ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ـی١١ـی٢٠١٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەلاحەدین پێشوازێی لە بەڕێز عوسمان گۆدەن سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون پیرۆزبایی سەرکەوتنە مەزنەکەی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگال لە سەرۆک بارزانی بکەن و ڕایگەیاند: ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات زۆر گەورە بوو، بەڵام کاتێک سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە بابەشێخ و ئێزدییەکان دا، ئێمە پشتڕاست بووین کە بەڵێنەکەیان دەهێننەجێ و خۆیان سەرکردایەتیی ئەو ئۆپەراسیۆنەتان کرد و ئەمڕۆ ئێمە بۆ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگە لێرەین و سوپاستان دەکەین.

سەرۆکی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال برینێکی قووڵ بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا یەکبوونی گەلی کوردستانی سەلماند و پتەوتری کرد، ئێمەی ئێزدی ٧٤ فەرمانمان بەسەر هاتووە، لە ٧٣ فەرمانی ڕابردوودا بێ پشتوپەنا و مەزڵووم بووین، بەڵام لەم فەرمانەی کۆتاییدا هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوان و هاوخەممان بوون و هەموو تواناکانیش بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانمان خرایەڕوو و جەنابتان بەڵێنتان پێ داین و بەڵێنەکەشتان هاتەدی. لە سەر ئاستی جیهانیش ئێزدییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستان و ئایینێک زیاتر ناوبانگیان دەرکرد و سۆزێکی جیهانیی بۆمان هەبوو.

هەر لە دیدارەکەدا شاندی ماڵی ئێزدییان هیوایان خواست کە هەموو هەوڵەکان بۆ زووتر ئاوەدانکردنەوەی شنگال بخرێتەگەر.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند: کارەساتی شنگال بۆ ئێمەی کورد بەشێکە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون و درێژەی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گەندەکانمان بوو و زۆریش ئازاری داین، بەڵام ئەمجارەش دەرکەوت کە ئەگەر دوژمن زیانیشمان پێ بگەیەنێت لە کۆتاییدا هەر ئیرادەی گەلەکەمان سەردەکەوێت. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەو بڕوا بەخۆبوونەی لای خوشک و برایانی ئێزدی دروست بوو زۆر گرینگە، هەموو گەلی کوردستان پشتیوانی خوشک و برایانی ئێزدییە.

سەرۆک بارزانی دڵنیاییشی بە خوشک و برایانی ئێزدی دا کە هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکرێت و داهاتوویەکی گەش چاوەڕانیان دەکات.

لە وەڵامی پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ گەل و سەرۆكی فەڕەنسا لۆران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وەڵامی پەیامی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە ئەوەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

جەنابی سەرۆك

بەناوی گەلی فەڕەنسا و بەناوی شەخسی خۆمەوە، سوپاستان دەكەم بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیتان دوابەدوای ئەو پەلامارە خوێناویانەی كە فەڕەنسایان كردە ئامانج.

ئەو پشتیوانییەی كە بەڕێزتان لەم ساتەوەختە سەختەدا نیشانانتان داوە، بۆ ئێمە بەهایەكی گرنگی هەیە. ئەمڕۆ فەڕەنسا لە ماتەمینی دایە و پرسەی قوربانییەكانی دەگێڕێت. بەڵام هەرگیز ڕێگە نادات تێكبشكێندرێت، هەر لە ئێستاوە هەڵساوەتەوە و، بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ترسی نامرۆڤانەی تیرۆریزم، لەسەر خاكی خۆی و هەروەها لە هەموو شوێنەكانی جیهاندا.

لەبەرانبەر ئەو بەڵایەدا كە هەڕەشە لە هەموو لایەكمان دەكات، ئێمە پێویستیمان بە كاری زیاتری هاوبەش هەیە، بە یەكخستنی هەموو تواناكانمان بۆ خزمەتكردنی بەها و باوەڕە جیهانییە هاوبەشەكانمان. دڵنیام كە دەتوانین لەم ئەرك و ئامانجانەدا پشت بە بەشداریی ئێوە ببەستین.

تكام وایە جەنابی سەرۆك ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتم قبوڵ بفەرموون.

لۆران فابیوس

وەزیری دەروەی فەڕەنسا

پاریس 23ـی نۆڤەمبەری 2015

ڕۆژی دووشەممە 23ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تۆنی بلینكێن جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕایگەیاند كە زۆر سەرسامن بە هەنگاو و پلانەكانی سەرۆك بارزانی لە ئۆپڕاسیۆنەكان و ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشمەرگە بۆ سەركەوتنەكانی قوربانی داوە و ئەوەیان جێگەی پێزانینی جیهانیانە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی دوا پێشڤەچوونەكان و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی داعشی كرد لە عێراق و سووریا. سەبارەت بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لە پشتیوانیی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هەوڵەكانیشی بۆ فراوانتركردنی ئەم پشتیوانییە دەخاتەگەڕ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی پاڵپشتیی هێزە هاوپەیمانەكان و بە تایبەت ئەمەریكای كرد كە كاریگەریی زۆری لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا هەبووە لە هەموو قۆناغە جیاجیاكانی ئۆپڕاسیۆنەكاندا هەر چەندە هاوكارییە سەربازییەكان لەسەر زەوی لە ئاستی فراوانی و سەختیی شەڕەكان نەبووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە وردەكارییەكانی پلانی ئازادكردنی شنگال كرد كە زەبرێكی گەورە بوو بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە. پەیوەست بە كۆتاییهێنان بە داعش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە و لەهەر شوێنێك دەرفەتیان هەبێ دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان شەڕكردن و تێكشكاندنی داعشە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان بەشێوەیەكی جدیتر بەشدار بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستی خۆیان لەم شەڕەدا كراوەتر بكەن. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەڕێی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سڵاو و ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا نارد.

باسكردنی بارودۆخی سووریا و چۆنیەتیی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و تێكشكاندنی تیرۆر و خستنەڕووی چارەسەری سیاسی و بۆ دواڕۆژی ئەم وڵاتە و هەروەها پلان و هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكی شنگال لە پاش ئازادكردنی چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی١١ـی٢٠١٥ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی دۆستی دێرینی گەلی کورد، خاتوو دانیال میتران، کرد.

لەو مەراسیمەدا کە لەژێر چاودێریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی و هونەریی شڤان پەروەر، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خاتوو دانیال میتران ڕێکخرابوو، سەرەتا سەرۆک بارزانی پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بەسەر کردەوە کە کۆمەڵێک وێنەی خاتوو دانیال میتران لە قۆناغە جیاجیاکانی پشتگیریی ئەو دۆستە دێرینەی گەلی کوردستان نماییش کرابوون. هەر لە مەراسیمەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی خاتوو دانیال میتران و وڵاتی فەڕەنسا لە پشتگیرییکردنی گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: کورد و کوردستان قەرزداری ئەو خاتوونەین و هەمیشە یادی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

سەرۆک بارزانی هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان وڵاتی فەڕەنسا و گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: پەیوەندیی فەرەنسا و گەلی کوردستان لەمێژینەیە و هەمیشە وەک دۆست و پشتیوان سەیری فەڕەنسامان کردووە، لەکاتی پەلاماری تیرۆریستان بۆسەر کوردستان، سەرۆکی فەڕەنسا هاتە هەولێر، ئەوە پشتیوانییەکی مەزن بوو بۆ گەلی کورستان. ئاماژەشی بەوە کرد کە پەلاماردانی فەڕەنسا لەلایەن تیرۆریستانەوە بەهۆی ئەو هەڵوێستانەوە بوو، هەر بۆنەیەشەوە سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە سەرەخۆشیی لە قوربانییانی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە کرد و ڕایگەیاند:ئەو کردەوە تیرۆریستییانە دەریخست کە تیرۆریستان دوژمنی هەموومانن و دەبێ هەموو جیهانی ئازاد هەڵوێستەکانیان لە دژی تیرۆ یەک بخەن.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: مانەوەی تیرۆریستان تەنیا کاتییە و هیچ داهاتوویەکیان نییە.

هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئالان گیبخات کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و ژێلبرێت میتران کوری خاتوو میتران و چەند وتاریکی تر پێشکەش کران و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی خاتوو میتران و هەڵوێستەکانی بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان نماییش کرا.

بۆ بینینی دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ئێرە دابگرە.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتیی نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و پسپۆڕیی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە پیرۆزبایی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالی لە سەرۆك بارزانی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات. شاندی میوان هیوای ئەوەیان خواست كێشە ئابووری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت و خوازیاری سەقامگیریی زیاتری كوردستان بوون و جەختیشیان لە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەدا شاندی میوان نیگەرانییەكانی خۆیان لەمەڕ پەرەسەندنی تیرۆر و لەسەر ئاستی جیهاندا خستەڕوو و باسیان لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بنبڕكردنی تیرۆر كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وردەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال، باسی ئەوەی كرد كە ئازادكردنی شنگال بۆ گەلی كوردستان مانایەكی سیمبولیك و مەزنی هەبوو و بۆ داعشیش شكستێكی گەورە و كاریگەر بوو و سەركەوتنەكان بە هیمەت و قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان هاتووەتە ئاراوە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا داوای كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جدیتر بێت و پێویستە هەموو دنیای ئازاد لە دژی تیرۆر لە یەک سەنگەردا بن.

سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی موسڵ ئازاد بکرێت پێویستە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەبێت کە تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و جارێکی دیکە هیچ پێکهاتەیەک رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە.

نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق لە تارانی پێتەختی ئێران کرد.

دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە سەردانێکی ڕەسمی و بە یاوەریی شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی یەکشەمە ٢٢ نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بۆ بەشداریی لە سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گازGECFلە ڕێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆماریی فڕۆکەخانەی مێھرئابادی تاران گەیشتە پێتەختی ئێران و لە لایەن "عەلی تەبیب نیا" وەزیری کاروباریی ئابووریی و دارایی ئێران، دکتۆر "عادل عەبدوالمەھدی" وەزیری نەوتی عێراق، "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران"، "راجح سابر عەبود الموسوی" باڵیۆزی وڵاتی عێراق لە تاران، "ھیوا ڕەسووڵ" و "فەخرەدین عەزیز ساڵح" ئەندامانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، ئەندازیار "حەسەن دانایی فەڕ" باڵیۆزی ئێران لە بەغداد و چەندین بەرپرسی دیکە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

 

سەرۆک کۆماری عێراق بڕیاروایە بێجگە لە بەشداریی سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گاز، دکتۆر "حەسەن ڕووحانی" سەرۆک کۆماریی دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.

 

سێیەمین کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ھەناردەکردنیی گاز، ڕۆژی دووشەمە ٢٣ نۆڤەمبەری ٢٠١٥ بە بەشداریی سەرۆک کۆماریی زیاتر لە ١٠ وڵاتی جیھان، لەوانە: ڕووسیا، عێراق، ئێران، ڤینزۆئێلا، بۆلیوی، نیجریە، تورکەمەنیستان، گینەی ئۆستۆوایی و ... و سەرۆک وەزیرانی ئەلجەزائیر و ھەروەھا وەزیرانی نەوت و گازی ١٢ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتیی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەبچێت.

 

سەرۆک کۆماری عێراق دوای ئاماژە بە نیگەران نەبوونی لە دامەزرانی هەرێمەکان لەو وڵاتە، ڕوونی کردەوە: ئێران لە کاتی داگیرکرانی مووسڵ لە لایەن داعشه‌وه‌، ڕۆڵێکی گرینگی بووە لە یارمەتیدانی عێراق.

 

بەشی نێودەوڵەتی- سومەیە خومارباقی: دامەزرانی هەرێمەکان لە عێراق، پێوشوێن‌گرتنی بابەتی دابەش‌بوونی عێراق لە لایەن هەندێک لە سیاسەتوانانی ئەمریکی، پێناسەی بەغدا لە رێسای ئاسایشی کەنداوی فارس، دامەزراندنی ناوەندی هەواڵگری بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، سووریا و عێراق و ڕوانگەی بەغدا له‌مه‌ڕ پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەیی ناوچەیی و سه‌روو ناوچەیی بەشێکن لەو بابەتانەی کە لە دیمانەی ئاژانسی مێهر لە گەڵ "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق خرانە ڕوو و گفتوگۆیان له‌سه‌ر.

 

ئەوەی لە خوارەوەیە دەیخوێننەوە کۆی دیمانەی فوئاد مه‌عسووم له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی مێهره‌:

 

ئێران و عێراق خاوەن چ بەستێنێکی هاوبەش لە بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی وەک سیاسەت، ئاسایش، ئابووری و...هتدن؟ هەندێک لایان وایە گەڕانەوەی ئێران و عێراق بۆ بازاڕی نەوت دەبێتە هۆی ڕکابەری لە نێوان ئه‌م دوو وڵاتە. دوو وڵاتی ئێران و عێراق دەتوانن چ هاوکارییه‌کیان پێکەوە لەو بوارەدا بە شێوەی دوو لایەنە و لە ئۆپێکدا بە شێوەی چەند لایەنە هەبێت؟

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە زۆربەی بوارەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە سنووری هاوچەشنی و هاوڕایی تێپەڕبووە و لە کردەوەی هاوبەش نزیک بووەتەوە، کردەوەیەک کە بنیاتنەری پەیوەندی تۆکمە و هاوکات پشت‌ئەستوور به ڕێککەوتن و هاوکاریی سازێنەر لە نێوان دوو وڵاتە. ئەم ڕێککەوتنە پەرەی سەندووە و هەندێک رەهەندی لە خۆ گرتووە کە هەندێ جار گومانی لێ‌کەوتووەتەوە و گەر ئەو ڕێککەوتنە لە ئارادا نەدەبوو، بەرپرسانی دوو وڵات نەیاندەتوانی هەندێک لەو هەڵوێستانە کە ناکۆکی له‌سه‌ریان هەیە، بە جێ بێڵن و لە پێناو تۆکمەتر کردنی پەیوەندییەکان هەوڵ بدەن.

سیاسەتی نەوتی ئێران و عێراق وەک دوو ئەندامی ئۆپێک دەبێ پابەندی بڕیارە دەرکراوەکان لە لایەن ئەو ڕێکخراوە بێت و ئەو بڕیارانە بە چەشنێکن کە بە شێوەی ئاسایی لایەنەکان لە سەری ڕێککەوتوون و تێکرا ڕیزی لێ‌دەگرن و پێی پابەندن. عێراقیش لە پێناو یەکگرتوویی ئەندامانی ئۆپێک و ئەوەی کە ڕێککەوتنەکان، بە پێی پرێنسیپی سەرەکیی هەڵسوکەوتی ئەو ڕێکخراوەیە بێت، هەوڵ دەدات. هەروەها مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی دادگەرانە لە لایەن یەکە یەکەی ئەندامانی ئۆپێک بەردەوام بۆ عێراقی نوێ گرینگ بووە. مومکین نییە بەغدا تەنیا خوازیاری داد بۆ خۆی بێت و لایەنی داد بۆ دیتران ڕەچاو نەکات. بە دڵنیاییەوە برایانی ئێرانیش لەو بابەتەدا لە گەڵ ئێمە هاوڕان، دادپەروەری دابەش ناکرێت و تەنانەت بەرژەوەندیی وڵاتانی کڕیاری نەوتیش گرێی خواردووە بەو چوارچێوەیە و لەم خانەدا دادەنیشێت.

 

دەوڵەتی عێراق چۆن لە ڕێسای ئاسایشی کەنداوی فارس دەڕوانێت؟ ئایا ئەم ڕێسایە بە ئامادەبوونی وڵاتانی وەک ئەمریکا و بریتانیا لە ناوچەدا مسۆگەر دەکرێت؟

سیاسەتی عێراقپێداگرە لە سەر بنەمای هاوژینی ئاشتیخوازانە و یەکەمایەتیی ئەم وڵاتە، دەستبەرکردنی باری ئاسایش و تەندروستیی خۆی لە قەوارەی ناوچەیەکی هاوپەیمانە کە لە پێناو پێشکەوتن و ئاسایشدا هەوڵ دەدات. ئێمە لە سەر ئەو بڕوایەین کە زۆربەی کێشەکانی ناوچە پێویستی بەوەیە کە ئێمە هەر هەموومان جەسارەتی گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ یەکتریمان هەبێ، دەستەبەری کردنی ئاسایشی وڵاتەکەمان و هاوکات ئاسایشی هاوبەشمان لە رێگەی گفتوگۆی سازێنەر و ڕێککەوتنەکان مومکینە.

یەکێک لە بنەماکانی ڕێککەوتن لە نێوان وڵاتانی ناوچە ئەوەیە کە تێکرا ڕێز لە پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەیی ستراتژیکی یەکتری بگرین. هەرکام لە وڵاتانی ناوچە مافی ئەوەیان هەیە پەیوەندیی ستراتژیکی نێودەوڵەتیی خۆیان چ لە گەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، وڵاتانی ئەورووپی یان لە گەڵ ڕووسیا و چین بە پێی ئەو شتەی مەبەستییانە و یارمەتییان دەدات، بپارێزن. بەڵام ئەوەی ئێمە وەک وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانێک کە سەرکەوتنی بنەما هاوژینییەکانیان بەلاوە گرینگە، دەبێ خۆمان بە دوور بگرین لە بەشداری لە ئیئتیلافێک کە دەبێتە هۆی بشێویی ناوچە و نابێ لە پەیوەندیی ستراتژیکی خۆمان لە گەڵ وڵاتانی گەورە بۆ دەسترێژی و پەلاماردان و نائارامی خستنەوە لە نێوان وڵاتانی دراوسێ بەهرە ببەین.

 

ناوەندێکی هەواڵگری بە بەشداریی ئێران، ڕووسیا، سووریا و عێراق لە بەغدا دامەزراوە. گه‌لۆ ئیمکانی پەرەدان بە هاوکارییە سەربازی، ئەمنی و زانیارییەکان لە نێوان ئەم چوار وڵاتە لە داهاتوودا هەیە و ئایا مومکینە کە بەغدا خوازیاری پەرەدان بە هێرشی ئاسمانی لە سووریاوە بۆ عێراق لە لایەن ڕووسیاوە بێت؟

بەڵێ ده‌فرایه‌تی بۆ هاوکاریی نێوان ئەو وڵاتانە هەیە. سەبارەت بەو شتەی کە پەیوەندیی بە ئێمە وەک عێراق هەیە دەبێ بڵێم کە ئێمە ئامادەی هەر چەشنە هاوکارییەکی سازێنەرین بۆ لە ناو بردنی تیرۆریزم، تیرۆریزمێک کە هەموو لێێ وەزاڵە هاتووین و ئەم مەترسییە تەنیا ڕووی لە یەک وڵات یان یەک ناوچەی تایبەتی نییە.

بە پێی بەرپرسایەتیی مرۆڤانە پێویستە ئەو هاوکارییانە بەردەوام بن. هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەواڵگرانە لە نێوان وڵاتانی باسکراو سازبووە و وەک پێداویستییەک بەردەوامە. سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەشت، من پێموا نییە کە بەغدا لە دۆخی ئێستادا وەک سووریا داوا لە ڕووسیا بکات کە هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە عێراقدا بەڕێوە ببات. سووریا و ڕووسیا پێکەوە هاوپەیمانییەکیان هەیە کە ئیزن بە مسکۆ دەدات لە دژی تیرۆریستەکان لە شارگەلی سووریا ئۆپراسیۆنی سەربازی بەڕیوە ببات. بارودۆخی عێراق جیاوازە لە بارودۆخی سووریا و ئەو بەو مانا نییە کە بەغدا پەیوەندییەکی گونجاو و ئیجابیی لە گەڵ مسکۆ نییە. بۆ وێنە لە نێوان عێراق و ئێران هاوئاهەنگیی ئەمنی هەیە و بە چەشنێک کە ئێران لە کاتی داگیرکرانی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، ڕۆڵێکی گرینگی بووە لە یارمەتیدانی عێراق و هەروەها ئەم باسە ئیئتیلافی نێودەوڵەتیی شەڕ لە دژی داعشیش دەگرێتەوە.

 

یەکێک لە پرێنسیپە راگەیێندراوەکانی سیاسەتی دەرەوەیی عێراق، هاوسەنگیه‌ لە پەیوەندیی دەرەوەییدا. بە بڕوای ئێوە بەغدا چۆن دەتوانێت لە گەڵ وڵاتانێک کە پشتیوانی لە تیرۆریستەکان دەکەن و لەوان عەرەبستان، لە لایەکەوە و وڵاتانێکی وەک ئێران کە پشتیوانیی ئەو وڵاتە دەکەن، هاوسەنگی دروست بکات؟

لە بنەماوە ئەوەی ئێوە دەڵێن دروستە و ئێمە پێی پابەندین و لە سەر ئەو بڕواییەن کە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ له‌ کاتی جیاوازدا لە بایەخ و گرینگیی ئەو بژێرە بۆ عێراق تێ‌دەگەن. هاوسەنگی لە پەیوەندیی دەرەوەیی بۆ ئێمە بە سوودە و دەتوانێ بۆ دیتران لە ناوچەشدا بە سوود بێت و یارمەتیدەریان بێت. ئەم هاوسەنگییە یارمەتیی عێراق دەدات کە بە شێوەی ئیجابی بچێتە ناخی ناکۆکیی وڵاتانی ناوچەکه‌وه. پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ عەرەبستان ڕوو لە پەرەسەندنە ئه‌گەرچی خێرا ناچێتە پێشه‌وه. بەوەشەوە پێشچوونی پەیوەندییەکان بە ئەسپایی زۆر باشترە لە پەرەنەسەندی پەیوەندییەکان یان هەڵگەڕانەوەیان. عەرەبستانی سەعوودی یارمەتیگەلێکی بە بایەخی ۵۰۰ میلیۆن دۆلار ئاراستەی عێراق کردووە و لە سەفەرەکانی ئەم دواییەی ئێمە بۆ ڕیاز و دیدار لە گەڵ پادشای عەرەبستانی سەعوودی سەبارەت بە پەرەدان بە پەیوەندییەکان ڕێککەوتووین، هەروەها فەزای گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی زانیارییەکان سەبارەت بە هەڵسوکەوتی تیرۆریستەکان لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ڕەخساوە.

من ئاماژەم بە بایەخ و گرینگیی یارمەتییەکانی ئێران لە شەڕ لە گەڵ داعش کرد، ئەم یارمەتییانە لە لایەن ئێرانەوە هیشتاش بەردەوامە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری ناوچە بەرەو باشتر بوون دەچێت و ئەم پەیوەندییانە لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچە لە قۆناغێکی باش و گونجاوە. لە ئێستادا لە سەر ئەو بڕوایەم کە بەرژەوەندیی هەموو لایەکمان وەک وڵات و نەتەوەگەلێک کە لەم ناوچە جوگرافییایەدا دەژین، گرێی خواردووە بە جەخت کردنەوە و تۆکمەتر کردنی هاوبەشییەکان. هەڕەشەی تیرۆریزم و کێشەگەلی ئێستا وامان لێ‌دەکات کە بە شێوەیەکی شلگێرانەتر بڕوانینە ئێستا و داهاتووی بەرەکانمان. یەکێک لە یەکەمایەتییەکانی هەوڵی جیدی ئەوەیە کە بەستێن بۆ ورەی هاوکاری و کردەوەی هاوبەش خۆش کەین و ئەو هۆکارگەلە کێشەساز و پڕ ململانێیانەی کە وزەی فیزیکی و مرۆییەکان دەفەوتێنن و دەبنە لەمپەر لە بەردەم دەرفەتەکانی پێشکەوتن، کەم کەینەوە و لە ناویان ببەین.

 

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بە تایبەت "جۆ بایدن" جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە عێراق، پێوشوێن‌گرتنی دابەش‌بوونی ئەو وڵاتە بووە. ستراتێژیی باڵای واشنتۆن لە عێراق چییە و ئەمریکا چ ئامانجێک لە رێگەی دابەش‌کردنی عێراق دەپێکێت؟

دابەش کردنی عێراق بە چەند وڵات!؟ ئەمە نامومکین و ناڕاستە. هیچکات تا ئێستا گفتوگۆ، کۆبوونەوە و دیدار یان کۆنفڕانسێک لەوبارەوە بەڕێوە نەچووە و ئێمە تا ئێستا هیچ شتێکمان لەوبارە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان نەبیستووە. ئەمە ڕەنگە زیاتر پڕوپاگەندەیەکی میدیایی بێت.

دەکرێت بە پێی یاسای بنەڕيتیی عێراق، پارێزگاکان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا پێناسە بکرێت. ئێمە هیچ نیگەرانییەکمان سەبارەت بە سیستەمی دامه‌زراندنی هەرێم‌ نییە، چونکا ئەوە پڕۆژەیەکی یاساییە و گەر لە بارودۆخێکی هێمن و بە پێی داخوازیی جەماوەری (داخوازییەک کە بە پێی ترس و نیگەرانی و لە ژێر گوشاری هەلومەرجی ئێستاکەی عێراق نەبێت) بکرێت، پرسێکی ڕەوایە و دەتوانێ زۆر بە سوود بێت.

 

هەندێک ڕەخنە دەگرن لە دامەزرانی گاردی نیشتمانی عێراق و لایان وایە کە دامەزرانی ئەو گاردە لە لایەکەوە دەبێتە هۆی دابەزینی توانستەکانی سوپا و لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی دابەشبوونی عێراق، ئێوە چۆن لەم بابەتە دەڕوانن؟

بابەتی گاردی نیشتمانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان فراکسیۆنەکانی سیاسی لە کاتی پێکهاتنی دەوڵەتی

ئێستادا گەلاڵە دراوە و دەبێ فەرماندەی گشتیی هێزی چەکداریی عێراق واتە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە لەوبارەوە وڵامدەر بێت. هەڵبەت بواری چالاکیی گاردی نیشتمانی عێراق کۆی وڵاتە و تایبەت بە ناوچەیەکی تایبەتی نییە.

 

بە ئاوردانەوە لە سەرکەوتنی پارتی داد و گەشە لە توکیا و دامەزرانی دەوڵەتی تاک پارتی لە لایەن پارتی دادوگه‌شه‌وه‌ و بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی ئەو پارتە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا بە چ چەشنێک دەبێت؟

تورکیا یەکێکە لە وڵاتانی دراوسێی ئێمە و بەردەوام لە سەر ئەوە پێداگر بووین کە پەیوەندیی عێراق لە گەڵ تەواو وڵاتان بە پێی ڕێزنان و هاوکاری و دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان بچێتە پێشه‌وه. بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان عێراق و تورکیا، بەرژەوەندییەکی ستراتێژیکە. ئاوی عێراق لە تورکیاوە دێت و بەشێکی زۆر لە نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەورووپی و دەروەیی دەکرێت.

 

چۆن دەڕواننە ڕۆڵی هێزی جەماوەریی عێراق و ‌هێزه‌ خۆبه‌خشه‌کان لە شەڕ لە گەڵ تیرۆریستەکان، بە تایبەت ئاگادارین دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ئەو هێزانە، هەندێک لە شارەکان شکستیان هێناوە؟

هێزی خۆبەخشی جەماوەری بۆ شەڕ لە گەڵ داعش دامەزراوە و هەر وەک باس دەکرێت ئەم هێزە پاش هێرشی لە ناکاوی داعش بۆ سەر خاکی عێراق و شکستی مووسڵ بە فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی دامەزرا.

 

ئامانج لە دامەزرانیشی پاراستنی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بووە، بەڵام هێزی حەشدی شەعبی لە ئێستادا بەرپرسایەتییەکی نیشتمانیی مەزنتری بە هاوکاریی هێزەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە  و هێزی خۆبەخش لە پێناو پاراستنی عێراق و ئازادیی شار و گوندە داگیرکراوەکان، لە ئەستۆیە. ناکرێت چاوپۆشی لە توانستی هێزی جەماوەری و حەشدی شەعبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بکرێت، چونکا ئەو هێزانە لە ئێستادا ڕۆڵێکی نیشتمانیی گرینگ دەگێڕن.

لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ برۆکسل، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای لە برۆکسل کرد و لەوێ لە لایەن هەریەک لە (کریستیان بێرگەر) بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەندا و باکوری ئەفریقا و  (جۆن ئۆرورک) بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێکرا.

لە میانەی دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا لە لایەک و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە لایەکی دیکەوە کرا. لە سەرەتادا بەڕێز فەلاح مستەفا ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئۆفیسی هەماهەنگی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد کە ڕۆڵی باشی هەبووە و دەبێ لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. پاشان بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پانۆرامایەکی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی و مرۆیی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ لایەنی بەرامبەر خستەڕوو.

لە بەرامبەریشدا کریستیان بێرگەر، خۆشحالی بەرامبەر بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی. سەربارەت بە باوردوخی ئاسایش، بێرگەر پیرۆزبایی دواسەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەنگال کرد و ئەو سەرکەوتنانەی وەک ئاماژەیەکی بەرچاو لە گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەنگاوبوونەوەی داعش دا نیشاندا.

هەرچی پەیوەندی بە پرسی مرۆییەوە بێ، کریستیان بێرگەر جاریک دی پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا و ولاتانی ئەندامی بە پێشکەشکرنی هاریکاری مرۆیی بۆ هەریمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو هاریکاریانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن.

کۆبوونەوەکە بە تاوتوێکردنی چەند خاڵێکی دیکەی تایبەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەریمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کۆتایی پێهات. شایانی باسە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و زانا کوردە لە بەشی پەیوەندییە ئەوروپییەکانی نوێنەرایەتی، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی