سه‌عیده سادات فێهری: "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی صدا (ده‌نگ) ته‌ئکیدی کرده‌وه که ئێستاکه مافی کورده‌کان له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه پێشێل ده‌کرێت و ئه‌مه له کاتێکدایه که کورده‌کان له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ‌دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تیان بووه. به وته‌ی ده‌باغ یه‌کێک له داخوازییه گرنگه‌کانی کورده‌کان ئه‌وه‌یه که له جیاتی ئه‌وان بڕیار نه‌درێت و مافه‌کانیان پارێزراو بێت.
ماوه‌یه‌که بارودۆخی سیاسی عێراق تێکچووه‌و وادیاره کۆنترۆڵی بارودۆخه‌که له ده‌ست "حهیدهرالعبادی" وه‌کو سه‌رۆک وه‌زیران ده‌رچووه، رای ئێوه وه‌کو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ئێران له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستای عێراق چییه؟
هه‌ر حکومه‌تێک که دوای رووخانی سه‌دام له عێراق ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه بووه، رووبه‌رووی کێشه‌ی زۆر بووه‌ته‌وه‌و کێشه‌ی زۆریش له نێوان کورد و عه‌ره‌ب و هه‌روه‌ها له نێوان ئایینه‌کاندا بوونی هه‌یه. به‌داخه‌وه به درێژایی مێژوو کێشه‌ی زۆر له نێوان که‌سایه‌تییه‌کان و لایه‌نه جیاوازه‌کانی عێراقدا بووه. بۆیه ده‌بینین که کورد و شیعه بۆ پاراستنی خۆیان و ده‌ستکه‌وته‌کانیان به‌رده‌وام سه‌رقاڵی خه‌بات دژی رژێمه‌کانی پێشوو بوون. ئه‌م بابه‌ته تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌و له‌م رووه‌وه له‌م وڵاته‌دا بابه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی له به‌ڕێوه‌به‌ری سیاسی‌دا زاڵ بووه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه که لایه‌نی ده‌ره‌کی و وڵاتانی دیکه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بێنه مه‌یدان و له که‌ره‌سه‌ی دژایه‌تی نێوان لایه‌نه‌کان له سوودی خۆیان که‌ڵك وه‌رگرن.
ئێستاش ده‌بینین به هۆی ئه‌م ده‌ستێوه‌ردان و هۆکارانه‌وه، کۆمه‌ڵێک که‌س له شه‌قامه‌کاندا رێپێوان ده‌که‌ن، ژماره‌یه‌ک ده‌چنه ناو هۆلی په‌رله‌مان و که‌سانێکیش له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی ئیداری و یاسایی عێراق، باس له گۆڕان ده‌که‌ن. ئه‌م که‌سانه بێ گوێدان به فاکته‌ره‌کانی پێکهتانی عێراقی نوێ که به پێی رێککه‌وتنه، ئه‌م کارانه ده‌که‌ن.
له ئێستادا گرنگترین داواکاری کورده‌کان له حکومه‌ت چییه؟
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق دوای رووخانی سه‌دام له نێوان شیعه، سوننه و کورددا دابه‌شکراو ئه‌مانه توانییان عێراق نوێ دروست بکه‌ن. کاتێک عێراقی نوێ دروست کرا ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت درا به شیعه‌کان، دانانی یاسا و به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا درا به سوننه‌کان و کورده‌کان به چه‌ند هۆکارێک که له رابردووش‌دا بوونی بوو و له‌و رووه‌وه که ناوچه‌ی تایبه‌ت به خۆیان به‌ده‌سته‌وه بوو له‌گه‌ڵ عێراق یه‌کیان گرت و ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیان پێکهێنا. له‌و کاته‌دا ده‌رکه‌وت که یه‌کگرتوویی نێوان شیعه‌و کورد ده‌بێته هۆکاری به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا و حکومه‌تی شیعه‌ش زیاترین سوودی له یه‌کگرتویی له‌گه‌ڵ کورده‌کان بینی. به‌ڵام به‌داخه‌وه دوای هاتنه سه‌رکاری سه‌رۆک وه‌زیره شیعه‌کان واتا ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، نوری مالکی و حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌رای من شیعه‌کان تاڕاده‌یه‌ک له‌خۆبایی بوون و باسێک هاته ئاراوه که گوایه پلانی حکومه‌تی هاوبه‌ش واتا به ئاماده‌بوونی لایه‌ن و حزبه سیاسییه جیاوازه‌کان و بوونی کابینه‌یه‌ک پێکهاتوو له وه‌زیره‌کانی شیعه، سوننه و کورد بگۆڕدرێت. واتا سه‌رۆک وه‌زیران بتوانێت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی بێت که حکومه‌تی نوێ پێک بێنێت. ئه‌م هه‌نگاوانه که له‌ژێر ناوی چاکسازی له عێراقدا ئه‌نجام ده‌درێت، پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی چاکسازی بێت، شه‌ری سیاسییه.
به پێی گه‌نده‌ڵییه‌ک که له کابینه‌ی عێراقدا هه‌یه ئه‌گه‌ر بڕیاره چاکسازییه‌ک بکرێت ده‌بێت ریشه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌وه و ئه‌و وه‌زیرانه‌ی به باشی ئیشیان نه‌کردووه دیاری بکرێت. ئه‌مه‌ی که به ناوی چاکسازی و به ناوی حکومه‌تی ته‌کنۆکرات هه‌موو وه‌زیره‌کان بگۆردرێن، ههنگاوێکی دروست نییه.
واتا به‌ڕای ئێوه ئه‌م کابینه‌ی عه‌بادی پێشنیاری کردووه، ته‌کنۆکرات نییه؟
ده‌بێت بزانین مانای ته‌کنۆکرات چییه؟ ته‌کنۆکرات به مانای ئه‌وه که خودی سه‌رۆک وه‌زیران به‌دوای ئه‌وه‌وه بێت وه‌زیرێکی پرۆڤێشناڵ بێنێته سه‌رکار به‌ڵام سه‌ربه خۆی بێت. ئه‌مه له چوارچێوه‌ی چاکسازیدا ناگونجێت. حکومه‌تی ته‌کنۆکرات به‌و مانایه دێت که لیژنه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری حکومه‌تی ته‌کنۆکرات بکات. به‌ڕای من کاتێک وه‌زیرێک داده‌نرێت، چ ته‌کنۆکرات بێت یان نه‌بێت، به پله‌ی یه‌که‌م ده‌بێت سیاسی بێت. کاتێک ئه‌م که‌سایه‌تییه سیاسییه دانرا ده‌بێت له خۆیه‌وه به‌ره‌وخوار واتا جێگر و راوێژکاره‌کانی ته‌کنۆکرات بن. ئه‌گه‌ر ره‌وتی عه‌بادی له‌به‌رچاو بگرین، ده‌بێت خودی سه‌رۆک وه‌زیریش ته‌کنۆکرات بێت. به‌ڵام ده‌بینین به درێژایی مێژوو و له جیهانی ئه‌مرۆشدا زۆربه‌ی سه‌رۆک حکومه‌ته‌کان، سه‌رۆک په‌رله‌مانه‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیره‌کانیش، ته‌کنۆکرات نین، به‌ڵام ژێرده‌سته‌کانیان ته‌کنۆکراتن. چونکه هه‌ر که‌سێکی ته‌کنۆکرات ته‌نها له یه‌ک بواردا کارناسه، بۆ نمونه وه‌زیری ته‌ندروستی ته‌نها کارناسی یه‌ک بواره یان وه‌زیری نه‌وت. ئه‌م وه‌زیرانه ده‌بێت به‌رپرسی سیاسی باش بن تاوه‌کو بتوانن وه‌زاره‌تێک به‌ڕێوه‌به‌رن. ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراقدا ده‌یبینین له دوژمنییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، واتا عه‌بادی ده‌یه‌وێت به بیانووی حکومه‌تی ته‌کنۆکراته‌وه وه‌زیره‌کان بگۆڕێت. له‌م نێوانه‌دا له‌وانه‌یه ژماره‌یه‌ک وه‌زیری پێشووش وه‌ک خۆیان بمێننه‌وه، له کاتێکدا ته‌کنۆکرات نین. بۆیه بارودۆخی ئێستای عێراق زۆر خراپه، کار گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که په‌رله‌مان داگیر بکرێت، سه‌رۆک وه‌زیری جێگری سه‌رۆک کۆمار له‌سه‌ر کار لاده‌بات یان وه‌زیره‌کان ده‌گۆڕێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌بێت چاو له‌م بابه‌ته بگرێت که ئه‌ویش به رێککه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌کان بووه‌ته سه‌رۆک وه‌زیر و به هۆی تهکنۆکراتبوونهوه ئه‌م پۆسته‌ی وه‌رنه‌گرتووه. هه‌روه‌ها له‌و رووه‌وه که ئه‌و ئه‌ندامی حزبی ده‌عوه بوو بووه سه‌رۆک وه‌زیر. چونکه له‌و کاته‌دا الدعوه زۆرترین ده‌نگی هێنابوو و ده‌بوو سه‌رۆک وه‌زیر له‌وان بێت. کاتێک که‌سێک له‌م رێگایه‌وه ده‌بێته سه‌رۆک وه‌زیر ناتوانێت به له‌به‌رچانه‌گرتنی ئه‌م یاسایه که‌سانێک له‌سه‌ر کار لاببات.
به‌و پێیه که بارودۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزه‌و له لایه‌کیشه‌وه بارودۆخی ئه‌منی به هۆی داعشه‌وه له‌بار نییه، کورده‌کان باس له جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن، به‌ڕای ئێوه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستای کورده‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتدایهو به گشتیی ئه‌م بابه‌ته بۆ هاتووه‌ته ئاراوه؟
سه‌باره‌ت به کورده‌کان راڤه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه هه‌یه، سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانین که کورده‌کان یه‌کێک له لایه‌نه گرنگه‌کانی دروستبوونی عێراقی نوێن، خالی دووه‌م ئه‌وه‌یه که رێککه‌وتن به‌و پێیه بووه که سه‌رۆک کۆمار، جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و جێگری سه‌رۆک په‌رله‌مان کورد بن و ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت که کورده‌کان له حکومه‌تی عێراقی نوێ‌دا شه‌ریکن. به‌ڵام به‌شداری له عێراقدا به‌و مانا نییه که ئه‌م که‌سه ته‌نها وه‌کو کورد پله‌و پایه‌یان بێت، به‌ڵكوو به‌شداری به‌و مانایه که کورده‌کان له هه‌موو بوارێک‌دا به‌شداربن. واتا کاتێک بڕیاری سیاسی ده‌درێت یان چاکسازی ده‌کرێت، کورده‌کانیش لێی ئاگاداربن. ده‌ستووری عێراق به ده‌نگی کورده‌کان په‌سه‌ندکرا، که‌واته ئێستا که باس له گۆڕینی وه‌زیره‌کان ده‌کرێت ئه‌گه‌ر کورده‌کان قبووڵی ناکه‌ن به‌و مانایه نییه که ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بن. به‌ڵکوو قسه‌ی کورده‌کانی عێراق ئه‌وه‌یه که وه‌زیرێکی کورد که ده‌یانه‌وێت بیگۆڕن کێشه‌ی چی بووه. ئه‌گه‌ر که‌سێكی تهکنۆکراتتان ده‌وێت، وه‌زیره کورده‌کانی ئێستا له بواری خۆیاندا پسپۆڕن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وته درێژه‌ی بێت به دڵنیاییه‌وه ئاکامێکی باشی نابێت.
کورده‌کان ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ‌دا به‌شداربن و له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بڕیار نه‌درێت. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا له په‌رله‌مانی عێراق به پێی ده‌ستوور، مافی کورده‌کان و که‌مینه‌کانی دیکه، نه‌پارێزرێت، ده‌بێت چی بکه‌ین. له راستیدا کورده‌کان خوازیاری پاراستنی مافه‌کانیانن. کورده‌کان ئاگادارن که مه‌ترسی دروشمی جیابوونه‌وه‌و تێچووه‌کانی چه‌نده له‌سه‌ره به‌ڵام ناکرێت به‌م شێوه‌ش درێژه‌ی ببێت. چونکه له عێراقدا مافی کورده‌کان پێشێل ده‌کرێت. له‌م بارودۆخه‌دا هیچ چاره‌یه‌ک نامێنێت جگه له به‌ڕیوه‌بردنی رێفراندۆم و راپرسی و رای کورده‌کانی عێراق بپرسرێت. دیاره له بارودۆخی ئێستادا خه‌ڵکی کورد هه‌موویان خوازیاری سه‌ربه‌خۆیین به‌ڵام تا ئه‌م کاته رابه‌ریی کورد ئه‌م کاره‌ی نه‌کردووه. ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌که بۆ کورده‌کان گونجاو بێت ئه‌وانیش به‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه نابن که یه‌کێک له‌م مه‌رجانه به‌نده به حکومه‌تی عێراقه‌وه.
واتا حکومه‌تی عێراق قبوولی بکات که کورده‌کانیش به‌شداربن به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قبووڵی نه‌که‌ن، کورده‌کانیش ده‌یانه‌وێت بابه‌تی رێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق، تورکیا و ئێران جێبه‌جێ بکرێت.
به‌ڵام له بارودۆخی ئێستادا ئه‌م وڵاتانه سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان له عێراق قبووڵ ناکه‌ن؟
بێ‌شک تا ئه‌م کاته بارودۆخ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان ئاماده نه‌بووه به‌ڵام جاروبار بارودۆخێک له عێراقدا دێته ئاراوه که واده‌کات کورده‌کان بیر له سه‌ربه‌خۆیی بکه‌نه‌وه وه‌کو ئێستا که به‌شداری کورده‌کان له‌بیرچووه. حکومه‌ت ده‌بێت چاو له‌وه بکات که له نێو کورده‌کاندا که‌سانێک له عێراق بوون و خزمه‌تیان کردووه که ناتوانن له‌بیری که‌ن. که‌سێک وه‌کو جه‌لال تاڵه‌بانی که ساڵه‌های ساڵ خه‌باتی کرد و خزمه‌تی به‌رچاوی پێشکه‌ش کرد.
هه‌روه‌ها که‌سێک وه‌کو مه‌سعود بارزانی به ئاسانی وه‌کو سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵنه‌بژێردراوه. به‌لکوو خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به درێژایی مێژوو خه‌باتیان کردووه. که‌واته به پێی پێشینه‌ی کورده‌کان له مێژووی عێراقدا، ئێمه خوازیارین که به پێی ده‌ستوور مافه‌کانمان بپارێزرێن. به رای خۆم، بارودۆخ بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردی ئاماده نییه به‌ڵام گوشاره‌کانی به‌غدا بۆ سه‌ر کورد، چه‌ند شتێکی لێکه‌وتووه‌ته‌وه. هه‌موو لایه‌ک دیویانه له رۆژێکه‌وه که داعش له عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه، کورده‌کان چه‌نده خه‌باتیان کردووه و به گیان و دڵ ناوچه کوردییه‌کانیان پاراستووه. کورده‌کان له شه‌ڕی دژی داعش شه‌هید و قوربانی زۆریان داوه، به‌ڵام حکومه‌تی عێراق هیچ یارمه‌تییه‌کی به پێشمه‌رگه نه‌داوه. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین به‌و راده که هاوپه‌یمانه‌کانی ئێران یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان داوه، حکومه‌ت نه‌یداوه.
بارودۆخی ئێستا له عێراق تاکه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و رای ئێوه له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م قه‌یرانه چییه؟
ئه‌م بارودۆخه درێژه‌ی ده‌بێت و بیرۆکه‌کانی ئێستا چاک نابن. ئێستا زۆربه‌ی سیاسییه‌کانی عێراق به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی، حزبی و دواتر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییهوهن. ئه‌مه له کاتێکدایه که حزب و لایه‌نه عێراقییه‌کان ده‌بێت له‌م بیرۆکانه خۆیان به‌دوور بگرن. له سه‌رده‌مێکدا که سه‌دام رووخا هه‌موو لایه‌نه‌کان یه‌کیان گرت و ئاکامه‌که‌ی له‌ناوچوون و رووخانی رژێمی به‌عس بوو، دوای ئه‌وه‌ش به ئامانجی پێکهێنانی یه‌که‌مین په‌رله‌مان و حکومه‌ت دیسان یه‌کیان گرته‌وه و رێککه‌وتن. له هه‌مان کاتدا ده‌ستووریش په‌سه‌ندکرا. ئێستاش ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان پابه‌ندی ده‌ستوور بن و دوای ئه‌وه ده‌ست بده‌نه چاکسازی. چاکسازیش به‌و مانایه‌یه که شوێن و که‌یسی گه‌نده‌ڵی دیاری بکرێت و له هه‌مان خاڵدا گۆڕان و ئاڵوگۆڕ دروست بکه‌ن. هه‌نگاوی دواییش ئه‌وه‌یه که پرۆسه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌ریی ته‌کنۆکرات له‌به‌رچاو بگیردرێت نه ئه‌وه‌ی که ته‌نها که‌سێکی ته‌کنۆکرات بێته سه‌رکار. ئه‌گه‌ر که‌سێک پسپۆڕ بێت به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ریی و سیاسه‌ت نه‌زانێت، ده‌سه‌ڵاتی ببێت بارودۆخه‌که له‌وه‌ی ئێستا ئاڵۆزتر ده‌بێت.
هه‌فته‌نامه‌ی خه‌به‌ری ته‌حلیلی صدا، شه‌نبه ١٨ گوڵانی ١٣٩٥، لاپه‌ڕه‌کانی ٦٣ ، ٦٤.