"نازم دهباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بهشداری له کۆبوونەوەی دکتۆر "عادل عهبدوالمههدی" سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لەگەڵ ڕەوەندی عێراقی لە ئێران کرد.
لەسەر بانگهێشتی فەرمی لە لایەن باڵیۆزی عێراقی فیدڕاڵ لە تاران کە ئاراستەی "نازم عومەر دهباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کردبوو بۆ بەشداری کردن لە نیوەرۆخوان و کۆبوونەوەی دکتۆر "عادل عهبدوالمههدی" سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی عێراقی لە ئێران، دوێنێ یەکشەمە رێکەوتی ٧/٤/٢٠١٩ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران و ژمارەیەک لە کارمەندانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق، باسێکی کورتی دەربارەی باروودۆخی عێراق لەم چەند ساڵەی ڕابردوو کرد و پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق دوای ڕووخانی رژێمی سەدام و گرنگی ئەو پەیوەندییە خستەڕوو.
بەشی دووههمی کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە ڕەوەندی عێراقی لە ئێران، که چەند هاوڵاتییەک باسی بارودۆخ و کێشەی هاوڵاتیانی عێراقییان کرد لە ئێران و لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵێنیدا کە بەدوای کێشەکانیاندا بڕوات و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدات.
جێگای ئاماژەیه کە هاورێی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، ژمارەیەک لە وەزیرانی و پەرڵەمانتارانی عێراق، بەشداری کۆبوونەوەکە بوون که له هوتێل "ئێسپیناس پاڵاس" له شاری تارانی پێتهختی ئێران بهڕێوهچوو.