ڕۆژی پێنجشەممە 29ـی 10ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بە هەنگاوە سەركەوتووەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا كە كاریگەریی زۆری لەسەر پێشكەوتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە گشت بەرەكاندا هەبووە و ستاییشی قوربانیدانی پێشمەرگەی كرد و ڕایگەیاند كە ئەمەریكا قەرزاری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەیە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا. هەروەها هێمای بە ئۆپڕاسیۆنی ڕزگاركردنی بارمتەكان دا لە حەوێجە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەی سوپای ئەمەریكا و هێزە تایبەتەكانی پێشمەرگە دەرخەری ئاستی بەرزی هەماهەنگی و متمانەی نێوان هێزەكانی هەردوو لایە و دەستخۆشیشی لە فەرماندەكانی ئەو ئۆپڕاسیۆنە سەركەوتووە كرد و جەختی لەوە كردەوە ئاسۆیەكی زۆر ڕوون بۆ ئاییندە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە ئارادایە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی باسی لەو دەستكەوت و سەركەوتنانە كرد كە لەدژی تیرۆریستانی داعش بەدەست هاتوون و ئەوەی دووپات كردەوە كە بە قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان كە تەواوكاری یەكترن سەركەوتنەكان تۆمار كراون. سەرۆك بارزانی باسی لە ئۆپڕاسیۆنەكەی حەوێجەیش كرد و ئاماژەی بەوەدا ئەو ئۆپڕاسیۆنە وەرچەرخانێك بوو لە شەڕی دژی داعش و لووتكەی متمانە و هەماهەنگیی سەركەوتووانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا بوو كە بووە هۆی ڕزگاركردنی ژیانی حەفتا كەس لە دەستی داعش و زەبرێكی كاریگەریش بوو لە شكۆی داعش.
هەر لەم دیدارەدا باس لە دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا و، بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ئەنبار و بێجی و شوێنەكانی تر تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەت و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئامادە بوون.
"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، سەرەڕای ئاماژە بە خۆڕاگری هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرانبەر پێشڕەوییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش،وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی سەرەکی و گرینگی هەرێمی کوردستان لە شەری داعشە.
بەشی نێونەتەوەیی ـ ئارمان نەسروڵڵاهی: "نازم دەباغ" چەندین ساڵە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێراندایە و ئەم دیپلۆماتە کوردە کە لە تەمەنی 70 ساڵی نێزیک بووەتەوە لەم ساڵانەدا وەک ئاسانکار بووە بۆ پەیوەندییەکانی کوردەکانی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
نوێنەری هەرێمی کوردستان دەڵێت پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی ئێران هەیە و تەنانەت هاوپەیوەند بە هەندێ پرسی ناوچەیی ڕاوێژی لەگەڵ دەکرێت.
ئەو جگە لە زمانی کوردی وەک زمانی دایکی خۆی، زمانەکانی ئینگلیزی،عەرەبی و فارسیش دەزانێ و بە سینگ فراوانی و ڕووی گەش وڵامی پرسیاری هەواڵنێرانی ئاژانسی مێهری دایەوە سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و ڕایگەیاند کە لە بارودۆخی ئێستادا میدیا و ڕاگەیاندن ڕۆڵی گرینگیان لەگۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا هەیە.
ئەو لە میانەی سەردان کردنی ئاژانسی هەواڵی مێهر وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەرپرسان بە بۆنەی کرانەوەی بەشی کوردی ئاژانسی هەواڵی مێهر،لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵنێرانی مێهر وڵامی چەندپرسیارێکی دایەوە کە دەقی ئەو دیمانە وەک خۆی لە خوارەوە هاتووە:
دۆخی پەیوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ و لە چ ئاستێک دایە؟
بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران نێزیکترین وڵات بە عێراق بە تایبەت بە کوردەکانی ئەم وڵاتەیە و بە پێی ئەو هاوبەشیە فەرهەنگی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە نێوانیانداییە پەیوەندی ئێران و کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستا گونجاوە.
بەڵام هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە بە ڕچاوکردنی دەفرایەتییەکانی بەردەست ئاستی ئەم پەیوەندیانە لە هەموو بەشەکان بە تایبەت ئابووری و بازرگانی بەرزبکەینەوە کە هەڵبەت لەم نێوانەدا دەبێ هەردوولایەن ئاسانکاری بکەن بۆ ڕەخساندنی بەستێن و کاری سەرەتاییش لەم پێناوەدا کراوە. لە ڕاستیدابوونی سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و هەریمی کوردستان ئەم دەفرایەتییەی زیاتر دەکاتەوە و بەستێن بۆ هاوکارییە جۆراوجۆرەکان دەکاتەوە و هەڵبەت نابێ لەبیر بکەین کە هەرێم دەیەوێت ئەم پەیوەندی و هاوکاریانە بەرزبکاتەوە بەڵام لەم ڕێگایەدا کێشەی جۆراوجۆریش بونی هەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێن.
سەرەکیترین کێشەکان کە کاریگەرییان لەسەر تۆکمەکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە هەیە کامن؟
لە ڕاستیدا یەکێک لە کێشەکان لە بواری ژێرخانەکاندایە.ئەگەرچی لە ئێستادا سنوورە فەرمییەکانمان لە پارێزگاکانی کوردستان،کرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوایی دایە بەڵام دەبێ ئەم سنوورانە پەرەپێبدرێن و هەڵبەت هاوشانی ئەو سنوورانە دەبێ بازارچە سنوورییەکانیس گرینگیان پێبدرێت و ئیمکاناتی مرۆڤی و دارایی و ژێرخانییان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندیانە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا بە باشترین شێواز بەردەوام بێت.
پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیکەی بوارەکان لەوانە سیاسی و ئەمنی لەگەڵ هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟
لە راستیدا دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئیران بووە ولاتێکی دۆست بۆ کوردەکانی عێراق و ئێمە هەرکات پێویستمان بە کۆماری ئیسلامی بووە ئەوان بێ هیچ چاوەڕوانییەک پشتیوانییان لێمان کردووە و ئەوپەڕی جاوەڕوانی ئێران لە هەرێم لەم چەندساڵەی دواییشدا و دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعش هەوڵ دانە بۆ یەکگرتوویی لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ.هەروەها جێی خۆیەتی ئاماژە بکەمە پەیوەندی مێژوویی ئێران و هەرێمی کوردستان و بۆ نموونە لە کاتی کیمیاباراانی هەڵەبجە ئەگەر ئێران نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک سووچەکانی ئەم کارەساتە مرۆڤییە بەم رادە لە جیهاندا ئاشکرا نەدەبوو و لەم دواییانەشدا پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆ شەڕ دژی داعش نمانەیەکی بەرچاوی دیکەیە.
ئاماژەتان دایە پرسی داعش،یارمەتی و پشتیوانی ئێران لە هەریم بۆ سەڕ دژی داعش بە چ شێوەیەک بووە؟
کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیانی سەرەکی و گرینگی ئێمە بووە لە شەڕ دژی داعس و لە ڕۆژانی ئەوەڵ کە ئەم گرووپە هێرشی کردە سەر عێراق و هەرێم،ئێران لە هەموو بوارە ڕاوێژکارییەکان و تەنانەتی یارمەتی سەربازی داوین و هەڵبەت لەم دۆخەدا هێشتا یارمەتییەکانی ئێران بەردەوامە. بە راستی ڕۆڵی ئێران و یارمەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لەبیر ناکرێت و هەر بۆیە ئەمڕۆ کوردستانی عێراق توانیویەتی لە بەرانبەر داعش خۆڕاگر بێت و بێ گومان ئەم بەرخۆدان و خۆراگرییە و هەروەها دۆڕاندنی داعش درێژەی دەبێت.
تەنانەت لە سەفەری ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئێران جارێکی دیکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان کردە سەر بەردەوام بوون لە پشتیوانییەکاهی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە داعش کە ئەمە بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵیە.
پرسێکی گرینگی ئەم چەند حەوتە دواییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ناکۆکی نێوان گرووپە سیاسییەکان بە تایبەت سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بوو،لەمبارەوە قسەمان بۆ بکەن.
لەم سەردەمەدا بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە وڵاتانی جیهان کارێکی ئاساییە و ئەگەر لە وڵاتێکدا کەسانێک دەست بدەنە خۆپیشاندان نابێ نیگەران بین بەڵام خاڵی جێی نیگەرانی لە خۆپیشاندانەکانی هەرێم خەسارگەیاندن بە سامانی گستی بوو کە بە ڕێنوێنی ڕێبەرانی گرووپە سیاسییەکان کۆتایی پێهات.دوای باسکردنی سەرۆکایەتی کردنەوەی مەسعوودبارزانی لەسەر هەرێم،گرووپی ناڕازی دەستی دایە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و بەداخەوە لە هەندێ شاردا ئەو خۆپیشاندانانە تێکەڵ بە توندوتیژی بوو. بەڵام لە کۆتاییدا قسەی سەرەکی ئەمەیە کە تەنیا بە گفتوگۆ دەکرێ ئەم پرسە چارەسەر بکرێت و تەنانەت خودی بارزانی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دیکەی گرووپە سیاسیەکان کەسێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ناودەهێنن دەکرێ دیراسەی لەسەر بکرێت و لەم بارودۆخەدا کە هەندێ لایەن دەڵێن دەبێ بارزانی دەستلەکاربکێشێتەوە،ئەمە وتەیەکی دروست نییە چونکوو تا کاتێ کەسیکی نوێ دەستنیشان نەکرێت،ئەم داخوازییە جێبەجێ نابێت.من لێرەدا ئاماژە بە پرسێکی گرینگتر دەکەم و ئەوەش ڕۆڵی کەسانی گەورەی وەک مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە هەرێم و تەنانەت وڵاتی عێراقە،کەسانێک کە چەندین ساڵ بەشداربوون لە خەباتی گەلی کوردی عێراق و نابێ ئێستا وا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت و بێ گومان ئەم پرسەش بە ڕێچارە دۆزینەوەی ڕێبەرانی گرووپە سیاسییەکان چارەسەر دەبێت.
دوای ئەم رووداوە چەند دەزگای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان باسیان لە دەستێوەردانی ئێران لە پرسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و تەنانەت مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی کرد،ئەم بابەتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
پاش ئەم رووداوانە چەندین وەفدی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دیداریان کرد بەڵام بەهیچ لەونێک باس لە مانەوە یا لابردنی هیچ کەسێک نەکرا و بەردەوام لایەنی ئێرانی جەختی کردۆتە سەر پاراستنی یەکڕیزی لە هەرێم و ئەوان بە ئاشکرایی وتوویانە کە لەم بارودۆخەدا هەرێم گیروودەی شەڕە و دەبێ گرووپە سیاسیەکان بە گفتوگۆ پرسەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و من ئەم بابەتە بە توندی رەتدەکەمەوە کە ئێران خۆی لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم وەردابێت.لە ماوەی چەندحەوتەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەمان بووە و لە ڕۆژانی داهاتوویشدا بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی داهاتوو و تەوەرەکانی ئەو دانیشتنانە بابەتێک هەیە کە بە ئێمەی بڵێن؟
بە گویرەی ئەو هەماهەنگییەی کە کراوە بڕیارە وەفدێک بە سەرۆکایەتی رۆستەم قاسمی سەفەر بۆ هەرێمی کوردستان بکات کە ئامانجی سەرەکی ئەو سەفەرە گفتوگۆ لەسەر شێوازی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دارایی و قەیرانی ئابووری ئیستای هەرێمە کە چاوەڕوان دەکرێت بە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە ڕێکاری گونجاو بۆ چارەسەریی کێشەی دارایی و ئابووری هەرێم بدۆزرێتەوە.
یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی ئەم رۆژانەی عێراق پەیوەندی بە کێسەکانی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە هەیە،لەمبارەوە قسە بکەن،دۆخەکە چۆنە؟پلانێک بۆ چارەسەری ئەم کێشەکەڵەکە بووە دارێژراوە یان نا؟
بەپێی یاسای بنەرەتی عێراق،بەغدا بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر هەرێم هەیە کە بەداخەوە بەشێک لەم بەڵێنانەوە جێبەجێ نەکراوە و هەربۆیە هەندێ کێشەی قورس بە تایبەت لە بەشی ئابووریدا دروست بووە کە بڕیارە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.لە ئێستادا بە هۆی کێشەی ئابووری ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە کەبەشێکن لە هێزە سەربازییەکانی عێراق،چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئێمەش لەمبارەوە نارەزایەتی خۆمان بە دەوڵەتی ناوەندی راگەیاندووە و پرسێکی دیکە نەوتە و بە داخەوە دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ ئەم بابەتەش بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە.بریارە حەوتەی داهاتوو وەفدێکی کورد بچێتە بەغدا و هاوپەیوەند بەم کێشانە لەگەڵ سەرۆک وەزیر و سەرۆک کۆماری عێراق گفتوگۆ بکات.
ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ـی ١٠ـی ٢٠١٥ لە شاری هەولێر، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان پێشوازیی لە خاتوو ئان هیدلگۆ سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس پاڵپشتیی تەواوی خۆی و هاوشارییانی پاریسی بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئاگاداری بارودۆخ و تەحەدییاتی بەردەم هەرێمی کوردستانن و پشتیوانی پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانن. سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئەوەشی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند کە شاری پاریس لە بواری ئاوەدانی و تەکنۆلۆژیا و ژینگە، یارمەتیی شاری هەولێر دەدات و کار بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو شارە دەکات.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە پشتیوانی خەڵکی کوردستانن و لەکاتی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و پێشوازیی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو شاری هەولێر و پاریس کرد. هەروەها بە ستایشەوە باسی لە دۆستی گەلی کورد مادام میتران کرد کە پاڵپشتێکی گەورەی گەلی کوردستان بووە و پێزانینیشی بۆ سەردانی سەرۆک هۆلاند بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەکاتی شەڕ و تەنگانەدا سەردانی هەولێری کرد و ئەو سەردانە ئاماژەیەک بوو بۆ پەیوەندیی قووڵی هەردوو گەلی کوردستان و فەڕەنسا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە مەترسییەکانی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهانی کرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە تیرۆر دوژمنی هاوبەشی هەموولایەکە و پێویستە بە جیدی و هەوڵی هەموولایەک کار بۆ نەهێشتنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و بیری توندڕۆیی بکرێت. هەر لە دیدارەکەدا باس لە قەیرانی ئاوارە و پەنابەران کرا و ڕێگەکانی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە تاوتوێ کرا.
جێی ئاماژەیە بەڕێزان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ئالێن جیرات کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی دیدارەکە بوون.
"نازم دهباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەگەڵ دکتۆر "حمیدرەزا خوڕهم خورشید" سەرۆکی زانکۆی "زانستی ئاسایشی ژیان و توانابەخشین" کۆبۆوه.
لە دوای بانگهێشتێکی فەرمی لەلایەن زانکۆی "زانستی ئاسایشی ژیان و توانابەخشین" (دانشگاه علوم بهزیستی و توانبخشی) ئەمرۆ سێشهممه ٢٧/١٠/٢٠١٥ "نازم عومهر دهباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران هاوڕێی لەگەڵ "سۆران عهلی ئەمین" بەرێوبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نووسینگهی نوێنەرایهتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئهم زانکۆیەیان کرد و لە لایەن هەریەک لە دکتۆر "حمیدرەزا خوڕهم خورشید" سەرۆکی زانکۆی "زانستی ئاسایشی ژیان و توانابەخشین"، دکتۆر "محهمهدعهلی موحسدنی پهندپێی" بەڕێوبەریی کاروباریی نێودەوڵەتی زانکۆکە و ههروهها دکتۆر "کەمال وەیسی" پێشوازییان لێکرا.
سەرەتا دکتۆر "حمیدرەزا خوڕهم خورشید" سەرۆکی زانکۆی "زانستی ئاسایشی ژیان و توانابەخشین" دوای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە باسێکی بەشەکانی زانکۆکەی کرد و ئەو پەیوەندییانەی هەیانە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و وتیان بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە دەربەدەر وکەمئەندام زۆربوون و چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ لێقەوماوان و دوبارە توانابەخشین پێیان ئەرکێکی پێویستە.
دکتۆر خوڕهم خورشید ئامادەی زانکۆکەی نیشاندا لە بواری ڕاهێنانی لایەنی پەیوەندیدار لە چۆنییەتی چاودێری و خزمەتکردنی لێقەوماوان و کەمئەندامان بۆ دوبارە ئاسایی کردنەوەی ژیانیان. هەروەها زانکۆکەیان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە ئاستی ماجستێر و دکتۆرا لەو بوارەدا.
"نازم دهباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە لای خۆیەوە سوپاسی سەرۆکی زانکۆی "زانستی ئاسایشی ژیان و توانابەخشین"ی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 27/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، خاتوو لاین خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە بە بەراورد لەگەڵ سەردانی پێشووی، پێشكەوتنێكی بەرچاو لە بواری مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە هاتۆتە ئاراوە و ئەوان شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەكەن كە ناوبانگێكی جیهانی بەدەست هێناوە و ئەو جۆش و خرۆشەی لە ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێناندا لە پێشمەرگە بەدی دەكرێت، جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە كە بە دیسپلین كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن و توانیویانە ئەفسانەی تیرۆرستانی داعش تێكبشكێنن و ڕاهێنەرە ئەڵمانییەكانیش شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئامادەییی وڵاتەكەی دەربڕی كە جگە لە بواری سەربازی، لە هەموو بوارەكانی دیكەشدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە تایبەتی هاوكارییكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و دانانی پلانێك بۆ هاوكاریكردنی خەڵكی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی تیرۆرستان ڕزگار كراون. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئەولەویەتی كارەكان لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر بێت.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دڵخۆشیی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە هەر لەسەرەتای هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە بە تایبەتی كە ناوەندێكی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ هێزی پێشمەرگە كردووتەوە و لەم بارەیەشەوە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە تۆكمەتر بكرێن و بە گوێرەی ئەو گۆڕانكارییانە بن كە لە بەرەكانی جەنگ دروست بوون.
سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانیش، ئاشكرای كرد كە ئەو كێشانە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر مۆراڵی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ نەبووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش بەردەوام دەبن بۆ چارەسەركردنیان. ئەوەشی خستە ڕوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەر هاوكارییەكی سەربازی و مرۆیی دەكات بە تایبەت كە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارە و پەنابەر لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و سەرباری قەیرانی دارایی و ئابووری، بارگرانییەكی زۆری بۆ حكوومەتی هەرێم دروست كردووە.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 27/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز برێت مەكگۆرك نوێنەری نوێی تایبەتی بەرێز باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە بارودۆخی بەرەكانی جەنگ لە دژی تیرۆرستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە بەڕێز مەكگۆرك دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا پاڵپشتی پێشمەرگەیە و لەو پاڵپشتیەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی بەرز نرخاند كە هێزی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان و سەربازانی ئەمەریكا لە حەویجە و لەناو جەرگەی دەسەڵاتی تیرۆرستانی داعش بۆ ڕزگاركردنی 69 بەندكراوی بە سەركەوتوویی ئەنجامیان دا و دووپاتی كردەوە ئەمە ئەوە دەردەخات كە هێزی پێشمەرگە پاراستنی هەموو هاووڵاتیانی عێراق بە بێ جیاوازی، بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و هیوای خواست هەموو كێشەكان چ ئەوانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا و چ ئەوانەی لە ناوخۆی هەرێمدا هەن، بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای پیرۆزباییكردن لە بەڕێز ماكگۆرك بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش كە بڕیارە مانگی داهاتوو بە شێوەیەكی فەرمی دەست بە كارەكانی بكات، سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەمەریكای بۆ پێشمەرگە كرد و سەرەخۆشیی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمەریكییە دەربڕی كە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی حەویجەدا گیانی لەدەست دا.
لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمیشەوە، بەڕێزیان شاندی ئەمەریكی دڵنیا كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەوڵی جددی دەدات هەموو گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و كێشە ناوخۆییەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات.
تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئهمڕۆ سێشهممه 27/10/2015 بهڕێز مسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان له لەگەڵ دیلە ئازادکراوەکانی دەستی داعش کۆبۆوە كه لە ئۆپەراسیۆنەکەی رۆژی 22/10/2015 لە ناوچەی حەویجە ئازادکران.
له دیدارەكەدا، كه بهڕێز مهسرور بارزانی راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان ئامادهی بوو، سهرۆك بارزانی له وتهیهكدا وێرای زۆر به گهرمی به خێرهاتنیان و پیرۆزبایی ئازادی وگەڕانەوەی ژیانی لە دیلە ئازادبووەکان کرد و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە تیمی دژه تیرۆری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان بە هاوکاریی هێزێکی تایبەتی ئەمریکا توانییان لە قوڵایی هێزی تیرۆریستاندا ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە ئەنجام بدەن و ئەو دیلانە لە مەرگی حەتمی ڕزگار بکەن کە بەشی هەرە زۆریان لە لایەن تیرۆریستانەوە سزای مەرگیان بەسەردا سەپێندرابوو.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە زانیارییمان هەبوو ژمارەیەکی زۆر دیل لەو شوێنە هەن و تیرۆریستان بڕیاری کوشتنی ئێوەیان دابوو، ئەگەرچی بەداخەوە ئەو برا پێشمەرگەکانەمان کە لەدەست تیرۆریستاندان لەو شوێنە نەمابوون، بەڵام ئازادکردنی ژیانی ئێوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو و مایەی خۆشحاڵییە. سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: لوتکەی خۆشحاڵیی مرۆڤ لەوەدایە کەسێک لە ناخۆشی ڕزگار بکات و خۆشحاڵی بکات. ژیانی مرۆڤ گرانبەهایە و خۆشحاڵین کە ئەو هێزەی کوردستان توانی ژیانی ئێوە ڕزگار بکات.
سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی لە تیمەکەی دژه تیرۆری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان و هێزە تایبەتییەکەی ئەمریکا کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە و ڕایگەیاند کە تاکە پاڵنەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە کارێکی مرۆڤانە بوو و بڕیارەکەش ئەوە بوو کە هەر دیلێک لەوێ هەبێت ئازاد بکرێت.
سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو ئەفسەرە ئەمریکاییە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە پێناوی مرۆڤایەتی گیانی خۆی بەخت کرد.
سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کە ئازادکردنی ئێوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکتان پێ بگات سەرکەوتنێکی زۆر گەورە و کەموێنەیە.
هەر لە دیدارەکەدا دیلە ئازادکراوەکان سوپاسی سەرۆک بارزانی و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان کرد کە ژیانی ئەوانیان ڕزگار کردووە و دوای ئازادکردنیشیان ئازادی و ئارامییان بۆ مسۆگەر کردوون و هیوایان خواست هەرچی زووتر تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانیان دەربکرێن و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە لەو ترس و ئازارە ڕزگاریان بێت.
لە وەڵامیشدا سەرۆک بارزانی دیلە ئازادکراوەکانی دڵنیا کردەوە کە مانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تەنیا پەیوەستی کاتە و تیرۆریستان هیچ ئایندەیەکیان نییە و لەناو دەچن و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکانتان دەگەڕێتەوە.
ئهمڕۆ سێشهممه 27/10/2015 بهڕێز مسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان له سهلاحهدین به مهبهستی رێزگرتن و خهڵاتكردنیان پێشوازی له تیمی دژه تیرۆری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستانی بهشدار له ئۆپهراسیۆنی رزگاركردنی شەست و نۆ دیلی ناو زیندانی داعش له حهویجه كرد، كه كاتژمێر 2ی بهرهبهیانی رۆژی 22/10/2015 به هاوكاری هێزێكی تایبهتی ئهمریكا به سهركهوتوویی ئهنجام درا و زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعش کوژران و ٦ تیرۆریست بە دیل گیران و سەربازێکی هاوپەیمانان گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر بریندار بوون.
له دیدارەكەدا، كه بهڕێز مهسرور بارزانی راوێژكاری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان ئامادهی بوو، سهرۆك بارزانی له وتهیهكدا وێرای زۆر به گهرمی به خێرهاتنیان و پیرۆزبایی و دهستخۆشی لێكردنیان و ئاماژهدان به رۆڵی قارهمانانهی دژه تیرۆر رایگهیاند، ئهو شهوهی ئۆپەراسیۆنەکەتان ئەنجام دا، من سات بە سات بەدواداچوونم دەکرد و دڵم لەلاتان بوو. بۆیه دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە ویستم له نزیكهوه بتانبینم و دەستخۆشیتان لێ بکەم. سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێوه مایەی سەربەرزیی گەلەکەتانن و مێژوویهكتان بۆ خۆتان و گەلەکەتان تۆماركرد، كه به مهشق و راهێنانی خۆتان قهناعهتێكتان لهلای هاوپهیمانان دروست كرد بێن لهگهڵ ئێوهدا لهناو جهرگهی دوژمن ئهم ئۆپهراسیۆنه ئەنجام بدەن.
سهرۆك بارزانی ههر له وتهكهیدا باسی له گهورهیی و ئامانجی ئۆپهراسیۆنهكه كرد و رایگهیاند، بهپێی زانیاری و بهدواداچوونهكان، ئهو ئامانجهی ئێوه بۆی چووبوون ئامانجێكی زۆر گهوره بوو، بهڵام كاری مرۆیی و خێر لهگهڵ ههر كهسێك بێت، زۆر گهورهیه، كه ئێوه بوونه هۆی رزگاركردنی شەست و نۆ كهس، كه لەلایەن تیرۆریستانەوە بڕیاری کوشتنیان درابوو.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان له بهشێكی دیكهی وتهكهیدا رایگهیاند، ههرچهنده ناوبانگی گهلی كورد و پێشمهرگه بهرزه، بهڵام بهم ئۆپهراسیۆنه، ئێوه ناوبانگی گهلی كوردتان زیاتر بهرز كردهوه و ئاماژهی بەو وتار و راپۆرتانه كرد، كه له ئاستی میدیای جیهانیدا باس له گهورهیی ئۆپهراسیۆنهكه دهكهن، كه له ناوچهكهدا كهموێنه بوو.
سهرۆك بارزانی سهرهخۆشی له سوپای ئهمریكا و كهسوكاری ئهو سهربازه ئهمریكییه كرد، كه لهو ئۆپهراسیۆنهدا گیانی بهخشی و هیوای به پهله چاكبوونهوهشی بۆ بریندارانی تیمهكهی دژه تیرۆری ئهنجوومهنی ئاسایشی ههرێمی كوردستان خواست.
لە کۆتاییدا سهرۆك بارزانی خهڵاتی رێزلێنانی به تیمه بهشدارهكهی دژه تیرۆر بهخشی و هیوای سهركهوتنی زیاتری بۆ خواستن.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات