هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: داهاتووى وڵات، به‌ بوونى سيستمێكى په‌روه‌رده‌يى و فێركردنى پێشكه‌وتووه‌وه‌ به‌نده‌

ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2/6/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ خولی شه‌شه‌می ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی کوردستاندا له‌ دهۆك كرد كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌رێزان د. له‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆكی كۆماری عێراق، موحسن مه‌نده‌لاوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابیان ئاماده‌ی بوون.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ قسه‌كانم بكه‌م، ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی به‌رێز سه‌رۆك كۆمار بكه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م مه‌ڕاسیمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شداره‌، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاك موحسن مه‌نده‌لاوی ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌میش به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ به‌غداده‌وه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ به‌شداری، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاو.

ده‌رچووانى خۆشه‌ويست،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

ئێواره‌ی هه‌موولایه‌كتان باش..

به‌ خۆشحاڵييه‌وه‌ ئه‌م ئێواره‌يه‌ پێكه‌وه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمى شه‌شه‌مين خولى ده‌رچوونى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستاندا به‌شدارين.

به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووانى ئازيز ده‌كه‌م. پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ دايكوباوك و خانه‌واده‌ و مامۆستايانى به‌ڕێز ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌وانيش به‌شێكى گرنگى سه‌ركه‌وتنی ئه‌مڕۆی ئێوه‌ن. هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم. پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له ‌هه‌موو ده‌رچووانى ئه‌مساڵى زانكۆ و په‌يمانگه‌كانى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م.

ده‌رچوون له‌ زانكۆ بۆ هه‌ر قوتابييه‌ك ڕۆژێكى پڕ له‌ كامه‌رانييه‌ كه‌ ساڵانێك چاوه‌ڕێى بووه‌، به‌ڵام بێگومان كۆتاييى فێربوون و پێگه‌يشتن نييه‌. ته‌واوكردنى زانكۆ، بڕينى قۆناغێكى گرنگى ژيان و بنياتنانى كه‌سايه‌تييه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تاى ڕێگه‌یه‌ و قۆناغێكى نوێيه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تى. دڵنيام ئه‌م گه‌نجه‌ ئازيزانه‌ له‌و‌ ئاسته‌دان و ده‌توانن جياوازى دروست بكه‌ن.

كاتێك ده‌ست به‌ كار ده‌كه‌ن، يان له‌ خوێندنى باڵا به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌و زانسته‌ى وه‌رتانگرتووه‌‌، به‌ ئه‌زموون و كردار، فراوانتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت. ڕوانگه‌ و كه‌سايه‌تيتان به‌هێزتر ده‌كات تا بتوانن خزمه‌تێكى باشترى وڵاته‌كه‌تان بكه‌ن.

به‌ڕێزان..

چاره‌نووس و داهاتووى وڵات، به‌ بوونى سيستمێكى په‌روه‌رده‌يى و فێركردنى پێشكه‌وتووه‌وه‌ به‌نده‌. كوردستانێكى به‌هێز، نه‌وه‌يه‌كى زيره‌ك‌ و شاره‌زا و لێهاتووى ده‌وێت‌ كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌ زانست و زانين پڕچه‌ك كرابێت.

بۆيه‌ گرنگه‌ و پێويسته‌ قوتابيان به‌رده‌وام ئه‌وپه‌ڕى بايه‌خ به‌ خۆپه‌روه‌رده‌كردن و خۆپێگه‌ياندنێكی باشتر بده‌ن، قوتابخانه‌ و زانكۆش هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵ تازه‌ترين پێشكه‌وتنه‌ زانستييه‌كاندا، خۆيان نوێ بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌ركى زانكۆيه‌ ده‌رچووانێك پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكات كه‌ له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پێدوايستييه‌كانى كار و بازاڕ، پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى و ئێستا و داهاتووى وڵات بن و بتوانن بيگه‌يه‌ننه‌ كاروانى جيهانى پێشكه‌وتوو.

تا سه‌رمايه‌گوزارى له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردندا بكه‌ين، هێشتا هه‌ر كه‌مه‌. سيستمى په‌روه‌رده‌ و زانكۆكانمان، ده‌بێ بايه‌خ و گرنگيى تايبه‌ت به‌ لايه‌نى زانسته‌ مرۆيييه‌كان و بيناكردنى مرۆڤ و به‌ره‌وپێشبردنى توانا و سه‌رچاوه‌ مرۆيييه‌كان بده‌ن.

پرۆگرامى خوێندن و په‌روه‌رده‌مان ده‌بێ نه‌وه‌يه‌ك دروست بكات، بيركه‌ره‌وه‌، ده‌سپێشخه‌ر و داهێنه‌ر بێت.‌ بتوانێت كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك بنيات بنێت، به‌هێز و يه‌كگرتوو بێت. كولتوورى فره‌ڕه‌نگيمان بپارێزێت. وڵاتى خۆى خۆش بوێت و شانازى پێوه‌ بكات. نيشتمانيانه‌ بير بكاته‌وه‌، نيشتمانيانه‌ ڕه‌فتار بكات و نيشتمان له‌سه‌رووى هه‌موو شتێكييه‌وه‌ بێت.

بيرى توندڕه‌وى و توندوتيژى و ڕه‌گه‌زپه‌ستى ڕه‌ت بكاته‌وه‌ و به‌ هێز و بڕواوه‌ به‌رامبه‌رى بوه‌ستێته‌وه‌. بره‌و به‌ ديالۆگ و لێكتێگه‌يشتن و هاريكاريى هاوبه‌ش و چاره‌سه‌رى ئاشتيانه‌ بدات و به‌رگرى له‌ ژيان و ڕێز و شكۆى مرۆڤ بكات.

گۆڕانى ئاووهه‌وا، ده‌رفه‌ت و مه‌ترسييه‌كانى زيره‌كيى ده‌ستكرد و دڵنيابوون له‌وه‌ى بۆ چاكه‌ى مرۆڤايه‌تى به‌كار دێت، زيادبوونى ڕێژه‌ى دانيشتوان، پاراستنى ئاسايشى ئاو و خۆراك و چه‌ندانى ديكه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى جيهان ده‌كه‌ن. ده‌بێ به‌ ته‌واوه‌تی ئێمه‌ش له‌ كوردستان و عێراق خۆمان بۆی ئاماده‌ بكه‌ين.

ده‌رچووانى زانكۆ پێويسته‌ توانا و به‌شدارييه‌كى ته‌واويان هه‌بێت و يارمه‌تيده‌ر بن له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و قه‌يران و مه‌ترسييانه‌دا. مرۆڤايه‌تى ته‌نيا به‌ زانست و به‌ هاوكارى و پلان و ستراتيژى هاوبه‌ش، ده‌توانێ به‌ره‌نگاريان ببێته‌وه‌‌.

به‌ڕێزان..

من بڕواى ته‌واوم به‌ زيره‌كى و تواناى گه‌نجانمان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها به‌ خه‌مخۆريى مامۆستايانى دڵسۆز هه‌يه‌، بۆيه‌ به‌ گه‌شبينی و ئومێده‌وه‌ كه‌ سبه‌ى له‌ ئه‌مڕۆ بێگومان باشتر ده‌بێت. ئه‌مڕۆ كه‌ ده‌بينم ئه‌م گه‌نجانه‌ زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، داهاتووى كوردستان گه‌شتر و ڕووناكتر دێته‌ به‌رچاوم.

ئه‌وه‌ى زياتريش له‌م مه‌راسیمه‌دا ئێمه‌ دڵخۆش ده‌كات و وا ده‌كات هه‌موومان به‌ ئومێدێكی زياتره‌وه‌ له‌ داهاتوو بڕوانين، نموونه‌ى يه‌كێك له‌و (60) ده‌رچووانه‌يه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بڕوانامه‌ له‌م زانكۆيه پێشكه‌وتووه‌‌ وه‌رده‌گرێت‌.

ئه‌وه‌ كچێكى زيره‌ك و لێهاتووى ئێزدييه‌. ڕزگاربووى ده‌ستى داعشه‌. وێڕاى هه‌موو نه‌هامه‌تييه‌كان، كۆڵى نه‌داوه و موكوڕ بووه‌ كه‌ هه‌ر ده‌بێ زانكۆ ته‌واو بكات.‌ بوێرى و خۆڕاگرى و به‌رده‌واميى ئه‌و تا ته‌واوكردنى زانكۆ، چيرۆكى سه‌ركه‌وتنه‌.

ئيلهامبه‌خشه‌ و چرايه‌كى هيوايه‌ بۆ هه‌موو قوربانيانى ديكه‌ى ده‌ستى داعش له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان. لێره‌وه‌، به‌ ناوى خۆم و به‌ ناوى هه‌مووتانه‌وه‌ به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى لێده‌كه‌م. پێموایه‌ ئه‌ویش له‌ناو قوتابییه‌كانه‌، چه‌پڵه‌یه‌كی بۆ لێده‌ن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین له‌ ژیان بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانی تر.

به‌ڕێزان..

وه‌ك ئاگادارن، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه سياسييه‌كانى عێراق لێكتێگه‌يشتنێك هه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش خۆشبه‌ختانه‌ سه‌قامگيريی سياسى دروست ده‌كات.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى بنه‌ڕه‌تيى كێشه‌كان ده‌ڕوانين، به‌تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌يوه‌ندييان به‌ ژيان و گوزه‌رانى مووچه‌خۆران و خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌يه‌.

سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زيرانى فيدراڵی عێراق به‌ڕێز سوودانى و سه‌ركرده‌ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌كه‌ين كه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوكارن.

هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م بۆ لێكتێگه‌يشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كیش بۆ هه‌وڵه‌كانيان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئێمه‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

خۆشحاڵم به‌ به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا‌. هيواى به‌رده‌وامى و چاره‌سه‌ركردنى يه‌كجاره‌كی هه‌موو كێشه‌كان ده‌خوازم. هه‌ر ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌كات.

ئێمه‌ پێكه‌وه‌ ده‌توانين وڵاتێكى سه‌قامگير و به‌هێز بنيات بنێين كه‌ پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهاندا هه‌بێت. بتوانێت ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كه‌ى بۆ پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندن و خزمه‌تى باشتر بقۆزێته‌وه‌.

له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، به‌ره‌وپێش ده‌چن و هاوبه‌شييه‌كانمان زۆرترن له‌ ناكۆكییه‌كانمان‌. هه‌ر لێره‌وه‌ دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و پاراستنى ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.

دووباره‌ پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ ده‌رچووانى ئازيز ده‌كه‌م. پێيان ده‌ڵێم: داهاتووى وڵات له‌سه‌ر شانى ئێوه‌يه‌. ئێوه‌ سبه‌ى ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو شێتك بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو باشتر بكه‌ن. ئومێدمان به‌ ئێوه‌يه‌.

سه‌ركه‌وتن و پيرۆزبايى و پشتگيرى له‌ دامه‌زراندنى دەستەی متمانەبەخشین به‌ پرۆگرام و دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ به‌رنامه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەڕێز كاك مه‌سروور ده‌كه‌م بۆ پێشخستنى سيستمى په‌روه‌رده‌ و فێركردن و خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

هيواى كاتێكى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و جارێكی تر هه‌موولایه‌كتان به‌خێربێن به‌سه‌رچاو و زۆر سوپاس.

زۆر سوپاس..

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-the-future-of-the-country-depends-on-the-existence-of-an-advanced-education-system/

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا په‌يوه‌ندييه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن‌

ئێواره‌ى ڕۆژی يه‌كشه‌ممه‌ 2024/6/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دهۆك له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ده‌يڤد بێرگه‌ر هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى گشتى عێراق، هه‌ڵبژاردن و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، تاوتوێ کران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و کۆده‌نگی و به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و پێکهاته‌کان له‌ هه‌ڵبژاردندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ عێراق.

جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى له‌ عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/the-president-of-the-kurdistan-region-and-the-charge-daffaires-of-the-us-embassy-discuss-relations/

 

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

پێشنيوه‌ڕۆى ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2024/4/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ بەڕێز تۆماس سیله‌ر باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌ و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى شه‌رعيه‌ت و پرۆسه‌ى ديموكراسى، گرنگ و پێويسته‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا سوپاس و پێزانينى بۆ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌رده‌مى، ده‌ربڕى.

هه‌ردوولا باسيان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرد و به‌ڕێز باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا دوايين سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌غدا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ گرنگ زانى.

بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى بازرگانيى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-european-union-ambassador/

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كرد

نيوه‌ڕۆى ڕۆژی سێشەممە 2024/4/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز پاتريك دورێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و ده‌رباره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆيان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقيى فيدراڵييان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

https://presidency.gov.krd/kurdistan-regional-government-president-barzani-receives-french-ambassador-to-kurdistan-region/

 

نێچيرڤان بارزانى: ده‌بێ نيشتمان كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/4/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى هه‌شته‌مين ديدارى سلێمانيدا كرد كه‌ له‌لايه‌ن زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى عێراقه‌وه‌ له‌ سلێمانى ڕێكده‌خرێت.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى ميوانان له‌ سياسه‌تمه‌دار و ئه‌كاديمى و لێكۆڵه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ به‌شدار بوون، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وتارێكى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

بەڕێزان پێش ئەوەی دەست بە وتارەكەم بكەم، دەمەوێ بە ناوی دیداری سلێمانييه‌وه‌، پیرۆزبایی سەری ساڵ لە خوشك و برایانی ئێزدی بكەین. لێرەوە بە ناوی هەر هەمووتانەوە پیرۆزباییان لێدەكەین و هیوادارین ساڵێكی خۆشیان هەبێت.

ئامادەبووانی خۆشەویست..

بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان. بە خێر بێن بۆ دیداری ساڵانەی سلێمانی له‌ زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى عێراق. دەستخۆشی لە برای بەڕێزم جه‌نابى د. بەرهەم ساڵح و تەواوی ڕێکخەرانی دیداری سلێمانی دەکەم. جه‌نابيان زۆر كارى جوانى بۆ سلێمانى كردووه‌، یەكێك لەو كارە جوانانەی ئەم زانكۆیەیە و ئەم دیدارە كە بۆتە نەریتێكی ساڵانە بۆ شاری خۆشەویستی سلێمانی و بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، منیش وەك نیوەم خەڵكی سلێمانی، زۆر سوپاسی دەكەم، بە نیوەكەی دیكەش هەر سوپاسی دەكەم، بەڵام ئێستا بەتایبەتی بەو نیوەی خۆمەوە سوپاسی دەكەم.

دیداری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر هەستیاری ناوچەیی و جیهانیدا بەڕێوە دەچێت. شەڕ و گرژيى توند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووه‌ته‌وه‌، مه‌ترسييه‌كى زۆر له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ و خراپتربوونى زياترى دۆخه‌كه‌ هه‌يه‌.

بۆ ئەوەی ناوچەكە لەو لێكه‌وت و مەترسییە خراپانە به‌دوور بێت، پێویستە گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن دەست پێبکرێت. بۆ ئەوەی ئاشتی بێتە کایەوە، دەبێ ڕێککەوتنێكی هاوسەنگ بکرێت. ئەمە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر کردووە لە دروستکردنی ئاشتی لە ناوچه‌كه‌.

دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئوکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و ڕفاندنی دەیان مەدەنی، شەڕێکی وێرانکار، کاولکارییەکی زۆر گەورە لە غەززە دروست بووە. ئەوە كاره‌ساتێكى مرۆييى گەورەیە. لەبەر ئەوە دەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بۆ ڕاگرتنی بێ مەرجی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان.

بۆ چارەسەری بنچینەییش لەو باوەڕەداین ئاشتییەکی سەقامگیر، بریتییە لە چارەسەری دوو دەوڵەت. هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دەکات. ئەوە تاکە ڕێگەی ئاشتی و سەقامگیرییە.

ئامادەبووانی بەڕێز ..

هەرێمی کوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەیە. ئێمە بە ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێى دۆست، نموونەی جوانی هاوبەشی و پێشکەوتنی ئابووری و گەشەکردنێکی هاوبەشمان دروست کردووە. دەرفەتی زۆرى کاری هاوبەشمان دروست کردووه‌. دڵنیام بە پرۆژە گەورەکانی داهاتوو، ئەو پێشکەوتنە زیاتر و فراوانتر دەکەین.

ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان مایەی هێرش و هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێک. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە هاوبەشيی ئابووريی نێوانمان فراوانتر بکەین. دڵنیاین کە پێشکەوتنی ئابووری، سەقامگیريی سیاسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی بەهێز، لە ناوچەکەدا دروست دەکات.

کاروانی دیموکراسی و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی پێکردووە. دەیان دەوڵەت کۆبوونەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق، چونکە مایەی هەڕەشە بوو بۆ سەر گەلەکەی و وڵاتانی دراوسێ و جیهان. ئێمە لە تەنیشت ئەو ڕژێمەدا ئەزموونێکی زۆر گەورەمان لە دیموکراسی، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری دروست کرد.

ئێمە ئەوکات دەرگای بازرگانی و گەشەسەندنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی درواسێدا کردەوە. پردی هاوبەشی و په‌يوه‌نديى باشمان لەگەڵ ملله‌تانى دراوسێدا دروست کرد. توانیمان ئەوە بکەین، چونکە سەرکردایەتی و گەلەکەمان، باوەڕيان بە دیموکراسی و بە ئاشتی بوو. دوای گەورەترین هەڵمەتەکانی جینۆساید لە ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستان، باوەڕمان وابوو ئاشتی ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتە، نەک شەڕ.

کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان سەرکەوت، ئازادیخوازانی عێراق توانییان سەربکەون. کە ئێمە بە هێز بووین، هەموو عێراقییەکان بە هێز بوون. هەرێمی کوردستان بووە بنکەی کۆبوونەوە و یەکگرتن و سەرکەوتنی ئۆپۆزيسیۆنی عێراقی بەسەر دیکتاتۆریەتدا.

چونکە پرۆژەی ئێمە دیموکراسی و ئاشتی بوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانيی ئێمەیان کرد. دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا هاوکارمان بوون لەو کرانەوە و هاوبەشییە ئابوورییەدا، بەتایبەتی وڵاتی ئێران و تورکیا. ئەو باوەڕەی ئێمە بە دیموکراسی و ئاشتی هەر بەردەوامە و نەگۆڕاوە.

بەڕێزان..

ڕێگەی ئێمە لە ناوخۆی عێراقیشدا هەمان ڕێگەیە. بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی لە عێراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەساتی وەک ڕابردوو، پێویستیمان بە گفتوگۆیەکی ئارامی بەردەوامە لەگەڵ یەكتر.

ناکۆکی و پەلاماردانی یەکتر، بەردەوام ڕێگە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە. هێرشەکانی قاعیدە و هێرشی گەورەی داعش ڕووینەدەدا، ئەگەر ئێمە لە ناوخۆی عێراق یەکگرتوو بوواین.

دیکتاتۆری، دەسەڵاتی یەک پێکهاتە لە عێراق و نەبوونی ئازاديی سیاسی، مێژووی عێراقی خوێناوی کرد. ملیۆنان كه‌س لە عێراق بوونە قوربانيی بێگوناهی ڕژێمی خراپ لە عێراق. سامانی دەیان ساڵەی عێراق بە فیڕۆ درا. ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی هەموو ڕێگەکانی بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە عێراق، دابخەین.

گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە سەر دەستوورێکی گونجاو ڕێککەوتن. دەستووری عێراق بە پەسەندکردنی سیستەمی فیدراڵی، ڕێگەی هاوبەشییەکی گونجاوی بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق دروست کردووە. ئەو هاوبەشییەش، عێراق بە هێز دەکات. بۆ پێشکەوتنی عێراق، زۆر گرنگە سیستەمی فیدراڵی بە کردەوە و بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. نابێ باوەڕنەبوونی لایەنێک، یان چەند لایەنێک بە فیدراڵی، سیستەم لە عێراقدا پەک بخات و جێبەجێکردنی دەستوور بوەستێنێت.

هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە عێراق، دەبێ بە کردەوە خۆیان بە هاوبەش ببینن لە بەڕێوەبردنی عێراقدا. نابێ هیچ پێکهاتەیەکی عێراق نادیدە بگیرێت، چونکە ئەوە ڕێگەیەکی خراپ لە عێراقدا دەکاتەوە. ئەو ڕێگەیە پێشتر لە عێراق زۆر تاقیکراوەتەوە و مایەی ناخۆشی بووە بۆ هەموو خەڵکی وڵات.

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراقى فيدراڵى محەممەد شیاع سوودانی، خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانە و باوەڕێکی زۆری بە دەستووری عێراق هەیە. ئەو ڕوانگەیە سەقامگیرییەکی باشی لە بەڕێوەبردنی حکوومەتەكەیدا لە عێراق دروست کردووە. خەڵکی عێراق هەست بەو گۆڕانكارییانە دەکات. ئەو ڕوانگە و ئه‌و شێوە بەڕێوەبردنه‌، دەتوانێت عێراق بەرەو پێشەوە ببات، ئەوە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ عێراق.

بەڵام ئەم بیرکردنەوەیەی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە پشتیوانی و زەمینەسازیی سیاسيی گونجاوە. لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئێستا لەژێر ئەو بەرپرسیاريه‌تییەدان کە پشتیوانی لە حکوومەتی عێراقى فيدراڵى بکەن. عێراق ئاسۆیەکی ڕووناکی هەیە ئەگەر دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.

شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ سیستەمی سیاسيی تازەی عێراق. عێراقێکی بەهێز پەیوەستە بە هەبوونی هەرێمی کوردستانی بەهێزەوە، هەروەها هەرێمی کوردستانی بەهێزيش، پەیوەستە بە عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر.

هیچ کێشەیەک نییە لە عێراقدا چارەسەر نەکرێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت. دەستووری عێراق تایبەتمەنديی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەپارێزێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور، هەمووان هاووڵاتيی پلە یەک دەبین لە عێراقدا.

بەڕێزان..

“کای کۆن بەباکردن”، قسەیەکی خۆش و پڕ واتاى سلێمانييه‌. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزداین، چارەسەر ئەوەیە کای کۆن بەبا نەکەین. با لە جیاتی ئه‌وه‌ لەسەر پێشکەوتن، ڕێککەوین. ئەگەر ڕێکنه‌کەوین، ئه‌و گرژیانه‌ی ناوچه‌كەی گرتۆتەوە، زۆر زیانمان پێدەگەیه‌نێت.

پوختەی قسەی ناودڵی خەڵکی کوردستان، داواکردنی یەکڕیزيی لایەنە سیاسییەکانە. جینۆساید و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان، وایکردووە مێژوو یەک ئامانج بخاتە دڵی کوردەوە، ئەویش یەکبوونە. ئەوە ئاراستەی هەرە دروستە و نیشانەی ئەوپەڕی هۆشیاريی گەلی کوردستانە.

ئێمە بە دووبەرەکی ناوبانگێکی باشمان لە جیهان دروست نەکردووە، بەڵکو بە دیموکراسی و ئاوەدانی و سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، ناوبانگمان دەرکردووە. هەر کەسێک بەر لە (٣٠) ساڵ هاتبێتە کوردستان و ئەمڕۆ سەردانی كوردستان بکات، نایناسێتەوە. ئێمە دوای ئەنفال و کیمیاباران، ئەو ئاوەدانییەی كە دروستمان كردووە. ئێستا بە شارەزایيی زیاتر، دەتوانین پێشکەوتنەکە باشتر و خێراتر بکەین.

ئەم زانکۆیە و چەندان زانکۆی دیکە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا نەوەیەکی زۆر بە توانا و ئاستبەرزیان پەروەردە كردووە. نەوەیەک لە کوردستان دروست بووە، هەموومان زۆر خۆشحاڵین بە ئاستی بەرز و هۆشیارییان. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار، دەرفەت بۆ ئەو نەوەیە دروست بکەن، کوردستان زۆر زیاتر پێشدەکەوێت.

هەندێک کەس لێم دەپرسن: بۆچی گەشبینم؟ لە ڕاستیدا، گەشبینيی من لە خۆڕاگری و فرەتوانایيی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستاش دەڵێم: ڕابردووی ناخۆشمان هەبووە، بەڵام داهاتوویەکی پڕشنگدارمان لەپێشە.

گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە، پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەنديی نیشتمان، ڕێکبکەون. بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندى و بە به‌شداريى هەموو لایەنەکان.

پەرلەمانی کوردستان ئەزموونێکی زۆر گرنگه‌ لە ناوچەکەدا، دەبێ بیپارێزین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئاوەدانکردۆتەوە، دەبێ هەموومان پشتیوانی لێ بکەین. پێشمەرگە قارەمانەكان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و بوونە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان لە جیهاندا. ئەمانە هەموویان مایەی ئەوەن كە گەشبین بین و هەرچی زووترە لە ناوخۆماندا ڕێکبکەوین. بە ڕێککەوتنمان، ئاوەدانيی زیاتر و سەرکەوتنی زیاتر دەبینین.

هەموو کەس و کۆمەڵەیەک لە کوردستان دەکرێت ئەوپەڕی ڕەخنە و گلەیی هەبێت لە دەسەڵات و لە دەسەڵاتداران، دەکرێت بە هەموو ڕێگەیەكی مەدەنییانە ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ هەموومان وێڕای هەموو جیاوازییەکان، شتێک بپارێزین و بەرگری لێبکەین و لەسەرووی هەموو شتێك بیهێڵینەوە و کۆکەرەوەی هەموومانە، كۆكەرەوەی هەموومان دەبێت نیشتمان بێت.

هێز و حیزب و سەرکردە سیاسییەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان، وڵات، كوردستان هەر دەمێنێتەوە. نابێ کوردستان بکەینە قوربانيی تووڕەیی و ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان. گەلی کوردستان سەلماندوویەتی توانای بەرگری هەموو سەختییەکانی و توانای ڕاستکردنەوەی هەموو کەموکوڕەکانیشی هەیە، لەبەرئەوە هەموو ناخۆشییەکان تێدەپەڕن و هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر دەبن، چونکە لە کۆتاییدا بۆ چارەسەری، هەموومان پێکەوە لەسەر یەک مێز داده‌نیشین، لەبەر ئەوەی کوردستان لە هەموومان گەورەترە، نیشتمان لە هەموو شتێكمان بەهێزترە.

به‌ڕێزان..

پێشكه‌وتنه‌كانى جيهان به‌ جۆرێك خێران، بۆ ئه‌وه‌ى پێيان ڕابگه‌ين و له‌ جيهانى پێشكه‌وتوو دانه‌بڕێن، ده‌بێ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ و ئاڵۆزييه‌كان تێپه‌ڕێنين. ده‌بێ توانا ماددى و مرۆيييه‌كانمان بۆ پێشخستنى زانست و زانين و ته‌كنه‌لۆژيا و به‌هێزكردنى سيستمى په‌روه‌رده‌ و بره‌ودان به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى بخه‌ينه‌ گه‌ڕ.

پێشكه‌وتنه‌كانى زانست و ته‌كنه‌لۆژيا و ئه‌و سوود و ده‌رفه‌ت و ئاڵنگارى و مه‌ترسيانه‌ى زيره‌كيى ده‌ستكرد و نانۆ ته‌كنۆلۆژيا و گۆڕانى ئاووهه‌وا له‌گه‌ڵ خۆياندا ده‌يهێنێت، كار و ڕه‌نجى جددى و پلان و به‌رنامه‌ى درێژخايه‌نى له‌سه‌ر ئاستى تاك و دامه‌زراوه‌كان‌ ده‌وێت.

ده‌بێ بير و كار و توانامان به‌و ئاقاره‌دا ئاراسته‌ بكه‌ين و بزانين داهاتوو بۆ ئه‌وانه‌يه‌ كه‌ كات و بير و توانايان ده‌ده‌نه‌ زانست و زانين، نه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ى هه‌ر له‌ بازنه‌ى ڕابردوودا ده‌خولێنه‌وه‌.

دڵنیام لەم دیدارەی سلێمانیدا، زانیاريی زیاتر و ئەزموونی زیاتر وەردەگرین بۆ ئەوەی ڕێککەوین و پێکەوە سەرکەوین.

زۆر سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم بۆ بەشداربوونتان و بە خێر بێن.

 

https://presidency.gov.krd/nechirvan-barzani-the-country-must-bring-us-all-together/

 

پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

(١٢٦)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی ڕەوانشاد (میر میقداد بەدرخان) و (٢٦)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان‌، به‌گەرمى لە ته‌واوى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان پيرۆز دەكەم، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ ڕۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا.

لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له‌ ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن.

هاوکات ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى ڕۆژنامەوانيدا بکەن.

سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤

 

https://presidency.gov.krd/message-of-president-nechirvan-barzani-on-the-anniversary-of-kurdish-journalism/

پەڕەى 3 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی