په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پيرۆزدا

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ كوردستان، عيراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. هيواى جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان ده‌خوام.

جه‌ژن له‌ كاتێكدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخى عيراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێويستى به‌ مانا و به‌هاكانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌يى، ئاشته‌وايى، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و پێكهاتنه‌وه‌. بۆيه‌ با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاريكارى و لێكگه‌يشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌يران و ئاڵۆزييه‌كان تێپه‌ڕێنين و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌يى ده‌ستپێ بكه‌ين، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين.

له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ پێكه‌وه‌يى، ته‌بايى و يه‌كڕيزييه‌‌. بۆيه‌ داوا له‌ پارتى و يه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆيان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى ميديايى و يه‌كترشكاندن بپارێزن. پێكه‌وه‌، يه‌كڕيز و ته‌با، هاريكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عيراقيش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاريگه‌رييان هه‌بێت.

با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق ببێته‌ مايه‌ى خێر و خۆشى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگايه‌كى ئاسووده‌يى و ئارامى و سه‌قامگيرى. جه‌ژن له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردسان

٢٠٢٢/٥/١

 

https://presidency.gov.krd/congratulations-to-president-nechirvan-barzani-on-eid-al-fitr/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵای ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2022/4/27 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى خاتوو ده‌ينا ستروول جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عيراق، ماتيو ترۆلينگه‌ر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى سياسى و سه‌ربازى له‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند به‌رپرسێكى سياسى و سه‌ربازى پێكهاتبوو.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو ستروول جه‌ختى له‌ ڕوانگه‌ و سياسه‌تى ئه‌مه‌ريكا‌ كرده‌وه‌ كه‌ پابه‌نده‌ به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ كارى پێكه‌وه‌يى و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگى و پێويستيى هه‌نگاونانى لايه‌ن و پێكهاته‌ عيراقييه‌كان بۆ ده‌رچوونى دۆخى سياسيى وڵات له‌ چه‌قبه‌ستوويى و هاتنه‌كايه‌ى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانيى هاووڵاتييان بێت و بتوانێت ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دييه‌كان ببێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگيى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و به‌رده‌واميى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرايه‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جموجۆڵ و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ناوچه‌ جياكانى عيراق و سووريا، به‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددى و مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دران. له‌و ميانه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراق كرده‌وه‌ تا بتوانن به‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ئه‌و مه‌ترسييه‌ ببنه‌ و داعش يه‌كجارى له‌ناو ببرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عيراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دۆخى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و ئاساييكردنه‌وه‌ى‌، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، خسته‌ به‌ر باس.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-a-high-ranking-us-delegation/

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵيادى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا

ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و يادى سەد و بیست و چواره‌مين ساڵه‌ی دەرچوونی یەكەم ‏‏ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ى میر میقداد ميتحه‌ت بەدرخان، هه‌روه‌ها بیست و ‏‏چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، له‌ هه‌موو ‏‏ڕۆژنامه‌نووسانى كورد و كوردستان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ‏ده‌خوازم.‏

له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏له‌ ‏هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تيان به‌ كايه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه‌ و سه‌رده‌مى ‏شۆڕش ‏و دواى ئازادييش، به‌ كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان ڕاپه‌ڕاندووه‌ و ‏هه‌ندێكيشيان له‌م ‏پێناوه‌دا سه‌ريان نايه‌وه‌ و گيانيان سپارد.‏

له‌م‌ بۆنه‌يه‌دا جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له‌ ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه كۆڵه‌كه‌ى‌ ‏سه‌ره‌كيى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون‌ و گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناوياندا خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گيانى بۆ كردووه‌ته‌ قوربانى، بۆيه‌ ‏هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين.‏

هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له‌ بايه‌خ و گرنگيى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى ڕۆژنامه‌نووسان ‏ده‌كه‌ينه‌وه‌ ‏كه‌ هه‌ميشه‌ ڕه‌چاوى كارامه‌يى و پيشه‌ييبوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ركه‌كه‌يان به‌رپرسانه‌ و ‏‏به‌ دروستى ڕاپه‌ڕێنن، به‌ ويژدانه‌وه‌ ڕاستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى ‏باڵاى ‏وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، به‌ ڕه‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، ‏هاوكار و ‏يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه‌ نيشتمانييه‌كان بن، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ‏‏باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.‏

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

‏2022/4/22 ‏

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 19ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە . هەروەهاپشتیوانی خۆی بۆ گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن هەروەها ستایشی هەماهەنگیی و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان کرد و هیواشی خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت، لەم ڕووەشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر ئاسانکارییەکی پێویست، پێشکەشی وەبەرهێنەران بکات.

 
 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/april/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%DA%AF%DB%95%DA%B5-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9-%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%8C%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7-%DA%A9%DB%86%D8%A8%D9%88%D9%88%DB%95%D9%88%DB%95/

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا،لەگەڵ پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا لە بواری کۆچبەران و کۆچی نایاسایی. خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری ئەمنی و کۆچی نایاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گرووپ و باندانەی بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و هەڕەشەکانی تیرۆر، یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کۆچبەری.

 
 
 
 
 
 
 
  • https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/april/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%DA%AF%DB%95%DA%B5-%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D9%88%D8%AE%DB%86%DB%8C-%D8%A8%DB%95%D8%B1%DB%8C%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%A7-%DA%A9%DB%86%D8%A8%D9%88%D9%88%DB%95%D9%88%DB%95/
 

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە (124)مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوكارانی، کە هاوكاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، پیرۆزبايیەكی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیكی پیشەیی میدیاكاریدا، بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.
جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی كوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕاگەیاندن بە گشتی ڕەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی ڕاگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە ڕۆژنامەونووس و ڕاگەیاندنکارە ڕاستەقینەکانی کوردستان بکەم کە ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ ڕێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.
لە کۆتاییدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیریی كورستانیان کردووە.

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
22ی نیسانی 2022

 

22 نیسان 2022

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆوی هوود جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا.
سەرۆکی حکومەت، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیاری چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و لە ژێر هیچ گوشارێکیشدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت.

 
 
 
 
 
 
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2022/april/%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%BE%DB%8E%D8%B4%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%84%DB%95-%D8%AC%DB%8E%DA%AF%D8%B1%DB%8C-%DB%8C%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%AF%DB%95%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D9%88%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B1%DB%8C-%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D9%85%DB%95%D8%B1%DB%8C%DA%A9%D8%A7-%D8%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D8%AA/

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ريكى ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/4/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز جۆوى هوود جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا كرد.

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، مه‌ترسييه‌كانى داعش، دۆخى ناوچه‌ى شه‌نگال و بارى ئابوورى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى له‌ عيراق و ده‌رچوونى له‌ دۆخى چه‌قبه‌ستوويى و پێكهێنانى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و خواسته‌كانى هاووڵاتيان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى وڵات بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان كرده‌وه‌.

به‌ڕێز جۆوى هوود سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ په‌يوه‌ندى و ئه‌و هاريكارييه‌ى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزيان و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌يبووه‌ و جه‌ختى له‌ په‌يوه‌نديى به‌هێز و به‌رده‌واميى دۆستايه‌تى و هاوبه‌شى و پشتيوانيى ئه‌مه‌ريكا بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی ديداره‌كه‌دا كه‌ ژماره‌يه‌ك ديپلۆماتكار و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، پرسه‌كانى ئازادى ڕاده‌برين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا، پێشهاته‌كان له‌ ئۆكراینا و دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى خرايه‌ به‌ر باس.

له‌ دوا ته‌وه‌رى ديداره‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ به‌ڕێز جۆوى هوود خواست كه‌‌ بڕياره‌ له‌ داهاتوويه‌كى نزيك و له‌ پۆستێكى تازه‌ى ديپلۆماسيدا، ده‌ستبه‌كار بێت.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-receives-an-american-delegation/

شەممە, 09 نیسان 2022 22:25

سەلام رشدی له‌گه‌ڵ سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە دیداری کرد

"سەلام رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ "سەفین دزەیى" بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبۆوه. 

"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، ڕۆژی چوارشه‌مه ٦ی ئه‌پرێلی ٢٠٢٢ سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایه‌ن "سەفین دزەیى" بەرپرسى فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به گه‌رمی پێشوازیی لێکرا و سه‌باره‌ت به باروودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانى دەرەوه دیدار و چاوپێکه‌وتنیان کرد.

له‌م دیداره‌دا، جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و بەرپرسى فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، باروودۆخی ناوچه‌که و عێراق و هه‌روه‌ها به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی دەرەوه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاخاوتنیان کرد.

 

سەلام رشدی له‌گه‌ڵ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان کۆبۆوه

"سەلام رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ "هێمن هه‌ورامی" جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان له شاری هه‌ولێر دیداریی کرد.

"سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه ١٠ی ئه‌پرێلی ٢٠٢٢ سه‌ردانی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی کرد و لە لایه‌ن "هێمن هه‌ورامی" جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان به گه‌رمی پێشوازیی لێکرا و سه‌باره‌ت به باروودۆخی هه‌رێمی کوردستان دیدار و چاوپێکه‌وتنیان کرد.

له‌م دیداره‌دا، جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، به گشتی سه‌باره‌ت به باروودۆخی ناوچه‌که و عێراق و هه‌روه‌ها به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ئاخاوتنیان کرد.

پەڕەى 39 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی