نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/3/19 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، پرسی ئاوارەكان، بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كران و شاندی میوان دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە سەرەڕای ئەوەی تووشی قەیرانی بێ بودجەیی هاتووە و بارێكی قورسی لەسەر شانە، ئەركێكی گەورە و پیرۆزی مرۆیی ئەنجام داوە بە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە كە لە ترسی تیرۆر لە دەڤەرەكانی دیكەی عیراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و توانیویەتی تا ڕادەیەكی باش پێداویستییەكانیان دابین بكات.
شاندی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا هەروەها باسیان لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرد و ئاماژەیان بەوە كرد ناوی پێشمەرگە بووەتە وشەیەكی گرنگ و گەشاوە لە سەرتاسەری ئەورووپا و جیهاندا كە بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە بنەماكانی ئازادی و مرۆڤایەتی دەكات و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند و هیوایان خواست ئەو شەڕە لە ماوەیەكی كورتدا بە سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە ئازادیخوازەكان دژی تیرۆر و تۆقاندن، كۆتایی پێ بێت. هەر لە دیدارەكەدا باسیان لە پێدوایستییەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی مرۆیی و سەربازی و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد.
لە لایەن خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لە بەرامبەر هەرێم بە شاندی میوان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ پەنابەران و ئاوارەكانی دەستی تیرۆر بەردەوام دەبن، بەڵام ئەوەی كە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی ئاوارەكان چاوەڕوان دەكرا، وەك پێویست نەبووە، بە تایبەتی كە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ لە دەست تیرۆریستان، ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی یەكێتیی ئەورووپا چ ڕاستەوخۆ یان بە ڕێگەی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، خۆیان بۆ هاوكاریی پێویست ئامادە بكەن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە وردی تیشكی خستە سەر بەرەكانی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەی بە سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی پێشمەرگە كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداش باسی لەوە كرد كە هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لەگەڵ بەغدا هەیەتی، بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2015دا بەغداش ئەركەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەند بابەتێكی دیكەی مایەی بایەخی هەردوولا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و قارەمانیه‌تیی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، کە هه‌ر یه‌كێكیان وه‌ك كاوهیهكى ئاسنگه‌ر به‌رامبه‌ر زوحاكهكانى تاریكى وه‌ستاونه‌ته‌وه و لە سەنگەری شەرەفدا بەرامبەر بە هێزی تاریکی و شەڕانگێزی، پارێزگاری لە ئازادی و ئارامی و ئایندەی کوردستان دەکەن، نەورۆزی ئازادی و سەرکەوتن سه‌ركه‌وتن پیرۆز ده‌كه‌ین. نەورۆزی ئەمساڵمان کە نەورۆزی بەرخۆدان و بەرگریکردنە لە بوون و ناسنامەمان، دەبێ گیانی یەکڕیزیمان بەهێزتر بکات و زیاتر هانمان بدات بۆ بەرەنگاریی هەر مەترسی و کێشە و تەنگژەیەک، کە دووچاری کوردستانی ئازیزمان ببێتەوە.
کوردستانیانی خۆشەویست..
له‌م نەورۆزەدا، وەک چۆن ڕۆشناییی ئاگرێک نەتەوەیەکی لە چواردەوری خۆیدا کۆکردۆتەوە، ئاواش دەبێ ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر وڵات و شوێنێکی جیهاندا بن، بە گیانی یەکێتی و لەخۆبوردەییەوە بۆ بەدیهێنانی پەیامی نه‌ورۆز، کە بوونێکی سەربەرزانە و ئازادانه‌یه، هەموو هەوڵ و کۆششێک بخەنە گەڕ.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری شەرەف و بەرگریمان دەکەین. نەورۆزی بەرخۆدان لە سەرجەم کوردستانیانی هەموو پارچەکانی کوردستانی ئازیز، پیرۆز دەکەین، پیرۆزبایی گەرمیشمان بۆ کوردانی تاراوگەنشین لەهەر شوێنێكی جیهاندا بن.
شکۆدار بێت نەورۆزی پێشمەرگە، جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردیمان.
دروود بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگارى ئازادیى کوردستان.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
20-3-2015
هەواڵی شەهیدبوونی هەرسێ پێشمەرگەی قارەمانی گەلەکەمان، شەهیدان (هیشام نەبیل، پشتیوان عوسمان و ڕزگار حەمە ساڵح) بە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەو شێوە دڕندە و نامرۆڤانەیە، هەموو کوردستانییان و مرۆڤدۆستانی دڵتەنگ و خەمبار کرد. دیلکوشتن بەو شێوازە وەحشیگەرییە، کە دوورە لە هەموو بەها و پرەنسیپێکی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی، کارێکە تەنها لە فەرهەنگی داعش و تیرۆریستانی هاوشێوەیاندا جێگەی دەبێتەوە.
ئێمە لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە دڕندانەیە شەرمەزار و ڕیسوا دەکەین، دڵنیاین کە تیرۆریستان باجی گەورەی ئەم کارە دڕندانانەیان دەدەن و دەستی دادوەری هەر دەبێ بیانگاتێ. دەبێ تیرۆریستان بزانن کە به هیچ شێوه‌یه‌ك له خوێنی ڕۆڵەکانمان خۆش نابین و بەرامبەر بەم تاوانه‌یان، دەبێ چاوەڕوانی سزای گەورە بن.
سەری ڕێز و وەفا بۆ ئەم سێ شەهیدە قارەمانەمان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان داده‌نوێنین و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە سەربەرزەکانی (شەهید نەبیل) و (شەهید پشتیوان) و (شەهید ڕزگار) و سەرجەم کوردستانییان دەکەین.
دروود بۆ گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2015/3/22
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2015/3/21، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ڕێوڕه‌سمی پیرۆزكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا له ئامه‌د، په‌یامی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان خوێندرایه‌وه، كه له وه‌ڵامی بانگهێشتكردنی به‌ڕێزیان بۆ ڕێوڕه‌سمه‌كه، ئاراسته‌ی هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان هاوسه‌رۆكانی HDP، DTK و DBPی كردبوو.
له په‌یامه‌كه‌یدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسكردنیان بۆ بانگهێشتكردنی بۆ ڕێوڕه‌سمه‌كه، نه‌ورۆزی ئه‌وان و هه‌موو كوردستانیان پیرۆز ده‌كات و هیوا ده‌خوازێ جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ته‌واوی كورد و كوردستانیان و گه‌لانی ناوچه‌كه و جیهان، سه‌ركه‌وتن و شادی بهێنێت.
له په‌یامه‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری و دوایین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌م پێناوه‌دا نراون، دووپات ده‌كاته‌وه و ئاماده‌ییی هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی ئاشتی نیشان ده‌دات.
ئەمڕۆ ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ ، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی یادکردنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهدیان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەردانی ماڵی شەهید هوجام و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە دوو میحوەری ڕووبەڕووبوونەوەیی تیرۆریستان کرد.
سەرەتا سەرۆک بارزانی سەردانی ماڵی شەهید هوجامی کرد و لە وتەیەکدا بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهدی هوجام، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بە فەرزم زانی بێمە لای ئێوە و لەبەرئەوەی نەدەکرا یەکە بەیەکە سەردانی هەموو ماڵە شەهیدان بکەم بۆیە لەجیاتی هەموو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان لەگەڵ ئێوە یادی نەورۆزی پیرۆز دەکەمەوە. سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێوە زۆر سەربەرزن و ئەو سەربەرزییەی خانەوادەی شەهیدان هەیانە دەست هەموو کەسێک ناکەوێت. شەهید هوجام، شەهیدی هەموو گەلی کوردستانە و بووە سیمبولێک بۆ بەرخودانی پێشمەرگە و تا دنیا هەیە لە دڵی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە، شەهیدانی ئێمە لەپێناو دۆزێکی ڕەوادا گیانیان بەخشیوە کە پاراستنی کەرامەتی گەل و بەرگرییکردنە لە وڵاتەکەمان.
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە: گەلێک خاوەنی قارەمانی وەک شەهیدی هوجام بێت، سەرکەوتنی مسۆگەرە.
خانەوادەی شەهید هوجام دڵخۆشیی خۆیان بە سەردانی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و تەئکیدیان کردەوە کە ڕۆڵە و کەسوکاری شەهید هوجام لەسەر ڕێبازی پێشمەرگانەی باوکیان بەردەوام دەبن.
دواتر سەرۆک بارزانی سەردانی سەنگەرەکانی بەرگریی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانی کرد لە دوو میحوەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخشینی ڕێنمایی و بەرچاوڕوونیی پێویست بۆ فەرماندە و پێشمەرگەکان، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد کە مەبەستی بووە لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پیشمەرگە قارەمانەکان یادی نەورۆز بکاتەوە. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ڕۆلێ قارەمانانەی فەرماندە و پێشمەرگە گیانلەسەر دەستەکانی کوردستان دەردەبڕم و ئازایەتی و بوێریی ئێوە سەری هەموومانی بەرز کردەوە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند: به‌ر له 2715 ساڵ، كورد له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی تێكۆشاوه، هه‌ر له‌و رۆژه‌وه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر سه‌ری زوحاكی پانكرده‌وه تاكو گه‌یشتۆته سەید عوبه‌یدوڵلای نه‌هری، شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی، شێخ سه‌عیدی پیران، سه‌ید ره‌زا، شێخ مه‌حموودی نه‌مر، پێشه‌وا قازی، شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌مڕۆش رۆڵه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی به‌رخودان له كۆبانێ تا شنگال و خانه‌قین مێژوویان دووباره و چەندبارە كرده‌وه، كه توانییان گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهان تێكبشكێنن و هه‌موو دنیا پێیان سه‌رسام بێت.
ئێمه هه‌موومان قوتابیی ئه‌و قوتابخانهیەین، كه وا پەروەردە کراوین کە ژیان لەو مەرگەدایە کە لەپێناوی گەل و نیشتیمان‌دا بێت و مردنیش لە ژیانی بندەستیدایە.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێستا تیرۆریستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر لاواز دەبن و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پیشمەرگە تێک شکا و ئێستا توانای ئەوەیان نەماوە ببنە هەڕەشە لەسەر کوردستان.
سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە ئامۆژگاریی پێشمەرگەکانی کرد کە پابەندی ڕەوشتی بەرزی کوردایەتی بن و نابێ بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بدرێت بێ ڕێزی بە تەرمی کوژراوانی دوژمن بکرێت.
لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی دڵنیا کردەوە کە ئاڵای کوردستان هەر شەکاوە دەبێت و کوردستان هەر پارێزراو دەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢١ـی٣ـی ٢٠١٥ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە پێگەیشت .
لە پەیوەندییەکەدا جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد. هەروەها هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان کرد کە لە پێناوی بەرگرییکردن لە گەل و وڵاتەکەیان گیانیان بەخشیوە.
جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی ئازایانە و کاریگەری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان نیشان دا کە لە سەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا توانیویانە تیرۆریستان تێکبشکێنن.
لە بەشێکی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرا و بەڕێز جۆ بایدن، تەئکیدی لەسەر دۆستایەتی و هاوکاری و هاوپەیمانێتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و جەختی لەسەر پێویستیی زیاتر پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
له به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئەمەریکای كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی ئه‌و تیرۆریستانه پێویستە هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی بەردەوام بێت.
هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدکردنی سێ پێشمەرگەی دیلی دەستی تیرۆریستانی داعش، کە لەلایەن ئەو تیرۆریستانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کراون، خەمباری کردین.
بەڵێن بە خانەوادەی ئەو شەهیدانەمان دەدەین کە خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت و تۆڵەیان دەکرێتەوە و ڕێگە نادەین تیرۆریستان ئەم تاوانەیان بەسەرەوە بچێت و سزای ئەو کارە دڕندانەیە و هەموو کردەوە چەپەڵەکانیان وەردەگرن.
بە پشتیوانیی خوای گەورە و گەلی خۆڕاگری کوردستان، ئەوانەی بەوشێوەیە پێشمەرگەی کوردستان شەهید دەکەن، پێشتر بینیویانە و ئێستا و داهاتوش دەبینن کە چۆن دەستی تۆڵەی پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەیانگاتێ.
لەو بۆنە خەمناکەدا، سەرەتا سەرخۆشیی لە خۆمان دەکەین، ئینجا لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان و گەلی کوردستان. شەهیدبوون لە ڕێگەی گەل و نیشتیمان، سەربەرزییە، جا ئەو شەهادەتە بە گوللە بێت، یان بە ئاگر، یان پەتی سێدارە.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢١ـی٣ـی٢٠١٥
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گه‌لی كوردمان له گشت جیهان ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم ئه‌م جه‌ژنه جه‌ژنی به‌دیهاتنی خه‌ون و ئاواته‌كانمان بێ، هاوكات لێره‌شه‌وه پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كه‌ركووكی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م به بۆنه‌ی 24همین ساڵیادی راپه‌ڕینی شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌مان.
ئاشكرایه هه‌میشه‌و به به‌رده‌وامی دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان هه‌وڵیانداوه له پاڵ چه‌وسانه‌وه‌ی كورد ئه‌م جه‌ژنه‌مان لێ تێك بده‌ن و نه‌هێڵن یادی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام جیا له‌وه جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان جیاوازه له ساڵانی تر، گه‌له‌كه‌مان به قۆناغێكی هه‌ستیار و دژوار‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێ و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرمان له‌سه‌ره‌و خوشك و برا پێشمه‌رگه‌كانمان له سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریدان و به خوێن به‌رگری له خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كه‌ن و رۆژانه پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان گیانی خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی خاك و نیشتمان، بۆیه له جێی خۆیه‌تی ئه‌مساڵ و ئه‌م جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌مان بكه‌ینه وێستگه‌یه‌ك بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و هه‌وڵدان بۆ یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر.
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان...
له‌ده‌ستدانی رۆڵه‌و باوك و برا ئه‌گه‌رچی قوڕسه‌و خه‌مێكی گه‌وره‌یه، وه‌لێ گه‌وره‌ترین شه‌ره‌ف و شانازییه به‌ر ئێوه‌ی سه‌ربه‌رز كه‌وتووه‌و ده‌بێ هه‌موومان شانازیتان پێوه بكه‌ین و ئه‌و راستیه بزانین كه ئه‌وه خوێنی رۆڵه‌كانی ئێوه‌یه بۆته هه‌وێنی پاراستنی خاك و نیشتمان، له‌م جه‌ژنه‌شدا پێویسته هه‌موومان له بری چوونه سه‌یران و دڵخۆشی ده‌ربڕین تاجه گوڵینه‌ی رێز له‌ده‌ست بگرین و به سه‌ربه‌رزییه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هیدانمانی دابنێین و دوعای به‌خێر بۆ برینداران بكه‌ین كه زوو به زوو خوا شیفایان بدات.
له كۆتاییدا دووباره هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز له هه‌مووان پیرۆز ده‌كه‌م و ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م جه‌ژنه جه‌ژنی سه‌وزبوونه‌وه‌ی ئاواته‌كانی كورد و پشكوتنی خه‌ونی له‌مێژینه‌مان بێ، كه ئه‌مه‌ش ته‌نهاو ته‌نها به ته‌بایی و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كرێ و پێویسته هه‌موومان یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان جه‌ژنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی خوێنی شه‌هیدانمان ده‌بێ.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- هه‌رێمى كوردستان و ئێران جه‌خت له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» له‌گه‌ڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ناردنکارانی لقی هه‌ولێر کۆبۆوه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: هه‌ميشه پشتيوانى و به‌رگرى له مافه‌كانى ئێزدييان ده‌كه‌ين
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جه‌نه‌رال ڤاول ده‌كات