ئەمڕۆ دووشەممە ٤ـی١ـی٢٠١٦، لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕیز یاسین عەوەز ئیسماعیل کونسوڵی گشتیی وڵاتی سودان له ههرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێكدا کونسوڵی سودان سڵاو و ڕێزی سەرۆک و گەلی سودانی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ کونوسوڵگەریی سودان و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کونسوڵی سودان پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شکاندنی تیرۆریستان نیشان دا و ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان سەرباری شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردۆتەوە و نموونەیەکی زۆر درەوشاوەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و مێژوو ئەو سەروەرییە تۆمار دەکات. هیواشی خواست هەرچی زووتر کێشە ئابوورییەکانی هەرێم چارەسەر ببن و کوردستان لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.
کونسوڵی گشتیی سودان هەروەها ئەوەشی باس کرد کە لەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە هەن ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی زۆر گرینگ و بەرچاوە و هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە، بۆیە وڵاتەکەی دەیەوێ لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێی کوردستان پەرە پێ بدات و ئامادەی هەرجۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەشن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی سودان خواست و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و ئەزموونی سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشمەرگە لەگەڵ دڕندەترین دوژمن لە شەڕدایە و زۆر ئازایانە توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان تا پێشتر چەندین قەیران و کێشەی گەورەی تێپەڕاندووە و بە دڵنیاییەوە لەم شەڕ و قەیرانەش بە سەربەرزی دەردەچێت.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان، گفتوگۆ کرا.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان محەمەد عومەر باڵیۆزی سودان لە عێراق و باڵیۆز یاسین عەوەز كونسڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی سودان لە عێراق دڵخۆشیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و سەرسامی خۆی بەرامبەر پێشوەچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو، جەختی لەوەش كردەوە كە سودان گرنگییەكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات بە شێوەیەك باڵیۆزێكی وڵاتەكەی لە كونسڵخانەی خۆی لە هەولێر دادەنێت. ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا پیشاندا.
هەروەها نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە شەهیدانە كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر شەهید بوونە و هاوكاریی هەموولایەكیشی بۆ لەناوبردنی ئەو مەترسییە دووپات كردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە سەرەڕای ئەو بارقورسییەی لەسەر هەرێمی كوردستانە، بەڵام خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیان لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران كردووە و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاری بۆ دابین كردوون كە ئەمەش جێگەی ڕێز و پێزانینە.
كونسڵی گشتیی سودانیش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە هەرێمی كوردستان دەست بەكار دەكات و دووپاتی كردەوە كە هەوڵی جددی دەدات نزیكبوونەوە لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و سودان دروست بكات و بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم بۆئەوەی باشتر ئەركەكانی جێبەجێ بكات.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حكوومەتی سودانی كرد كە بە پلەی باڵیۆز كونسڵی گشتیی خۆی لە هەولێر دیاریكردووە و ئەمەش گرنگیدانی سودان بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و هیوای سەركەوتنی بۆ كونسڵی گشتیی سودان لە هەرێمی كوردستان و زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان خواست و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەر هاوكاری و ئاسانكارییەك پیشاندا.
هەروەها كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دیكەی جیهان پێشكەشكرد و خواستی هەرێمی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان لە هەموو بوارەكاندا خستە ڕوو. سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش ئاماژەی بەو دا كە حكوومەتی هەرێم خوازیارە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام تا ئێستا بەغدا پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبووە كە لەنێوان هەردوولادا هەیە.
ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی 6/12/2014 محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردوو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی باڵیۆزی سودانی كرد بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی سودان لە هەرێمی كوردستان كە دەبێتە كەناڵێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سودان لە بوارە جیاوازەكان و هاوكاردەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون، بە تایبەتی لە كاتی ئێستادا كە ژمارەیەكی بەرچاو قوتابی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتە درێژە بە خوێندن دەدەن و بوونی كونسوڵگەری ئەو ووڵاتە ئاسانكاریە بۆ ئەم جۆرە هاوكاریە.
لە بەرامبەردا محمد عمر موسی علی باڵیۆزی كۆماری سودان لە عێراق سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی كرد و سڵاوی گەل و سەركردایەتی سودانی گەیاند بە گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و باسی لە مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان سودان و عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و گووتی بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكە بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا و هاوكات جەختی كردەوە كە بەرنامەیان هەیە كە پەیوەندیەكان لە بواری پەروەردە و بازرگانی و ئابوری بەرەوپێش ببەن.
هەروەها باڵیۆزی كۆماری سودان سەرسامی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو ڕووبەرووبوونەوە و ئاستەنگانە.
لە تەوەرێكی تر دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچە كرا.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات