ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕه‌وشی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە سەردانی میحوه‌ری مه‌خمووری كرد.

لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندە سەربازی و مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مه‌خموور كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ به‌ وردی تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم میحوەرە كرد، كە لە ماوه‌ی ڕابردوودا زۆر قاره‌مانانه‌ به‌رگریان له‌ كه‌رامه‌تی خه‌ڵك و خاكی كوردستان كردووه‌ و گورزی كوشندەیان له‌ تیرۆریستان وەشاندووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ بەهۆی گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و پێشمەرگە توانیویەتی ئه‌فسانه‌ی داعش تێكبشكێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمان بە فیڕۆ ناچێت و ئەوان لەپێناو دۆزێكی ڕەوا و بەرگریكردن لە كەرامەت و خاكی وڵاتەكەیان گیانی خۆیان بەخت كردووە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوێبیستی تێبینیی فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری مەخموور بوو و، لەبارەی پلان و بەرنامەكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا ڕێنمایی پێویستی بۆ فەرماندەكان خستەڕوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد ئەمین مەدەنی ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە سەردانی كوردستانی كردووە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی كرد كە دەستی هەبووە لە بنیاتنانی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەك كە پڕە لە كێشە و قەیران و ململانێ و ڕایگەیاند بەدیهێنانی ئەو سەقامگیرییە كارێكی ئاسان نییە. ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی دەستخۆشی لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوایشی خواست كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆریستان بێت و عێراق بتوانێ سەقامگیریی خۆی بەدەست بهێنێت و هەموو پێكهاتەكان بە ئازادی پێكەوە بژین و مافی هەموو لایەك بدرێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كورتەیەكی لەبارەی چالاكیی و بەرنامەی كاری ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆڵی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی لە نزیككردنەوەی بۆچوونەكان و چارەكردنی كێشەكانی وڵاتانی ئیسلامی و هەروەها هاوكاریی مرۆڤی بە كاریگەر وەسفكرد. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و گەشەكردنی لە عێراق بۆ شاندی میوان باس كرد و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە تیرۆریستانی داعش بەڵا و نەهامەتین بۆ سەر ناوچەكە و دوژمنی هەموو جۆرە بیركردنەوە و ئایین و مەزهەبێكن. ئەوان چەك و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتیان كەوتە دەست و پەلاماری خەڵكی بێتاوانیان دا و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجامدا. بەڵام ئێستا بەهۆی خۆڕاگریی پێشمەرگە هاوكێشەكان گۆڕاون و خەڵك بە باشی لە ماهییەتی داعش گەییشتووە و هیچ ئاییندەیەكیان نابێت.

هەر لەم دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و قسەیش لە بارەی باری گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران كرا.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/1/14به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ كرد كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیرى ڕێپێدراو به‌ڕێز د. عه‌بدولڕه‌حمان بن غرمان ئه‌لشه‌هرى، بۆ كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌ى گشتیى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ سه‌ردانى كوردستانیان كردووه‌.

له‌ دیدارێكدا وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان، شانده‌كه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ فه‌رمانى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى شاى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، كونسولخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌ و هیوایان خواست كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌كه‌ ببێته‌ هۆى په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و ریاز له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و به‌تایبه‌تیش ببێته‌ مایه‌ى ئاسانكارى بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ حه‌‌ج و عومره‌ بكه‌ن.

شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان خه‌ریكى ده‌ستنیشانكردنى شوێنێكى گونجاون بۆ كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌، تا دواتر شوێنێكى تایبه‌ت به‌ كونسلخانه‌ دروست ده‌كه‌ن. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا‌ كه‌ كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر، ده‌كه‌وێته‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ له‌ به‌غدا كه‌ ئێستا ئاماده‌كارى بۆ ده‌كرێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا بكرێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌م بڕیاره‌ ده‌ربڕى و هیواى خواست ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى شانیشنى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ و كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌ له‌ هه‌ولێر، ببێته‌ مایه‌ى ئاساییبوونه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و سعوودیه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و شانشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ كه‌ پێشتریش له‌ ئاستێكى باشدا بوون، باشتر و به‌ره‌و پێشتر ببات و ببێته‌ مایه‌ى هاتنى سه‌رمایه‌ و وه‌به‌رهێنانى سعوودى بۆ هه‌رێمى كوردستان.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ تیمى تایبه‌تى ڕاسپێردراو به‌ ئاماده‌كردنى كاروبارى كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌كه‌ ده‌كات و بۆ ئه‌مه‌ش لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاده‌سپێرێت.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/1/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز "د. محه‌مه‌د عه‌تیق ئه‌لفه‌للاحى" ئه‌میندارى گشتیى ده‌سته‌ى مانگى سوورى ئیماراتى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێزان به‌رپرسانى ده‌سته‌كه‌ و كونسولى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ سه‌رسامیى خۆیان به‌ پێشكه‌وتوویى هه‌ولێر و شێوازى بیناسازیى شاره‌كه‌ و مرۆڤدۆستیى خه‌ڵكى كوردستان ده‌ربڕى و خۆشحاڵیى خۆیان به‌ سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا. هه‌روه‌ها سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز شێخ خه‌لیفه‌ بن زاید سه‌رۆكى ئیماراتیان گه‌یانده‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ڕایانگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى به‌ڕێزیان هاتوون له‌ هه‌ولێر نووسینگه‌یه‌كى ده‌سته‌ى مانگى سوورى ئیماراتى بكه‌نه‌وه‌ تا بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كى باشتر كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆیى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ى ئیماراتى كرد و هیواى گه‌شه‌سه‌ندن و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامى بۆ ئیمارات خواست، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌ى ده‌سته‌ى مانگى سوورى ئیماراتى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ و پێویست بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌تایبه‌تى له‌م كاته‌دا كه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌موو پێكاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و پێویستیان به‌ كۆمه‌ك و هاوكاریى زیاترى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و پێشبینیى زیادبوونى ڕێژه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیش ده‌كرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئیمارات دووپات كرده‌وه‌ كه‌ پێشتریش هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ و هیواى خواست كردنه‌وه‌ى ئه‌م نووسینگه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر ببێته‌ مایه‌ى پێشكه‌شكردنى هاوكاریى زیاتر بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و هاوكارییه‌كان بوارى جیاجیاى پێداویستییه‌كان بگرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سڵاو و ڕێز و پێزانینى خۆى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید و سه‌ركردایه‌تیى ئیمارات نارد.

له‌ كۆتاییى دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز ئه‌میندارى گشتیى ده‌سته‌ى مانگى سوورى ئیماراتى ڕاگه‌یاند كه‌ سێ كه‌مپى نیشته‌جێبوون بۆ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پێداویستییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ زووترین كاتدا بیگه‌یه‌ننه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران. باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ مرۆڤدۆستى و سروشتى خه‌ڵكى كوردستان بۆ كاره‌كه‌ى ئه‌وان یارمه‌تیده‌ره‌، هه‌روه‌ها گوتى: ده‌سته‌ى مانگى سوورى ئیماراتى له‌ كه‌مپى داره‌شه‌كران كارگه‌یه‌كى به‌رگدوورى و یاریگایه‌ك بۆ منداڵان ده‌كاته‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ش به‌ڕێز كونسولى گشتیى ئیمارات داوه‌تنامه‌یه‌كى فه‌رمیى ئیماراتى بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى نێوده‌وڵه‌تى گه‌یانده‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ مانگى شوباتى داهاتوو له‌ دوبه‌ى ده‌به‌سترێت.

 

 

 

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/1/14، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ’’ئه‌یاد ئه‌مین مه‌ده‌نی’’ ئه‌مینداری گشتیی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای ڕێكخراوه‌كه‌ پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كورد و كێشه‌ی كورد له‌ عیراق و وڵاتانی دراوسێ پێشكه‌ش كرد و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ڕوانگه‌ی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌ی كورد له هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی و له‌ چوارچێوه‌ی سنووری ئه‌و وڵاته‌ی تیایدایه به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌،‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو زۆر و سته‌مه‌ی به‌ درێژاییی مێژوو له‌ كورد كراوه‌ و به‌تایبه‌تی باسی له‌و كاره‌سات و مه‌ینه‌تییانه‌ كرد كه‌ له‌ عیراق به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه‌.

له‌باره‌ی عیراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام - یشه‌وه‌، ڕۆڵی كوردی له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی نوێ به‌بیر هێنایه‌وه‌ و  دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ كورد له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991-ه‌وه‌ به‌ ویستی خۆی گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بنیانانه‌وه‌ی عیراقی نوێدا به‌شدار بێت، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ ئه‌و عیراقه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ به‌دی نه‌هات كه‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی تیادا پارێزراو بێت. وێڕای ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ هاتنه‌سه‌ركاری حكوومه‌تی تازه، هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت شانسێكی تازه‌ بداته‌ به‌غدا و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، پشتگیری له‌ حكوومه‌تی تازه‌ی عیراق ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی ئێستای ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیش، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی زۆریی ژماره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌وه كه‌وتووه‌ته‌ ژێر بارێكی قورسه‌وه‌ و پێویستی به هاوكاری هه‌یه‌، بۆیه‌ داوای كرد ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كه‌ناڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كار بێنێت، لۆبی بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات و هانی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خشی ئیسلامی و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی توانایان هه‌یه‌ بدات، تا له‌مڕووه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.‌‌

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ’’مه‌ده‌نی’’ باسی له‌ مێژووی دامه‌زران و كار و چالاكییه‌ مرۆیی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوكارییه‌كانی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی كرد كه‌ دوای ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دووه‌م گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تییه‌. هه‌روه‌ها باسی له‌ كار و چالاكییه‌ خێرخوازییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ و ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ كرد كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئاژانس و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌زگاكانی خۆیه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ لێقه‌وماوانی ده‌كه‌ن.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هیوای خواست ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراقیش بگرێته‌وه‌ و ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵات. له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا شه‌ڕی دژی تیرۆر و دوایین پێشهاته‌ سه‌ربازییه‌كان و بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی، تاوتوێ كرا.‌

 

 

 

 

 

 

 

 نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2015/1/13به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌رال ساموێل مایاڵ نوێنه‌رى تایبه‌تى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا بۆ ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێز كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ پله‌دارانى سه‌ربازیى به‌ریتانى پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز مایاڵ ڕایگه‌یاند بۆ ئاشنابوونى زیاتر به‌ پێشهاته‌ سه‌ربازییه‌كان و بارودۆخى مه‌یدانى و پێداویستییه‌كانى پێشمه‌رگه و به‌رنامه‌ى مه‌شق و ڕاهێنانى سه‌ربازى كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێ، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و تیشكیان خسته‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌، به‌تایبه‌تیش سه‌ركه‌وتنى ناوچه‌كانى شه‌نگال و ده‌وروبه‌ریان كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا و پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشییان له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، هه‌روه‌ها هاوخه‌مى و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیى خۆیان بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى.

نوێنه‌رى تایبه‌تى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا بۆ ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها داواى كرد كه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواكارى و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانى خۆى له‌ ڕاپۆرتیكدا پێشكه‌ش به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى به‌ریتانیا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكرێت و هاوكاریى زیاترى پێشمه‌رگه‌ بكرێت.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش سوپاسى ئه‌م سه‌ردانه‌ و حكوومه‌تى به‌ریتانیاى كرد كه‌ به‌شێكى گرنگى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه‌ له دژى تیرۆرستانى داعش و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى به‌ریتانیا و به‌تایبه‌تیش مه‌شق و ڕاهێنانى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ‌ پێشمه‌رگه‌، سوودێكى زۆرى به‌ پێشمه‌رگه‌ گه‌یاندووه‌ و هیواى خواست كه‌ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بێت.‌ 

 

 

 

 

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/1/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌رال جۆن ئالن نێردراوى تایبه‌تى سه‌رۆك ئۆباما بۆ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان باڵیۆز برێت مه‌ككۆرك ـ ى جێگرى و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق و كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا جه‌نه‌رل ئالن باسى له‌ سه‌ردانى خۆى بۆ ژووى ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش كرد و خۆشحاڵیى خۆى بۆ شێوازى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى شه‌ڕى دژى داعش ده‌ربڕى كه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ كارى خۆیان ده‌كه‌ن و ڕۆژانه‌ گورزى كوشنده‌ له‌ تیرۆرستان ده‌وه‌شێنن.

هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرد، به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌كانى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى كه‌ بووه ‌مانشێتى میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكارى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ كرد كه‌ مه‌ردانه‌ به‌رگرییان كرد و له‌م پێناوه‌دا شه‌هید بوون. جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هاوكارى و پشتگیریى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن، چونكه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ زۆر جددییه‌ و بۆ نه‌هێشتن و له‌ناوبردنى تیرۆرستان، ده‌بێ هاوكایى باشتر و زیاترى پێشمه‌رگه‌ بكرێت و ڕایگه‌یاند: رۆژانه‌ ڕاپۆرتمان له‌سه‌ر ڕووداو و پێشهات و پێداویستییه‌كان پێده‌گات.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى هاوپه‌یمانان ده‌ربڕى و به‌تایبه‌تیش سوپاسى ئه‌مه‌ریكاى كرد بۆ ئه‌نجامدانى هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانى، كه‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى بۆ به‌رژوه‌ندیى پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانى له‌ گۆڕینى هاوكێشه‌ سه‌ربازییه‌كاندا بینیوه‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێویستى به‌ چه‌ك و تفاق و مه‌شق و ڕاهێنانى زیاتر هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دوایین ڕێككه‌وتنامه‌ى نێوان هه‌ردوولا و ئالوگۆڕى به‌رده‌وامى سه‌ردانه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وش و بارودۆخى عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كرا.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2015/1/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز پیته‌ر ماوره‌ر سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆكى كۆمیته‌كه‌ له‌ عیراق و هه‌ولێر، پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ماوره‌ر ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ دوایین سه‌ردانییه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر زۆر گۆڕانكارى له‌ بواره‌كانى به‌ره‌وپێشچوونى مافه‌كانى مرۆڤ و مامه‌ڵه‌ى داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان له‌گه‌ڵ زیندانیان و به‌ڕێوه‌بردنى گرتووخانه‌كان ڕووى داوه‌ و بۆ ئه‌مه‌ ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى له‌ پێشكه‌شكردنى هاوكارى و خزمه‌تگوزارییه‌كانى بۆ پێشكه‌شكردنى خولى مه‌شق و ڕاهێنان به‌ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیاكانى مافى مرۆڤ و به‌ڕێوه‌بردنى گرتووخانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.

هه‌روه‌ها ڕێز و پێزانینى بۆ حكوومه‌ت و خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ كه‌ بوێرانه‌ به‌رگرییان له‌ خاك و نیشتمان كردووه‌ و به‌ره‌نگارى تیرۆر بوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركێكى قورسى كه‌وتووه‌ته ‌سه‌ر شان، چونكه‌ له‌ لایه‌ك دژى تیرۆر وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ باوه‌شى بۆ ئاواره‌كان كردووه‌ته‌وه‌ و هاوكارى و یارمه‌تییان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ مایه‌ى ڕێز و پێزانینه‌.

جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ هاوكاریكردنى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ یارمه‌تیدانى ئاواره‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و هاوكاریى ئه‌و ئاواره‌نه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانى خۆیان، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ته‌ندروستى و دابینكردنى داوده‌رماندا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كاره‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان فراوان ده‌كه‌ن و ئۆفیسێكى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یكه‌نه‌ ناوه‌ندى چالاكییه‌كانیان له‌ سه‌رتاسه‌رى عیراق.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌ردان و تێبینییه‌كانى كرد و ئاماده‌ییى داموده‌زگاكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو هه‌ماهه‌نگى و هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى په‌یوه‌ست به‌ مافه‌كانى مرۆڤدا و ستایشى ئه‌و خولانه‌ى مه‌شق و ڕاهێنانى كرد كه‌ پێشكه‌ش به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌زگاكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ پێوه‌ر و ستاندارته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ پابه‌ندن و بۆ ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ش به‌ سوپاسه‌وه‌ پێشوازى له‌ هه‌ر سه‌ره‌نج و تێبینییه‌كى كۆمیته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

تاوتوێكردنى دوایین پێشهاته‌كان و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی