ئەمڕۆ دووشەممە ٤ـی١ـی٢٠١٦، لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕیز یاسین عەوەز ئیسماعیل کونسوڵی گشتیی وڵاتی سودان له ههرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێكدا کونسوڵی سودان سڵاو و ڕێزی سەرۆک و گەلی سودانی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ کونوسوڵگەریی سودان و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کونسوڵی سودان پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شکاندنی تیرۆریستان نیشان دا و ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان سەرباری شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردۆتەوە و نموونەیەکی زۆر درەوشاوەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و مێژوو ئەو سەروەرییە تۆمار دەکات. هیواشی خواست هەرچی زووتر کێشە ئابوورییەکانی هەرێم چارەسەر ببن و کوردستان لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.
کونسوڵی گشتیی سودان هەروەها ئەوەشی باس کرد کە لەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە هەن ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی زۆر گرینگ و بەرچاوە و هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە، بۆیە وڵاتەکەی دەیەوێ لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێی کوردستان پەرە پێ بدات و ئامادەی هەرجۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەشن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی سودان خواست و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و ئەزموونی سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشمەرگە لەگەڵ دڕندەترین دوژمن لە شەڕدایە و زۆر ئازایانە توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان تا پێشتر چەندین قەیران و کێشەی گەورەی تێپەڕاندووە و بە دڵنیاییەوە لەم شەڕ و قەیرانەش بە سەربەرزی دەردەچێت.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان، گفتوگۆ کرا.