نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز بریت میگۆرگ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و نوێنەری ئەمەریكا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسیان لە ڕەوشی ئاسایش و سەربازی لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە ئەنبار و مووسڵ و ئازادكرنەوەیان لە دەستی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی بەشێكی زۆر لە پاڵاوگەی بێجی كرد.
هەروەها باسیان لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر بنكە و پێگەكانی تیرۆرستانی داعش لە عێراق و سووریا بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە سەنگەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنبار و دەورەبەری پارێزگای حەسەكە لە سووریا كرد و جەختیان لەسەر میكانزمی ڕێگەگرتن لە هاتنی توندڕەوانی جیهان بۆ ناو ڕیزەكانی داعش و هاوكاریكردنی هۆزە سونییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق كردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرەڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، هیوای خواست هاوپەیمانیی دژی داعش مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بە هێزی سوپا و پۆلیسی عێراق و پێشمەرگە بكەن و جگە لە ڕێگەی ئاسمانی، هەروەها لە ڕێگەی وشكانیشەوە شەڕ لە دژی تیرۆر بكەن و بە شێوەیەكی فراوانتر بكەونە ناو ئەو شەڕە بۆئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا تیرۆر لە ناوچەكە لەناو ببرێت و بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، دووپاتی كردەوە كە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانین بەردەوام بین چونكە بەغدا هەر جارەو بە بەهانەیەك بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕێت كە هەموو لایەكیش ئاگادارن هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بارگرانییەكی زۆری كەوتۆتە سەر شان. جەختی لەوەش كردەوە گەر بەر لە سێ ساڵ دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرابایە، ئەوا عێراق بەم ڕۆژە نەدەگەیشت.