پەیامی سەرەخۆشیی نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی د. ئەحمەد چەلەبی- ییەوە

  • سێ شەممە, 03 ت دووەم 2015

"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی كۆچی دواییی د. ئەحمەد چەلەبی، كەسایەتیی نێوداری عێراقی و سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و سەرۆكی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، پەیامێكی سەرەخۆشی ڕاگەیاند.

 

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. ئەحمەد چەلەبی، كەسایەتیی نێوداری عێراقی و سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و سەرۆكی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی سەرەخۆشی ڕاگەیاند و تیایدا سەرەخۆشی لەگەلی عێراق كرد بەبۆنەی لەدەستدانی كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی. هەروەها سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ بەكۆچی دوایی د. ئەحمەد چەلەبی، گەلی كوردستان دۆستێكی گەورە و دڵسۆزی لەدەست دا.
ئەمەش دەقی پەیامی ماتەمینی بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە

هەواڵی كۆچی دواییی كەسایەتیی گەورەی عێراقی و دۆستی خۆشەویستمان د. ئەحمەد چەلەبی، ئێمەی لەناخەوە خەمبار كرد. بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی، گەلی خۆشەویستی عێراق و سەركردایەتیی كۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و هەموو هاوكارانی لە پەرلەمانی عێراق دەكەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ لەدەستدانی ئەو مرۆڤە خۆشەویستەی عێراق دەردەبڕین.

خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی، دۆستێكی گەورە و دڵسۆزی گەلی كوردستان بوو، هەروەها پشتیوانێكی گەورەی مافە ڕەواكانی كورد بوو. ئەو دۆستایەتییەی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی لە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان بنەماڵەكەی لەگەڵ ڕابەری شۆڕشی كوردستان مەلا مستەفا بارزانی سەرچاوەی گرتبوو، هەروەها خۆیشی دواتر پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ باوكی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی هەبوو.


گەلی كوردستان هەوڵەكانی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی لەبیر ناكات بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، لە سنوورداركردنی شەڕ و دروستبوونی ئاشتیدا و بەكارهێنانی پەیوەندییەكانی بۆ یارمەتیدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی خوالێخۆشبوو هەمیشە لە بیرەوەریی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.


خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی خاوەن ڕۆڵێكی گەورە بوو لە یەكخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا لە عێراق و هەروەها جێگەی ئومێد بوو بۆ دروستبوونی ئایندەیەكی گەش و دیموكراسیانە بۆ عێراق، بە گیانی ڕێككەوتنی هەمیشەیی لەگەڵ هەمووان، بەكردەوە هانی یەكڕیزی دەدا لە عێراق. خاوەن پەیوەندییەكی بەهێز بوو لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا، پەیوەندییەكی زۆر بەهێزیشی هەبوو لەگەڵ هەردوو سەرۆك كاك مەسعوود بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی.


ئەزموونی سیاسیی خوالێخۆشبوو د.ئەحمەد چەلەبی، زۆر دەوڵەمەندە بۆ دروستكردنی دیموكراسی و پێگەوەگونجان، هیوادارین هەموو لایەكمان سوود لە ئەزموونی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی وەربگرین لەپێناو پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە و لە خوای مەزن داواكارین جێگەی خوالێخۆشبوو بەهەشت بێت.


نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

 

3/11/2015 

Read کد خبر: 1660

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی