خەندان- نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگە بۆ وەرگرتن و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد.
ئەو وتانەی نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا هات لەگەڵ كارا جۆنسۆن مالینا، جێگری بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە وڵاتی ئێران.
نازم دەباغ لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەشداری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، "هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگە بۆ وەرگرتن و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد و هەروەها هەرێمی كوردستان پابەندی یاسای بنەڕەتی عێراقی فیدراڵە".
لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەباغ وتی، "رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵ یەكتری پەیوەندیمان باشتر دەبێت و دوای ڕەوانەكردنی بوودجە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوانی هاوكاری زۆرتر و چالاكتر دەكرێت لە هەر دوولا".
بڕیارە 12ی مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەربچێت.