین وەزیری گەیاندنی فەلەستین خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە نیشانداو ستایشی پێشكەوتن و سەقامگیری هەرێمی كوردستانی كرد و گووتی ئەم سەردانەمان هەنگاوێكە بۆ پەیوەندیەكی درێژخایەن لەو بوارانەی هەردوولا دەتوانین كاری لەسەر بكەین بەتایبەت بوارەكانی گەیاندن و خزمەتگوزاری بانكی و راوێژكاری، هەروا دەخوازین هەردوولا سوود لە ئەزموون و شارەزایی یەكتر وەربگرین.

بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا كە كۆمپانیا فەلەستینیەكان ئارەزوویانە ببنە هاوبەشی راستەقینە بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان وئەنجامدانی ئەو كۆڕبەندەش هەنگاوی سەرەتایە بۆ كاری بەردەوام لە هەرێمی كوردستان.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان گووتی حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێشوازی لەو هەنگاوەی حكومەت و كۆمپانیا فەلەستینیەكان دەكەین كە دەخوازن پەیوەندیەكانیان لەگەڵ كوردستان پەرە پێبدەن.

 

هەروا گووتی هەردوو گەلی كوردستان و فەلەستین مێژوێكی دێرینیان هەیە لە دۆستایەتی و لە رووی ئابووریەوە.

 

دەرفەتی كارو وەبەرهێنان لە كوردستان كراوەیەو هیوادارین كەرتی تایبەت و كۆمپانیا فەلەستینیەكان سوود لە دەرفەتەكانی هەرێم و تەواوی عیراق وەربگرن.

 

بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی عیراق و پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا و رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی 21/4/2014 فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازیكرد لە شاندێكی پارتی كۆمۆنیستی چینی بە سەرۆكایەتی بەڕێز یانگ یانهوا جێگری بەرێوەبەری گشتی نووسینگەی ڕۆژئاوای ئاسیا و باكوری ئەفریقیا لەگەڵ شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سیهام جبلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ژمارەیەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە ئامادەبوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی كردو تیشكی خستە سەر بایەخی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولاو سیاسەتی حكومەتی هەرێم بۆ فراوانكردنی بازنەی پەیوەندیەكان.

دواتر بەڕێز یانگ یانهوا سەرۆكی شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان ڕوونكردەوە و گووتی ئارەزووی تەواومان هەیە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان گەلی چین و گەلی كورد لە چوارچێوەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ عێراق و گووتی لە میانەی ئەو سەردانەمان سەرسام بووین بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و هەستمان بە پێشوازیەكی گەرم و بەرچاو كرد لەلایەن گەلی كورد بۆ گەلی چین كە هاوبەشیەكی زۆر لەنێوانماندا هەیە.

سەقامگیری كۆمەڵایەتی و سیاسی و بەرقەراربوونی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان سەرنجی ئێمەی ڕاكێشا و جێگەی خۆشحاڵیمانە كە ئەوەی پێشكەوتنێكی بەرچاو لە هەرێمی كوردستانە هەیە و پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاكاندا هەیە لەسەر عێراق بەگشتی. وە بڕواشمان وایە كە ئەو كەش و هەوا لە بارە و پەیوەندی نێوان گەلی كورد و چین خاڵێكی بەهێزی دەبێت بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوولاماندا.

هاوكات ڕایگەیاند كە خۆشحاڵن كارە فەرمیەكانی كردنەوەی كونسوڵگەری چین لە هەولێر تەواو بووە ئەوەش كاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر زیاتر فراوانكردنی پەیوەندیەكان. هیواخوازین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت لە پێشكەش كردنی پشتگیری بە كونسوڵگەری كۆماری چین و ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ هاندانی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی چین بۆ هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە بنیات نانەوەی ژێرخانی ئابوری و ئێمە شاری هەولێر وەكو شاری شانگهای چین دەبینین كە گەشەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیووە.

لە بەرامبەردا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە ناوی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە شاندی میوانی بە گەرمی بەخێرهێنا و گووتی ئێمە خۆشحاڵین بە ئاستی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كۆماری چین و پەیوەندیەكی بەردەواممان هەیە لەگەڵ باڵیۆزخانەی چین و دەست خۆشی لەو هەنگاوەی كۆماری چینی میللی  دەكەین بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان.

دواتر تیشكی خستە سەر كاروچالاكیەكانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و سیاسەتی كرانەوەی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژوەندی هاوبەش و گووتی كە تاوەكو ئێستا 31 نوێنەرایەتی ووڵاتانی بیانی لە هەرێم هەیە و حكومەتی هەرێمیش 14 نوێنەرایەتی هەیە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئابوری و بازرگانی و كەلتوری و فەرهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. دواتر پوختەیەكی سەبارەت بە مێژووی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە شاندی میوان كرد و سیاسەت و تێڕوانینی ڕوونی سەركردایەتی بۆ ئاییندە بۆتە هۆی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لەم ڕووەوە باس لە میكانیزمی بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكان كرا لە بوارە جیاجیاكان و تیشك خرایە سەر بایەخی ئاڵوگۆڕی سەردان و بونیادنانی پردی پەیوەندی لەنێوان هەردوولادا.
 
لە كۆتاییدا هەردوولا بیروڕیان ئاڵوگۆڕكرد دەربارەی دوا پێشهات و پەرەسەندنەكان پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم بەغدا و ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە كرا و شاندی میوان ئارەزوو ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ فراوانكردنی پەیوەندیەكان لە گشت بوارەكان لە ئاییندەدا.

 

 

 

 

 

 

 

لە دیدارێكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و میلۆسلاڤ نات باڵیۆزی سلۆڤاكیا لە بەغدا باس لە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی عیراق و پرۆسەی هەڵبژاردنەكان كرا.

 

لە دیدارەكەدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ئەحمەد گەردی كونسوڵی فەخری سلۆڤاكیا لە هەولێر ئامادەبوون ، باڵیۆز نات خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێم نیشانداو ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ پتەوكردن و پێشخستنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەو بوارانەی هەردوولا دەتوانن سوود لە یەكتر وەربگرن. دووپاتیكردەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا وڵاتەكەی خزمەتگوزاری ڤیزا پێشكەشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات.

 

لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا دەستخۆشی لەم هەنگاوەی وڵاتی سلۆڤاكیا كرد بۆ كە دەخوازن پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێم پەرە پێبدەن و گوتی : ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیەكانمان لەگەڵ سلۆڤاكیا پتەوتر بكەین لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندی هاوبەش.

 

هەر لەم دیدارەدا باس لە رەوشی عیراق بە گشتی لە رووی ئاسایش و سەقامگیری و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم كرا كە لە 30/4 ی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، هاوكات تیشك خرایە سەر پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەو پرسە هەڵواسراوانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە.

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دووپاتیكردەوە هەرێم پابەندە بە دەستوور و ئاماژەشی بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم كرد لەمەڕ چارەسەركردنی پرسەكان ئەویش بە رێگای دیالۆگ و پابەندبوون بە دەستوور. هەروا گووتی ئەو هەنگاوانەی بەغدا شەڕێكی ئابووریە لە دژی هەرێم، بەڵام هەرێمی كوردستان بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و لە سیاسەتی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ بونیاتنانی گۆمەڵگایەكی و دیموكرات و دەستووری كە خاوەن ئابووریەكی بەهێز بێت، هیواشی خواست هەڵبژاردنی 30/4 ببێتە هۆكارێك بۆ هاتنەكایەی سیستەمی حوكمڕانی دروست لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە لە دەسەڵات و رێز گرتن لە ئیرادەی تەواوی پێكهاتەكانی عیراق.

 

 

 

 

ئەمڕۆ د. ڤۆڵكیر پێرس بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەڵمانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش بە یاوەری ئەلفرێد سیمس-پرۆتز كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد و لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە پێشوازیان لێ‌ كرا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە قۆناغەكانی پێشكەوتن و پرۆسەی دیموكراسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 تاوەكو ئێستا كردو گووتی لەدوای راپەڕین لەگەڵ ئەوەی گەلی كوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی ئەوتۆی نەبوو بەڵام هەڵبژاردنی ئەنجامداو دواتر حكومەتی خۆی دامەزراند. هاوكات تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی هەنوكەیی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

هەروەها باسی لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغداو كێشەكانی نێوانیان كرد. لەم بارەیەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە روونی كردەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ دیالۆگ و لێك تێگەیشتنی هاوبەشە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان بەڵام لە پیادەكردنی مافە دەستوریەكاندا هەرێمی كوردستان پاشەكشە ناكات و لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت.

هەر لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا باسی لە پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەرێم كردو گووتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوكاری سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نیۆدەوڵەتی بەڕێوە دەبات، لەم رووەشەوە لە هەوڵەكانی بۆ فراوانكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوامە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بەردەوامی قەیرانی سوریا و رەوشی مرۆیی و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان و لەسەر تەواوی ناوچەكە لەڕووی ئاسایش و ئابووری و مرۆییەوە كرا. هەروەها باس لە بەردەوامی هاتنی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم كراو لەم رووەشەوە زیادكردنی هاوكاریەكان لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئاوارانەو بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانیان بە پێویست زانرا.

لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، فەلاح مستەفا خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی و وێڕای سوپاسگوزاریان بۆ هەوڵەكانی كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندیانە، هاوكات هیوای خواست سەردانەكانی نێوان هەردوولا لە ئاستی باڵادا بەردەوامیان هەبێت و زیاتر بكرێت بۆ بەرەوپێشتربردنی ئەم پەیوەندیانە لەبوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و كەلتوری.

 

 

  • سێ شەممە, 01 نیسان 2014

 

 

 

لە یەكەم سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان خاتوو سێسل برایە باڵیۆزی نوێی نەرویج لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گووتی: زۆر سەرسامم بەو پەرەسەندنانەی كەوا تائێستا بینیومە كە زۆر دڵخۆشكەرەو ئەو هەموو ووزەو بەرفراوانی چالاكی ئابووری لە سەرانسەری هەرێم دەبینم و ئومێدی بەرەپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە خاتوو سێسل برایە باڵیۆزی نوێی نەرویج لە عێراق و بەڕێز ئیگڵ تۆرساس جێگری باڵیۆزو راوێژكاری باڵیۆزخانە بۆ كاروباری عێراق.

لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا پیرۆزبایی لە خاتوو سێسل كرد بە بۆنەی دەست بەكاربوونیان وەك باڵیۆزی وڵاتەكی بۆ عێراق، هاوكات وێڕای ئومێدی سەركەوتن لە كارەكانیاندا، ئامادەیی پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵیاندا دەربڕی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەرویج.

لای خۆیەوە باڵیۆز وێڕای سوپاس گوزاری بۆ پێشوازی كردنیان، خۆشحاڵی خۆی بۆ یەكەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی. هاوكات خۆشحاڵبوو بە ئاستی پەیوەندی و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەرویج كرا. لەم رووەشەوە باس لە ژینگەی سەقامگیری هەرێم لەڕووی ئاسایش و وەبەرهێنانەوە كرا كە دەرفەتێكە بۆ كۆمپانیاكانی نەرویج بۆ كاركردن لە هەرێم و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمدا. بۆ ئەم مەبەستەش باس لە كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتی نەرویج لە هەرێم كرا كە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسۆی بەرەوپێشچوونی ئەم پەیوەندیانە.

هەرلە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان كراو تیشك خرایەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. هاوكات باس لە سروشتی پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كراو لەم بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە روونی كردەوە حكومەتی هەرێم بەپێی دەستور كاروبارەكانی خۆی و پەیوەندیەكانی بەڕێوەدەبات، بۆیە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت.

پاشان بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە بارودۆخی ئاسایش لە بەشەكانی دیكەی عێراق كردو هەروەها باسی لە كاریگەریەكانی توندوتیژیەكان ئەو ناوچانە لەسەر هەرێم و ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو ناوچانە كرد كە بەو هۆیەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هاوكات باسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە قەیرانی سوریا و بەردەوامی شەپۆلی هاتنی ئەو ئاوارانە بۆ هەرێمی كوردستان و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێم لەڕووی مرۆیی و ئابووریەوە كرا. هەربۆیە جەخت كرایەوە لەسەر زیادكردنی هاوكاریە نێودەوڵەتیەكان بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی ئەم ئاوارانە.
 

  • پێنج شەممە, 03 نیسان 2014

 

 

 

 

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئێرنستۆ برام راوێژكاری سیاسەتی ستراتیژی لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم كۆبووەنەوە.

 
،ئێرنستۆ برام وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەوەی كە جارێكی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە  گووتیشی كە گۆڕانكاری و پێشکەوتنەکان لە هەرێم دەبینێت. لای خۆشیەوە فەلاح مستەفا گووتی ئەم سەردانە دەرفەتێكە بۆ لە نزیکەوە بینینی دۆخی سەقامگیری هەرێم و ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری سیاسی و ئابووری لەم ناوچەیەدا بەدەست هاتوون کە ئەمەش گرینگە بۆ هاندان و هاتنی زیاتری بازرگانان و كۆمپانیاكانی هۆڵەندا بۆ هەرێم تاوەكو لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە بەشداربن.
 
دواتر تیشك خرایەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەردوولاو لەم رووەشەوە خۆشحاڵی خۆیان بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا دەربڕی، لای خۆشیەوە راوێژكاری سیاسەتی ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هەماهەنگی كردنیان لەگەڵ نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە هەرێم. هاوكات جەخت لەسەر پەرەپێدان و ئاسۆی ئەو پەیوەندیانە لە بوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و كەلتوری لە نێوان هەردوولا كرایەوە.
 
هەر لە دیدارەكەدا رەوشی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا تیشكیان خرایەسەرو هاوكات باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە ئەنجام بدرێن. لەلایەكی دیكەشەوە باس لە كێشەو پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كراو هەروەها هەڵوێستی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەر كردنیان بە لێك تێگەیشتن و بەپێی دەستور روونكرایەوە.
 
پاشان باسی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرا. لەم بارەیەشەوە فەلاح مستەفا روونی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ پەرەپێدانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەم رووەشەوە جەخت دەكاتەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان لەسەر بنەمای لێك تێگەیشتن و بەرژەوەندی هاوبەش.
 
لە لایەكی دیكەشەوە بارودۆخی ناوخۆیی عێراق لەڕووی سیاسی و ئاسایش تاوتوێ‌ كرا. هاوكات تیشك خرایەسەر دوایین پەرەسەندنەكانی رۆژئاوایی عێراق و هاتنی خەڵكی ئەو ناوچانە بە هۆی توندوتیژیەكانەوە بۆ هەرێم و كاریەگەریان لەسەر دۆخی ئابووری و مرۆیی هەرێمی كوردستان.
 
هەردوولا بیروڕاكانیان دەربارەی قەیرانی سوریا ئاڵوگۆڕ كردو تیشكیان خستەسەر كاریگەریەكانی ئەو قەیرانە لەسەر وڵاتانی دراوسێی سوریاو هەروەها دەرهاویشتەكانی ئەو قەیرانە لەسەر تەواوی ناوچەكە لەڕووی سیاسی و ئاسایش و مرۆییەوە باسیان لێوەكرا. لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گووتی كە حكومەتی هەرێم پێویستی بە هاوكاری زیاتری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا كە بەشێوەیەكی بەردەوام روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

 

  • هەینی, 04 نیسان 2014

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی