نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز بریت میگۆرگ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و نوێنەری ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لە ڕەوشی ئاسایش و سەربازی لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە ئەنبار و مووسڵ و ئازادكرنەوەیان لە دەستی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی بەشێكی زۆر لە پاڵاوگەی بێجی كرد.

هەروەها باسیان لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنكە و پێگەكانی تیرۆرستانی داعش لە عێراق و سووریا بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە سەنگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنبار و دەورەبەری پارێزگای حەسەكە لە سووریا كرد و جەختیان لەسەر میكانزمی ڕێگەگرتن لە هاتنی توندڕەوانی جیهان بۆ ناو ڕیزەكانی داعش و هاوكاریكردنی هۆزە سونییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق كردەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرەڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، هیوای خواست هاوپەیمانیی دژی داعش مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بە هێزی سوپا و پۆلیسی عێراق و پێشمەرگە بكەن و جگە لە ڕێگەی ئاسمانی، هەروەها لە ڕێگەی وشكانیشەوە شەڕ لە دژی تیرۆر بكەن و بە شێوەیەكی فراوانتر بكەونە ناو ئەو شەڕە بۆئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا تیرۆر لە ناوچەكە لەناو ببرێت و بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، دووپاتی كردەوە كە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانین بەردەوام بین چونكە بەغدا هەر جارەو بە بەهانەیەك بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕێت كە هەموو لایەكیش ئاگادارن هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بارگرانییەكی زۆری كەوتۆتە سەر شان. جەختی لەوەش كردەوە گەر بەر لە سێ ساڵ دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرابایە، ئەوا عێراق بەم ڕۆژە نەدەگەیشت.

به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی پارلمانی تورکیا پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی گه‌لانی تورکیا و هه‌موو حزبه‌ به‌شداربووه‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌م. سه‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دیموکراسی له‌تورکیا گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێکی به‌رزی پێگه‌یشتوویی.

زۆریش خۆشحاڵ بووم که‌ کورد بۆ یه‌که‌مجار توانی له‌که‌شوهه‌وایه‌کی دیموکراتیدا له‌ چوارچێوه‌ی پارتێکی سیاسی بگاته‌پارله‌مانی تورکیا. ئه‌وه‌ بۆ پێشخستنی ئاشتی و دیموکراسی ده‌ستکه‌وتێکی گرنگه‌. هه‌ر به‌م بۆنه‌یشه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی دیموکراتی گه‌لان ده‌که‌م.

وه‌ک چۆن له‌ ڕابردوو پاڵپشتی پێشڤه‌چوونی پڕۆسه‌ی ئاشتی و دیموکراسی بووین له‌ تورکیا له‌مه‌ودوایش له‌م پشتیوانیه‌ دا به‌رده‌وام ده‌بین. هیوادارم ئه‌م ده‌ستکه‌وته‌ ببێته‌ مایه‌ی فراوانتربوون و قوڵتربوونی ئاشتی و برایه‌تی له‌ تورکیا و ئاسه‌واره‌کانی سته‌مکاری و ئینکار وجیاکاری نه‌مێنێت .

مسعود بارزانی 
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
٨ی ٦ی ٢٠١٥

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بنەماڵەی بەڕێزی قازی لە مەهاباد

بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، مامۆستا ئەحمەدی قازی - مان پێ گەییشت.

مامۆستا ئەحمەدی قازی ساڵانێکی زۆر خزمەتی زمان و وێژەی کوردی کرد و شان بەشانی مامۆستایان هەژار و هێمن، گۆڤاری سروەیان وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش بە ئەدەبی کوردی کرد. بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەد، لە نووسین و وەرگێڕان، لە ڕیزی شاکارە ئەدەبییەکاندان و لە دەستدانی ئەو ڕۆشنبیرە کەلێنێکی زۆر بەجێ دەهێڵێت و خەسارەتێکی گەورەیە.

لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و كەسوكار و خەڵکی نیشتیمانپەروەری شاری مەهاباد و سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم.

لە خودای گەورە داواكارم مامۆستای کۆچکردوو بباتە بەر دلۆڤانیی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.


انا لله و انا الیه راجعون


مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

٧ـی ٦ـی ٢٠١٥

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی 6ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری مەراسیمی یادی لەدایكبوونی ئەلیزابێتی دووەم شاژنی بریتانیای لەشاری هەولێر كرد كە لە لایەن كونسوڵخانەی بریتانیا لە شاری هەولێر ساز كرا بوو.

لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر ئامادەی بوون دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدان و خوێندنەوەی سروودی بریتانیا و عێراق و كوردستان، ئەنگوس مكی كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر لە وتارێكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخێكی زۆرە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا لەبواری ئابووری و مرۆیی و هەروەها هەماهەنگیی نێوان سوپای بریتانیا و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند. پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پێشكەش كرا و تێیدا جەخت لە بایەخی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بریتانیا  و فراوانتربوونی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

لە بەشێكی مەراسیمەكەدا سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە هەواڵی ئەو ئەفسەرە بریتانیانەی پرسی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون كە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەر شانە و وێڕای دەستخۆشی و سوپاسكردنیان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

ڕۆژی شەممە 6ـی6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی كوەیت لە شاری هەولێر سڵاوی شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئةلجابر ئەلسەباح ئەمیری كوەیتی بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی نیشان دا و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گێڕاویانە. هەروەها وێڕای جەختكردنەوەی لە دۆستایەتیی و پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی كوەیت كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر بە قۆناغێكی تازەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەوەی لەدەستی بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان بیكات.

لە بەرانبەر دا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی كوەیت نیشان دا و پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كوەیت و ئەوەی خستەڕوو كە گەلی كوردستان لەو نەهامەتییە دەگات كە لەلایەن ڕژێمی بەعس بەسەر گەلی كوەیتدا سەپێندرا بوو. سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هه‌ینی ٥-٦-٢٠١٥ لە دهۆك، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز حازم میر تەحسین به‌گ، جێگری میری ئێزدییان كرد.

لە دیدارەكەدا كە به‌ڕێز بابەشێخ گەورەپیاوی ئایینی و ژمارەیەك لە پیاوانی ئایینیی ئێزدی و نوێنەرانی ماڵی ئێزدییان لە ئەڵمانیا ئامادە بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەم دیدارە نیشان دا و سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیران و پارێزگاری دهۆك و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك كرد، بۆ ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی كە هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پێشكەش بە ئاوارە ئێزدییەكانیان كردووە و دەیكەن.

شاندەكە هەروەها بە ناوی خۆیان و تەواوی ئێزدییانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە، سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەڵكی ناوچەی بادینان بەگشتی و دهۆك و زاخۆ بەتایبەتی دەربڕی، كە زۆر بە دڵگەرمییەوە پێشوازییان لە ئاوارە ئێزدییەكان كردووە و بە هەموو شێوەیەك هاوكارییان كردوون.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، شاندەكە داوای پشتگیرییان لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان كە داواكاریی تەواوی پێكهاتەكانی ئێزدییانە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی لەگەڵ میر و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كاروباری ئێزدییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەڕێوە ببات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆنگرەیەكی دامەزراندن ده‌به‌ستن كە تیایدا نوێنەرانی ئێزدییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشداری دەكەن.

لای خۆیەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان دەربڕی و هەموو پشتگیرییەكی بۆ سازدانی كۆنگرەی دامەزراندنی جڤاتەكە دووپات كردەوە. هه‌روه‌ها ڕایگەیاند كە دامەزراندنی جڤاتی ئێزدییان هەنگاوێكی زۆر كردەییە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینی و كولتووریی ئێزدییەكان. هەروەها ڕوونی كردەوە كە هیچ كەسێك ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدییەكان كە كوردن، بخاتە ژێر پرسیارەوە و ئاماژەی بەوە دا كە ئێزدییه‌كان لە مێژوودا باجێكی زۆر گەورەیان داوە بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی و تایبەتمەندیی ئایینیی خۆیان.

بەڕێز سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە تەواوی پشتگیری لە پاراستنی تایبەتمەندیی ئایینیی ئێزدییەكان دەكات و پاراستنی ئەو تایبەتمەندییە ئایینییەی بە ئەرك زانی. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوەی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەرهەق بە ئێزدییەكان كرا، هیچی لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەنفالەكان كەمتر نییە. 

 

 

 

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 5/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز پارێزگاری دهۆك، هۆتێلی پێنج ئەستێرەی ڕیكسۆسی له‌ دهۆك كردەوە كە لە لایەن كۆمپانیای یووبی هۆڵدینگی كەرتی تایبەتەوە دروست كراوە. دوای ڕێوڕەسمی كردنەوە، سەرۆك وەزیران بەش و پێكهاتەكانی هۆتێله‌كه‌ی بەسەر كردەوە كە بە شێوەیەكی مۆدێرن و بە كوالیتییەكی بەرز دروست كراوە.

دواتر بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەریمی كوردستان لە وتەیەكدا وێڕای دەستخۆشی لە خاوەنی پڕۆژەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار، كردنەوەی ئەو هۆتێلەی بە هۆكارێكی دیكەی خزمەگەیاندن بە پارێزگای دهۆك ناوبرد. هه‌روه‌ها ڕەوشی ساڵانی نەوەدەكانی گێڕایەوە كە لە دهۆك سەرەڕای زەحمەتی زۆر، هەوڵیان دا كەرتی تایبەت هان بدەن بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنان و گوتی: لەو سەردەمەدا بە هۆی هەڕەشەی ئەمنی و ئابڵۆقەی ئابووریی حكوومەتی ئەوكاتی عێراقەوە، لەو باوەڕەدا نەبوون كە ئەو پڕۆژانە لە پارێزگاكە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی بەردەوام بن و سەركەوتن بە دەست بهێنن، بەڵام ئەو دۆخە دوای ساڵی 2003، و ڕووخانی ڕژێمی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هات و بڕوامان وابوو كە كەرتی تایبەت دەتوانێ ڕۆڵێكی گرنگ لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا بگێڕێت.

 

 

به‌ڕێز سه‌رۆك وەزیران كەرتی تایبەتی بە داینەمۆی سەرەكیی پێشكەوتنی وڵات لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە له‌ قه‌ڵه‌م دا كە بە هۆی بەشداریی جددیی ئەو كەرتەوە، وڵات پێشكەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت. دروستكردنی ئەو هۆتێلەشی به‌ نموونەیەكی كار و بۆ زەحمەتی زۆری كەرتی تایبەت لە پارێزگای دهۆك گەڕاندەوە كە دەروازەیەك بۆ كار لەو پارێزگایە دەكاتەوە. لەو ڕووەوە بە پێویستی زانی ئەگەر كەرتی تایبەت هاوكاریان بێت، ئەوا حكوومەتیش ئاسانكاری و هاوكارییان دەكات، ئەوەش بەرەوپێچشوونی زیاتری وڵاتی لێدەكەوێتەوە. 

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە وتەكەیدا ئاماژەی بە كەرتی تایبەت كرد كە لە دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2004ەوە ڕۆڵی سەرەكیی خۆی بینیوە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بەوەی كە لە ئێستادا كەرتی تایبەت لە جیاتی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، گرنگییەكی زیاتر بە بوارەكانی دیكەی وەك كشتوكاڵی و پیشەیی دەدات، دروستكرنی كارگەكانیشی بە هۆكارێكی باش وەسف كرد بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان و وەك پڕۆژەیەكی گرنگیش، قازانجی ماددیی وەربەهێنەران لە ناوخۆی كوردستان ناچێتە دەرەوە.

 

 

سەرۆك وەزیران لێدوانێكی ساڵی 1998ی خۆی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەوكاتی فرۆشگای مازی لە دهۆك وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە كە تیایدا گوتبووی بڕیارمان داوە لەم وڵاتەدا بمێنینەوە و دەبێ ئاوەدانی بكەینەوە، چونكە ئێمە هیچمان لە وڵاتانی دیكەی دەوروبەرمان كەمتر نییە. لەو ڕووەوە حكوومەت ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت دەكات و ئەوانیش پێویستە ڕۆڵی زیاتر لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا بگێڕن. هه‌روه‌ها ڕۆڵی بەڵێندەران و بازرگانانی كوردستانی بۆ هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ له‌ شەڕی دژی چەكدارانی داعشدا بەرز نرخاند و ڕایگه‌یان فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە له‌ پارێزگای دهۆك، سوپاسی ئه‌وانیان كردووه‌ كه‌ ئیمكانیاتی خۆیان خه‌رج كردووە و هاوكاریی پێشمەرگە و ئاوارەكانیان كردووە. 

به‌ڕێز سەرۆك وەزیران هه‌روه‌ها باسی لەوە كرد كە لە كاتی ڕووبەڕووبوونی وڵات لەگەڵ كێشەیەك، پێویستە هەموو تاكێكی گەل هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە كە ئێستا بە بەڵێندەر و پێشمەرگە و پۆلیس و سەرجەم تاكەكانی كوردستانەوە، لەگەڵ حكوومەت ئەو بەرپرسیارێتییەیان لەسەر شان هەڵگرتووە.

سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووریش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی زۆر نزیكین لە چارەسەری كێشەكان. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاری گەیشتنه‌ بە چارەسەری و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، گەیشتنە بە ڕێككەوتن لەسەر بودجە.

ڕاشیگەیاند هه‌رێمی كوردستان ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و گوتی ئێمە دەمانەوێ كێشەی دارایی و بودجە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، بەڵام لە كاتی سووربوونی بەغدا له‌سه‌ر چارەسەرنەكردنی ئەو بابەتە، ئەوا ئێمە ناچار دەبین هەندێ ڕێگەی دیكە بگرینەبەر. بەغدا غه‌در لە هەرێمی كوردستان ده‌كات، گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری دیكه‌دا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پرسێكی سیاسی نییە و سیاسەتی ئێمە هاوكاریكردنی سەرۆك وەزیران عەببادییە و سیاسەتی پێشتریشمان هەروا بووە، ئه‌م پرسه‌ به‌ ته‌واوی پرسێكی ئابوورییه‌ و ئەگەر لە ڕووی ئابوورییەوە تێگەیشتنێكی باش بۆ كێشەكانی هەرێمی كوردستان نەبێت، ئەوا ناچارین به‌ دوای چاره‌سه‌ری دیكه‌دا بگه‌ڕێین.

به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ ئێواره‌ گربوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریى HDPى له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا له‌ شارى دیاربه‌كر كرده‌ ئامانج و تیایدا چه‌ند هاووڵاتییه‌ك گیانیان له‌ ده‌ست دا و به‌ ده‌یانى دیكه‌ش بریندار بوون. وێڕاى پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌میمان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانیان، هیواى زووچاكبوونه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازین.

هیوادارین هه‌موو لایه‌نه‌كان دان به‌ خۆیاندا بگرن، ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و ئه‌م كاره‌ ترسنۆكه‌ نه‌بێته‌ هۆى كاردانه‌وه‌ى نابه‌رپرسانه‌ و له‌ دوایین ڕۆژانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژارندا، كه‌شى گشتى و به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان نه‌شێوێنێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
6-6-2015 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی