بەبۆنەی 40ـه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد، ئه‌مه‌ دەقەكەیەتی:

 

بەڕێز جەنابی مام جەلال

سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەبۆنەی تێپەڕبوونی 40 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست و مەكتەبی سیاسی و هەموو ئەندامان و جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم. هیوادارم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەموو هێزە كوردستانییەكان بتوانن گەلی كوردستان بگەیه‌ننە ئەو ئامانجە باڵایانه‌ى كە لەپێناویاندا دامەزراون.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك پێویستییەكی خەبات دامەزرێندرا و لە دوای سەركەوتنی ڕاپەڕینیشەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، بووەتە خاوەنی گەورەترین شانازی لە مێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستاندا، كە ئەویش دەستكردن بوو بە ئەزموونێكی دیموكراتیانە و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەموو كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاوبەشی سەرەكی و بنچینەییە. لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتە بەشدارەكانی دیكەدا، خاوەنی شانازییەكانی پاراستنی دەستكەوتەكان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستانە كە ئەمڕۆ بەوهۆیەوە گەلی كوردستان توانیویەتی لە ناخۆشترین دۆخی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدارترین ڕێكخراوی چەكداریی تیرۆریستیدا لە جیهان، خۆڕاگری بنوێنێت.

هه‌موو پێشمەرگەكانى كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، هەست و خوێنیان تێكەڵی یەكتر بووە بۆ پاراستنی كوردستان، ئەوەش دەبێ ئەمڕۆ زیاتر هاوپەیمانی و یەكدەستیی نێوان هێزە كوردستانییەكان لە بواری سیاسیدا زیاتر بكات.

 

بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و هاوكێشە سیاسییە تازەكان، ئەمڕۆ پێكەوەكاركردنی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە هەموو كات پێویستترە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەو دووڕیانانەی هاتوونەتە بەردەمی، بتوانێ ڕێگە ڕاستەكان هەڵبژێرێت و ئەو دەرفەتانەی بۆ گەلی كوردستان هاتوونەتە پێشەوە، لەدەستیان نەدات. لە هەمان كاتدا بتوانێت بەسەر هەموو ئەو مەترسیانەدا سەربكەوێت كە ئێستا ڕووبەڕووی كوردستان و خەڵكەكەی بوونەتەوە و بەرەو سەركەوتن وەریانچەرخێنێت.

 

لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەزموونی بەو شێوەیەمان هەبوون، ئێستاش هەر بە هاوكاری و هاوپەیمانیەتیی هێزە كوردستانییەكان، دەتوانرێت ئەوە بكرێت. بێگومان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو بوارەدا خاوەن پێگە و هێزێكی سەرەكییە وهەموومان لەو بڕوایەداین كە لەم قۆناغەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دیاریكردنی هەنگاوە نیشتمانییە هاوبەشەكاندا لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان لە هەرێمی كوردستان، وەك پێكهێنەر و هاوبەش و بەڕێوەبەرێكی سەرەكیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت.

 

هه‌روه‌ها بێگومانین كە هاوپەیمانی و هاوكاریی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان، گەلی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی سیاسیی گەشتر و خزمەتگوزاریی زۆرتر و خۆشگوزەرانییەكی باش دەبات. بۆیەش ئەو هاوپەیمانییە زۆر پێویستە بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 

جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و هەموو جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەین.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان

31/5/2015

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی