لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ برۆکسل، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای لە برۆکسل کرد و لەوێ لە لایەن هەریەک لە (کریستیان بێرگەر) بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەندا و باکوری ئەفریقا و (جۆن ئۆرورک) بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێکرا.
لە میانەی دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا لە لایەک و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە لایەکی دیکەوە کرا. لە سەرەتادا بەڕێز فەلاح مستەفا ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئۆفیسی هەماهەنگی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد کە ڕۆڵی باشی هەبووە و دەبێ لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. پاشان بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پانۆرامایەکی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی و مرۆیی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ لایەنی بەرامبەر خستەڕوو.
لە بەرامبەریشدا کریستیان بێرگەر، خۆشحالی بەرامبەر بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی. سەربارەت بە باوردوخی ئاسایش، بێرگەر پیرۆزبایی دواسەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەنگال کرد و ئەو سەرکەوتنانەی وەک ئاماژەیەکی بەرچاو لە گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەنگاوبوونەوەی داعش دا نیشاندا.
هەرچی پەیوەندی بە پرسی مرۆییەوە بێ، کریستیان بێرگەر جاریک دی پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا و ولاتانی ئەندامی بە پێشکەشکرنی هاریکاری مرۆیی بۆ هەریمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو هاریکاریانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن.
کۆبوونەوەکە بە تاوتوێکردنی چەند خاڵێکی دیکەی تایبەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەریمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کۆتایی پێهات. شایانی باسە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و زانا کوردە لە بەشی پەیوەندییە ئەوروپییەکانی نوێنەرایەتی، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.