لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەکهارد برۆزە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستانی تاووتوێ کرد.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "هەرچەندە وەکو کورد بەشدارییەکی کارامان لە بونیادنانەوەی حکومەتی عیراقدا کردوە و تاوەکو ئێستاش هەموو هەوڵێکمان بۆ مانەوەی عیراقی دیموکراتی و فیدراڵ خستوەتەگەڕ، بەڵام روونە بۆ هەموو لایەک کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان مافێکی رەوای گەلی کوردستانە."
لە گفتوگۆکەدا جێگری سەرۆکی حکوومەت هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەکان عیراقی خستەڕوو و رایگەیاند: راستییەک هەیە کە ئێستا عیراق خۆی یەکگرتوو نیە و ئینتیما بۆ دەوڵەتێک بە ناوی عیراق نەماوە، هێندەی ئینتیما بۆ شیعە و سوونە و بۆ کورد هەیە..
هەروەها قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکارییە سەربازیی و مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و داوای کرد کە بەردوەام بن.