هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دۆخی ئابووری و دارایی تاوتوێ ده‌كات

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18-2-2015، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر‌ دوایین سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی فیدرال پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا ئه‌و لێكنه‌گه‌یشتنه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌بوو چاره‌سه‌ر كرا و ئه‌وه‌ ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه‌ و وه‌ك له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بێت، ‌لایه‌نی به‌رامبه‌ریش پابه‌ند نابێت.

هه‌روه‌ها گوتی پێشنیازی ئه‌وه‌مان كرد هه‌ر سێ مانگ جارێك تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئه‌ژمار بكرێت، چونكه‌ ڕۆژانه‌ ناكرێت و له‌ ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ نابێت، له‌ یاسای بودجه‌شدا هاتووه‌ كه‌ تێكڕای هه‌نارده‌كه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت، نه‌ك ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی ڕۆژانه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێت‌، هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ند ده‌بێت و گوتی: ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین عیراق به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ پابه‌ند بێت تا ئێمه‌ش پابه‌ندی بین. جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بێ هه‌موو داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ئه‌وه‌ بزانن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ وڵات له‌ قه‌یرانێكی داراییی قووڵدایه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رباره‌ی هه‌ندێ له‌ كاردانه‌وه‌كانیش گوتی: ‌به‌ داخه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ بابه‌ته‌كدا بكه‌ن و ڕاستیی بابه‌ته‌كه‌ بزانن، هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ لایه‌نگیریی حكوومه‌تی عیراقیان كرد و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد گوایه‌ پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای داكۆكیكردن له‌ گرنگیی ڕوونكردنه‌وه‌ی پلانی حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌ و جێبه‌جێكردنی چاكسازی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان كۆمه‌ڵێك ڕێكار و پلان و به‌رنامه‌سازییان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی خسته‌ به‌ر باس و داكۆكی له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌له‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بكرێت و ڕێكاری پێویست بۆ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان دابنرێت، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین بژارده‌ی جیا تاوتوێ كران.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخ و قه‌یرانه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی ناوخۆییی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مان كاتدا له‌ قه‌یرانی ئابووری و دارایی و له‌ دژی تیرۆریش له‌ شه‌ڕدایه‌ و پێشوازی له‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر ده‌كات و نرخی نه‌وتیش تا ڕادده‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه‌ بارى قورسیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ‌و دۆخێكى دژوارى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ هه‌موو داموده‌زگای وه‌زاره‌ته‌كان له‌ سه‌ختیی دۆخه‌كه‌ و قووڵیی قه‌یرانی دارایی تێبگه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ وه‌زاره‌ته‌كان ستاف و ده‌زگاكانی خوار خۆیان له‌ ڕاستی و هه‌ستیاریی دۆخه‌ ئابووری و داراییه‌كه‌، ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

له‌ كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر دۆخه‌كه‌دا و بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان به‌رپرسیاریه‌تیی خۆی هه‌ڵده‌گرێت و گرنگه‌ هه‌موو هاوبه‌شانی حكوومه‌ت پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی گونجاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌. ڕاشیگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رده‌چێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا چاكسازی بكرێت، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێكار ده‌گیرێته‌ به‌ر و ده‌بێ وه‌زاره‌ته‌كان خوارووی خۆیان له‌ ڕاستیی دۆخه‌كه‌ تێبگه‌یه‌نن.

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ باڵیۆزى ژاپۆن له‌ عیراق كرد

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17/2/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز كازویا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق كرد.

سەرەتای دیدارەكە بەڕێز باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق سوپاس و پێزانینی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی بەرامبەر ئیدانەكردنی تیرۆركردنی هاووڵاتییەكی ژاپۆنی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە و لە هەمان كاتدا هاوسۆزى و سەرەخۆشیی خۆی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا شەهید بوون.

بەڕێز باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق هەروەها باسی لەوەش كرد كە وەك بەشێك لە هاوكارییەكانیان بۆ هەموو عیراق، حكوومەتی وڵاتەكەی پرۆژەیەكی ژێرخانى تایبەت بە ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر پارەدار دەكات كە بەم نزیكانە گرێبەستی پرۆژەكە ڕادەگەیەنن و دووپاتیشی كردەوە كە لەسەر هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

لە دیدارەكەدا باس لە ڕەوشی ناوچەكە و عیراق و هەرێمی كوردستان و بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر كرا و لەمبارەیەشەوە ئاماژە بە پێداویستییەكانی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژی داعش، كرا.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا دوایین سەرەدانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ئەو ڕێككەوتنەی كە مانگی 12ی ساڵی 2014 لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، خرایە ڕوو و لەو میانەشدا ئاماژە بەوە كرا بەغدا بە فەرمی هەرێمی كوردستانی ئاگادار كردۆتەوە كه‌ بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوە، ناتوانن بەشە بودجەی هەرێم وەك چۆن لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە، بنێرن.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو پرۆژانەی لە هەرێم ئەنجامی داون و داوای كرد لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی داهاتوویان بۆ عیراق، بەشی هەرێمی كوردستان دابین بكەن بە شێوەیه‌ك كە شایستەی هەرێم بێت. هەروەها باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتن و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان لەو شەڕەدا كرد.

نێچیرڤان بارزانى له‌ كێشه‌كانى كاره‌با ده‌كۆڵێته‌وه‌

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 16/2/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی كارەبای كرد و سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانیش ئاماده‌ى بوو، لەگەڵ بەڕێز وەزیری كارەبا، دەربارەی كێشە و گرفتەكانی كەرتی كارەبا و پێداویستییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان له‌م بواره‌دا گفتوگۆیان كرد و بۆ دابینكردنی پێویستیی هەرێمی كوردستان لە وزەی كارەبا، تیشك خرایه‌ سه‌ر هاوكاریی زیاتری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ وەزارەت.

پاشان لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە ژمارەیەك لە به‌رپرسان و ڕاوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان ئامادەى بوون، به‌ڕێز د. عه‌بدولسه‌تار بابه‌كر وه‌زیرى كاره‌با خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ى و شاندى یاوه‌ریان ده‌ربڕى و هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ ببێته‌ هۆى پشتگیرییه‌كى زیاترى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌كانى، ئینجا بە تێروتەسەلی باس لە كێشە و گرفتەكان و پێدوایستییەكانی سێكتەری كارەبا لە هەرێمی كوردستان كرا و لە هەمان كاتدا چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا خرانە ڕوو.

له‌ وته‌یه‌كدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ئەم سەردانەیان بۆ وەزارەتی كارەبا و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز وەزیری كارەبا و بەرپرسانی وەزارەت بۆ دووپاتكردنەوەی پشتگیریی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە لە وەزارەت و بەڕێز وەزیری كارەبا و حزبه‌كه‌ى "یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان" كە ماوەی ڕابردوو ببوونە ئامانجی هەڵمەتێكی زاڵمانه‌ى فراوانی سیاسى و میدیایی.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو كێشە و گرفتانەی لە سێكتەری كارەبادا هەن، كێشە و گرفتی ئەمڕۆ و دوێنی نین و بە تەنیا كێشە و گرفتی بەڕێز وەزیری كارەبا نین كە ماوەیەكی كەمە پۆسته‌كەی وەرگرتووە، بەڵكو كێشەی كۆن و كەڵەكەبووی پێشترن و بەرلەوەی لە ئەستۆی بەڕێز وەزیری كارەبا و وەزارەتی كارەبادا بێت، بەرپرسیاریه‌تیی یەكەمی ئەم كێشانە لە ئەستۆی حكوومەت و بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی سەرۆكایەتیی حكوومەت و سەرۆك وەزیران خۆیدایە.

ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهۆی بەرەوپێشچوونی بەردەوامی شار و شارۆچكە و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، ڕۆژانە پێداویستیی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاد دەبێت و ڕادەی خواست لەسەر كارەبا بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆیە ئاساییە كە كێشە و گرفت لە سێكتەری كارەبادا هەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا حكوومەت و وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكان خوازیارن و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی كێشە و گرفتەكانی كارەبا چارەسەر بكەن و پێداویستییەكانی ئەم سێكتەرە دابین بكەن.

باسیشی لەوە كرد كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی سێ‌ ملیارد دۆلار تەنیا بۆ پشتگیریی كەرتی كارەبا خەرج دەكات و داكۆكی لەوە كردەوە كە زیادەڕۆییەكى زۆر له‌ به‌كاربردن و خەرجكردنی كارەبادا هەیە و سوپاسی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی كرد كە بەردەوام لە هەوڵی باشكردنی ڕەوشی كارەبادان.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران بە دوور و درێژی گوێبیستی كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی كەرتی كارەبا بوو كە لە لایەن بەڕێزان بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەباوه‌ لە هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گه‌رمیانه‌وه‌ پێشكەش كران. لای خۆیەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی وەزارەتی كرد كە زۆر هەنگاوی ناوە بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و كارەبای گەیاندۆتە زۆربەی ئەو شوێنانه‌ى پێشمەرگە پێویستییه‌تى و ئاماژەی بەوە كرد كە وێڕاى ئەم خزمەتگوزاریە، پۆلیسی كارەباش بەشداری لە شەڕی دژی داعشدا كردووە.

لە كۆتاییدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كۆبوونەوەكە زۆر سوودمه‌ند بوو كە تیایدا بیرۆكەیەكی ڕوونیان لەسەر كێشە و گرفت و پێداویستییەكانی سێكتەری كارەبا دەستكەوت و چەندین سەرنج و پێشنیازی باش بۆ چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكان خرانە ڕوو و دووپاتی كردەوە بە پلەی یەكەم چارەسەركردنی كێشەی كارەبا بە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ دەبێت، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەلتەرناتیڤی یەكەمیش دەكرێت گازی سروشتی بێت كە حكوومەت لە بەرنامەیدایە و بەردەوام هەوڵ دەدات بۆئەوەی وەك ئەلتەرناتیڤێكی وزە بە گشتی و بەتایبەت كارەبا لە زۆر بوار و له‌ قۆناغەكاتی داهاتوودا بیخاتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌.

دانوستانی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و فیدرال به‌رده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١٥-٢-٢٠١٥، له‌ دانیشتنی دووه‌می به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی  كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و لایه‌نی حكوومه‌تی فیدرالدا له‌ به‌غدا، هه‌ردوولا به‌رده‌وامییان به‌ گفتوگۆكانیان دا و چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالیان تاوتوێ كرد.

له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ به‌ هۆی قه‌یرانی‌ دارایی و نه‌بوونی كاشه‌وه‌، حكوومه‌تی عیراق له‌م كاته‌دا ناتوانێت به‌شه‌ بودجه‌ی شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٥‌دا هاتووه‌، بدات، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو، دانوستانی هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بێت. دوای ته‌واوبوونی دانیشتنی دووه‌میش، شاندی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی  كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێك گه‌یشتبووه‌ به‌غدا و له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، دوایین ڕه‌وش و پێشهاته‌كانی عیراق، شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش، گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراق له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا، پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش، دۆخی داراییی عیراق و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ته‌واوی عیراقی كردووه‌ته‌وه‌، تاوتوێ كرد.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی هه‌ردوولادا، دوایین ڕێككه‌وتنی نه‌وتیی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال و ئه‌و لێكنه‌گه‌یشتنه‌ی له‌ چه‌ند به‌ندێكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌بوو، گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا و دوای ئه‌وه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستیان له‌سه‌ر درا و خشته‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خرایه‌ ڕوو، هه‌ردوولا پابه‌ندیی ‌خۆیان به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ دووپات كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی له‌به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دروست كردووه‌، ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌یه‌ كه‌ ته‌واوی عیراقی گرتووه‌ته‌وه‌ و له‌م دۆخه‌دا حكوومه‌تی عیراق ناتوانێ وه‌ك پێویست بودجه‌ی هه‌ردوو مانگی یه‌ك و دوو بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژانامه‌واناندا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ هه‌ردوولا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ن و لایه‌نی عیراقی به‌و خشته‌یه‌ ڕازی بووه‌ كه‌ هه‌ر سێ مانگ جارێك تێكڕای هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی هه‌رێم هه‌ژمار بكرێت. ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی كاش، حكوومه‌تی عیراق وه‌ك پێویست و وه‌ك له‌ بودجه‌دا هاتووه‌‌، جارێ ناتوانێ پاره‌ی هه‌رێمی كوردستان بدات. باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مشه‌و دانیشتنێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه له‌ نێوان هه‌دوولادا ساز ده‌كرێت.

له‌ سه‌ردان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆدا بۆ به‌غدا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، وه‌زیرانی سامانه‌ سروشتییه‌كان، دارایی و ئابووری، پلاندانان، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یاوه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران بوون.

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى: بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى ئێستا كات به‌ عیراق دەدەین

دواى كۆبوونه‌وه‌ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16-2-2015ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیرى كاره‌با و به‌رپرسانى كه‌رتى كاره‌با، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نووسانى دایه‌وه‌:
 
سەرەتا لەبارەی مەبەستی سەردانەكەیان بۆ وەزارەتی كارەبا گوتی: " ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ كاك قوباد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی وەزارەتی كارەبامان كرد لە هەولێر و ئەمەش بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و پشتگیریكردن لە وەزارەت و دەستخۆشی و سوپاسكردن لە هەموو كارمەندان و بەڕێوەبەرانی ئەم وەزارەتە بوو كە بە ڕاستی هەوڵی جددی و كاری بەردەوام دەكەن بۆ ئەوەی كێشەكانی كارەبا چارەسەر بكرێت. لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕاگەیاندنەكان بە شێوەیەكی زۆر خراپ هەڵمەتێكی زاڵمانە دەكرایە سەر جەنابی وەزیر و وەزارەتی كارەبا، تەنانه‌ت هێرش دەكرایە سەر حزبەكەشی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە.

كێشەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان كێشەیەك نییە كە هی ئەمڕۆ بێت؛ بەڵكو كێشەیەكی كۆنە و چەندین ساڵە بەردەوامە و هەوڵ و كۆششی جددیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكات. جەنابی وەزیر چەند مانگێكە بووەتە وەزیری كارەبا و لەو ماوەیەی دەستی بەكار كردووە هەموو هەوڵێكی داوە كە ئەم وەزارەتە ڕێكوپێك بكات و كێشەكانی چارەسەر بكات. كێشەی كارەبا پەیوەندی بە وەزیر و یەكگرتووی ئیسلامییەوە نییە؛ بەڵكو كێشەیەكە ئێمە لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرین و دوای ئەوە بەرپرسیاریەتیی ئەو كێشەیە دابەش دەكرێت بۆ سەر وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان.

نابێت وا سەیر بكرێت كە كێشەی چەندین ساڵەی وەزارەتێك لە ماوەیەكی زۆر كورتی وەك شەش مانگ یان چەند مانگێكدا لە لایەن وەزیری سەر بە حزبێكی بەشدار لە حكوومەتدا چارەسەر بكرێت. من پاڵپشتیی خۆم و كاك قوباد بۆ جەنابی وەزیری كارەبا دووپات دەكەمەوە و ئێمە لەگەڵیداین و لەگەڵیشی دەمێنینەوە و دڵنیاین و بڕوای تەواومان هەیە كە نەك تەنها جەنابی وەزیری كارەبا لە یەكگرتووی ئیسلامی؛ بەڵكو وەزیرانی دیكەی سەر بە پارتەكانی دیكەش كە لەگەڵ ئێمە لە حكوومەت كار دەكەن؛ لەو وەزیرانەن كە هەواڵی جددی دەدەن بە شێوەیەكی باش و ڕێكوپێك كارەكانیان بەجێ‌ بگەیەنن".

سەبارەت بەو دەنگۆیەی كە گوایە وەزیری كارەبا دەگۆڕدرێت و ئاشتی هەورامی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكان وەزارەتەكە بەڕێوە دەبات؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "من دەمەوێت بگەڕێمەوە دواوە؛ لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەی حكوومەته‌وه‌ ئێمە زۆر جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە برادەرانی یەكگرتووی ئیسلامی وەزارەتی كارەبا وەربگرن و هەر بەهۆی ڕازینەبوونیان وەك حزب و شەخس لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە؛ لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دواكەوتین، كە ئێمە پێمان وابوو ئەم شێوازە پێویستە. من ئەو كات و ئێستاش دەڵێم بۆ پێكهێنانی حكوومەت و هەروەها یەكگڕەنگیی حكوومەت؛ یەكگرتووی ئیسلامی ئەو كارەی كرد و وەزارەتەكەی وەرگرت و بۆ ئەمەش هەر لێرەوە سوپاسی هەم مامۆستا خۆی و حزبەكەشی دەكەم.

ئێمە ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر وەزارەتی كارەبا دەكەین بۆ ئەوەی دیاری بكەین بە چ شێوەیەك بێت. زۆر ئاساییە و لە زۆرێك لە وڵاتان پرسی وزە لە یەك وەزارەتدا كۆكراوەتەوە؛ بەڵام تا ئێستا ئێمە هیچ بڕیارێكمان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە؛ ئێمە لەمبارەوە لەگەڵ هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان لە گفتوگۆداین؛ بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتاییمان لەمبارەیەوە نەداوە".

سەبارەت بە دابیننەكردنی سووتەمەنی لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بۆ وێستگەكانی كارەبا، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "بۆ زانیاریی ئێوە، ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە سێ‌ ملیارد دۆلار بۆ كەرتی كارەبا تەرخان دەكات و كەچی كێشەكان بەردەوامن. كێشەیەكی دیكە ئەوەیە كە كلتووری زیاد خەرجكردنی كارەبا لە وڵاتی ئێمە هەیە و بە شێوەیەكی جددیش كلتوورەكە بەردەوامە؛ ئەوەش هۆكارەكەی ئەوەیە كە كرێی كارەبا هەرزانە و پارەكەی لە لایەن حكوومەتەوە دابین دەكرێت؛ ئەمەش هۆكارە كە خەڵك دەست بە خەرجكردنی زیادەی كارەباوە نەگرێت و گڵۆپێك كە پێویستی پێی نییە نایكوژێنێتەوە و لای گرینگ نییە.

سووتەمەنی كێشەیەكی دیكەیە، چونكە ئەمەشیان هەر بە پارە دەكرێت؛ دابینكردنی سێ‌ ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا پارەیەكی یەكجار زۆرە، حكوومەت ناتوانێت لەو كارە بەردەوام بێت. هەر بەم هۆیەوەیە كە لەوانەیە لە شوێنێك وێستگەی كارەباش هەبێت؛ بەڵام حكوومەت نەتوانێت سووتەمەنی بۆ دابین بكات. ئێمە كێشەیەكی داراییمان هەیە و دەبێت ئەم پارەیە كەم بكرێتەوە."

سەبارەت بە ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق به‌ڕێز حەیدەر عەبادی لەبارەی كۆبوونەوەكانی دوێنێی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا كە پابەندیی خۆی بۆ ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات كردووەتەوە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە دوێنی لە بەغدا بووین و گفتوگۆیەكی دوور و درێژمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق به‌ڕێز حەیدەر عەبادی و شاندی یاوەری ئەنجام دا. بنەمای سەردانەكەمان بۆ بەغدا لەسەر ئەو بوو كە لێكنەگەیشتنێك لەسەر پرسی نەوت هەبوو كە چۆن حسابمان لەگەڵ دەكرێت؛ من پێم وایە لە كۆبوونەوەی دوێنێ‌ ئەمە بە تەواوەتی چارەسەر كرا و ئەوان دڵنیان لەوەی كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ڕێككەوتنەین و خشتەمان دایە دەستیان كە ئێمە ڕۆژانە چەند نەوت ڕادەستی بەغدا دەكەین و ئەوان هیچ كێشەیان لەسەر ئەوە نەماوە.

لە بەغدا بە تەواوەتی پیشان درا كە حكوومەتی هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتنەیە و ئەوەی من بۆ ئەوان پێشنیازم كرد؛ لە جیاتی ئەوەی ئەوان ڕۆژانە چاودێری بكەن كە چەند نەوت دەڕواتە دەرەوە، كە ئەمە لە حساباتی هەموو جیهان شتێكی وا نییە؛ دەتوانن سێ‌ مانگ جارێك سەیری بكەن كە ئایا حكوومەتی هەرێم پابەندی ڕێككەوتنەكەیە یان نا. ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكە نییە؛ ئەوا لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەتوانن دەست بە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان بكەن. ڕێككەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا بنەماكەی ئەوەیە كە ئێمە لەسەر بودجە و یاسای بودجە ڕێككەوتووین.

لە یاسای بودجەدا بە ڕوونی ئەوە دەستنیشان كراوە كە ئێمە 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێم و 300 بەرمیل نەوتی عیراق كە دەكاتە 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا دەنێرینە دەرەوە و لە بەرامبەردا ئەوان سەدا 17ی بودجەی گشتیی عیراقمان دەدەنێ‌. كێشەی ئێستای بەغدا ئەوەیە كە پارەی نییە و ئەوان بەپێی یاسای بودجە كار ناكەن بۆ ئەوەی پارە بدەنە هەرێمی كوردستان. بەپێی یاساكەش دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بدەنە هەرێمی كوردستان. ئێستا ئەوان ئەوەیان داوەتە لایەك و دەڵێن ئێمە مانگانە حساب دەكەین بزانین هەموو داهاتی عێراق چەندە و لەسەر ئەو داهاتە ئێمە بەشی ئێوە دەدەین، ئەمە دوای ئەوەی خەرجی سیادی لێ‌ دەردەكرێت.

بەپێی ئەمەش بێت ئێستا یاسای بودجە هیچ مانایەكی نەماوە، بەپێی ئەو حسابەی كە لەسەر ئەم بنەمایە بۆ هەرێمی كوردستان كردوویانە؛ ئەوان باسی ژمارەیەكی كەم دەكەن لەوەی كە دەینێرن بۆ هەرێمی كوردستان. ئەمە كێشەیەكی داراییە و پەیوەندی بەوەوە نییە ئێمە پابەندی ڕێككەوتنین یان نا؟!. ئێمە پابەندین و بەغداش پیشانی داوە كە پابەندی ڕێككەوتنەكەیە؛ بەڵام كێشەیەكی زۆر گەورە هەیە كە ئەویش ئەوەیە قەیرانێكی گەورەی دارایی ڕووی لە عێراق كردووە كە بێگومان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە. لە سەدا 95ی بودجەی گشتی عێراق لەسەر داهاتی نەوت دانراوە؛ پێشتر نەرخی یەك بەرمیل نەوت 110 دۆلار بوو؛ بەڵام ئێستا بە 50 تا 55 دۆلار دەفرۆشرێت؛ ئەمەش هۆكارێكە بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانە داراییە.

ئەگەر بەغدا ڕێككەوتنەكە جێبەجێ‌ نەكات، ئەوا ئێمەش پێداچوونەوە بۆ ڕێككەوتنەكە دەكەین؛ بەڵام ئێستا كاتیان دەدەینێ‌ بۆ چارەسەر و دەرچوون لە كێشەكانی ئێستا. ئەگەر ئەوان بەردەوام بوون لەسەر پێشێلكردنی ڕێككەوتنەكە؛ ئەوا ئێمەش هەڵوێستی دیكەمان دەبێت. ئەوەش لە یاسای بودجەدا بە ڕاشكاوانە جێگیر كراوە كە ئەگەر ئەوان پارەیان نەنارد، ئەوا ئێمەش نەوت نانێرین و ئەگەر ئێمەش نەوتمان نەنارد، ئەوانیش پارەمان نادەنێ‌ و ئەمە یاسایە و لە بودجەدا بە شێوەیەكی ڕوون جێگیر كراوە. قەیرانێكی قورسی دارایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە كە بڕواناكەم بە درێژاییی تەمەنی حكوومەت، تووشی قەیرانی وا هاتبێت.

لە لایەكی دیكەشه‌وه‌ ئێمە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە شەڕداین كە خەرجییەكی زۆری پێویستە. هەروەها زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان دەحەوێنینەوە كە ناوخۆیی و دەرەكین، بە شێویەك سەدا 28ی ژماره‌ى دانیشتوانى هەرێمی كوردستان زیادی كردووە. ئەمەش نزیكەی ملیارێك و شەشسەد ملیۆن دۆلار خەرجیی ساڵانەی حكوومەتی هەرێمی زیاد كردووە، بۆیە باری هەرێمی كوردستان یەكجار قورس بووە. لە خەرجییەكانی سێكتەری كارەبا تەنیا لە شاری دهۆك زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.

لەگەڵ ئەمەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پیشەسازیی نەوتی خۆی بەردەوام دەبێت و چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە دەدۆزێتەوە. ئەولەویەتی كاری ئێمە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینكردنی خەرجییەكانی شەڕی دژی داعشە كە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە.

ده‌رباره‌ى ناردنی مووچەی هەندێك ناوچەی ژێر دەستی داعش لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە؛ سەرۆك وەزیران گوتی: "ئەمە پرسیارێكە دەبێت لە عەبادی خۆی بكرێت و ئێمەش هەمان پرسیارمان لێی هەیە".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشدا گەر بەغدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت؛ هەرێم چۆن مووچەی كارمەندانی دەدات؟؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەوەی بەغدا ئێستا دەینێرێت زۆر زۆر كەمترە لەوەی كە ئێمە بتوانین بودجەشی پێ‌ دابین بكەین. ساڵی 2014 ئێمە قەرزمان كردووە لە كۆمپانیاكان بۆ دابینكردنی مووچەی كارمەندان و لەبەرامبەر ئەمەش نەوتیان دەدەینێ‌ و توانیمان تا رادەیەكی زۆر ئەو كارە بكەین".

سەبارەت بە دابینكردنی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2014، سەرۆكی وەزیران ئاشكرای كرد كە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەستی پێكردووە؛ بەڵام تەواو نەبووە. حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات مووچەكانی سەرەتای ئەمساڵیش دابەش بكات و گوتی: "مووچەخۆرانی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە مووچەكانیان نافەوتێت، لەوانەیە دوابكەوێت. بەغداش نەیتوانیووە مووچەكانی بدات و بڕیاریان داوە 40 ڕۆژ جارێك مووچە بدەن".

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی هەندێك كۆمپانیای نەوت كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەم دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە و گوتی: "تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەكی نەوتی، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن كارەكانی خۆیان هەڵنەپەساردووە و لەسەر كارەكانیان بەردەوامن".

لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەی لە لایەن فەرمانبەرانەوە لەسەر دواكەوتنی مووچە ئەنجام دەدرێن؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "من ڕێزم هەیە بۆیان و ئەوە مافی خۆیانە و ئەوان لەسەر حەقن؛ بەڵام باشتر وایە لە دۆخەكە تێبگەن، چونكە قورساییەكی زۆری دارایی كەوتووەتە سەر شانی حكوومه‌ت، ئەم مەسەلەیە بە خۆپیشاندان چارەسەر ناكرێت؛ بەڵكو بە یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ئێمە چارەسەر دەكرێت. ئایا حكوومەتی هەرێم پارەی لەبەردەستە بەڵام نایدات؛ كە وانییە؟ گرنگ ئەوەیە ئەوان لەوە تێبگەن كە حكوومەتی هەرێم پابەندی ئەوەیە مووچەكانیان دابین بكات بێ‌ ئەوەی بفەوتێت."

لەبارەی ئەوەی كە ئایا بۆچی هەر شاندی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و شاندی بەغدا بۆ گفتوگۆ نایەتە هەرێمی كوردستان؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە هەموومان لە وڵاتێكداین كە عیراقە و بەپێی دەستوور بەشێكین لە عیراق و لە دوو وڵاتدا نین!. ئێمە ئامادەین وەك هەرێمی كوردستان دە جاریش بچینە بەغدا؛ لەم سەردانەماندا سەرۆك وەزیرانی عیراقمان داوەت كردووە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و قبووڵی كردووە و پێشتریش وەزیری نەوت و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێریان كردووە. ئێمە ئەو سەردانانەی نێوان هەرێم و بەغدا ناكەین بەكێشە".

سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ وەك لە لێدوانەكەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هاتووە؛ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە بە شێوەیەكی گشتی باسی بارودۆخی شاری مووسڵمان لە كۆبوونەوەكانی بەغدا كردووە؛ بەڵام ئەگەر بڵێی پلانێكی ئامادەكراومان بینیبێت، یان قسەمان لەسەر ئەوە كردبێت كە ئازادكردنی مووسڵ چۆن دەبێت؛ شتی وا نەبووە!. پێشتریش گوتوومانە پرسی مووسڵ هەستیارە و نامانەوێت لە مووسڵ وای لێ‌ بێت ببێتە شەڕی عەرەب و كورد. ئێمە خۆمان لەو شتانە دوور دەگرین و تا ئێستاش پلانێكی وا نییە كە ئێمە بتوانین بیروبۆچوونی خۆمانی لەسەر بدەین".

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگە دیلانەی لە دەستی داعشدان؛ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: "بێگومان هەوڵ هەیە بۆ ئازادكردنی ئەو دیلانە؛ بەڵام ناكرێت ئێمە لە ڕاگەیاندندا باسی لەسەر بكەین؛ چونكە هەر قسەكردنێك لە ڕاگەیاندن لەسەر ئەم بابەتە كێشەیەكی دیكەمان بۆ دروست دەكات و حكوومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم بە شێوەیەكی جددی كار لەسەر ئەم پرسە دەكەن".

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی یەك و دووی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە، گوتی: "پێشتر كاك نێچیرڤان وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و ئێمە پابەندین بە ڕێككەوتنەكە و گرنگی پێ‌ دەدەین؛ بەڵام كێشەی دارایی ڕووی لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كردووە. بەغدا بڕیاری داوە بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت بۆ مانگی یەك؛ بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە و تەنیا مووچەش پڕ ناكاتەوە، بۆیە دەبێت ئێمە زیاتر لێكۆڵینەوە و گفتوگۆ بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە بكەین".

به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران ڕەتیشی كردەوە كە بڕیار درابێت كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی نەوت و غاز لەم نزیكانە لەبارەی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی ئەنجام بدرێت هەروەك لە میدیاكان بڵاو كراوەتەوە؛ بەڵام ئاماژەی بەوە كرد گەر پێویست بێت كۆبوونەوە لەوبارەوە دەكەن.

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز وەزیری كارەبا لەبارەی داواكارییەكانیانه‌وه‌ بۆ سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا ئاماژەی بەوە كرد كە بەڕێز سەرۆك وەزیران بەڵێنی داوە پشتیوانیی زیاتر بۆ وەزارەتی كارەبا دابین بكات بەمەبەستی ئەوەی خزمەتگوزاریی كارەبا بە شێوەیەكی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتیان بكرێت.

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڕێ كه‌وت

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سامی ئه‌رگۆشی سكرتێری ڕۆژنامه‌وانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕایگه‌یاند: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ١٨-٢-٢٠١٥، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا به‌ڕێ كه‌وت.

له‌باره‌ی ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌شه‌وه‌ گوتی: به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا كۆده‌بنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودانی زیاتر به‌ هه‌موو بواره‌كانی په‌یوه‌ندی، ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و باس و بابه‌تانه‌ی كه‌ بۆ هه‌ردوولا مایه‌ی بایه‌خن، تاوتوێ ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌م سه‌ردانه‌دا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سروشتییه‌كان و پلاندان، یاوه‌ریی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن.

 

 

 

 

پەڕەى 219 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی