جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و  باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق، هاوڕابوون کە بۆ باشترکردنی لایەنی ئابوری و سیاسی و سەربازیی، هەرێم و ناوچەکە پێویستیان بە پلانی تۆکمە هەیە.

لە کۆبوونەوەی نێوان بەرێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک بێرتی باڵیۆزی فەرەنسا لەعیراق و ئاڵان گێبرات کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، باس لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا و  بارودۆخی سەربازی و سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرا.

لە بەشێکی قسەکانیدا باڵیۆزی فەرەنسا لەعیراق ووتی: تیرۆریستانی داعش تەنها بۆ کوردستان هەڕەشە نین، بەڵکو بۆ ئێمەو بۆ هەموو جیهان هەڕەشەن، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە. 

لە دیدارێکدا کە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تیایدا ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەو ئاستەنگییەکانی ئەم قۆناغە کرا.

 

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەچوو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ووتی: هەموولا دڵخۆشیین بە پەیامی سیاسی و پشتگیرییە سەربازیی و مرۆییەکانی وڵاتی فەرەنسا و هەروەها رایگەیاند: بۆ پێکەوە ژیانێکی دروست و دەربازبوون لە قەیرانەکان، عیراق پێویستی بە مۆدێلێکی سیاسی نوێ هەیە.

لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی ووتی: لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا، هەموو وڵاتان پێمان دەڵێن دەستتان خۆش بێت، بەڵام هەرێمەکەمان تەنها پێویستی بە قسەی خۆش نیە،  پێویستمان بە هاوکاری پەلە و بەردەوام  هەیە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و مرۆڤایەتییدا.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون کە لە ئێستادا بۆ رووبەرووبوونەوەی زیاتری تیرۆریستان، پێویستمان بە پلانی تۆکمە هەیە بۆئەوەی لایەنی ئابوری و سیاسی و سەربازی باشتر بکرێت و تەواوی ئەو جەنگە دەرونییانە کۆنترۆڵ بکرێت، کە بەردەوام ئاراستە دەکرێن.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی