مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" خه‌ڵاتی ڕخنه‌گرانی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی له به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی ٥٥مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" له وڵاتی چیک به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" The Exam بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ له یه‌که‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا به ئاماده‌بوونی هه‌ندێک له ستافه‌که‌ی له‌وانه: "شەوکەت ئەمین کورکی" ده‌رهێنه‌ر، "مەمەد ئەکتاش" بەرهەمهێنه‌ر، ئاڤان جەماڵ و ڤانیا سالار ئه‌کته‌رانی سه‌ره‌کی لە ٤ سانسی جیاوازدا لە به‌شی "پێشبڕکێی سه‌ره‌کی" Crystal Globe په‌نجاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary له شاری کاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی کۆماری چیک چووه سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماکان و له لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه گرینگه‌ پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان و هه‌روه‌ها ‌‌ڕخنه‌گرانی سینه‌ماییه‌وه پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا و توانی خه‌ڵاتی "فیپێڕشی" FIPRESCI واته فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم به‌ده‌ستبێنێت.  

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم، خه‌ڵاتی "فیپێڕشی"یان پێشکه‌ش به فیلمی کوردی "ئەزموون" دوایین به‌رهه‌می "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد که ئاستی هونه‌ری سینه‌ما به باشترین شێوه ده‌باته سه‌رێی و هانی سینه‌مای نوێی و گه‌نج ده‌دات.  

له فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی "کاڕلۆڤی ڤاری" خه‌ڵاتی "فیپێڕشی" به یادی "یان فوول" Jan Foll که‌سایه‌تی بێوێنه‌ی ڕخنه‌ی فیلمی وڵاتی کۆماری چیک به فیلمی سینەمایی "ئەزموون" پێشکه‌شکرا که له‌سه‌ر جیله جۆراوجۆره‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ گه‌نجه‌کان کاریگه‌ریی داناوه‌. 

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی ڕخنه‌گرانی فیلم "فیپێڕشی" بریتی بوون له: "بیرگیت بیۆمێرس" Birgit Beumers له وڵاتی به‌ریتانیا، "ئیریک بۆڵ" Eirik Bull له وڵاتی نه‌رویج و "ئادێلا مرازۆڤا" Adéla Mrázová له وڵاتی کۆماری چیک.

فیلمی سینەمایی "ئەزموون" بەرهەمی کومپانیای "میتوس فیلم"ی بەڕلین و کومپانیای "مەستی فیلم"ی سلێمانی که بە پاڵپشتی وەزارەتی روشنبیری و لاوانی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رهه‌مهاتووه و لە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە؛ کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و ... .

له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی ٥٥مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری"، فیلمی سینەمایی "تا ئه‌و جێگا‌یه‌ی که بتوانم به‌ڕێدا ‌بڕۆم" As Far as I Can Walk له ده‌رهێنانی "ستێفان ئارسێنه‌ڤیچ" Stefan Arsenijević له وڵاتی سێربێستان توانی ٣ خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی به‌ده‌ستبێنێت، له‌وانه: خه‌ڵاتی سه‌ره‌کی "گۆی بلۆری"‌ Crystal Globe، خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو بۆ "ئیبڕاهیم کۆما" Ibrahim Koma و هه‌روه‌ها ‌خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن بۆ "جێلێنا ئێستانکۆویچ" Jelena Stanković.

 

بۆ زانیاری زیاتر: 

https://www.kviff.com/en/news/3621-as-far-as-i-can-walk-exam-and-otars-death-among-the-winners-of-the-non-statutory-awards

 

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام: 

https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link

 

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فه‌یسبووک:

https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "ئەزموون"

 

 

ئێواره‌ى رۆژی یەکشەممە 29/8/2021 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ نووسينگه‌ى خۆى له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و خاتوو ڕێواز فايه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا و شاندى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە، كۆنگره‌ى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌ به‌غدا كه‌ دوێنێ به‌ به‌شداريى ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتانى دراوسێ عيراق و ناوچه‌كه‌ و سه‌رۆك ماكرۆن به‌ڕێوه‌ چوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عيراق، دۆخى سووريا و پرسى كورد له‌وێ، تاوتوێ كران.

سەرۆک ماكرۆن وێڕاى ئاماژه‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌ له‌مێژينه‌كانى فه‌ره‌نسا و گه‌لى كوردستان، بەردەواميی پشتگیری و هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوه‌، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى لە تێکشکاندنی داعشدا کرد.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستایشی پشتگیریى به‌رده‌وامى فه‌ره‌نسا له‌ هەرێمی کوردستان كرا و جه‌خت لە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرايه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عيراق بەتایبەتی، هەروەها ڕۆڵی ئەرێنيی فەرەنسا و هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو ئاسایش و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا، بەرز هه‌ڵسه‌نگێنرا.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شه‌نگال و زەمینەخۆشکردن به‌مه‌به‌ستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا، له‌ لايه‌نى فه‌ره‌نسيش به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى ديپلۆماسى و سه‌ربازى و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسوليى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شدار بوون.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوو سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيى هاوبه‌شدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان، باسيان له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى:

ئێواره‌تان باش،

خۆشحاڵین كه‌ لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆک ماکرۆن دەکەین. به ‌ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنی جه‌نابتان ده‌كه‌ین بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

جه‌نابى سەرۆک زۆر به‌ خێر بێن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا ئه‌مڕۆ باسمان لە په‌يوه‌ندييه‌كانی هەردوولا کرد، دۆخى سياسى و ئه‌منى له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عيراقمان تاوتوێ کرد. ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتوو، بيروڕامان گۆڕييه‌وه‌. جه‌ختمان كرده‌وه‌ له‌ بره‌ودان به ‌په‌يوه‌ندييه‌كانمان و فراوانكردنى هاوبەشی و هاريکاری و به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا.

له‌م دۆخه‌ هه‌ستياره‌دا و له‌ كاتێكدا کە عێراق بەرەو پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی نیشتمانی دەڕوات، سه‌ردانى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ به‌غدا و هه‌ولێر زۆر مانابه‌خشه‌ و په‌يامێكى ڕوونى به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسايه‌ بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە عيراق و هه‌رێمى كوردستان. ئێمه‌ به‌ پێزانين و بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌م سه‌ردانه‌يان ده‌ڕوانين.

جەنابی سەرۆك، ئێوە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەتان هەبوو لە كۆكردنەوەی سەركردەكان و ئەنجامدان و سەرخستنی كۆنگرەی لووتكەی بەغدا. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە و بۆ پشتگیریی جەنابتان لە عیراق. هیوادارین ئەنجامى كۆنگرەكە ببنە هۆی سەقامگیری و ئارامی بۆ عیراق و ناوچەكە بە شێوه‌یه‌كی گشتی و بە بەردەوامیی هەوڵ و پشتگیریی جەنابتان، ناكۆكی و كێشەكانی ناوچەكە، هیوادارین چارەسەر ببن.

وەک بیرهێنانەوەیەکی پێویست، زۆر سوپاسى هه‌ڵوێست و ڕۆڵى سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م له‌ چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزييه‌كانى پاييزى 2017 له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگای گفتوگۆى سياسى و ديپلۆماسى به‌ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا‌. به‌ هاوكاريى جه‌نابيان، هه‌ولێر و به‌غدا گفتوگۆيان ده‌ست پێكرده‌وه‌ و لێكگه‌يشتن و ئارامى دروست بوو.

ئێمه‌ له‌ عيراق پێويستيمان به ‌يارمه‌تييه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهانيش، مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌. پێويستيمان به‌ يارمه‌تى بۆ چەسپاندنی سه‌قامگيرى، بۆ به‌هێزكردنى ديموكراسى و کاراکردنی دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت، بۆ چاكسازى و پێشكه‌وتن، بۆ به‌شدارى و هاوبه‌شيى پێكهاته‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا هه‌یه‌، بۆ پته‌وكردنى پێكه‌وه‌ژ‌يان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان به‌تايبه‌تى كريستيان و ئێزدييه‌كان هه‌ست به‌ متمانه‌ و دڵنيايى بكه‌ن له‌م وڵاته‌دا.

بۆیە چاومان له‌ به‌رده‌واميى كارى پێكه‌وه‌يى و پشتگيريى فه‌ره‌نسايه‌ وه‌ك هێزێكى كاريگه‌ر و ئه‌ندامى هه‌ميشه‌يى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ پێگه‌ و ڕۆڵێكى‌ كارا‌ى هه‌يه‌ لەسەر ئاستی جیهان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆر و كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا.

له‌ بواره‌كانى ئابوورى و وزه‌ و بازرگانى، كولتووری، ئەكادیمی و زانستی و پێویستییەکانی دیكه‌ی وڵاتدا، عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌توانن هاوبه‌شێكى باشی فه‌ره‌نسا بن. كۆمپانيا فه‌ره‌نسييه‌كان ده‌توانن به‌شداريى به‌هێز بكه‌ن له ‌په‌ره‌پێدان و پێشخستنى كار و پرۆژه‌كاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ده‌توانن وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى بكه‌ن، لەمباره‌يەشەوە هه‌موو پشتگيرى و ئاسانكاری له‌ هه‌رێمى كوردستدا دابین ده‌كرێت.

دووباره‌ جه‌نابى سه‌رۆك زۆر به‌ خێر بێی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

مێرسى.

پاشان سه‌رۆك ماكرۆن له‌ لێدوانه‌كه‌يدا گوتى:

سوپاس.. زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە، لەگەڵ جەنابتان و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک. بە ڕاستی بەلامەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ ئێوەدام و خۆشحاڵیشم لە هەولێرم.

دۆستایەتییەکی تایبەتی لەنێوان فەرەنسا و کوردستاندا هەیە. گەلی کورد دۆستایەتییەکی بەهێزی لەگەڵ گەلی فەرەنسا هەیە. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە خۆی هەبوو، بەتایبەتیش کاتێک سەربازانی ئێمە هاتنە ئێرە و هاوشانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بوون و هاوئاهەنگییان کرد، ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بوون.

دەتوانم بڵێم سەربازانمان لەگەڵ هەسەدەش ڕۆڵێکی باشیان گێڕا. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاوسۆزیی گەلی فەرەنسام بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و دڵنیاییم دا لە بەردەوامبوونمان لە هاوکاریکردن لە شەڕی دژی داعش، بۆئەوەی داعش لە سنوورەکانی عێراق و سووریا سەرهەڵنەداتەوە، چونکە ئەم شەڕە پەیوەندیدارە بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ئەورووپاش.

هەرێمی کوردستان جوامێریی پیشاندا بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە لە ئێزدی و سوورییەکان ڕوویان لە ناوچەکە کرد. فەرەنساش لەگەڵ ئێوەدا بوو لە یارمەتیدانی ئاوارەکان. فەرەنسا جوامێر بوو لەو هاوکاریکردنە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا هاوکاریی حکوومەت دەگەیه‌نێتە نەخۆشخانەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. لەمبارەیەوە هاوئاهەنگیمان بەردەوام دەبێت.

دوێنێش بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتم کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خەڵک بێت، بەتایبەتیش هەموو هەوڵێک بدەین لەپێناو ئاوارە و پەنابەرانی ئێرەدا. لە بابەتی شنگالیشدا هەرێمی کوردستان لەسەر هێل بوو، جا لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بە هەموومان لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی وەهاین کە ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. بۆ کریستیانەکانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ گەڕانەوەیان. لە بابەتی ڕۆژئاڤاش بە هەمان شێوە لەگەڵتان دەبین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی. بەگشتییش گرنگە کەشێکی ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا دروست بکەین. ئێمە لەگەڵ سەقامگیریی ناوچەکەداین و لەگەڵ ئەوەداین ئاشتی بەدەست بهێندرێت.

گرنگە ئەکتەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەم مەبەستە پێكه‌وه‌ کار بکەن، ئەوانەی دوێنێ لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی وڵاتان، بە گرنگییەوە هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێت و ڕۆڵی کوردیش لەبەرچاو بگیرێت کە ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان لەم بوارەدا هەیە. زۆر خۆشحاڵ بووین کە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی کۆبووینەوە.

لە ماوەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆدەبمەوە، دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە لە وەفای فەرەنسا بۆ ئێوە و دۆستەکانی، بەگشتی بۆ کوردەکان.

زۆر سوپاس سەرۆکی هەرێم. زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌.

 

هه‌ولێر 2021/8/29

دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا گه‌يشته‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر له‌لايه‌ن به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

دواى به‌خێرهێنان، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، تا شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى، ياوه‌ريى سه‌رۆك ماكرۆنى كرد و ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/8/29 ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

https://presidency.gov.krd/president-macron-arrived-in-erbil/

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- لە سی و سێیەمین ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە، کە لە دوا قۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، ڕژێمی بەعسی عێراق، پرۆسەی ئەنفالکردنی دەڤەری بادینانی دەست پێکرد و لە ئەنجامدا، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، شەهید و بێسەروشوێن کرد، سەدان گوندی وێران و دەیان هەزار کەسیشی ئاوارە و دەربەدەر کرد.

لەم یادە خەمناکەدا، جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بکاتەوە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

25 ئاب 2021
 
https://gov.krd/government/the-prime-minister/activities/posts/2021/august/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%86%DA%A9%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C%D8%A7%D8%AF%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%81%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%AF%DB%8C%D9%86%D8%A7%D9%86/

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- لەدوا قۆناغی جێنۆسایدی ئەنفال و ٣٣ ساڵ بەر لە ئێستا، دەڤەری بادینان قوربانییەکی دیکەی گەورە تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بوو کە هەزاران کەسی بێتاوانی، شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە بوون و سەدان گوندیشی خاپوور کران.

ئەنفال کە تاکە ڕێگەیەکی دیکتاتۆریەتی بەعس بوو بۆ مانەوەی خۆی و لەنێوبردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان، خەون و خەیاڵێک بوو کە نەهاتەدی و هەرگیز بۆ هیچ کەسی دیکەش نایێتە دی.
ئێستا کە یادگار و پاشینان و نەوەی شەھیدە سەربەرزەکانی ئەنفال، سەرقاڵی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانن، شکۆدارانە یادی قوربانی و شەهیدەکانمان دەکەینەوە و گرنگە حکومەتی فیدراڵی عێراقیش ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر بە کەسوکاری قوربانیان جێبەجێ بکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە خزمەتی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیێنێتە هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمەکەمان.


د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٨/٢٥

 

https://gov.krd/news-and-announcements/posts/2021/august/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%95%D8%A8%DB%86%D9%86%DB%95%DB%8C-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%8C%D8%A7%D8%AF%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%81%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%AF%DB%8C%D9%86%D8%A7%D9%86/

ئه‌مڕۆ يادى 33 ساڵه‌ى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ شه‌هيدان به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانى 25ى ئاب تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 و له‌ دوا قۆناغى ئه‌نفاله‌كاندا، به‌ پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازيى عيراق به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى سڤيلى بادينان ئه‌نجام دران.

تاوانكاران له‌ به‌رده‌واميى ئه‌و شاڵاوه‌دا، زۆر به‌ دڕنده‌يى له‌ تاوانێكى بێهاوتادا له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوايين دێهاته‌كانى بادينان (182) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستانيان به‌ره‌و بيابانه‌كانى مه‌رگ له‌ باشوورى عيراق ڕاكێش كرد و وه‌ك چۆن له‌ بادينان كرديان، بێ جياوازى، مزگه‌وت و دێر و ماڵ و خانوو و ڕه‌ز و باخى هه‌موو پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و سروشت و ژينگه‌ى كوردستانيان پێكه‌وه‌ ڕووخاند و سووتاند.

ئه‌نفالى بادينان و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كوردستان ئه‌نجام دران، زام و برينى هه‌ميشه‌ كراوه‌ن، هه‌رگيز له‌ بير ناچنه‌وه‌ و نيشانه‌ى سته‌ملێكراويى گه‌لێكى ئاشتيخوازن كه‌ ته‌نيا داواى ژيان و ئازادى و مافى خۆيان كردووه‌. ئه‌م ياده‌ و مێژووى پڕ له‌ كاره‌سات و مه‌ينه‌تيى گه‌لى كوردستان، وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ گه‌يشتن به‌ خه‌ون و ئاواته‌كانى، مكوڕترى ده‌كات.

يادى شه‌هيدان و ڕه‌نج و قوربانييه‌كانى گه‌لى كوردستان هانمان ده‌دات كه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى ئێستا و له‌پێناو داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان، يه‌كڕيزيى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان پته‌وتر بكه‌ين. له‌م ياده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عيراق ده‌بێ بڕياره‌كانى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عيراق بۆ قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ى قوربانييان جێبه‌جێ بكات، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش خزمه‌تى زياتر به‌ كه‌سوكارى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان بكرێت.

ده‌بێ كارى جددى بۆ به‌دۆكيوومێنتكردنى تاوانه‌كان و ناساندنيان به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته‌ گه‌ڕ تا ڕێگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى تاوانكاريى وا له‌ هه‌موو شوێنێكى سه‌رزه‌مين بگيرێت و مرۆڤايه‌تى هه‌رگيز تاوانى وا نه‌بينێته‌وه‌.

سوپاس و ڕێز و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر و به‌حركه‌ كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوانى ئه‌نفالى بادينانه‌وه‌ هاتن، يارمه‌تييان دان و ئامێزى ميهره‌بانييان بۆ كردنه‌وه‌. يادى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكيان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/8/25

 

https://presidency.gov.krd/statement-by-the-president-of-the-kurdistan-region-on-the-anniversary-of-anfal-bahdinan/

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی ئێران، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و ئامادەیی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەبن.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بەپۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند، ئێران بە فەرمی بانگهێشتنامەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە تا شاندێکی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتەدا بەشداربن و بۆ ئەو مەبەستە شاندێک لە هەرێمەوە سەردانی تاران دەكات.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ئاماژەی بەوەشكرد، شاندەکەی هەرێم بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری حکومەت بۆ کاروباری پەرلەمان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم سەردانی تاران دەكەن، هەریەك لەنوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران و بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئێران لەهەولێر یاوەری شاندەكە دەبن.

ئاماژەی بەوەشكرد، شاندەكە ژمارەیەك دیدارو كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ئەنجام دەدەن.

بڕیارە لەچەند رۆژی  داهاتوودا، ئیبراهیم رەئیسی، وەکو سەرۆککۆماری نوێی ئێران ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات لەگەڵ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بکات , وەک هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران، سوێندی یاسایی بخوات.

سەرۆكی نوێی هەڵبژێردراوی ئێران لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی ئێران بۆ سەرۆك كۆماری ئێران ڕێژەی 61.95% دەنگی بەشدربووانی ئەو وڵاتەی بە دەستهێنا.

 

https://politicpress.com/62638/

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، بەشداریكردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە مەراسیمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری نوێی ئێران، گرنگی خۆی هەیە، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی شاندی وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ شاندی هەرێم كردووە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بەشداری شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم و فەوزی حەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆككۆماری نوێی ئێران گرنگی خۆی هەیە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران وتی: بڕیارە لە پەراوێزی سەردانەكە و دوای كۆتایی هاتنی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆككۆماری ئێران، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چاویان بكەوێت بە سەرۆككۆماری نوێ و سەرۆكی ئەنجومەنی شورا و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران.

وتیشی: گرنگیی ئەم سەردانە لەوەدایە شاندی باڵای هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی شاندی وڵاتان ئەژماركراوە و مامەڵەی لەگەڵ كراوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی تازە و سەرۆككۆماری تازەش دەیەوێت گەشە بە پەیوەندییەكانی بدات لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.

ئیبراهیم رەئیسی، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆكایەتی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی پێنج شەممە، 5 ی ئاب وەكو هەشتەمین سەرۆك سوێندی یاسایی لەبەردەمی پەرلەمانی ئێران خوارد.

 

https://politicpress.com/63054/

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی