پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 16/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز فومیۆ ئیوا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز ئیوا سوپاسی ئەو پێشوزاییەی كرد و بەبۆنەی ئازادكردنی شاری شەنگالەوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش، پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە كرد. جەختی لەوەش كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی ژاپۆن بە چاوی ڕێزەوە لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، چونكە لە بارودۆخێكی ناهەمواردا توانیویانە سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزن. هەروەها دووپاتی كردەوە حكوومەتی ژاپۆن لە ناردنی كۆمەك و هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران، ڕەوانەی عێراقی دەكات.
ئاماژەی بەوەش دا دوای ئازادیی عێراق لە دەستی دیكتاتۆری، حكوومەتی ژاپۆن نزیك بە حەوت ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق تەرخان كردووە كە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لە بەشی هەرێم چەند پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكرێن وەك ئاوی هەڵەبجە و ئاوەڕۆی هەولێر و بەنداوی دێرەلوك كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. هەروەها پشتگیریی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی بووژانەوە و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران دەربڕی.
لای خۆیەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی یارمەتی و هاوكارییەكانی خەڵك و حكوومەتی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و دیاركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لەو هاوكارییە داراییە بەرز نرخاند كە بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری پێشكەش بە عێراقی دەكەن. هەروەها ئاشكرای كرد كە بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ژاپۆن دەكەن و ئامادەییی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بەهێزكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە بارودۆخی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی و بەرەكانی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەكە كرد و هەردوولا بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ كرد.
بەڕێز فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا
ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی شەوی ١٣ـی١١ـی٢٠١٥ لە پاریس ڕوویان دا و ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لێ کەوتەوە لە ناخەوە ئازاری داین. بەناوی خۆم و گەلی کوردستانەوە هاوخەمیی خۆمان بە بەڕێزتان و گەلی فەڕەنسا ڕادەگەیەنم.
تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموومانە و تیرۆریستان دژی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتین و لە هەر شوێنێنێک ژیان و پێشکەوتن و ئارامی هەبێت تیرۆریستانی دڵڕەش پەلاماری دەدەن.
گەلی کوردستان کە ئێستا لە شەڕێکی سەختی دژی تیرۆردایە و قوربانیی دەستی تیرۆرە، لەم ڕۆژە ناخۆشەدا، لەگەڵتان هاوسۆزە و بەشداری خەمتان دەکات و پاڵپشتی گەل و حکومەتی فەڕەنسایە.
سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١٤/١١/٢٠١٥
مەنسوور جیھانی ـ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" چاوی له فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"Duhokبە نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Stonلە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا بە ئادەبوونی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئەم فیستیڤاڵە و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵە و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵ ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە بەخێرھێنانی بەشدار و میوانانی فیستیڤاڵ بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیھانەوە ھاتوون، دووپاتی کردەوە کە بەشداریان پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان کە لەبەرامبەر ھێزی تاریکپەرست وەستاوە و بەرگریی لە باوەڕ و پرنسیپەکانی مرۆڤایەتی و جیھانی شارستانی دەکات و ھیوای خواست لەکاتی گەڕانەوەیاندا ببنە دەنگ و باڵیۆز بۆ کوردستان.
ھەروەک بە پشتگیرییەکی گەورەی بۆ خەڵکی بادینان بە شێوەیەکی گشتی زانی کە بەوپەڕی مرۆڤدۆستییەوە پێشوازیان لە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە و بە ھەموو شێوەیەک جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین کردووە.
ئەوەیشی خستەڕوو: گەلی کوردستان گەلێکی ژیان دۆست و مرۆڤ دۆستە و تەنیا لە کاتە زۆر سەختەکانیشدا ئەم سیمایەی خۆی پاراستووە. گەر ناچاربووبێت بە دەستێک چەک ھەڵگرێت بەمەبەستی خۆپاراستن، بەردەوام بە دەستەکەی دیکە داھێنانی کردووە و ھەوڵی داوە لە جیھانی ئەدەبیات و ھوونەر و وەرزش و ھەموو بوارەکانی دیکە پاشنەکەوێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدا بووە ئەم بوارانە پێشبکەوێت و ببێتە خاوەنی بەرھەمێک لە ئاستی بەرھەمە جیھانییەکان.
بارزانی ھەر لە گوتەکەیدا باسی لە گرنگی و کاریگەریی سینەما کرد کە بەھۆی بارودۆخی کوردستان شانسێکی وا بۆ ئەو ھونەرە لە کوردستان دروست نەبووە و لەبەر پێویستی بوارەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی کوردستان، حکوومەت ناچاربووە وەک پێویست گرنگی بە ھونەری سینەما نەدات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ئەو توانایەی کە ھەیە، حکوومەت ھەوڵی داوە گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدات و پشتگیریی کارە سینەماییەکان بکات و ھونەرمەند و سینەماکارانی کوردستانیش شاھێدی ئەم قسەیەن ئەمە جگە لەوەی بەشداری ژمارەیەک لەو بەرھەمانە لە ڤیستیڤاڵە جیھانییەکاندا و بەدەستھێنانی خەڵاتی گەورە، بەڵگەیەکی دیکەی پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ کار و بەرھەمە سینەماییەکان.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەر گرنگیی ڕۆڵی سینەما، ئاماژەی بەوە دا کە سینەما دەنگی زۆرێک لە گەلانی مافخوراوی جیھانی گەیاندوە و بەسەرھاتەکانی گەلی کوردستانیش ماددەی زۆر باش و بەھاداری ھونەری سینەمایین، گەر وەک گەلانی دیکەی جیھان گەلی کورد شانسی ھەبا و بارودۆخەکەی ھاوکار با، ئێستا بە سەدان و ھەزاران لە چیرۆکەکانی گەلی کورد وەک ڕاپەڕین و شۆڕشە دێرینەکانی کوردستان، ئەنفال و کیمیاباران، داستان و قارەمانێتییەکانی ھێزی پێشمەرگە، کۆچکردن و ئاوارەبوون، چیرۆکی خۆشەویشتی، چیرۆکی ھەر خوشکێکی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆرستانەوە ڕفێتنراون و بەسەرھاتی ئالانی جوانەمەرگ، بابەتی گەلێک لە شاکارە سینەماییەکانی جیھان دەبوون.
گوتیشی: بەردەوامی ئەم ڤیستیڤاڵە لە دھۆک لە بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان کە بە ژمارەیەک کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی تێدەپەڕێت و شەڕێکی گران بەسەر کوردستاندا سەپێنراوە، جێگەی خۆشحاڵییە و بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگریشە کە گەلی کوردستان سەرەڕای ھەموو سەختییەکان، گەلێکی زیندووە و دەستبەرداری پێشکەوتن و خۆشەویستی بۆ ژیان نابێت.
"نێچیرڤان بارزانی" لە کۆتایی گوتەکەیدا ھیوای سەرکەوتنی بۆ سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" خواست و ھەروەک ھیوای خواست بارودۆخەکە باشتر ببێت بۆئەوەی چ وەک حکوومەت یان کەرتی تایبەت، زیاتر گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدەن.
لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٨ رۆژ نمایشکران. لە دەسپێکی نمایشی ھەر فیلمێکدا سەرەتا ستافی ئامادەبووی ئەم فیلمە لەبەرچاوی کامێڕاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێدەپەڕین و پاشان نمایشی ھەر فیلمێک کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن لە لایەن کارناسی کۆڕەکە و ھەروەھا بینەرانەوە بەڕێوەدەچوو.
لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"بێجگە لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" چەندین فیلمی دیکە لە سینەماکاری کورد نمایشکران، ھەندێک لەو فیلمە کوردیانەی کە لەم بەشەی فیستیڤاڵەدا نمایشکران بریتین لە: "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرھێنانی "ھیشام زەمان"، فیلمی سینەمایی "سەمای ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "سەردار خەلیل"، فیلمی سینەمایی "ماڵئاوا دیجیتاڵ" لە دەرھێنانی "ھیوا ئەمین نژاد" و چەندین فیلمی سینەمایی دیکە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "ئان دێمی گێرۆ" Anne Démy-Geroe مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA و چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ" Marina Caba Rall دەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ" Giulia Dobre ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "وێرنێر رۆزیکا" Werner Ruzicka بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دۆیسبۆرگ" Duisburg و مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا، "فرێدی ئۆلسۆن" Freddy Olson بەرھەمھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵەکان لە سوید، "عایشە پۆلات" Ayse Polat نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "جانی بوردایس" Jany Bourdais بەرپرسی ئەنستیتۆی فەڕەنسی لە ھەولێر لە فەڕەنسا و "سوپۆم سوھن" Soopum Sohn دەرھێنەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا.
ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "پیتێر ئوت" Peter Ott نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "پیتێر بۆی" Peter Boe بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە نۆڕوێژ، "سەھیم عومەر خەلیفە" Sahim Omar Kalifa نووسەر و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان و بەلژیکا، "بنویسە بریڤان" Binevsa Berivan دەرھێنەر لە بەلژیکا و "دیمیتری گلۆبنیچی" Dmitriy Golubnichiy بەرھەمھێنەر لە ڕووسیا.
یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، نمایشی بەرھەمە بەرچاوەکانی ئەمساڵ و ساڵی پاری سینەمای جیھان بوون کە ھەڵگریی خەڵاتە گرینگەکانی سینەمابوون لەوانە: ئۆسکار، گۆلدێن گلۆب، بەڕلینالە، ڤێنیز و ... کە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان" نمایشکران، لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی "ئایدا" IDA لە پۆڵەندا، "لۆڤیاتان" Leviathan لە ڕووسیا، "مەدیتەرانە" Meditteranea لە ئیتاڵیا، ئەمەریکا و فەڕەنسا، "تیمبۆکتۆ" Timbuktu لە موریتانی، "ئفریم!" Aferim! لە ڕۆمانیا، "سیواس" لە تورکیا و چەندین بەرھەمی دیکە.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "مەمەد ئەکتاش" و بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی شاری دھۆک و ههروهها سێ هۆڵی سینهمایی ناوهندی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆکلە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی 11ـی 2015 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە دەڤەری شنگال و بایەخی ئەو سەركەوتنانە و كاریگەریەكانی لەسەر شكست و لەناوبردنی داعش بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق شی كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد و دەستخۆشیشی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال.
بە مەبەستى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە بەرنامەو کارو هەنگاوەکانى ئەمساڵى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەڕووى کارگێڕى و دیپلۆماسى و سیاسى و خۆئامادەکردن بۆ دانانى بەرنامەیەکى تۆکمە بۆ ساڵى داهاتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتى بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە کۆبوونەوەیەکى فراوان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە ئامادەبوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت باسى لە ئامانجى کربوونەوەکە کرد و تەوەرەکانى کۆبوونەوەى خستەڕوو کە پەیوەست بوون بە کاروبارى فەرمانگەو رەوشى سیاسى و بەرەوپێش بردنى زیاترى پەیوەندیە دیلۆماسیەکان.
بەرێزیان گووتى بەهۆى نزیکبوونەوەمان لە کۆتایى ساڵ پێویستیمان بە هەڵسەنگاندنى کارەکان و دانانى بەرنامەیەکى تازەیە بۆ ئەوەى لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بە شێوەیەکى باشتر بتوانین پەرە بە پەیوەندیەکانمان بدەین لەچوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەرێم بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، چونکە هەرێمى کوردستان بەشێکى دانەبڕاوە لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
هەروا گووتى پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانى هەرێم لەگەڵ دونیاى دەرەوە لە قۆناغێکى باشدایەو ٣٣ وڵات نوێنەرى لە هەرێمى کوردستان هەیەو ئێمەش ١٤ نوێنەرمان لە دەرەوە هەیە، لەڕووى یارمەتى و پشتگیرى سەربازى بۆ شەڕ دژى داعش و کۆمەک و هاوکارى کردنى ئاوارەکان کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى تا راددەیەکى باش پشتگیرى هەرێمى کوردستان دەکەن. بەڵام دەکرێ ئەم پەیوەندیانە زیاتر فراوان بکرێت لە پێناو سوودو بەرژەوەندى گەلى کوردستان لە هەموو بوارێکدا.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەمیشە دەروازەیەک بووە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیە دیپلۆماسى و سیاسى و کەلتووریەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دونیاى دەرەوە. هەمیشە هانى وڵاتانمان داوە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى خۆیان لە هەرێم بکەنەوە، لەگەڵ رێکخراوە نیودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامى کارمان کردووە بۆ سەرخستنى بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان. لەم رووەوە گووتى هەندێ جار لەچوار چێوەى شاندى عیراقى و هەندێ جاریش راستەوخۆ بەشداریمان لە کۆڕ و کۆبوونەوەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکان کردووەو توانیومانە پەیام و هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بگەیەنینە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان.
بەرێزیان گووتى هەرێمى کوردستان پیگەیەکى بەهێزى هەیەو توانیویەتى خۆى بسەلمێێت، هەرچەندە ئەمڕۆ دووچارى قەیرانى دارایى بووەو لەشەڕدایە دژى تیرۆرستانى داعش و نزیکەى ٢ ملیۆن ئاوارەو پەنابەریشى لەخۆ گرتووە، بەڵام کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە شانازیەوە پشتگیرى لێدەکەن و ستایشى قارەمانیەتى پێشمەرگەو سیاسەتى دروستى حکومەتى هەرێم دەکەن.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێ بە ڕوونى باس لە دەستکەوت و پێشکەوتنە سیاسى و دیپلۆماسیەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکان بکرێت و تیشک بخرێتە سەر ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەى دێنە رێگەى ئیشکردنمان، بۆئەوەى میکانیزمى گونجاو بۆ سەرخستنى کارەکانمان بدۆزینەوە.
فەلاح مستەفا گووتى سوپاس و دەستخۆشى لە تەواوى کارمەندانى فەرمانگە دەکەم بۆ کارى بەردەوام و هەوڵەکانیان لە پێناو زیاتر جێبەجێ کردنى ئەو بەرنامەیەى کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لە پیناوى دامەزراوە ئەویش پەیوەندى گرتن لەگەڵ دونیاى دەرەوەو خزمەت گەیاندن بە رەوەندى کوردستانى و پێشخستنى هەرێمى کوردستانە لە هەموو رووێکەوە.
ئینجا دەرگاى گفتوگۆ کرایەوە بۆ ئەوەى تەواوى ئامادەبووانى کۆبوونەوە سەرنج و تێبینى و بۆچوونى خۆیان لەسەر ئاکامى کارەکانى ئەمساڵ و کارنامەى ساڵى داهاتوو بخەنەڕوو.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى ئامادەبووانى کردو گووتى سەرنج و تێبینى و بیروڕاکانتان بەهەند وەردەگیرێت لە پیناو زیاتر پێشخستنى کارەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت.
بەبۆنەى چلەى ماتەمینى ٤٨٥ حاجى ئێرانى کە لەڕێوڕەسمى حەجى ئەمساڵ گیانیان لەدەستدا، کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران رێوڕەسمى واژووکردنى دەفتەرى بیرەوەرى بۆ ماوەى ٣ رۆژ رێکخست. ئەمڕۆ چوارشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە یاوەرى عبدالله ئاکرەیى بەرپرسى بەشى پەیوەندیەکانى ئێران لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەر سەردانى کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى کردو لەلایەن مورتەزا عەبادى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێرو بەرپرسانى کونسوڵگەرى پیشوازیان لێکرا.
فەلاح مستەفا بە ناوى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوسۆزى و هاوخەمى و پرسەو سەرخۆشى لە گەلان و حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد. لەم بارەیەوە گووتى ئەم رووداوە هەموو لایەکى خەمناک کردو هیوادارین رووداوى لەم شێوەیە جارێکى تر رووبەڕووى حاجیان نەبێتەوە.
هەردوولا باسیان لە پەیوەندى دێرینى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان کرد بەتایبەت لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکان، هیوایان خواست ئەم پەیوەندیانە ببێتە مایەى ئاسوودەیى بۆ گەلانى هەردوولا.
مورتەزا عەبادى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر پوختەیەکى لەسەر ئاست و بایەخى پتەوکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد، پاشان باسى لە هۆکارو ئاکامى ئەو رووداوە کرد و هەڵوێستى حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى خستەڕوو.
پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە دەفتەرى واژووى بیرەوەرى، یاداشتى خۆى نووسى و هاوخەمى خۆى بۆ ئەو رووداوە دووپاتکردەوە کە تێیدا ٤٨٥ حاجى ئێرانى گیانیان لەدەستدا.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز سەلیم جبووری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا دۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی عێراق و دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و داكۆكی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا كرایەوە، هەروەها تیشك خرایە سەر گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدرالی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش ئەو ناكۆكییە سیاسییانەی كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان سەریان هەڵداوە، تاوتوێ كرا و لەمبارەیەوە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ئەو ڕێكارانەی لە هەرێمی كوردستان گیراونەتەبەر، بۆ ڕێگری بووە لە تەشەنەكردن و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە و جەختی لەوەش كردەوە كە بڕوایان وایە هەموو كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان دەكرێ لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن.
هەروەها سوپاسی هەوڵ و خەمخۆریی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كە بۆ ئەم مەبەستە بە نیازە لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دیدار و چاوپێكەوتن ساز بكات، هەروەك چۆن چەند لایەن و كەسایەتییەكی دیكەی عێراقیش هەمان ڕۆڵ دەبینن و ئەو ڕۆڵەی ئەوانیشی بەرز نرخاند.
لە دوایین بەشی دیدارەكەدا بەرێز سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو ئاوارانەی كە لە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە پێشوازییەكی باشیان لێكراوە و كۆمەك و هاوكاری كراون. لەمبارەیەشەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هیوای خواست كە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كێشەی ئاوارەكان جددیتر وەربگرن و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق و وڵاتانی عەرەبیش هاوكاریی زیاتری ئاوارەكان بكەن چونكە لە دۆخێكدان كە پێویستییان بە هەموو پشتگیری و هاوكارییەكە.
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندیی هاوڕێی بهشدارییان لە پرسەی سیاسەتمەداری عێراقی خوالێخۆشبوو "ئەحمەد چەلەبی" کرد.
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 7/11/2015 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەندامیەتیی بەڕێزان "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆك وەزیران، "فازل میرانی" سكرتێری مەكتەبی سیاسی، د. "ڕۆژ نوری شاوەیس" و "ئازاد بەرواری" ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، "دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ" وەزیری ئـاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، "سەفین دزەیی وتەبێژی" حکوومەت و "فەرهاد ئەترووشی" پارێزگاری دهۆك، بۆ بەشداریكردن لە پرسەی سیاسەتمەداری عێراقی خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی، گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق.
دوای بەشداریكردن و پێشكەشكردنی پرسە و سەرەخۆشی بە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو چەلەبی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتیی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرسە و سەرەخۆشی و هاودەردی و هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو د. ئـەحمەد چەلەبی، گەیاندە خانەوادە و كەسوكار و دۆست و هەڤاڵانی.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات