هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێرا ق و شاندێكی دیبلۆماسی و سەربازیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز باڵیۆزی ئەمەریكا پاڵپشتیی خۆی و حكوومەتی ئەمەریكای بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە لە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام دەبن بە تایبەتی لە بواری سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە. هەروەها باسی لە بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەی كە كۆنترۆڵی كردوون، كرد.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەو بارەیەوە بەڕێز باڵیۆزی ئەمەریكا دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی بكات و جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەغدا پابەندی جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە بێت كە لەسەر شانییەتی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی بنێرێت چونكە بارێكی قورس كەوتۆتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی خۆیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی باڵیۆزی ئەمەریكای لە عێراق كرد و پاڵپشتی و هاوكارییەكانی حكوومەت و خەڵكی ئەمەریكای لە كاتی تەنگانەدا بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان بەرز نرخاند و هەروەها پوختەیەكیشی لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەوە پێشكەش كرد.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لایەنگریی ئەوە دەكات كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا گەر بەغدا پابەند نەبێت حكوومەتی هەرێم هەموو ڕێگایەك دەگرێتە بەر بۆئەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بكات بە تایبەتی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە.

سه‌رۆك بارزانی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز له‌ موسڵمانانی كوردستان و جیهان پیرۆز ده‌كات

بسم الله الرحمن الرحيم

)شهر رمضان الذي انزل فيه القرآن هدى للناس و بينات من الهدى و الفرقان(

- صدق الله العظيم-

به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان به‌ گشتی و كوردستان و عێراق به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م.

هیوادارم هاتنه‌وه‌ی مانگی پڕ به‌ره‌كه‌ت و ره‌حمه‌تی ڕەمەزان ببێته‌ مایەی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و کاولکاری و هاتنی خێر و خۆشی و ئارامیی زیاتر بۆ گه‌لی كوردستان و دەربازبوونی گەلانی عێراق لە مەینەتی و ناخۆشی و بڵاوبوونەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

با مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بکەینە دەرفەتێک بۆ هاوکاری و ئاشتی و لێبوردەیی کە پەیامی سەرەکیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

 

مسعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

1 ـی ڕەمەزانی 1436ی کۆچی

18ـی6ـی2015

سه‌رۆك بارزانی فه‌رمانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ركرد

 

 

 

 

به‌رێز فۆاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (13/6/2015) له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند :
به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشت به‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (1) ی ساڵی2005ی هه‌مواركراوو به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (٩١) ی ساڵی٢٠١٥بڕیاریدا هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت له‌ ڕۆژی(20/8/2015).

هه‌روه‌ها فۆاد حسێن رایگه‌یاند سه‌رۆك بارزانی له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا گشت لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپاردووه‌ بۆ دانانی ڕیكار و ڕێوشوینه‌ پێویسته‌كان به‌ مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوازێكی دیموكراتی و ئازاد و له‌به‌رچاوگرتنی گشت یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كان و په‌یره‌وكردنی گشت ستانده‌ره‌ جیهانیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێنشینی ئیمارات كۆبوونەوە

لە درێژەی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ وڵاتانی كەنداو ڕۆژی دووشەممە 15ـی 6ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی شێخ موحەمەد بن زاید جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكی گەرم و دۆستانەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كرا و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بوو كە لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و سەلاحەدین بابەكر وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

په‌یامی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان به‌ گشتی و كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م و ئاواته‌خوازم مانگی خێر و به‌ره‌كه‌ت و خۆشی و شادی بێ بۆ گه‌له‌كه‌مان.

ئاشكرایه‌ ئێمه‌ی گه‌لی كورد هه‌میشه‌ به‌ گرنگی و بایه‌خه‌وه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزمان روانیوه‌و كوردستان یه‌كێك بووه‌ له‌م شوێنانه‌ی به‌ جوانترین شێوه‌ پێشوازی له‌ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ كردووه‌، هه‌ر بۆیه‌ خوازیارم ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی پێشوو پێشوازی له‌م مانگه‌ پیرۆزه‌ بكه‌ین و بیكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان خۆمان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌ هه‌نووكه‌ نێوخۆییه‌كانمان.

موسڵمانانی خۆشه‌ویست...

ئه‌مڕۆ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌وڵدانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان بۆ به‌كارهێنانی ناوی پیرۆزی ئیسلام دژی مرۆڤایه‌تی، له‌سه‌ر هه‌موومان پێویسته‌ هه‌ڵگری په‌یامی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان بین و دژی توندڕه‌وی بوه‌ستینه‌وه‌و به‌ توندڕه‌وه‌كان بڵێین ژیان بریتییه‌ له‌ ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیان و خۆشگوزه‌رانی.

هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌و له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم دووپاتی یه‌كڕیزی كورد و پاڵپشتی كوردانی پارچه‌كانی تر له‌ یه‌كتر به‌ ئامانجی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كیمان بكه‌مه‌وه‌و رایبگه‌یه‌نم كه‌ گه‌له‌كه‌مان ته‌نهاو ته‌نها به‌ یه‌كڕیزی و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سی و حزبییه‌كان ده‌گاته‌ ئامانجی ره‌وای خۆی.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی مەسر لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی سێشەممە 16ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد حەسەن دەروێش باڵیۆزی مەسر لە عێراق و عومەر فەهمی كونسوڵی مەسر لە شاری هەولێر كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی مەسر لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی خەباتگێڕانەی سەرۆك بارزانیی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاری و كاركردن بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان و هەروەها شەڕی دژی تیرۆریستان و هیوای ئاییندەیەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست. لە درێژەی قسەكانیشیدا ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنان و هەروەها كاری هاوبەش لە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و كارەبا. باڵیۆزی مەسر سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە بووەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر و لێقەوماو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی مەسر ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا.

 

 

 

 

پەڕەى 190 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی