نازم دەباغ: ئێران نایەوێت سەدرییەکان لە پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو دووربخرێنەوە

رووداو-هەولێر
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند، ئێران لەگەڵ دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر و رەوتی سەدرییەکان نییە لە پێکهاتەی حکومەتی داهاتوو و دەیەوێت حکومەتی سازان بێتە کایەوە. دەشڵێت، ئێرانییەکان نەیانویستووە کورد بەشێک بێت لە کێشەی نێو ماڵی شیعە.
 
رۆژی هەینی، 16ـی ئەیلوولی 2022، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەند پرسێکی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد. نازم دەباغ رەتیدەکاتەوە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیککردنەوەی عێراقییەکان شکستی هێنابێت.
 
"ئێران لەگەڵ حکومەتی سازانە."
 
لەبارەی بۆچوونی ئێران و شێوەی ئەو حکومەتەی دەیانەوێت لە عێراق لە دوای کشانەوەی سەدرییەکان دروستبکرێت، نوێنەرێ حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەبڕوای من ئەوەندەی شارەزاییم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەوان لەگەڵ ئەوەن لایەنە عێراقییەکان بتوانن بە سازان حکومەتێک پێکبهێنن و هیچ لایەنێک وەلانەنرێت."
 
بە رواڵەت کورد بەسەر هەردوو بەرە شیعەکەی عێراقدا دابەشبوون، پارتی لە بەرەی سەدر و یەکێتیش لە بەرەی چوارچێوەدا دەردەکەوێت. نازم دەباغ دەڵێت: "ئێرانییەکان حەزیان نەکردووە کورد ببێتە لایەنێک لەگەڵ لایەنێکی دیکەی شیعە بۆ دەرپەڕاندنی لایەنەکانی دیکە، هەمیشە سووربوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک هەموو لایەنەکانی تێدابێت."
 
سەبارەت بە دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی یان پێکهێنانی حکومەتێک بەبێ سەدرییەکان، نازم دەباغ رەتیدەکاتەوە ئێرانییەکان لەگەڵ ئەو بژارەیە بن و دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان لەگەڵ هیچ کەسێک نین بەتایبەت کەسێک بیەوێت کێشە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق دروستبکات، موقتەدا سەدر بەندە بەبڕیاری خۆیەوە، ئەوەی ئێرانییەکان باسی دەکەن لەگەڵ رێککەوتن و سازانن بەبەشداریی هەموو ئەوانەی دەتوانن حکومەتی عێراق پێکبهێنن بە موقتەدا سەدریشەوە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران زیاتر روونیدەکاتەوە "ئێرانییەکان هەمیشە پێیانباشە موقتەدا سەدر و هەموو ئەوانی دیکەش لە حکومەتی داهاتووی عێراق هەبن، چونکە دەمێک بوو باسی حکومەتی زۆرینە دەکرا کە ئێمە باسمان لەوە دەکرد رەنگە ئەو حکومەتە بە زیانی کورد تەواوببێت، ئەو کات و ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ حکومەت و پێکهاتەی سازانن لە عێراق، بەڵام ئەوەش پەیوەندیی بە بڕیاری موقتەدا سەدرەوە هەیە کە ئایا بڕیاری داوە بەشداریی حکومەتی داهاتوو بکات یان نا".
 
"هۆشداریی ئێرانییەکان بۆ لایەنە کوردییەکان دۆستایەتییە"
 
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران کە رۆژی هەینی و لەرێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ رووداو کرد، لەبارەی سەردانی شاندێکی باڵای ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان کە دەگوترێ لە رۆژانی رابردوودا هاتوونەتە هەولێر و سلێمانی، گوتی: "ئێمە ئاگادارین بەردەوام شاندەکان لە هاتن و چووندان و پێشتریش ئەو شاندانە سەردانیان کردووە." 
 
سەبارەت بە داواکاریی ئێرانییەکان لە کورد، دەباغ دەڵێت: "ئێرانییەکان نایانەوێت و نەشیانویستووە کورد بەشێک بێت لە کێشەکانی نێو ماڵی شیعە، بەڵام کە بەشێک لەلایەنە کوردییەکان خۆی تاکلایەنە ئەو بڕیارەی داوە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
 
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی ئێران هۆشدارییان داوەتە بەرپرسان لە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، نازم دەباغ دەڵێت: "پێموایە ئەم پرسی هۆشداریدانە لەچوارچێوەی دۆستایەتییە، هەروەها چۆن باڵیۆزی ئەمریکا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش ئەوانەی خۆیان بە دۆستی کورد و عێراق دەزانن ئەو هۆشداراییانەی داوە کە لایەنە کوردییەکان دەبێت یەکڕیز بن و تەبابن و رێکبکەون و نەوەک هەر یەکەیان لە ئاهەنگ و لە سازێک بژەنن."
 
"هەموو سیاسییەکانی عێراق بە قسەی ئێران ناکەن"
 
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام دەگوترێت ئیسماعیل قائانی هاوشێوەی قاسم سلێمانی ئەو پەیوەندییەی نییە و کەمتر کاریگەری هەیە.
 
نازم دەباغ لەو بارەیەوە دەڵێت: "من پێموانییە وابێت، بەڵکو هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی رەنگە شێوازی کارکردنی بەرپرسێک لەگەڵ بەرپرسێکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام بە گشتی ئەو کەسانەی بە نوێنەرانەیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ژێر رابەرایەتیی ئاغای ئیسماعیل قائانی هەموو سەرکردەکانیان بینیوە و دەشیانبینن، بەڵام جاری واش هەیە ئێرانییەکان خۆیان نەیانویستووە پێشوازی لە موقتەدا سەدر یان هەر سەرکردەیەکی دیکەی عێراقیش بکەن."
 
نازم دەباغ دەشڵێت: "ئەوانەی دەچنە عێراق کەسانی خاوەن بڕیار و باوەڕپێکراویشن و بە نوێنەرانەتیی کۆماری ئیسلامی و ئیسماعیل قائانی دەچنە عێراق، بۆیە کاتێک پێویست بکات بۆی هەیە بچنە عێراق و گوشاری خۆشیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاستی پەیوەندییەکان لەو چوارچێوەیەدایە، چونکە سیاسەتێکی وا لە لایەن سەرکردەکانی عێراقی نەهاتووەتە کایەوە کە بەبێ گوشار یان بە خواست و ئارەزووی خۆیان بیر لەوە بکەنەوە کێشەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە چارەسەر ببێت، خۆشتان دەزانن هەمیشە سەرکردەیەک دێتە مەیدانەوە لەکاتێکدا کە دڵنیایی وەردەگرێت کە رێککەوتن لەئارادایە."
 
نازم دەباغ نایشارێتەوە هەڵسوکەوت و تێڕوانینی جیاوازی سەرکردەکانی عێراق لەسەر پرسەکان نیشانەی ئەوەیە کە مەرج نییە هەموویان بەقسەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن، بەڵام ئەو وڵاتە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی و لەپێناو دروستکردنی حکومەتێک کە لەداهاتوودا کێشەی بۆ دروست نەبێت و لە ئاییندەدا نەبێتە هۆی کێشە بۆ ئێران، راوێژ دەدات و هاتووچۆ دەکات و گوتوێژ لەگەڵ سەرکردەکان دەکات.
 
سەبارەت بە ئەمریکا و ئێران کە کامیان هەژموونیان لە عێراق زیاترە، نازم دەباغ پێیوایە هەردووکیان هاوتای یەکدی قسەیان دەڕوات و دەڵێت: "هەموو وڵاتانی دراوسێ و بە ئەمریکاشەوە دەسەڵاتی خۆیان لە عێراق هەیە، بەداخەوە سیاسەتمەدارانی عێراق دەمدەمی بیردەکەنەوە نەوەک ستراتیژی، دەکرێت وەکو پێش راپەڕینی 1991 یەکبگرن و بەیەکەوە بە سازان کاربکەن، وەکو چۆن ئەو کات تەنیا شتێک بیریان لێدەکردەوە رووخانی سەدام حوسێن بوو، ئێستاش دەکرێت یەکبگرنەوە بۆ دروستکردنەوەی عێراقێکی ئارام."
 
"تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت"
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆ هەرێمی کوردستان باشە دۆستی ئێران یان ئەمریکا بێت و کامیان بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان لەبارترن و لە بەرژەوەندیی زیاتری هەولێرە؟ نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت: "لە هەموو شتێک گرنگتر یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی خۆمانە، ئیدی ئێران یان ئەمریکا لەبەر چاوی رەش و کاڵی کورد و عێراق نەهاتووە هاوکاریی کورد و عێراق بکات، بەڵام ئێمە بۆ خۆمان هاوکاریی خۆمان ناکەین."
 
سەبارەت بە ناتەبایی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان بەتایبەت لە پرسە نێوخۆی و عێراقییەکانیشەوە بۆچوونی وایە: "هەتا کورد ناتەبابن، دڵنیایی دەداتە وڵاتانی دراوسێ کە ناتوانن هاوکاربن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکان، چونکە تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر تێكچوونی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، چی ئێران بێت یان تورکیا یان سووریا بێت."
 
https://www.rudaw.net/sorani/interview/16092022
Read کد خبر: 2765

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی