ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و يادى سەد و بیست و چواره‌مين ساڵه‌ی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ى میر میقداد ميتحه‌ت بەدرخان، هه‌روه‌ها بیست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، له هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسانى كورد و كوردستان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.
له‌م ياده‌دا به ڕێز و شكۆوه يادى ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه كه له هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تيان به كايه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه و سه‌رده‌مى شۆڕش و دواى ئازادييش، به كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان ڕاپه‌ڕاندووه و هه‌ندێكيشيان له‌م پێناوه‌دا سه‌ريان نايه‌وه و گيانيان سپارد.
له‌م بۆنه‌يه‌دا جه‌خت له هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كه‌ينه‌وه كه كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كيى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون و گه‌لى كوردستان له‌پێناوياندا خه‌بات و تێكۆشانى كردووه و خوێن و گيانى بۆ كردووه‌ته قوربانى، بۆيه هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه به هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين.
هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له بايه‌خ و گرنگيى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ينه‌وه كه هه‌ميشه ڕه‌چاوى كارامه‌يى و پيشه‌ييبوون بكه‌نه‌وه، ئه‌ركه‌كه‌يان به‌رپرسانه و به دروستى ڕاپه‌ڕێنن، به ويژدانه‌وه ڕاستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات بخه‌نه سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه، به ڕه‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، هاوكار و يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه نيشتمانييه‌كان بن، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2022/4/22