له ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كه‌می كاره‌كانی دیداری مێریدا كه رۆژی سێشه‌ممه 5/11/ 2019 له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری دیبه‌یتێكی كرد.
له دیبه‌یته‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌تا سوپاسی ڕێكخه‌رانی دیداری میری كرد بۆ داوه‌تكردنیان و به‌خێرهاتنی میوانانی كرد. دواتر باسی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شدار له په‌رله‌مانی كوردستان به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركۆماری عێراق كرد و گوتی:
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه، به به‌شداريی سه‌رۆك كۆمار كه له به‌غداوه ته‌شریفی هێنابوو، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له كوردستان به‌شدارییان كرد. ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بوو كه ئێستا له به‌غدا هه‌یه، ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی ئێستا له به‌غدا هه‌یه. هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ كرد.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ش نین و ناشتوانین خۆمان به بێبه‌ش بزانین له‌و شتانه‌ی له به‌غدا ڕووده‌ده‌ن. بێگومان ئه‌وه‌ی له به‌غدا ڕووده‌دات به جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه. پێش ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بكه‌م، پێم باشه كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه قسه بكه‌م كه له به‌غدا و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌یه. ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانانه بده‌ین، ده‌بینین خۆپیشاندانه‌كان زیاتر نه‌وه‌یه‌كه كه ته‌مه‌نی له 15 تا 22 و 23 و 24 ساڵیین، به ڕاستی ئه‌مانه نه ڕژێمی سه‌دام و نه هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان له‌بیره، كه‌واته بێگومان هۆكارێكی دیكه‌یان هه‌یه له‌م خۆپیشاندانانه‌دا.
پێم وایه ئه‌م خۆپیشاندانانه سه‌ره‌تا خۆڕسك بوون، ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێ خه‌ڵكی دیكه‌ی له‌پشته، به بڕوای من زیاتر داواكاریی ڕه‌وای خه‌ڵكی عێراقه، هه‌ر له دوای 2003ه‌وه تا ئێستاكه بێ هیوان و نازانن وڵات به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و خۆیان به شایسته‌ی ژیانێكی باشتر ده‌زانن كه به ڕاستیش وایه و دیانه‌وێت خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش بكرێن و ده‌رفه‌تی كاری زیاتریان بۆ بڕه‌خسێت، به شێوه‌یه‌كی گشتیی ماندوون له‌و هه‌موو به‌ڵێنانه‌ی له ساڵانی ڕابردوو پێیان دراوه و هیچ نه‌كراوه.
زۆر جار باسمان ده‌كرد و ده‌مانگوت، عێراقی پێش 2003 و دوای 2003، به‌ڵام پێم وایه ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه بڵێین عێراقی پێش ئۆكتۆبه‌ر و دوای ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌مه عێراقێكی ته‌واو نوێیه، خه‌ڵكی عێراق ده‌نگی خۆیان گه‌یاند، ماندوو بوون له‌و هه‌موو دروشم و قسانه و ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی پێشتر پێیان فرۆشراوه و ده‌یانه‌وێ ژیان و دۆخێكی باشتریان هه‌بێت، تا ئێستا هیچ كه‌سێك میكانزمێكی پێشكه‌ش نه‌كردووه كه چۆن كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان داواكاریی خۆپیشانده‌ران به ڕه‌وا ده‌زانین، پێمان وایه ئه‌م داواكارییه، داواكارییه‌كه كه هاووڵاتییان مافێكی سروشتیی خۆیانه له ده‌سه‌ڵاتی بكه‌ن و ده‌بێت دركیش به‌وه بكه‌ین كه ته‌نیا سه‌رۆك وه‌زیران به‌رپرسیار نییه به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه خراپه، به‌ڵكو كۆی سیستمی سیاسیی عێراق به‌رپرسیاره له ساڵی 2003وه تا ئێستا. سه‌رۆك وه‌زیران یه‌ك ساڵه ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، بێگومان له یه‌ك ساڵیش‌دا گۆچانی سیحری به‌ده‌سته‌وه نییه كه بتوانێت هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. به دڵنیاییه‌وه ده‌بێت ده‌رفه‌تی زیاتری پێ بدرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یامی خه‌ڵك ڕوونه، خه‌ڵك له‌م سیستمه سیاسییه‌ی عێراق ماندوو بووه و مافی خۆشیانه، ئه‌م سیستمه هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ی حزبییه و خه‌ڵك ماندوو بووه له‌وه و په‌یامی خۆشیان گه‌یاندووه و هيوادارم هه‌موو سه‌ركرده‌كانی عێراق دركی پێ بكه‌ن.
ئێمه‌ش له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت وانه له‌وه وه‌رگرین، چونكه هه‌روه‌ك باسم كرد ئه‌وه‌ی له به‌غدا و عێراق ڕووده‌دات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت. پێشتر ده‌گوترا ئه‌وه‌ی له به‌غدا ڕووده‌دات مافمان به‌سه‌ریه‌وه نییه هه‌رچی ده‌بێت با ببێت، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كه‌مجاره زۆر به جددی هه‌رێمی كوردستان زۆر نیگه‌رانه له‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا له به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه هه‌یه. ئه‌مڕۆ به درێژی ئه‌و بابه‌تانه‌مان باس كرد. جه‌ختمان كرده‌وه ئێمه هاوكار ده‌بین وه‌ك هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانه‌وه یارمه‌تیی به‌غدا بده‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق.
سه‌باره‌ت به میكانزمی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه‌ی عێراق له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا باس كرابێت، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد:
ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین ئه‌نجامی بده‌ین، ئه‌وه زیاتر یارمه‌تیدانیانه، یارمه‌تیدانی به‌غدایه، بۆ ئه‌وه‌ی ميكانيزمێك پێشكه‌ش بكات و ئێمه یارمه‌تییان بده‌ین كه چۆن تیایدا سه‌ركه‌وێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئێستا به گۆڕینی حكوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و گۆڕینی ده‌ستوور، به بڕوای من ئه‌مانه هه‌موویان چاره‌سه‌ر نین.
ده‌بێت هه‌موو هێزه عێراقییه‌كان دانیشتنێكی جددی بكه‌ین و میكانزمێكی دیكه بدۆزینه‌وه به شێوه‌یه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌ی داواكاریی ئه‌و خه‌ڵكه بێت كه ئه‌مڕۆ هاتۆته سه‌ر شه‌قام. كۆی سیستمی عێراق كێشه‌ی هه‌یه، گرنگترینیان پرسی ئابوورییه، تا ئێستا ڕوون نییه ئابووریی عێراق چ جۆره ئابوورییه‌كه، ئایا سیستمه‌كه سۆسیالیستییه، یان بازاڕی ئازاده. هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی عێراق به ده‌یان و سه‌دان كۆمپانیایان هه‌یه، هه‌ر له‌ناو خودی وه‌زاره‌ته‌كاندا، كه كۆمپانیایه‌كی دیكه له ده‌ره‌وه دێت و ده‌یه‌وێت كار بكات به هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێڵن كار بكات و ئه‌مه‌ش هه‌مووی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافی دروست ده‌كات.
عێراق پێویستی به‌وه‌یه چاره‌سه‌ری جددی بۆ ئه‌و پرسه ئابووری و سیاسییانه بدۆزێته‌وه و دابنیشن، چونكه ئه‌مڕۆ زیاتر له سه‌دا نه‌وه‌دی ده‌رامه‌تی عێراق له‌سه‌ر نه‌وته. كاتێك باسی عێراق ده‌كه‌م، نامه‌وێت هه‌رێمی كوردستان جیا بكه‌مه‌وه له كێشانه و بڵێم ڕه‌وشمان زۆر باشتره، من ده‌مه‌وێت بڵێم كێشه‌كانی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی، شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئیداره‌دانی عێراق كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، نه ده‌ستوور كێشه‌یه و نه هه‌ڵبژاردن كێشه‌یه، كۆی سیستمی سیاسی له عێراقدا پێویسته دیسانه‌وه سه‌رله‌نوێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا.
من ئه‌گه‌ر له جیاتی ئه‌وان بم، داوام له بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرد و داوام له ئای ئێم ئێف ده‌كرد و ده‌مگوت فه‌رموو وه‌رن یارمه‌تیم بده‌ن. ده‌موت كێشه‌یه‌كی جددیم هه‌یه و یارمه‌تیى عێراق بده‌ن له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه. عێراق ده‌وڵه‌مه‌نده چ له‌ڕووی سامانی سروشتی و له‌ڕووى توانای مرۆییه‌وه، نه‌وت و غاز و هه‌موو شتێكی هه‌یه، كهواتهپێویسته له عێراق مۆدێلێك پێشكه‌ش بكرێت بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه خه‌ڵك لێی ماندوو بووه و به‌رگه ناگرێت.
سه‌باره‌ت ده‌ستوور و هه‌مواركردنه‌وه‌ی، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند:
خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ده‌ریخست كه به بۆچوونی من بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، جاران لایه‌نه سیاسییه‌كان له عێراق كه ده‌یانویست ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه، له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه دژی هه‌رێم قسه‌یان ده‌كرد و پێیان وابوو به‌م شێوه‌یه ده‌توانن ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه، كاتێك ده‌مانگوت ئێوه بۆ به‌م شێوه‌یه هێرش ده‌كه‌نه سه‌رمان، ده‌یانگوت له‌به‌ر ڕای شه‌قامی خۆمان و ده‌نگ كۆده‌كه‌ینه‌وه و هه‌میشه هه‌رێمی كوردستانیان وه‌ك بیانوویه‌ك به‌كارهێناوه تا به هێرشكردنه سه‌ری، ده‌نگ بۆ خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه.
خۆشبه‌ختانه بۆ یه‌كه‌مجار گه‌لی عێراق به‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه كردیان، به سه‌ركرده‌كانی عێراقیان گوت، ئێمه ماندوو بووین له‌و شته‌ی تا ئێستا به ئیمه‌ی ده‌فرۆشن، ئێمه خزمه‌تگوزاریمان ده‌وێت، ئێمه ژیانمان ده‌وێت، ئاو و كاره‌بامان ده‌وێت، په‌یامی خه‌ڵكی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مجاره هه‌ر خۆیان ئه‌مه‌یان ئه‌نجام دا كه جێی ڕێز و سوپاسه.
كاتێك باسی گۆڕینی ده‌ستوور ده‌كرێت، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان بڵێین نابێت ئه‌مه بكرێت، پرسیارمان هه‌یه، مه‌به‌ستتان له گۆڕینی ده‌ستوور چییه؟ وه‌ڵامی هه‌ر تاكێك ئه‌وه‌یه، ده‌مانه‌وێت ده‌ستوور بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق به‌هێزتر بێت. پرسیارمان ئه‌وه‌یه؟ ئه‌رێ به كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم، سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق پهوتر ده‌بێت، یان خراپتر ده‌بێت؟ كامهیهتی؟ ئه‌مه پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه‌یه، پرسیار ئه‌وه نییه كه ئێستا هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت نابێت ده‌ستوور بگۆڕدرێت، پرسیاری ئێمه له هه‌رێمی كوردستان كه له‌جێی خۆیه‌تی ئه‌وه‌یه، ئه‌رێ كام بڕگه‌ی ده‌ستوور بگۆڕین خۆپیشاندان ناكرێت؟ ئێمه ئاماده‌ین ئه‌مانه گفتوگۆ بكه‌ین، ئه‌رێ كام بڕگه‌ی ده‌ستووره گه‌ر بیگۆڕین ژیانی خه‌ڵكی عێراق باشتر ده‌بێت؟ له‌پێناو باشتركردنی سیستمی سیاسیی عێراق، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر بۆ هه‌موو عێراق و باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك له فاو تا زاخۆ، ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه.
پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه، ئایا به گۆڕینی ده‌ستور و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان كه ئامانجی سه‌ره‌كيی سه‌قامگیریی سیاسییه، سه‌قامگیریی سیاسی بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره زۆر ئاساییه كه بڵێین نه‌خێر نابێت، چونكه ده‌ستوور كێشه نییه، به‌ڵكو له عێراقدا فه‌رامۆشكردنی ده‌ستوور و جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
با باسی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، له هه‌رێمی كوردستان سیسته‌مێكمان هه‌یه كه فیدرالییه، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له ساڵی 2003ه‌وه تا ئێستا، له هیچ قۆناغێكدا فیدراڵی نه‌بووه. له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كه له سیستمی فیدرالیدا هه‌رێمی كوردستان هه‌م ماف و هه‌م ئه‌ركیشی هه‌یه، به‌ڵام پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كه ئه‌وه‌یه له 2003وه تاكو ئێستا ئایا به ڕاستی مامه‌ڵه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی بووه؟ نه‌خێر، هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌ركه‌زیه‌ت بووه، كه‌واته چه‌ند ماده‌ی ده‌ستووری هه‌یه كه جێبه‌جێ كراون و هه‌موویان فه‌رامۆش كراون؟
ڕاستییه‌كی دیكه‌ش هه‌یه، له 2003 كاتێك كورد بڕیاری دا به‌شدار بێت له عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ئه‌و بڕیاره‌مان داوه. له دیباجه‌ی ده‌ستووردا زۆر به ڕوونی هاتووه (جێبه‌جێكردنی ئه‌م ده‌ستووره ده‌سته‌به‌ری یه‌كێتیی خاكی عێراقه) ئه‌وانه‌ی له ده‌ستوور شاره‌زان پشتگیریی ئه‌مه ده‌كه‌ن. ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2003 دۆخێكی زۆر تایبه‌تمان هه‌بوو، ڕاسته ئێمه ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نه‌بووین، ته‌نانه‌ت پاره‌شمان جیاواز بوو. ئێمه به خواستی خۆمان گه‌ڕاینه‌وه به‌غدا و یارمه‌تيی عێراقی نوێمان دا.
خوالێخۆشبوو جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال، خوالێخۆشبوو جه‌نابی نه‌وشیروان مسته‌فا و سه‌رۆك بارزانی چی له ده‌ستیان هات كردیان بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌مان نارد بۆ پاراستنی به‌غدا تا له هه‌ندێك شوێنی به‌غدا ئارامی به‌رقه‌رار بكه‌ن، واته خواستی كورد بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ شتێكی شاراوه نییه. ئه‌مڕۆش ئه‌و كێشهيهی ئێستا هه‌یه ته‌نیا به كێشه‌ی به‌غدای نابینین، به كێشه‌ی خۆشمانى ده‌زانین.
ئێمه له یه‌ك جوگرافیاداین و ئه‌وه‌ی له‌وێ ڕووده‌دات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی لێره ڕووده‌دات كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وێ ده‌بێت و پێویسته به هێمنی و بێ تاوانباركردنی یه‌كتری، بێ ئه‌وه‌ی بڵێن ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد زۆره و ده‌بێت كه‌م بكرێته‌وه! كام ده‌ستكه‌وت زۆره و ده‌بێت كه‌مبكرێته‌وه و كام ده‌ستكه‌وتی كورد ڕێگر بووه له دابینكردنی كاره‌با؟ كام ده‌ستكه‌وتی كورد ڕێگربووه له‌وه‌ی ژیانێكی باشتر بۆ عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت و كێشه‌ی ئاو له باشوور دروست بكات؟ ئه‌گه‌ر به‌ندێكی وا له ده‌ستوور هه‌یه، به خۆشحاڵییه‌وه ئاماده‌ین قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت عێراقییه‌كان ژیانێكی باشتریان هه‌بێت.
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی بۆ یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان چی ده‌بێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:
كێشه‌ی ئێمه بۆ چه‌ندین ساڵ، له سایكۆلۆجیه‌تی ئێمه، به‌غدا هه‌ر بوونی نه‌بووه. بایه‌خی نه‌بووه بۆمان، دۆخی به‌غدا چۆنه، گرنگیمان پێی نه‌داوه. به ڕای من هه‌ڵه بووین و هه‌ڵه‌شه. به‌غدا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت شه‌رعیه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و دامه‌زراوه‌ی هه‌یه و ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه. پێویسته ئێمه به‌رده‌وام سوود له‌و شه‌رعیه‌ته وه‌ربگرین بۆ هه‌رێمی كوردستان.
خاڵێكی دیكه، كۆی ئه‌ندامانی كوردی هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران 58 نوێنه‌ره، به‌ڵام هه‌ر یه‌كیان قسه‌یه‌ك و گوتارێكی هه‌یه. نه پارتی و نه یه‌كێتی و نه گۆڕان و نه یه‌كگرتووی ئیسلامی هیچ لایه‌نێك له ئێمه به‌و په‌رته‌وازییه ناتوانێت ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بێت. ئێستا له سه‌رۆكایه‌تيی هه‌رێم، به سوپاسه‌وه ده‌ڵێم، هه‌موو سه‌ركرده و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كۆدهنگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستانی له به‌غدا دروست بكه‌ین. كۆبوونه‌وه‌ی پێشتر بڕیارێكی وامان داوه و لیژنه‌یه‌كیشمان دروست كردووه به سه‌رۆكایه‌تیی به‌رێز مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌ك یه‌ك له جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان خه‌ریكه و كۆبوونه‌وه‌یان كردووه و به‌رده‌وامن. ده‌مانه‌وێت ئه‌و هاوپه‌یمانییه دروست بكه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه هه‌ڕه‌شه له هیچ هێزێكی عێراقی بكه‌ین، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌وه هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه بتوانین خزمه‌تی هاووڵاتیانی عێراق به‌گشتی بكه‌ین و ده‌سته‌به‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی پێكهاته جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین. ئه‌م پرسه تا ئێستا باش ده‌ڕوات و ئومێده‌وارم له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بتوانین ئه‌و هاوپه‌یمانییه ڕابگه‌یه‌نین.
سه‌باره‌ت به دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و هه‌وڵه‌كانی جه‌نابیان له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد:
له‌ڕووی سۆزدارییه‌وه، گومان له‌وه‌دا نییه هه‌ر كوردێك ئه‌وه‌ی ده‌بینێت له سووریا و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر كورد دێت له سووریا پێی ناخۆشه و هیوا ده‌خوازێت به شێوه‌یه‌كی دیكه بێت، بێگومان له ڕێگه‌ی خه‌بات و به‌رخودانی كورده‌وه كه دژی داعش كردیان، كۆمه‌ڵێكی زۆر شه‌هید و برینداریان دا بۆ پاراستنی كورد و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی سووریا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه باسی ئێستا بكه‌ین، پێویسته كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه دواوه. زۆر به‌داخه‌وه، زۆر پێویسته وه‌كو كورد، مێژوو به وردی بخوێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فێر ببین. كاتێك شتێك دێته پێش، سروشتێكمان هه‌یه، ئۆباڵه‌كه ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی خه‌ڵكی دیكه، به‌ڵام به وردی ڕه‌وشی حاڵی خۆمان ناخه‌ینه به‌ر ڕه‌خنه و خۆمان له كوێ هه‌ڵه‌مان كرد، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و هه‌ڵانه ببین و به ووردی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین، ده‌توانین هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌مان وردتر بێت. كاتێك كێشه‌ی سووریا ده‌ستی پێكرد، خۆم شه‌خسی له ناو هه‌موو پرسه‌كان بووم. له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان، كێشه‌ی توركیا له‌و كاته‌دا كێشه‌ی كورد نه‌بوو له سووریا، كێشه‌كه په‌كه‌كه بوو. ئه‌وان یه‌كڕوو ده‌یانگوت، ئێمه ناتوانین به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رگه‌ی بوونی ئاڵای په‌كه‌كه بكه‌ین له سنووری خۆمان له‌گه‌ڵ سووریا و به‌رده‌وام ئه‌م دید و بۆچوونه‌ی خۆیان به ئێمه گوتووه، ئێمه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه برایانمان له سووریا تێبگه‌یه‌نین كه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
با ئه‌وه‌ش بڵێم، پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و كاته په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده نه‌بوو، ته‌نانه‌ت توركه‌كان هاتن و گوتیان ده‌مانه‌وێت ناوبژی بكه‌ین و یه‌ك داوامان هه‌یه كورد خۆی له په‌كه‌كه جیا بكاته‌وه. به‌داخه‌وه په‌كه‌كه هه‌وڵی دا شه‌رعیه‌تی خۆی له ڕێگه‌ی كوردانی سووریاوه وه‌رگرێت، له ئه‌نجام دا ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر كورد له سووریا هات، ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه بوو كه په‌یڕه‌و كرا.
من له په‌یوه‌نديی به‌رده‌وامدام له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ مه‌زڵووم كۆبانێ، كاتێك به‌ڕێز لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هاته هه‌ولێر، داوام لێ‌كرد هه‌وڵ بدات بۆ چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، چاره‌سه‌رێك بتوانێت كێشه‌كانی كورد له‌ناو سووریا چاره‌سه‌ر بكات. چه‌ندین جار به ته‌له‌فۆن و له دیدارهكانیشم له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم، جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ بڕیاری سه‌رۆك ترامپ، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كيی سه‌رۆك تره‌مپ ئه‌وه‌یه، نازانێت بۆچى هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا‌ن. ئه‌مه‌ریكا هیچ سیاسه‌تێكی ڕوونی نه‌بوو له باره‌ی پرسی سووریاوه. پرسی داعش پرسێكی سه‌ره‌كی بوو. به سوپاسه‌وه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵێكیان دا و یارمه‌تيی ئێمه‌شیان دا بۆ له‌ناوبردنی داعش. ئێمه به‌رده‌وام سوپاسگوزاری ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانیی دژی داعشین له ئه‌ورووپا به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا كه بێ ئه‌وان ئێمه نه‌مانده‌توانی و له سووریاش نه‌یانده‌توانی داعش تێكبشكێنن و یارمه‌تیی ئێمه‌یان دا و سوپاسیان ده‌كه‌ین.
پێمان وایه كێشه‌كه ده‌بێت له‌گه‌ڵ سووریا به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مه چاره‌سه‌رێكی دروسته بۆ كوردانی سووریا. پێش هاتنی به‌ڕێز لاڤرۆڤ، قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌زڵووم كوبانێ كرد و ئه‌و پرسه‌م باس كرد و ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ند بوو كه ئه‌و پرسه بخه‌مه‌ڕوو له‌گه‌ڵ لاڤرۆڤ.
كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌یه له‌گه‌ڵ سوپای توركیان. به جددی ئێمه نیگه‌رانین له‌وباره‌یه‌وه، چونكه ئه‌وان له هاتینان بۆ عه‌فرین شتی تا بڵێی خراپ ڕووی دا و نیگه‌رانی ئه‌و شتانه‌ین له سووریا. دووه‌م شت ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به جددی نیگه‌رانین له هاتنی ئاواره، نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و په‌نابه‌ری سووریامان هه‌بوو، دوای ئه‌و ژماره‌یه ئێستا ملیۆنێك و 100 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌رمان هه‌یه.
دانیشتوانی هه‌رێم نزیكه‌ی بیست و نۆ و سی له سه‌دا زیادی كردووه، قورسایيی داراییان زیاتر له ملیارێك و پێنجسه‌د هه‌زار دۆلار بووه و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان یه‌كجار زۆره. نیگه‌رانییه‌كی دیكه كه به جددی پێی نیگه‌رانین، پرسی داعشه، ئێمه‌م پێمان وا نییه داعش و فكره‌كه‌ی كۆتایی هاتبێت، ئێستاش داعش به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بینین و پێویسته ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا كاری جددی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین داعش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا قسه‌مان كردووه، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مهینهتيی خوشك و برایانمان له سووریا ده‌یكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌و دۆخه‌ی تێیكه‌وتوون ڕزگاریان بكه‌ین و له نه‌هامه‌تییه‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه.
به‌ڵام شتێكی دیكه هه‌یه كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه به‌رپرسیاریه‌تیی ئێمه هه‌رێمی كوردستانی عێراقه، ئێمه ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری هیچ وڵاتێك ناكه‌ین، نه سووریا و نه توركیا و نه ئێران، ئه‌گه‌ر بتوانین فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ر بین بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كورد تێیاندا ده‌ژی، ده‌یكه‌ین، به‌ڵام ده‌ستێوه‌ردان ناكه‌ین. ئێمه له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده و ئه‌نه‌كه‌سه قسه‌مان كردووه، داوامان كردووه یه‌كگرتوو بن و به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ن و یه‌ك گوتاریان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه بن ده‌توانن له پرسی ده‌ستووری سووریادا ده‌ستكه‌وتی باشتر به‌ده‌ست بهێنن.
به‌ڕێزیان له به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌دا باسی كێشه‌ی كوردى له توركیا كرد و ڕایگه‌یاند:
كێشه‌ی كورد له توركیا كێشه‌یه‌كی جددییه. ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵێكی باڵامان بینی، پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێبكات، ئێستاش له هه‌موو دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا ئه‌و پرسه‌مان فه‌رامۆش نه‌كردووه، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ته‌نیا یارمه‌تیده‌ر بین، ئێمه ڕوون بووین له‌گه‌ڵیان كه كێشه‌ی كورد ده‌بێت به ئاشتیانه و دوور له توندوتیژی له توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت، په‌یامی ئێمه ئێستاش نه‌گۆڕاوه. ئه‌م كێشه‌یه به چاره‌سه‌ری سه‌ربازی چاره ناكرێت، ده‌بێت ئاشتیانه بێت و له چوارچێوه‌ی وڵاتی توركیادا چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌و قسانه‌ی پێویست بووه له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ مه‌زڵووم بكه‌ین، كردوومانه. ئه‌وانه‌شی پێویست بووه، گوێی لێ بێت، گوێی لێ بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه نییه كه بمانه‌وێت ڕێگه‌یان پیشان بده‌ین، به‌ڵكو ئه‌زموونێكمان هه‌یه. به گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌وه‌ی باشه بۆیان ئه‌و ڕێگه‌یان پیشان بده‌ین. زۆر قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه و زۆریش ڕاستگۆیانه قسه‌مان كردووه و ئه‌وه‌ی پێویست بووه باسمان كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین و ئه‌وه‌ی پێویستیش بێت كردوومانه و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها باسی له یهكڕیزيی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی:
ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك پێویست ناكات له ڕێگه‌ی كۆنگره ڕۆژناوانییهكانهوه قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین، ڕێك با بێمه سه‌ر بابه‌ته‌كه، یه‌كێتی و پارتی له پرۆسه‌یه‌كی دوور و درێژدا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م پهیوهندیيانه، كێشه‌ی زۆر جۆراوجۆرمان هه‌بووه له‌م چه‌ند ساڵه‌دا و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌رز و نزميی زۆر هه‌بووه، به‌ڵام پرۆسه‌كه به‌رده‌وام بووه و نه‌پچڕاوه. با له بیری نه‌كه‌ین، له ڕابردوودا كاتێك كێشه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا دروست ده‌بوو ئه‌وانه‌ی بیریان دێته‌وه ده‌زانن كه ڕاسته‌وخۆ په‌نایان بۆ چه‌ك ده‌برد، ترسه‌كه ئه‌وه بوو شه‌ڕ دروست ده‌بووه‌وه.
بینیمان له خراپترین حاڵه‌تی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیدا، كه‌س بیری له هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ نه‌كرده‌وه كه جارێكی دیكه خوانه‌خواسته شه‌ڕی ناوخۆ ڕووبدات، ئێمه زۆر به جددی قسه ده‌كه‌ین و ڕه‌خنه له یه‌كتری ده‌گرین، به‌ڵام هه‌ردوولا نهیانگهیاندۆته ئه‌وه‌ی كێشه‌كه بگاته كێشه‌یه‌كی چه‌كداری و خه‌ڵك نیگه‌ران ببێت. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه جێی ئه‌وه نییه نیگه‌ران بن و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و په‌یوه‌نديی نێوان پارتی و یه‌كێتی زۆر له‌وه قووڵتره. یه‌كێتی هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
په‌یوه‌نديی زۆر باش له نێوان سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كانی هه‌یه و وه‌ك یه‌ك تیمن بێ ئه‌وه‌ی سه‌یر بكرێت ئه‌مه سه‌ر به چ لایه‌نێكه. سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش وه‌ك تیم به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان تا بڵێی باشه. هیچ پێویست ناكات كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی ببێته شوێنی قسه‌كردنی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كتر، میكانزمی دیكه هه‌یه و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه ده‌بێت و ئه‌و شتانه‌ی ئێستاش باسیان لێ ده‌كرێت زۆر به ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌وانه‌ی ئێستا هه‌ن، له كێشه‌كانی ڕابردوو گه‌وره‌تر نین.
من نیگه‌ران نیم له‌باره‌یانه‌وه و ئێمه هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌مان نییه نه‌ك ته‌نیا پارتی و یه‌كێتی به‌ڵكو هه‌ر هه‌موویان، ئه‌مڕۆ لایه‌نه موعارهزهكانیش به‌شداريی كۆبوونه‌وه‌كانیان كرد كه له حكوومه‌تیش نین، به‌ڵام له مه‌ترسیی دۆخه‌كه تێده‌گه‌ن و له‌پێناو ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه بوون و به‌شدارییه‌كی كاراشیان كرد تا بگه‌ینه ئه‌نجامێك له به‌رژوه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بێت.
ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی دانانی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد:
ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگه، به‌داخه‌وه كاتێكی زۆرمان به‌فیڕۆ چوو كه ده‌ستوورمان نه‌نووسی. ئه‌مڕۆ یه‌كێك له كاره له‌پێشینه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كان، پرسی ده‌ستووره، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ خاتوو ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی ئه‌م پرسه‌مان كردووه، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ست به هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور ده‌كرێت.
پرسی هێزی پێشمه‌رگه پرسێكی گرنگه، پرسی به دامه‌زراوه‌ییكردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه یه‌كێكه له پرسه گرنگه‌كان، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان، ئه‌مه‌ریكا و فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانيا و هۆڵه‌ندا وڵاتانی دیكه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه داناوه و ئه‌وان یارمه‌تيی ئێمه ده‌دن له‌مباره‌یه‌وه. ده‌ست به پرۆسه‌كه كراوه و وه‌ك له قسه‌كانیشمدا باسم كرد پرسی ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له كاره له‌پێشینه‌كانی حكوومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌بێت و به جددی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و په‌نا به‌خوا له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامه‌كانی ببینین.
دواتر به‌ڕێزیان له وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ئاماده‌بووندا گوتی:
– وه‌ك گوتم لایه‌نه‌كانی كورد به هه‌موویانه‌وه له ساڵی 2003 و دواتریش ڕۆڵێكی سه‌ره‌كييان بینی له داڕشتنه‌وه‌ی عێراقی نوێ و ئه‌مڕۆش دڵنیا بن له‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی ئێمه پێمان بكرێت له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی وا پیشان ده‌درێت كه ئێمه بوونێكی وامان له به‌غدا نییه، دوای هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵانه‌ی ڕابردوودا ڕوویان دا، له‌نێوان خۆمان ئه‌مڕۆ گه‌یشتووینه‌ته تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش، نه‌ك ته‌نیا كورد به‌ڵكو له‌نێوان هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ی له عێراقدا ده‌ژین كه چۆن بتوانین ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه به‌رین و ڕۆڵی خۆمان زیاتر و ئاماده‌ییمان له به‌غدا زیاتر ده‌كه‌ین له‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه و هه‌بوونمان زیاتر ده‌بێت و هه‌مووشی بۆ یارمه‌تیدانی گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاتهكانیهوهیه.
– ئێمه ناڵێین مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان هیچ كه‌موكووڕییه‌كی نییه، نكوڵی له‌وه ناكه‌م، له هه‌رێمی كوردستان كێشه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان ئێستا و ساڵانی ڕابردوودا له پرسه‌كانی شه‌فافیه‌ت و نه‌وت و چاكسازی و بواره‌كانی دیكه، ده‌بینین هه‌ندێك هه‌نگاوی زۆر گرنگ بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان نراون و با ئه‌مانه به كه‌م نه‌بینین، ئێمه له‌م چه‌ند ساڵه‌دا هه‌نگاوی گرنگمان ناوه، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان به‌س نین و ده‌بێت به‌رده‌وام بین. له چوار ـ پێنج ساڵی ڕابردوودا نه‌مانتوانیوه شتی گه‌وره بكه‌ین، ته‌نیا توانیمان له داڕمان ڕزگاری بكه‌ین. بیرتان نه‌چێت له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا (1100) كیلۆمه‌تر له شه‌ڕدا بووین له‌گه‌ڵ داعش، بیرتان نه‌چێت دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌ری عێراقی و سووری هاتبوونه هه‌رێم و وه‌ك گوتم سه‌دا بیست و نۆی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان زیادی كرد، بیرتان نه‌چێت له‌م شه‌ڕانه‌دا و بۆ به‌رگریكردن له‌خۆمان (2) هه‌زار شه‌هید و (11) هه‌زار بریندارمان داوه. بیرتان نه‌چێت به بیانووی ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه كردووه له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 بودجه و مووچه‌مان به ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕا له‌كاتێكدا له مانگی 5ی ئه‌و ساڵه نه‌وتمان هه‌نارده كردووه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌رزه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه، ئه‌سته‌م بوو هیچ حكوومه‌تێك له دنیا به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی گرتبا. ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی نه‌بوو، سه‌ركه‌وتنی خه‌ڵك بوو. ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه به‌غدا بۆ ئێمه گرنگ بێت كه بودجه و مووچه‌مان بۆ دابین ده‌كات، به‌ڵكو به‌غدا له‌ڕووی سیاسی و شه‌رعیه‌تی یاساییه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه ده‌بێت ئێمه كێشه‌كانی خۆمان له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و ئه‌م په‌یامه و پێگیریی خۆشمان به ده‌ستووره‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان چه‌ندین جار دووپات كردۆته‌وه. په‌رۆشیی ئێمه بۆ به‌غدا ته‌نیا له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر خودی عێراقییه‌كان و دۆخی عێراقیشه و ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین ڕۆڵی خۆمان ببینین.
به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار كه ئه‌مڕۆ ته‌شریفی هێنابوو بۆ ئێره زۆر به ڕوونی پرسی گۆڕینی ده‌ستوورى له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ شرۆڤه كردین كه ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور بگۆڕن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێت ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان كه‌م بكرێته‌وه، ئه‌وا ناكرێت و ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ نییه و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه نییه له كه‌سی بكه‌ین، چونكه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك به ئامانجی ئه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت كه سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق جێگیر ببێت و ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك به كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستووری عێراق به‌دی نایه‌ت، كه‌واته پێویست ناكات ئێمه باسی ئه‌و پرسه بكه‌ین و له‌و بڕوایه‌دام هێزه عێراقییه‌كانیش مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێت، به‌ڵام هه‌ر مادده‌یه‌كی ده‌ستووری كه دۆخی عێراق باشتر بكات و خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش به هاووڵاتیانی عێراق بكات، پشتگیری ده‌كه‌ین و پێشمان خۆش ده‌بێت.
كاتی ئه‌وه هاتووه ئێمه له به‌غدا بوونێكی جددیمان هه‌بێت و هه‌ر واش ده‌كه‌ین و ده‌ستیشمان پێكردووه و به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی سیاسی له عێراقد. له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار كه خۆی به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كان له پهیوهندیدايه و بۆ ئه‌وی بتوانرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و هیوا ناخوازین دۆخی عێراق ئاڵۆز بێت. پێموایه پێویست به‌وه ده‌كات زیاتر گرنگی به چاكسازی بدرێت و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی چاكسازی ده‌كات و شايانى ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌تی دیكه‌ی پێ بدرێت له پرسی چاكسازیدا و له‌مباره‌یه‌وه هێزه سیاسییه‌كان یارمه‌تی بده‌ین.
با ئێمه باسی واقعی عێراق بكه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌توانایدایه ئه‌نجامی بدات زۆر سنوورداره، سه‌رۆك وه‌زیران تا چه‌ند توانیویه‌تی وه‌زیرێك دابنێت؟ هه‌مووی له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه دانراوه و كاندیدیان بۆی ناردووه تا بكرێته وه‌زیر. به ڕاستی سیستمی سیاسیی عێراق ئه‌وه نییه كه چونكه ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه، كۆنترۆلهكهی له‌ده‌سته! من پێموایه كێشه‌كه گه‌وره‌كه لێره‌یه، ئه‌وانه‌ی ئێستا له عێراق بهرپرسیاريهتی وه‌رده‌گرن و ده‌بن به وه‌زیر زیاتر چاوه‌رێی ئه‌وه‌ن كه بۆ حزبه‌كه‌ی خۆیان چی ده‌كه‌ن و چیان پێده‌كرێت! هی ئه‌وه نین بڵێن بۆ عێراق چی ده‌كه‌ین! سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌می هه‌یه، نه حزبێكی له‌پشته و نه بلۆكێكی به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵكو له ئه‌نجامی ته‌وافقی لایه‌نه‌كانی ناو په‌رله‌مان بۆته سه‌رۆك وه‌زیران و كه‌سیش پشتگیری ناكات! ئایا چۆن ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت و چۆن ده‌توانێت ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه ببات؟ ئه‌و پێویستی به پشتگیریی سیاسیی هه‌موو هێزه‌كان هه‌یه.
وه‌ك كه‌سایه‌تیش به‌ڕێز عادل عه‌بدلمه‌هدی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی پێ بدرێت و پشتگیرییه‌كی ته‌واوی بكرێت، چونكه ئه‌وه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵی ده‌كرێت پشتگیری نییه و لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی ناو حكوومه‌تی عێراقیش یارمه‌تیی سه‌رۆك وه‌زیران ناده‌ن. هه‌موو كات ده‌لێم له هه‌ر قه‌یرانێكدا ده‌رفه‌تێك هه‌یه، ئه‌مه‌ی ئێستا قه‌یرانێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌شه بۆ عێراق كه به جددی دابنیشن بێ تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری و وڵاتانی دیكه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه به تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری و به هێنانی ده‌ستی وڵاتان، كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نابێت.
ئه‌گه‌ر له هه‌رێمی كوردستانه‌وه شتێك، پیلانگێڕییه‌ك دژی به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ین بۆ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك، چونكه نامانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان ببێته شوێنێك بۆ پیلانگێڕی له‌سه‌ر به‌غدا. ئه‌مه‌مان نه‌كردووه و له داهاتووشدا نایكه‌ین. ئه‌گه‌ر زانيارييه‌ك هه‌يه ئاماده‌ين و به جددى له‌سه‌رى ڕادهوهستين. جارێك يه‌كێك پێی گوتم هه‌ر كه شتێك ده‌بێت ده‌ڵێن خه‌تای فڵان وڵاته، باشه گه‌ر سه‌دا حه‌فتای خه‌تای وڵاته‌كه بێت ئه‌وا سه‌دی سی خه‌تای خۆتانه، دانیشين ئه‌و سه‌دا سییه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. منیش هه‌مان شت دووباره ده‌كه‌مه‌وه، له‌جیاتی یه‌كتر تاوانباركردن با دانیشتین و هه‌ڵه‌كان بدۆزینه‌وه و چاره‌سه‌ری بكه‌ین.