"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: لەو باوەڕەدام سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق، نە تەنیا لەسەر پەیوەندەییەکانی هەولێر و بەغدا، بەڵکوو بە گشتیی کاریگەریی پۆزێتیڤی لە سەرتاسەری عێراق دەبێت.
گرووپی نێودەوڵەتی ئاژانسی ئانا ـ موجتەبا ئیسماعیلی: بەبڕوای زۆربەی کاراناسانی ناوچەیی، عێراق لە قۆناغێکی هەستیار دایە و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە دابین دەکات. لەم ناوەندەدا بەرپرسانی باڵای عێراق بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم وڵاتە نابێتە بەشێک لە سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمەریکا بە دژی ئێران، چونکە عێراق سنووری دوور و درێژی هاوبەش و پەیوەندیی و بەرژەوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێران هەیە و هیچ کاتێک لەسەر پابەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمەریکا بەهرەمەند نابێت.
بێجگە لەمانە، عێراق ئێستاکە شایەدی چوونە سەرێی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردییەکان خوازیاریی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی خۆیان لە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانن بە لەبەرچاوگرتنی ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی و ڕێزلێنانی دوو لایەنە و سەردانی سەماحەتی "حەسەن ڕووحانی" سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمان بۆ عێراق، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگی لەم بوارەدا هەبێت.
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری بەشی ڕۆژئاوای ئاسیا و سنووری خۆڕاگریی، وڵامی ئەو پرسیارانەی سەبارەت بەم سەردانە و هەندێک دۆسییە داوە کە ئێستاکە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، کە لە درێژەدا پێشکەشتان دەکرێت.
ڕێککەوتنی ئێران و عێراق لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندایە
ئانا: حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەمان لە عێراقە و وادیارە بەرنامەیەکی بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان نییە. ئایا پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بنە’ڕەتی دەوڵەتی عێراقدا پێناسە دەکرێت؟
دەباغ: تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە سەردانی ئاغای ڕووحانی نەگیراوە، بەڵام بە گشتیی لەوبڕوایەداین هەر سیاسەتێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق لەسەری ڕێکبکەون، سەتاسەد لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا دەبێت، چونکە عێراق ئەمڕۆکە لە ترۆپکی یەکبوونی خۆیدایە و بە پێی یاسای بنەڕەتی، هەر بڕیارێکی بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکانی عێراقدایە.
من لەو بڕوایەدام سەردانەکە زۆر سەرکەوتوو بووە، چونکە ئێران و عێراق لە باروودۆخێکدان کە زیاتر لە جاران پێویستیان بە یەکێتی لە نێوان یەکتردا هەیە. بێجگە لەمانە دۆستایەتی، هاوپەیمانی و هاوکاریی نێوان عێراق و ئێران پێویستە. بە بڕوای من، سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق نە تەنیا لەسەر پەیوەندەییەکانی هەولێر و بەغدا، بەڵکوو بە گشتیی کاریگەری پۆزێتیڤی لە سەرتاسەری عێراق دەبێت. چونکە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق یاسایەک و یەکییەتییەکی جوگرافییان هەیە و ئەم سەردانە دەتوانێت کاریگەر بێت.
ئانا: "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان مانگی ژانوییەی ئەمساڵ لە سەردانێکی پێنج رۆژەیەدا بۆ عێراق، سەردانی هەولێر و سلێمانیشی کرد. ئەم جووڵە دیپڵۆماتیکییە چ دەسکەوتێکی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو؟
دەباغ: ئەم سەردانە دەبێتە بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەم پەیوەندییە چڕووپڕە بەردەوام درێژەی هەیە. دیارە ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراقدایە و دەتوانێت لە زیاترکردنی هاوکارییەکانی دوو لایەنە کاریگەر بێت، چونکە ئێستا کوردەکان شەریکی بەغدان. دیارە کاتێک خەڵکانێک لە هەرێمی کوردستان لە باروودۆخ و سیاسەتەکانی ئێران ڕەزامەنیدان هەیە، ئەم بابەتە لەسەر پەیوەندەییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەریی پۆزێتیڤی دەبێت. من سەردانی زەریف بە باش و سەرکەوتوو هەڵدەسەنگێنم.
هەرێمی کوردستان سنووری "شۆشمێ" بە فەرمی ناناسێت
ئانا: "شەهاب نادری" نوێنەری خەڵکی پاوە و هەورامان لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی سەبارەت بە باروودۆخی سنووری "شۆشمێ" گوتوویەتی کە لەبەرچاوگرتنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و هەولێر، لە لایەنی ئێمەوە "شۆشمێ" سنوورێکی فەرمییە. ئایا ئەم دەروازە سنوورییە لە لایەنی هەرێمی کوردستانی عێراق بە فەرمی نەناسێندراوە؟
دەباغ: لە لایەنی هەرێمی کوردستانەوە ئێستاش گرفتەکانی ئەم سنوورە بوونی هەیە، بەڵام ئێمە ئامادەین کە پشتیوانی لێبکەین و کارووبارە سنوورەییەکانی دەبێت لە نێوان ئێران و عێراق چارەسەر بکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە و سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەر ئەو سنوورانەی پێشوون. هەر بەم پێیە، هەرێمی کوردستان سنووری "شۆشمێ" بە فەرمی ناناسێت.
پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموواندایە
ئانا: چەند ڕۆژ پێ ئێستا ڕێککەوتەنامەیەکی سیاسی چڕووپڕ لە نێوان دوو حیزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەوانە: پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی واژۆ کرا. پێش ئەوەی کە ڕێککەوتن بکرێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیامێکی بۆ "مەسعوود بارزانی" ڕوانە کرد و خوازیاری خێرایی لە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتەنامەیە بوو. ئایا دەستێوەردانی ئەمەریکا کاریگەری لە سەر ئەم ڕێککەوتنە هەیە یان نا؟
دەباغ: بە بڕوای من ئەم کارانە، زیاتر لایەنی میدیایی هەیە و ئەمەریکا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێشنیاریی نەکردووە. نە تەنیا ئەمەریکا بەڵکوو تەنانەت هەندێک لەوبڕوایەدان کە "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پەیامی دابوو، بەڵام بە پێی باروودۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو کەشووهەوا سیاسییەیەی کە بوونی هەیە، لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت. بێجگە لەمانە، بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبرژاردنەکان، ئاسایش و هێمنی زیاتر سەقامگیر دەبێت و ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دایە.
لە لایەکی دیکەشەوە لەوبڕوایەدام کە باشترین باروودۆخی بۆ ئەم دوو گرووپە سیاسییەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بۆخۆیان بە بێ دەستێوەردانی بیانی لەگەڵ یەکتری ڕێکبکەون، چ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چ حیزبی دیموکرات مافی ئەوەیان هەیە و بە هۆی بڕوابوون بەم مافە کە دەبێت ڕێککەوتنی سەرەکی بکرێت. ئینشا’ڵڵا بە زووترین کات دەبینین کە تەواوی گرفتەکان چارەسەر دەبێت و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکدێت.
ئانا: ڕەتی پێکهێنانی حکوومەت لە چ قۆناغێکدایە؟ ئایا بە زووترین کات شایەدی پێکهێنانی حکوومەت دەبین یا گرفتەکانی پێشوو لەسەر جێی خۆی ماوەتەوە؟
دەباغ: نەخێر، لەوبڕوایەدام بە پێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە گرفتی ئەوتۆ نەماوە، تەنیا گرفت ئەوەیە کە بە شوێین ڕێکارێکەوەن تاکوو هەر چی زووتر کابینەیەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت و هەموو شتێک پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر چی زووتر کاندیداکانی خۆی بۆ ئەم ئەرکە بەرپرسیارییەتە دەستنیشان بکات و کابینە پێکبێت و پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان لە یەکەمین دەرفەتدا کۆبوونەوەی خۆی ساز دەکات تاکوو ڕەوتی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێت.
ئانا: ئایا ناوی کەسێکی تایبەت بۆ کاندیدبوون دەستنیشان کراوە؟
دەباغ: بەڵێ، بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە وەکوو کاندیدی سەرۆکایەتی و "مەسروور بارزانی" وەکوو کاندیدی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دیاریکراون.
پێشوازیی لە سەرمایەدارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین
ئانا: ماوەی هەفتەیەک پێش ئێستا بابەتی وەبەرهێنانی سەرمایە لە لایەن کۆمپانیای ئیماڕاتی "دانا گاز" لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. ئایا ئەم بابەتە نابێتە هۆی ئەوەی کە وڵاتێکی وەکوو ئیماڕات و لە درێژەدا، وڵاتانی لاوەکی باشووری خەلیجی فارس بیانەوێت لە لایەنی ئابوورییەوە بێنە ناو کێشە سیاسییەکانی هەرێمەوە؟
دەباغ: ڕێککەوتەنامەی گازی لە نێوان هەرێمی کوردستان و "دانا گاز" پێشتریش بوونی هەبووە و ئێستا ئەم ڕێککەوتەنامەیە گەشەی سەندووە. نە تەنیا ئیماڕات بەڵکوو ئێمە خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی خۆمانین و پێشوازیی لە وەبەرهێنانی سەرمایە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن هەموو لایەک و وڵاتانەوە دەکەین. بە بوونی هەمووی ئەمانە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە لە هەرێم هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە و من تەنانەت لەگەڵ نوێنەری "دانا گاز" لە تاران چاوپێکەونم کرد. ئێمە ئامادەین پێشوازیی لە سەرمایەدارانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بکەین.
ئانا: ئایا ئەم بابەتە کە هەندێک لە نوێنەرانی پەڕڵەمانی عێراق سەر بە یا خود لایەنگری لە رژێمی زایۆنی دەکەن، ئەوە تا چەندە ڕاستە؟
دەباغ: هەر کار و هەنگاوێک کە ئەنجامبدرێت دەبێت لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی عێراق بێت. کاتێک کە دەوڵەتی ناوەندیی لە بەغدا ئیزنی کارێک بدات، دەستی ئێمەش لە هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە کراوەیە. من لکاندنی هەر کام لە نوێنەرە کوردەکانی پەڕڵەمانی عێڕاق و هەروەها هەرێمی کردستان کە لایەنگری لە رژێمی زایۆنی بکەن ڕەددەکەمەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک عەڕەب بوونیان هەیە کە سەردانی وڵاتە داگیرکراوەکان (ئیسڕائیل) دەکەن و دەگەڕێنەوە.
لینکی چاوپێکەوتن:
http://ana.ir/fa/news/33/367618/سفر-روحانی-به-عراق-بر-روابط-بغداد-اربیل-اثر-مثبت-خواهد-داشت