نازم ده‌باغ له‌ وتووێژی له‌ گه‌ڵ جام کوردی ڕایگه‌یاند: پلانی حکومه‌تی هه‌رێم / تێڕوانینی هاوبه‌شی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق / گه‌شبینی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا

جام کوردی: ///  نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ ئێران ده‌ڵێت حکومه‌تی ئێستای هه‌رێم خاوه‌نی پلانێکی تۆکمه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کۆی گشتی کێشه‌ و گرفته‌کان له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند. ده‌شڵێت بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق ڕۆڵی گرنگی له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌بێت.
به‌ پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، شاندێکی باڵا به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران و به‌ به‌شداری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدای کرد و له‌ گه‌ڵ سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق پرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لای تاوتوێ کرد. ئێستاش به‌ پێی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا باس ده‌کرێت، بڕیاره‌ شاندێکی دیکه‌ی هه‌رێم له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا بگاته‌ به‌غدا و هه‌مان ته‌وه‌ر جارێکی دیکه‌ بخرێته‌ سه‌ر مێزی دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ر دوو لا.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران له‌ وتووێژی له‌ گه‌ڵ په‌یامنێری جام کوردی له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ڕایگه‌یاند: حکومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تی مه‌سرور بارزانی خاوه‌ن پلانێکی تۆکمه‌یه‌ به‌ ئامانجی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. هاتووچۆی شانده‌کانیش پیشان ده‌دات که‌ هیوامان به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ هه‌بێت تا گه‌لی کورد جارێکی دیکه‌ تووشی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابورییه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو نه‌بێته‌وه‌.
ناوبراو وتی: بڕوابوون به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ئێستادا له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌بینرێت و بوونی ئه‌م سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌ی عێراق و ته‌بایی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان وایکردووه‌ که‌ به‌ گه‌شبینییه‌وه له‌ ئاسۆی به‌رده‌م چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی عێراق و هه‌رێم بڕوانین.
نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ درێژه‌دا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ئایا له‌ ئه‌گه‌ری ڕێکنه‌که‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت، مه‌ترسی له‌ سه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه‌ یان نه‌؟ وتی: نه‌وت به‌ کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی نێوان هه‌ر دوو حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وانی دیکه‌ش ناگه‌نه‌ ئه‌نجام. بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌سراوه‌ی نه‌وته‌ و لێره‌دا کێشه‌ی قه‌رزه‌کانی هه‌رێم بوونی هه‌یه‌ که‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ر دوو لا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌مه‌ش بدۆزنه‌وه‌. به‌ بۆچوونی من کێشه‌کان ده‌توانێت چاره‌سه‌ر ببێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌کرا، ده‌توانێت کێشه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم بخوڵقێنێت.
نازم ده‌باغ وتی: ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک گوشاری لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش له‌ سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌ گه‌ڵ ئه‌م حکومه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان وایکردووه‌ که‌ گه‌شبین بین به‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و ئه‌م لێک تێگه‌یشتنه‌ی نێوان هه‌ر دوو لاش ڕێخۆشکه‌ر ده‌بێت که‌ دانوستانه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجامێکی باشی هه‌بێت.

 

 

http://jamekurdi.com/report-and-discussion/%D9%BE%D9%84%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%8E%D9%85-%D8%AA%DB%8E%DA%95%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D9%87%D8%A7%D9%88%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B4%DB%8C-%D8%B3%DB%8E-%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%86%DA%A9%D8%A7%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%DB%8C%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%DA%A9%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D8%B9%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%82-%DA%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B4%D8%A8%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%DA%86%D8%A7%D8%B1%D9%87%E2%80%8C%D8%B3%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%DA%A9%DB%8E%D8%B4%D9%87%E2%80%8C%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%86%DB%8E%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%87%D9%87%E2%80%8C%D9%88%D9%84%DB%8E%D8%B1-%D9%88-%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%BA%D8%AF%D8%A7.html

Read کد خبر: 2237

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی